چۆپی فەتاح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
چۆپی فەتاح
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونچۆپی احسان فەتاح
ھەروەھا ناسراوە بەچۆپی Chopy
لەدایکبووی (١٩٨٣-٠٦-١٠) ١٠ی حوزەیرانی ١٩٨٣ (تەمەن ٤٠ ساڵ)
کەرکووک، عێراق
پیشە(کان)گۆرانیبێژ، پێشکەشکار و ھۆنراوەنووس
ئامێرەکاندەنگی
ساڵانی چالاکبوون٢٠٠٠ - تا ئێستا
وێبگەwww.chopy.net

چۆپی فەتاح (١٩٨٣-) گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەرکووک لە دایکبووە. لە تەمەنی سێ ساڵی دا بووە کە بنەماڵەکەی ئەو شارەی بە جێھێشتووە. پاشان لە وڵاتی ھۆڵەندا جێگیر دەبن و ژیانی لەگەڵ دوو برای و دایک و باوکی درێژە پێدە دا، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەچێتە گروپێکی کۆراڵ لە ھۆڵەندا، لەگەڵ ئەم گروپەدا کە زیاتر لە ٢٠ منداڵ دەبن، بە سەرپەرشتی مامۆستایەکی ھۆڵەندی فێری گڕو گاڵی موزیک و گۆرانی وتن دەبێت.

لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەی دەنگ لە ھۆڵەندا بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە شارەزایی لەو بووارەدا پەیدا بکات، لەوێ زیاتر لە ھەوڵی ئەوەدا دەبێت کە تۆنەکانی پاک بکاتەوە و ھەندێک لە سەرەتاکانی ئەو زانستە فێر بێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیەدا بەردەوام دەبێت و پاشان ساڵێک دەرسی مۆزیک (کیبۆڕد) دەخوێنێ.

لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە ڕێگەی جواد میرانەوە کە سترانبێژێکی کوردستانی باکوورە لەگەڵ کۆما بەرخۆدان ئاشنا دەبێ و دواییش دەچێتە ئەکادیمێی کوردی لە ئەڵمانیا و ھەر لەوێش بە مامۆستا وریا ئەحمەد ئاشنا دەبێت و یارمەتی زۆر دەدرێت تا دەچێتە Medya TV بۆ یەکەم جار لە پڕۆگرامی شانشین بەشداری دەکات کە بەرزان شاسوار پێشکەشی دەکرد لە ئێستادا لە کەناڵی رووداو بەرنامەی چۆپی و چارا پێشکەدەکات

بەرھەمەکان[دەستکاری]

چۆپی پێشتر سترانەکانی گۆرانیبێژە گەورەکانی دووبارە دەخوێندەوە بەڵام ئێستا خاوەنی چەند ئەلبۆمە. یەکەم جار بە ھاندانی ھونەرمەندی ئاوازدانەر بورھان موفتی‌زادە دەکەوێتە سەر ئەو بیرەی کە ئەلبۆمێک دەربکات. تا ئێستا ئەم ئەلبۆمانەی ساز کردووە:

  • ٢٠٠٤: چیت ناوبنێم؟، کە ٩ تراک لە خۆ دەگرێت ئەو شاعیر و ئاوازدانەرانەی کاریان لەم ئەلبومەدا کردووە بریتین له شاعیرەکان (مۆفەق کەمال،گۆران،سەرکەوت ڕەسوڵ،بێوەیی،مەدهۆش،ئاشنا،فۆلکلۆر) و ئاوازدانەرەکان(بورهان موفتی زادە،ئاکۆ عەزیز،وریا ئەحمەد،فۆلکلۆر)
  • ٢٠٠٧: ناوت دەنێم ژینۆ، کە لە ١٣ تراک پێک ھاتووە لە ئاوازەکانی بورهان موفتی زادە و زیاد ئەسعەد.چەند ئاوازدانەرێکی دیکە، دابەشکردنی میوزیک:گۆران کامیل
  • ٢٠١٠: کریستاڵ، کە لە ٨ تراک پێک ھاتووە
  • ٢٠١١: شارا، کە لە ١٢ تراک پێک ھاتووە کە مەقامی کوردین
  • ٢٠١٢: باران ١٠ تراکی پۆپ ڕۆکە بە شێوەزاری ناوەندی.

سەڕەڕای ئەو دوو بەرھەمەی، چوپی زیاتر لە ٧٠ گۆرانی لە تەلەڤزێۆنە کوردیەکان تۆمارکردووە. چۆپی فەتاح ژمارەیەک گۆرانیشی کردووە بە کلیپ.

کۆنسێرتەکان[دەستکاری]

کۆنسێرت و فیستیڤاڵەکانی چۆپی تەنھا لە چوارچێوەی ھۆڵەندادا نەماوەتەوە، چۆپی بۆ گێڕانی کۆنسێرت سەردانی ئەمریکا و کەنەدا و سوێد و فینلەندا و دانیمارک و نەرویج و ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا و ئوکراینا و بەلجیکا و یۆنان و ھتد کردووە.

چۆپی تاکوو ئێستا بۆ سازدانی کۆنسێرت، سەردانی کوردستانی باکووری کردووە بۆ شاری باتمان و دوو جار گەڕاوەتەوە کوردستانی ڕۆژاوا بۆ شاری قامیشلۆ و لە کوردستانی باشوریش کۆنسێرتی لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک کردووە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]