سێوە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سێوە (١٩٦٣ ز - ١٨٩٠ ز) گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کوردی لە دایک بووی کۆیەیە.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٠ دا لەگەڕەکی بەفریقەندی کۆیە لەدایکبووە و لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە ڕۆژی ١٩٦٣.١٢.٠٩ دا کۆچی دواییکردووە.

مەقامی سێوە[دەستکاری]

مەقامەکانی سێوە بەدەقە وێژەییەکەیەوە، لەناو ئاو ھەوایەکی سازگاری کوردەوارین بەپێی قۆناغ و سەردەمی ژیانی خەڵکەکە خوڵقان. بابەتەکانی ھەموویان موڵکی کوردن و بۆ کورد گوتراون و پڕن لەچەمکی خۆشەویستی ئەڤین و دڵپاکی و جوانی و ئازایەتی و بەرخودان کە ھەموویان بابەتی نەمرن و کورد ھەمیشە شانازییان پێوە دەکات.

شاعیری میللی بەیت و بەندەکانی خاڵە سێوەی مەقامزان لە دەربڕینی ڕەوانبێژیدا، بۆ دەرخستنی جێ چاکیی ئافرەتی شۆخ و شەنگی گورج و گۆڵ و گەردن ھەڵکشاوی چاوگەش، تا ماینی سنوور و کارمامزی مل بەقەرێتە و قورینگی گەردن بەرزو سەقەر باڵەبان و کەوی وڵاتەکەی خۆی ھەبووبێ بەگیانلەبەری دوورە ووڵات و نەبینراوی وەکو زەرافەو کەنگەر و تاوس و تووتی نەچوواندووە.

ھەتا چۆم و چۆماڵ و ڕووبار و کۆلاوی داوێنی شاخەکانی خۆی ھەبووبێ، بیری بۆ دەریا و دوورگەو کەنداو و کەشتی و نەچووە و تاکو دارو درەخت و گوڵ و گیاو گوڵی بۆن خۆش و چنار و شەنگەبێ و سێو و نارنج و لێمو و ھەڵاڵە ورەیحانی خۆی بووبێ، دەستی بۆ دارو درەخت و گوڵی بێگانە درێژ نەکردووە و ھەیکەلی دەقە وێژەییەکانی پێ ھەڵنەبەستوون.

ھەر چەندە سێوە مەقامزانێکی میرات گری مەقامزانانی کۆیەی سەدەی نۆزدەم بووە، کە ئەمین ئاغای ‌حەوێزی ناسراو بە "ئەختەر"ی شاعیرو مەقامشوناس بەردی بناغەی ئەو ھونەرەی داناو مەقامەکۆنەکانی پێش خۆی نوێکردەوە و مەقامزانی وەک "مەربین" و "نەشئەتی ڕەشید ئاغا" لە دیوەخانەکەی ئەودابوونە سوارچاکی ھونەری مەقامی ڕەسەنی کوردی و دوای ئەوانیش "پووتێ" و "حاجی یەگەورە" و "عەبەی چایەچی" و "حەنیل"‌ بوونە جێگریان و پەرەیان بەھونەری مەقام داو ئینجا سێوە لەسەردەستی ئەوان فێری ھونەری مەقامی ڕەسەنی کوردی بوو، بەڵام دەبێ ئەو ڕ‌استیەش بڵێین کە سێوەی ھونەرمەند کتومت مەقامەکانی ئەوانی نەجووییەوە بەڵکو پەرەی پێدان و سۆزی خۆی خستەپاڵ.

جگە لەو ٥ مەقامەی کە خاڵە سێوە لە ساڵی ١٩٥٢دا لە ئێستگەی ڕادیوی کوردی بەغدا تۆماری کردن گەلێ مەقامی ڕەسەنی دیکەشی بەتۆمارنەکراوی مانەوە لەوانە مەقامی "پاییز"ە کە کەم کەس گوێی لێ بووە و لێرەدا بەشێکی لێ بڵاو دەکەینەوھ:

گەلی برادەرینە
ئەمن پاییزەکم گەییەتێ
چ پاییزەکێ‌ فەقیرە!
کە دارە بەنی ماڵ وێران
سێبەری خۆی لەمن دەکاتە
سەرە تیرە
ئەگەر دری خەرکی ئەو عەیامەی
بریندارە بەشیران، بەتیران
بەماری دە دنیایێ
بەڵام دری منی غەریبە مارێ
بریندارە لۆ کیژۆرەکی چاردە
ساران
تازە لە مەمکۆڵانی گەڕاینەوە
شیرە!!

لە تافی لاویدا ئاشقی "وارێ"ی کچی یوسف ناوێک دەبێ بەئیشقی ئەو کچە نازدارە گاورەوە ھونەری مەقام و بەستەی کوردی لەلا دەخولقێ و بەتایبەتی لەو سەردەمەی، کە ئەو کچە شۆخە عە‌‌شقەکەی لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەکرد و وردە وردە ئاوازی مەقامی ڕەسەنی کوردی لە حەتیل و پووتێ و عەبەی چایەچی فێردەبوو و بەعیشقی "وارێ"ی دۆستی ناسک و نازداری پەرەی بە ئاوازەکانی دەدا، کاتێکیش کە "وارێ"ی نابێ بە خێزانی ئەو و بەنابەدڵی، باوکی دەیداتە خزمێکی خۆی، ئەو مەقامانەی پەردەیەکی خەماوییان بەسەردا ھەڵدەکێشرێ.

سێوە لەسەرەخۆ ھونەری مەقامەکانی بەرزکردەوە تاکو بووە میراتگری مەقامزانەکانی شاری کۆیە، بەڵام کت و مت ھەمان ڕێبازی ئەوانی نەگرت، بەڵکو خۆی بووە خاوەن ڕێبازێکی ھونەریی مەقامی ڕەسەنی کوردی.

چونکە دەنگێکی خۆش و قەبەی لەباری ھەبوو، ھەستێکی ناسکی مۆسیقایی لەلاخولقابوو، بە ھەوڵدانێکی کەم توانی خۆی بکاتە ئاشنای مۆسیقای ڕۆژھەڵاتی و لەکاتی گۆرانیی گوتن دا دەیزانی لەکوێ دەست پێ بکات و لەکوێش بوەستێ بەندو ئاوازی مەقامەکانی سێوە لەسە‌رچاوەیەکی سازگاری کوردەوارییەوە ھەڵقوڵابوون و بەزۆری لە گیروگرفتەکانی لاوان و ئەڤین و ڕاستگۆیی و سرووشتی خاکی کوردستانەوە دەدوێن و لەزۆر شوێندا لە‌بازنەی کات و ڕۆژگار دەچنە دەرەوە تاکو بۆ ھەموو دەورو سەردەمێکی مرۆڤی کورد بدەن، گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دەدرێتە پێنووس.

سێوە بووە مەقامزانێکی بەدەستەڵات، چونکە ھەروەک لە ئاوازی کۆن شارەزابوو، لە داھێنانی ئاوازی نوێ و تازەکردنەوەی ئاوازی کۆنیش شارەزاتر بوو، بۆیە لەکاتی مەقامبێژیدا ھەمیشە زاڵ بوو بەسەر ئاوازی مەقامەکانی دا و بە بەھرەی ھونەریی خۆی دەستکاریی تێدا دەکردن بەبێ ئەوەی لە سنووری گشتی بنەما سەرەکییەکانی ئەو مەقامانە دەرچێت.

بەکەمێک سەرنجدانی دەقی بەندو بەیتەکانی مەقامەکانی و ھەڵسەنگاندیان لەڕووی وێژەی و ھونەرییەوە ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ئاشکرا دەبێت:

١- بابەتەکانی ھەموویان لە کۆمەڵگای کوردەوارییەوە ھەڵقوڵاون و بۆ کورد گوتراون و پڕن لە ووشەی ناسکی خۆشەویستی و ئەڤین و سوارچاکی و ئازایەتی و وەفاداری و مەردایەتی.

٢- مەقامەکانی بەدەقی وێژەی و ئاوازەوە، لەناو ئاووھەوایەکی سازگاری کوردستانەوە خولقاوە، سیمفۆنیا و تۆمارێکی ڕووداوە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی کۆمەڵی کوردەوارین و بەپێی قۆناغی ژیانی خەڵکەکە خولقاون.

٣- شاعیری میللی و فۆلکلۆریی بەیت و بەندەکانی لە دەربڕینی ڕەوانبێژیدا بۆ دەرخستنی جوانیی ئافرەت، تا کارمامزی مل و بە قەرێتە و قورینگی گەردەن بەرز و سەقەری باڵەبان و کەوی وڵاتەکەی خۆی ھەبووبێ، بەگیانەوەری دوورە وڵاتی وەک زەرافەو کەنگەر و تاووسی نەچوواندووە.

٤- شاعیری دەقەکانی گۆرانی و مەقامەکانی لەپێدا ھەڵدانی ھەرشتێک جوانترین و زیندووترین چەشن و ئەندامی ھەڵبژاردووە. لە دەربڕینی جوانیی ئافرەتدا، کەوتووەتە باسکردنی ئەو ئەندامانەی کە دەبنە پێوانەی جوانی و شۆخ و شەنگی مێینە لەبەرچاوی نێرینەی جوانیی پەرستدا، ھەر لە بەژن و باڵای بەرز و سنگی سپی و مەمکی فنجانی و گەردنی زەرد و چاوای بەڵەکەوە بگرە تا دەگاتە برژانگ و برۆی ڕەش‌و چاوی وەک چاوی سەقەری باڵەبان و دوگمەی سینگ مەمکان و قۆڵ و باونجی کچی شەنگ و شۆڕی نازداری کوردان.

٥- دانەرانی ئەو دەقانەی مەقامەکان وەستایانە سوودیان لە کەلەپووری ئایینی و نەتەوایەتی کورد وەرگرتووە، ھەروەک لەدەقی بەندەکانی مەقامی سە‌‌حەر و گورێ و کراسی شەنگ مێرەم دا گەلێک نیشانەی ئایینی وەک نەفخی سوور و گفتوگۆی حەزرەتی مووسا لەگەڵ‌ باری تەعالا و شەیتانی لەعین و نیشانەی کوردی وەک مەم و زین و بەکر مەر گەوەر و عەلی بەگی داسنی و گەلێ نیشانەی دیکە و بەمانە ڕەسەنایەتییەکی تەواویان داوە بەمەقامەکانی سێوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی چیا [١]