تایەر تۆفیق
تایەر تۆفیق ناوی گورانیبێژێکی کورد زمانە.
ژیان[دەستکاری]
تایەر تۆفیق لە ساڵی ١٩٢٢ ز دا لەشاری کۆیە ھاتۆتە دنیاوە، لەباوەشی خێزانێکی ھەژار چاوی کردۆتەوە و خوێندنی تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی بووە و لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەمەوە لەو کاتەی کە قوتابی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەھرەی گۆرانیبێژی لە لا تەقیوەتەوە و بووەتە سروودبێژێکی دەنگخۆش و مامۆستاکانی ھانیان داوە سروود و گۆرانی بڵێ.
لەرێکەوتی ٢٠.١٠.١٩٨٧ "تایەر تۆفیق"ی گۆرانیبێژی کورد لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە شاری کۆیە بە خاک سپێردرا.
ھونەری تایەر تۆفیق[دەستکاری]
تایەر تۆفیق لەسەرەتای ژیانی ھونەریدا کەوتووەتە بەر کاریگەریی گۆرانیبێژە لێھاتووەکانی ئەوسای کۆیە وەک سێوە و مەلا ئەسعەد و سوودێکی زۆریشی لە ھونەرمەند ئەحمەدی حەمە مەلا وەرگرتووە، بەڵام کاتێک کە بازووی ھونەری گۆرانی گوتنی بەھێز بووە، ھەوڵی داوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی ھەبێ و لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابووردووەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی.
تایەر تۆفیق لە ساڵی ١٩٤٥ی ز-ەوە بووەتە سەر دەستەی مەقامبێژانی سەر شانۆی ئاھەنگەکانی نەورۆزی کورد و گەلێک گۆرانی نیشتمانی و نەتەوەیی بە دەنگە خۆشەکەی چڕیوە و گوێگرانی سەرسام کردووە، چونکە ھەم خاوەن دەنگێکی زوڵاڵی دڵکێش بووە و ھەم باشترین دەقی شاعیرە مەزنەکانی کوردی بۆ ئاوازەکانی ھەڵبژاردووە.
تایەر تۆفیق شیعری شاعیرانی زۆری کردوە بە گۆرانی، وەکوو :
- لەسەر شەو و ڕۆژی داناوە لە سەر شیعری حاجی قادری کۆیی
- لەباخان ئاھ و ناڵێن دێ لە سەر شیعری وەفایی
- شیرین بەھارە لە سەر شیعری ئیبراھیم ئەحمەد
- گولی سەربەستی لە سەر شیعری بەختیار زێوەر
- بیست و حەوت ساڵە لە سەر شیعری فایەق بێکەس
- تۆراوە دڵی من لەسەر شیعری بێخود
و شاعیریرانی تر وەکوو : مستەفا بەگی کوردی، سافیی ھیرانی، تایەر بەگی جاف، عوسمان عەونی، ھەژار، ھێمن، گۆران، مەدھۆش، دڵدار، دڵزار، مەجید ئاسنگەر، بێخود، و شارەزا.
- تایەر تۆفیق لەماوەی ژیانیدا شەش نامیلەکە و پەرتوکی بەو دەقە شیعریانەی بە گۆرانی گوتوونی بە چاپ گەیاندووە و لە ھەمویان باشترین پەڕتووکەکەی گوڵی سەربەستی"یە کە بە پێشەکی کەریم شارەزا لە ساڵی ١٩٨٣ بەچاپیگەیاندووە.
- لەبەرھەمەکانی تری کراس زەردێ، شلێرە وای شلێرە، نەسرین ئەوڕۆ نەورۆزە.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ماڵپەڕی چیا [١]