ئێران خانم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئێران خانم
ئێران موجەرەد
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٩٥١
مەرگ١٠ی ئابی ٢٠٠١
نەتەوەکورد
پیشەدەنگبێژ


ئێران خانم (لەدایکبووی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥١ لە ئیچکەسۆ، ناوچەی برادۆست، ڕۆژھەڵاتی کوردستان - مردووی ١٠ی ئابی ٢٠٠١ لە ورمێ) یەکەمین دەنگبێژی ژنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. ناوی خۆی ئێران موجەرەد بوو بەڵام نازناوە ھونەرەییەکەی ئێران خانم بوو و بە زاراوەی کورمانجی دەنگبێژی دەکرد.[١]

ژیان[دەستکاری]

ئێران خانم لە گوندی ئیچکەسۆ سەر بە ناوچەی برادۆست لەدایک بووە. ناوی باوکی عەبدوڵڕەحمان و ناوی دایکیشی پەریبشان بووە. بنەماڵەکەی فەقیر و جووتیار بوون و لە منداڵییەوە کاری کردووە و لە بواری ئابوورییەوە یارمەتی بنەماڵەکەی داوە؛ ھەر بۆیەش لە سەختی و ناخۆشیدا گەورە بووە. ھاوسەرگیری لەگەڵ سەعید ناوێک کردووە و لە گوندی سۆماناوا ژیانی بەسەر بردووە. بە پشتیوانیی مێردەکەی درێژە بە کاری دەنگبێژی داوە. لە سەعید کچێک و دوو کوڕی ھەبووە، کاتێک سەعید ویستوویەتی ھەوێی بەسەر بھێنێت ماڵ و منداڵی بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵە بابی. ساڵی ١٩٧١ بە یارمەتیی مستەفا عەلیزادە، حەمید یوسفی و ئیبراھیم نەورووزی بە شێوەی فەرمی لە بەشی کوردیی ڕادیۆی ورمێ دەستی بە دەنگبێژی کردووە. لەوێڕا ناسراوە و خەڵک خۆشی ویستووە و ھەموو کوردستان گوێی لێ گرتووە. شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕەوشی ڕادیۆ و ھونەرمەندانی گۆڕاند و ھەر کوردێک بیویستبا بە ئازادی زمان و کلتووری خۆی بەکارھێنابا بەرەوڕووی گوشار و زەخت دەبۆوە، لەو کاتەدا ئێران خانم ناچار بووە بە شێوەی نھێنی درێژە بە کاری ھونەریی خۆی بدات، چەند بەرھەمی خۆی بۆ بڵاوکردنەوە بە شێوەی قاچاغ بردووەتە باکووری کوردستان و لەو ڕێگەوە خەڵکی باکووریش بە دەنگی ئاشنا بوونە و گوێیان لێ گرتووە.

ئێران خانم مێردی بە پیاوێک بە ناوی داداش ناسری کردووەتەوە و چوونەتە تاران و لەوێ ماونەتەوە. پاش سێ ساڵان چوونەتە شاری سەڵماس و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لەوێ ماونەتەوە و پاشی وێ بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە ورمێ و لەوێ دووکانێکیان داناوە و پێکەوە کاریان لێ کردووە و بژێوی ژیانیان دابین کردووە.

ھەرچەند کەس باوەڕی نەکرددوە بەڵام بەپێی ڕاپۆڕتی نەخۆشخانەی ورمێ ئێران خانم لە ١٠ی ئابی ٢٠٠١دا خۆی ھەڵاوەسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە.[٢]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

بەشێک لە بەرھەمەکانی ئێران خانم بریتین لە: عارفۆ لاوۆ، کولا دلێ من، دەلال، باژۆ، ئەمیرێ من، دۆتمام و پسمام، گەورێ و لۆ شڤانۆ. بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە لە ماوەی ٣١ ساڵ ژیانی ھونەریی خۆیدا زیاتر لە ١٠٠ بەرھەمی پێشکەش کرددوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ژنە دەنگبێژی کورد: ئێران خانم". KURDŞOP (kurdshop.net) (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ Kolektîf; Kovar, Nûbihar. Nûbihar 153: Kovara çandî, hunerî, edebî (بە کوردی). Pak Ajans Yayincilik Turizm Ve Diş Ticaret Limited şirketi.