مریەم ئیبراھیم پوور
مریەم ئیبراھیم پوور | |
---|---|
زانیارییەکان | |
لەدایکبووی | ١ی حوزەیرانی ١٩٦٨ مەشھەد |
پیشە(کان) | گۆرانیبێژ و ژەنیار |
مریەم ئیبراھیم پوور (١٩٦٨ لە مەشھەد - ) گۆرانیبێژ و ژەنیاری کوردی لەدایکبووی مەشھەدە.
ژیان
[دەستکاری]مریەم ئیبراھیم پوور لە ١ی حوزەیرانی ١٩٦٨ لە شاری مەشھەد لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە دایک بووە. باوکی «محەممەد ئیبراھیم پوور» خەڵکی کرماشانە و لە بواری مۆسیقای ئێرانی چالاکە و فێری ئامێرەکانی مۆسیقا و ئاوازی ئێرانیی کردی و دایکی «مەھجەبین» خەڵکی تارانە و ئاشنای ھەڵبەست و نووسینەکانی نووسەرە گەورەکانی ئێرانی کردی. ھەروەھا مامۆی بە ناوی فەریبورز ئیبراھیم پوور لە ھۆنراوەوانەکان و نووسەرەکانی بەناوبانگی شاری کرماشان بوو.[١]
لە خوێندندا بەشی تەرجومەی ئیتاڵی تەواو کردووە، لە بواری مۆسیقاشدا ئاوازی کلاسیکی خوێندووە. وەکو ژنێکیش ئەوەڵین کەس بووە ئۆپێرای خوێندووە. بۆ فێربوونی مەقامیش، لە سەر دەستی مامۆستای بە ناوبانگ موحسین کەرامەتی پەروەردە و ڕاھێنانی بینیووە، ئێستاش جگە لە گۆرانی، ئامێری کەمانچە و غەژەک دەژەنێت.
مریەم لە منداڵییەوە ئەشق و خولیای ھونەری ھەبووە و ھێشتا منداڵ بوو خووی دایە بەر خوێندنی میلۆدی و، دەڵێت: کاتێک منداڵ بووم باوکم شەو و رۆژ سازی لێدەدا و ھەمیشەش مەشقی پێدە کردم تا بۆ قۆناغی شیاندن ئامادەم بکات بۆ ئەوەی لە دوارۆژدا ژەنیارێکی لێھاتووم لێدەرچێت، دایکیشم لەو رووەوەوە زۆر ھاوکاری کردووم.
مریەم ئیبراھیم پوور لە ڕێگەی ھۆشەنگ کامکار کە یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی دایک و باوکی، ئەرسەلان کامکاری ناسیووە و دەڵێ ھەرگیز ئەو قسەیەی حەسەن کامکاری باوکی ئەرسەلانم لە یاد ناچێتەوە کە پێی دەگوتم: کچێک دەناسم، زۆر شیاوە بۆ ئەرسەلانی کوڕم.
ئەو، پێش زەواج زمانی کوردی نەدەزانی، بەڵام چەند مانگێک پێش شووکردنی زۆر شەیدای زمانی کوردی ببوو، ھەمیشە حەزی دەکرد بە کوردی بدوێت!! لەم رووەوە ئەرسەلانی ھاوسەری زۆر ھانیداوە بۆ ئەوەی موتاڵای زمانی کوردی بکات، تا وردە وردە لە سەر زمانی کوردی راھاتووە. ئەرسەلان کامکاری ھاوسەریشی لەتەک مۆسیقادا بەھرەی شیعریشی ھەیە و زیاتر ھۆنراوەی دوو بەیتی دەھۆنییەوە. مریەم ئیبراھیمپوور حەماسێکی مەزنەوە دەڵی: "من رۆحم کوردە"..، لە بیرمە ئەرسەلان لە سەرەتا زۆر خۆی لەگەڵم ھیلاک کرد تا ئەو شیعرەی لەدوا بڵێمەوە.
کاتێک تەمەنی (٢٦) ساڵ بوو، بۆ یەکەمین جار ھاوشانی تیپی کامکاران لەساڵی ١٩٩٤ بۆ فیستیڤاڵی گەورەی سوئێد بانگھێشت کران و گۆرانی بولبولی باڵشکاوی پێشکەش کرد.
مریەم ئیبراھیم پوور، دەڵی "زۆر بەتاسە و سەلیقەوە گۆرانی کوردیم دەچرِی، ھەستم کرد ھەوادارانی دەنگم لە زیاد بوون دان و خەڵکێکی زۆر ھۆگری دەنگی منن بەتایبەتی ئەرسەلانی ھاوسەرم، ھەمیشە تەشویقم کرد بوو. بەڵام ھاوسەرەکەم حەسوود نییە چونکە حەزی لە دەنگمە و ھەمیشە پێم دەڵێت بەردەوامبە". ئەو لەوساوە چەندین جار لە بۆنە و فیستیڤاڵەکان گۆرانی بە زمانی کوردی چڕیوە، بەڵام بەستایل و ڕیتمێکی تایبەت و جیاواز.
مریەم ئیبراھیم پوور و ئەرسەلان کامکار دوو منداڵی خنجیلانەیان ھەیە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ماڵپەڕی چیا [١]
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە مریەم ئیبراھیم پوور تێدایە. |