دەف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنەی دەف

دەف( بە ئینگلیزی: daff) سازێکە لە سازە زەربیەکان لە مۆسیقای کوردی و ئێرانیدا. دەف لەبازنەیەکی دارین دروست بووە کە پێستێکی پیا دراوەو لە دیوی ناوەوەی کۆمەڵێک زنجیر یان بازنەی لێ هەڵواسراوە. پێستەکە بە زۆری پێستی ئاژەڵانە کە لەم ئاژەڵانە دەتوانین ئاسک و مەڕ و بزن و ماسی ناو ببەین، بەڵام ئەمڕۆ پێستی دەستکردیش بە کار دێت.

پێشینە[دەستکاری]

لە سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام دەف لە مۆسیقای کوردی و ئێرانی هەروەکوو سازەکانی تر بوونی هەبووە؛ بەڵام بەهاتنی ئیسلام کە مۆسیقا حەرام کراوە بۆ پاراستنی لە تیاچوون لە خانەقاکان و تەکیەکانی کوردستان ماوەتەوە. بەجۆرێک کە بووە بە بەشێک لە خانەقا و زکر و سەمای دەروێشانی کوردستان. زکر و سەمای دەروێشانی تەریقەتی قادری و کەسنەزانی و ... لە کوردستان بە ئامێری دەف دەکرێ و هەر بەم بۆنەیەوە ٧ بۆ ١٠ مەقامیان بۆ داناوە کە لە باری مۆسیقاییەوە هەرکامیان لەسەر ڕیتمێکن. دەف لە کوردستان ئێستاکەیش سازێکی پیرۆزە بەجۆرێک کە زۆربەی ژەنیارانی کورد بە بێ دەستنوێژ نایژەنن. بەهەرحاڵ بەوتەی بیژەن کامکار ئەم گۆشەنشێنیەی دەف لە خانەقاکان هەتا ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی بەردەوام بووە هەتا بە پێشنیاری مامۆستا موحەمەدڕەزا لوتفی و زەحمەتەکانی مامۆستا بیژەن کامکارەوە دیسان دێتەوە ناو مۆسیقای ئێرانی و کوردی و دەبێتەوە بەشێکی دانەبڕ لەم جۆرە مۆسیقانە. تەنانەت جێگری دەف لە مۆسیقادا لەوەیش تێدەپەڕێ. بەشێوەیەک کە ئەوڕۆکە لە زۆربەی جۆرەکانی مۆسیقاییدا ئەم سازە بەکار دێنن. دەف ئێستا خۆشەویست ترین ساز لە ئێران دایە و ساڵانە سەدان کەس فێری دەبن و شارەزای دەبن. ئێستاکە جگە لە کوردستان و ئێران ئەم سازە لە وڵاتانی عەرەبی و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوین و قەفقازیە و زۆربەی وڵاتانی بیانی بگرە لە ئورووپاشدا فێر دەکرێ و جەماوەری هەیە و لە مۆسیقاکانی ئەم وڵاتەنەدا جێگر بووە. شاری سنە و کوردستان وەکوو پێتەختی دەف دەناسرێ.

مەقامەکانی دەف[دەستکاری]

١- حی اللە ٢- حی هو حی اللە یان زکری دووهەم ٣- حی حی حی اللە ٤- دایم ٥- حەدادی ٦- حی اللە اللە ٧- غەوسی ٨- حی یاهو ٩- حی یا قیوم ئەمانەمەقامەکانی دەف ن کە لە خانەقا و تەکیەکانی کوردستان بەم نۆرەیە کە وترا زکریان پێ دەکرێ. جگە لەمانە چەن ڕیتمێکی تر هەن کە لە تایبەت بە خانەقا نین و بە جێی سەما و زکر هەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆیانیان؛ کەواتە بەکارهێنانی وشەی مەقام بۆ ئەم ڕیتمانە هەڵەیە، ئەگەرچی هێشتا ئەم هەڵە دەکرێ بەڵام وشەی مەقام بۆ ئەو زکرانە کە لە خانەقا دەکرێ بەکار دێ. ئەم ڕیتمانە بریتین لە: ١- سەقزی ٢- گەڕیان ٣- هەڵگرتن

مامۆستایانی دەف[دەستکاری]

مامۆستایانی کۆچ کردوو کە بۆ ناساندنی ئەم ئامێرە بەشێوەی ڕەسەن زۆر زەحمەتیان کێشاوە و مامۆستایانی ئەم سەردەمە خوێندکاری مەکتەبی ئەوان بوون و شاگردی ئەوانیان کردووە بریتین لە: خوا لێ خۆشبوو مامۆستا میرزا ئاغەی غەوسی، خوا لێ خۆشبوو خەڵیفە کەریم سفوەتی، خوا لێ خۆشبوو خەڵیفە سەید مەجیدی سەقزی و ... مامۆستایانی حاڵی حازری دەف کە پێشکسوەتی ئەم بوارەن و زۆربەی مامۆستایانی لاوی ئێستا لە ئێران و کوردستان شاگردی ئەوانن بریتین لە: ١- بیژەن کامکار ٢- فەرزاد عەندەلیبی ٣- سەید عەتا سەلامیە ٤- خەڵیفە مەنسوور مورادی ٥- سەی عەلا یاسینی

سەرچاوە[دەستکاری]

کتێبی دف نووسینی بیژەن کامکار کتێبی تاریخچه ی دف فیلمی دەف لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی دۆکیۆمێنتاری مامۆستا لە خانەقا لە دەرهێنانی شەهرام مەنسووری ئەزموونی تاکی( خوێندنەوە و بەدوادا چوون و ئەزموونی ژەنیاری دەف) وت و وێژ لەگەڵ مامۆستاکانی گەورەی دەف وەکوو مامۆستا بیژەن کامکار و مامۆستا فەرزاد عەندەلیبی و سەید شەمسەدین ڕەشیدی


دەف لە کوردستاندا[دەستکاری]

دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە. شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان و ھەروەھا شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادری لە سەردەمانی کۆنەوە دەفیان بۆ کۆڕی زیکر بە کار ھێناوە. ھەروەھا چون لە ئایینی ئیسلامدا بە سازێکی حەڵاڵ دادەنرێ [١] لە مەولوونامەکان و کۆڕی زیکردا بە کاری دێنن. هەروەها لە زەماوەندی پیرشالیاریشدا دەف لێدان بەشێک لە مەراسمیکەیە[٢]. لەبەر ئەمانە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە کوردەواریدا ھەیە و لەگەڵ سازی تەمبووردا بە سازێکی کوردی دادەنرێ و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان ئاشناییان لەگەڵ ئەم سازەدا ھەیە[٣]. تەنانەت لە ناو کوردەواریدا بە تایبەت لە نێوان شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادریدا باوە کە کاتێک کە دەفێک دەشکێ، لە جیاتیی وشەی شکاندن، وشەی شەھید بوونی بۆ بە کار دەبەن[٤]. لە ساڵی ٢٠١٤دا فێستیڤاڵێکی گەورەی دەفژەنی لە شاری سنەی پارێزگای کوردستاندا بە ڕێوە چوو[٥]. بۆیە لە ئێراندا دەف بە ناوی کوردستانەوە ناسراوە و دەوترێ کە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ناوەندی ئەسڵیی دەفن و کورد و دەف پێکەوە دەناسرێن[٦].


سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ مصنف چوری، ملا ابوبکر، "سراج الطریق"، بە تصحیح میرزای ھورامی، انتشارات کردستان، سنندج، 1387.
  2. ^ "باس نووز؛ مەراسیمی پیرشالیار بە ڕێوەچوو". [بەستەری مردوو]
  3. ^ "سێ نیشانە؛ فێستیڤاڵی دەف لە کوردستاندا". ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥. 
  4. ^ "سێ نیشانە؛ فێستیڤاڵی دەف لە کوردستاندا". ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥. 
  5. ^ "ئیرنا؛ چوارەمین فێستیڤاڵی سەرانسەریی دەف لە سنەدا". 
  6. ^ "مەشقی عیشق؛ فێرگەی ئانلاینی دەف (بە فارسی)". ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥. 
  • حبیبی، مسعود، "شیوە نوین دف نوازی،"چنگ، تھران، ۱۳۷۹.