میرزا جەواد قازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میرزا جەواد قازی، کوڕی شێخ جەلال، ساڵی ١٢٦٠ی ھەتاوی لە مەھاباد، یا گوندی «سریلاوا»ی دەڤەری مەھاباد، لە دایک بوو. پاشی تەواوکردنی دەرسە سەرەتایییەکان، بۆ خوێندن و فێربوونی زانیارییە ئایینییەکان ڕووی کردە حوجرە. ساڵی ١٩٠١، «ئۆسکار مان»، سەرۆک و پارێزەری کتێبخانەی سەلتەنەتیی ئەڵمان، بۆ لێکۆڵینەوەی زمانە ئێرانییەکان ھاتە ئێران. سەردانی لوڕستان و کوردستانی کرد، بۆ گرداریی ئەدەبی زارەکی و ھەروەھا فێربوونی زمانی کوردی، لە مەھاباد مایەوە. ئەودەمە جەواد لە تەمەنی بیست ساڵیدا، لە مزگەوتی شادەروێشی مەھاباد بە فەقێیەتی ھێشتا خەریکی خوێندنی علوومی دینی بوو. ئۆسکار مان لە لای میرزا جەواد، زمانی کوردیی لەھجەی موکری دەخوێند و لە ھەمبەر ئەو ئەرکەدا ئەویش زمانی ئینگلیسی فێری جەواد دەکرد. ھەڵبەت میرزا جەواد پێشتریش ھەندێکی ئینگلیسی لە لای یەکێک لە کاربەدەستانی نەخۆشخانەی ئەمریکایی لە مەھاباد خوێندبوو. لێکۆڵینەوەکانی ئۆسکار مان تا ١٩٠٣ درێژەی کێشا، لە گەڕانەوەدا بۆ ئەڵمان، میرزا جەوادیش لە گەڵی چوو و لەوێ درێژەی بە خوێندن دا.

دوای ماوەیەک، خوێندنی بەرزی لە ڕشتەی مافدا بە دوایی گەیاند و ھەر لەوێ، لە باڵوێزخانەی ئێران دامەزرا. لەو ماوەیەدا ھاوکارییەکی نزیکی لەگەڵ ئۆسکار مان کرد بۆ وەرگێڕانی ئاڵمانیی کتێبی «زاراوەی کوردە موکرییەکان» کە بە «تۆحفەی موزەففەرییە» ناسراوە و ساڵی ١٩٠٦ لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوکتۆر جەواد ھەر لە بەرلین، لەگەڵ کچە ئاڵمانییەک زەماوەندی کرد و ھیچ منداڵی لێی نەبوو. لە ١٩٢٨ گەڕایەوە تاران و بووبە ڕاوێژکاری بەرزی دیوانی لە وەزارەتی داد. سەر لەنوێ لە تاران زەماوەندی کردەوە، بەڵام تا دوایی تەمەن ھەر بە وەجاغکوێری مایەوە. ساڵێک دوایە، داوای لە بنەماڵەی قازی لە مەھاباد کرد کە برازا ھەتیوەکەی بۆ ڕەوانەی تاران بکەن تا سەرپەرشتیی بکا و دەرسی پێبخوێنێ. ئەوە بوو کە «محەممەد قازی»، وەرگێڕی بەناوبانگی پاشەڕۆژ، ڕۆیشتە لای مامی و لەژێر چاوەدێری وی درێژەی بە خوێندن دا.

دوکتۆر جەوادی قازی، بە سەر حەوت زمانی: ئینگلیسی، ئاڵمانی، فەرەنسی، عەرەبی، فارسی، تورکی و کوردیدا شارەزایی ھەبوو. ژمارەیەک وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی ئاڵمانی لە دوا بەجێماوە، کە ھەندێکیان لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمی ئاڵماندا چاپ کراون؛ نموونەی ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە، وتارێکە لەسەر ھۆزی مەنگوڕ، کە لە گۆڤارێکی ئاڵمانیدا چاپ کراوە، ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی «دەستوور و یاسای کوردەواری» کە لە گۆڤاری «زانستی بەراوردکاری ماف» دا، لە ساڵی ١٩٠٩ بڵاو کراوەتەوە. گرینگیی نووسراوەکانی دوکتۆر جەوادی قازی لەوەدایە کە یەکەم کوردێک بووە کە بە زمانی ئاڵمانی وتاری لەسەر کورد نووسیوە. بەپێی ئاماژەی مامۆستا محەممەد قازی، دوکتۆر جەواد لە ساڵی ١٩٥٨ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی «ئیمامزادە عەبدوڵڵا»ی تاران نێژرا.

یەکێک لەو شتە تازانەی دەرکەوتوون، دەنگی میرزا جەوادی قازییە کە ئۆسکار مان تۆماری کردووە. موجتەبا کۆلیوەند دە وتارێکیدا کە بە ئەڵمانی نووسیویە، بە وردی ئاماژە بەو تۆمارکراوانە دەکا (سەردێڕی وتارەکە: دەنگەکانی ڕابردوو).

ئۆسکار مان ئەو دەنگانەی، بە یارمەتیی پڕۆفسۆر دوکتۆر نۆیھاوس، بە فۆنۆگڕاف تۆمار کردوون. فۆنۆگڕاف یەکەم دەزگای تۆمارکردنی دەنگ بووە کە ئێدیسۆن سازی کردووە و یەکەم جار لە ساڵی ١٨٧٧دا بە تاقی کراوەتەوە.

ئەو تۆمارکراوانە سێ دانەن:

  1. شێعرێکی نالی کە میرزا جەواد بە گۆرانی دەیڵێ. میرزا جەواد ئەو بەیتەی ناڵی بەو شێوەیە دەڵێ: «بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی// بۆچ مەی نەڕژێ شیشە لە سەد جێوە شکاوە»؛ موجتەبا کۆلیوەند دە وتارەکەیدا بەو شێوەیەی تۆمار کردووە: «بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی// مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاوە شکاوە».
  2. گۆرانییەکی فۆلکلۆری بە دەنگی میرزا جەواد.
  3. خوێندنەوەی دەقی کوردی بە دەنگی میرزا جەواد. دەقەکان بە ئاڵمانیش دەخوێندرێنەوە. وێدەچێ دەنگە ئاڵمانییەکە ئی ئۆسکار مان بێ.

ڕەنگە ئەو دەنگە تۆمارکراوانە یەکێک لە کۆنترین بەڵگەکانی تۆمارکردنی دەنگ بە زمانی کوردی بن. بەداخەوە لەو سێ بەڵگانە ھەر دوویان ماون. زۆر وێدەچێ یەکیان (گۆرانییە فۆلکلۆرییەکەی بە دەنگی میرزا جەوادی تۆمار کراوە) شکابێ.

لەسەر ماڵپەڕی کتێبخانەی نەتەوەیی بەرلین دەنگی میرزا جەوادی بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • عەبدوڵڵا سەمەدی (نووسەری مەھابادی)
  • کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، خەلیلی فەتاحی قازی، وەرگێڕ و ئامادەکار: حەسەنی قازی
  • ژمارە ٣ی گۆڤاری کتێبخانەی نەتەوەیی بەرلین و مونیخ، ساڵی ٢٠١٢
  • Stimmen aus der Vergangenheit- Eine kurdisch-musikalische Entdeckung im Nachlass von Oskar Mann- Mojtaba Kolivand