بۆ ناوەڕۆک بازبدە

خەبات (ڕۆژنامە)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

خەبات (دروشم: تا ژیان بەردەوام بێ، خەبات بەردەوامە)[١] ڕۆژنامەیەکی سیاسیی ڕۆژانەیە، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بە زمانی کوردی وەشان دەکرێت، ھاوکات پاشکۆی وەرزشی و زانستی و ھزر و ھونەریشی لەگەڵ دەردەکرێت. عەلی عەبدوڵڵا خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خەباتە وە ھەروەھا سەلام عەبدوڵڵاش سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیە.

ڕۆژنامەی خەبات ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەیەکێ لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی کوردستان دادەنرێت کە زۆرتر لە ٦٩٠٠ ژمارەی لێ وەشانکراوە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات لە ٤ی نیسانی ١٩٥٩ لە بەغدا دەرچووە.[٢]


ژمارەی یەک

[دەستکاری]

یەکەم ژمارەی دەرچوونی خەبات لە قۆناغە جیاجیاکاندا.

سەرەتای ده‌رچوونی ڕۆژنامەی خەبات

[دەستکاری]

تاکو کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ساڵی ١٩٥٣ لە کەرکووک بەڕێوەچوو، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (ڕزگاری) بوو. لە کۆنگرەی ٣ دا بڕیاردرا (خەبات) زمانحاڵی پارتی بێت، بەڵام تاکو ساڵی ١٩٥٩ خەبات بە ئاشکرا دەرنەچوو. لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٥٣ تا ١٩٥٩، دوو ژماره‌ی خه‌بات به‌نهێنی ده‌رچووه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا، که‌ قۆناغی نهێنی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بواری به‌ ئاشکرا ده‌رچوونی نه‌بووه‌، که‌سیش وه‌ک خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیار نه‌بوون، لەبەرئەوە هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا که‌ سه‌رپه‌رشتی خه‌باتی کردووه، هەم خاوه‌ن ئیمتیاز و هەمیش سه‌رنووسه‌ری بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناوی هیچ که‌سێک له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌ نه‌بووه‌، چونکه‌ به‌نهێنی ده‌رچووه‌ و به‌ نهێنیش دابه‌شکراوه‌ و ده‌ستا و ده‌ستی پێکراوه‌، به‌ڵام به‌رپرسی یه‌که‌می خه‌بات هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا بووه‌. له‌باره‌ی ده‌رچوونی خه‌بات ڕایه‌ک هه‌یه‌، که‌ پێی وایه‌ له‌ ماوه‌ی ١٩٥٣ تاکو ١٩٥٩ هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌ناوی (خه‌بات) ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌رچووه‌ (خه‌باتی کوردستان) بووه‌[٣]. بۆی هەیە کە ڕایەکی دروست بێ، چونکه‌ (ڕزگاری)یش له‌و ماوه‌یه‌دا بەردەوام ده‌رچووه‌.[٤]

یەکەم ژمارەی خەبات بە نهێنی

[دەستکاری]

ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (خورشید شێرە) دەگێڕێتەوە "لەبارەی سەربردەی کات و شوێنی دەرکردنی دوو ژمارەی خەبات بە نهێنی، مامم (ساڵح شێرە) لە شاری‌ کەرکووک بووە، پێکەوە هەمزە عەبدوڵڵا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، چوونەتە ماڵی و داوایان لێکردووە کە ڕۆژنامەی خەبات تایپ بکات، بەڵام ڕۆنیۆکەیان ئیشی نەدەکرد، داوایان لە (خورشید شێرە) کردووە، ڕۆژنامەی خەبات تایپ و چاپ بکات. ئەوەبوو ئەوان بابەتەکانی ژمارە یەکی خەباتیان ئامادە کردبوو، بۆیان خوێندمەوە منیش تایپم کرد.

بەو پێیە دەبوو پاش تایپ، بە ڕۆنیۆ ئیشەکە تەواو بکەن، بەڵام کێشە ئەوە بووە ڕۆنیۆی حزب کاری نەدەکرد. هەردووکیان ڕوویان لەمن کرد و گوتیان بە هەر شێوەیەک بێت دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا خەبات بڵاوببێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەندرێت. منیش بەهۆی ئەوەی ئیشم لە فرقەی دوو بوو، لەبەرئەوەی ئیشمان زۆر بوو، بۆمان هەبوو ئەو ئیش و کارەی لە بارەگای فرقە تەواو نابێت، ئەوراقەکان ببەینەوە ماڵەوە. بۆیە دوای تایپکردنی بابەتەکانی ژمارە یەک، ستێنسڵەکانی خەباتم خستە ناو ئەو ئەوراقانە، ڕۆژی دواتر لە (بارەگای قیادەی فرقە)، دەرفەتێکم دەستکەوت و ٢٠٠ دانەم بە ڕۆنیۆ ڕاکێشا. هەردوو ژمارەم لە (بارەگای سەرکردایەتی فرقەی دوو) بە ڕۆنیۆ چاپکردووە، ژمارەی یەک لە کۆتایی ١٩٥٦بە ٦ لاپەڕە و ژمارەی ٢ لە بەهاری ١٩٥٧ بە ٦ لاپەڕە. دواتریش دابەش دەکرا و گەیشتە زۆر ناوچە، چونکە هەر ژمارەیەکی خەبات چەندین جار دەستاودەستی پێدەکرا، هەر کەسێک دەیخوێندەوە دواتر دەیدایە یەکێکی دی، بەم شێوەیە ڕۆژنامەی خەبات بڵاو دەکرایەوە."[٥]

لەبارەی ناوەڕۆکی هەردوو ژمارەکە، لە ژمارە ١ گرنگی بە پەیمانی بەغدا درا بوو، کە لە نێوان‌ بەریتانیا و عێراق و ئێران و تورکیا و پاکستان پێکهاتبوو، لە ژمارە ٢ گرنگی بە بابەتی کۆنگرەی وارشۆی قوتابیان درا بوو.[٦]

یەکەم ژمارەی خەبات بە ئاشکرا

[دەستکاری]

دوای نەمانی سەردەمی پاشایەتی و هاتنەپێشەوەی سەردەمی کۆماری لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، دواتریش گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ٦/١٠/١٩٥٨ لە یەکێتیی سۆڤییەت، چالاکیی پارتی لە بەغدا، بەهۆی ئەو دۆخە لەبارەی دوای ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ دروست بوو، چووە قۆناغێکی دی. چونکە رێگە بە حزبەکان درا چالاکیی خۆیان بکەن، ڕۆژنامەی کوردی دەرچوون. پارتی دیموکراتی کوردستانیش بڕیاریدا (خەبات)، وەک زمانحاڵی حزب دەربچێت. بۆیە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨، داوایەک بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بەناوی خەبات، پێشکەش بە وەزارەتی ئیرشاد کرا. ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩، وەزارەت ڕەزامەندیی دەربڕی، بەمەش ڕۆژنامەی خەبات، پێش حزب مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤/٤/١٩٥٩ یەکەم ژمارەی خەبات بە ٨ لاپەڕە، بە قەبارەی ٣٠بە ٤٥سم بە زمانی کوردی دەرچوو، نرخی ١٦ فلس بوو، کە لە چاپخانەی (النجاح) لە بەغداد چاپ کرا بوو.

دەرچوونی (خەبات) بە دوو زمانی جیا

[دەستکاری]

ڕۆژنامەی خەبات لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی دەرچوونیدا، بە زمانی کوردی و زمانی عەرەبی دەرچووە، لە دوو ساڵی قۆناغی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە لە بەغداد چاپ کراوە، بە هەردوو زمانی ناوبراو دەرچووە، پێنج ژمارەی یەکەم بە زمانی کوردی بووە، دواتر ژمارە شەش و حەوت بە زمانی عەرەبی دەرچووە، هەشت و نۆ بە کوردی، ژمارە ١٠، ١١ و ١٢ بە عەرەبی، دیسان ژمارە١٣ تا ٢٤ بە کوردی دەچووە.

ئەگەرچی هیچ ئاماژەیەک نییە، کە ڕاگەیاندرابێت و زمانی ڕۆژنامەکەی دیاری کرد بێت، بەڵام لە ٢٤ ژمارەی سەرەتا تەنیا پێنج ژمارەی بە عەرەبی بووە، بەمەش پەیامەکە وا خوێندراوەتەوە، کە خەبات بە کوردی دەردەچێت، لە کاتێکدا بووە ڕۆژنامەکە لە بەغداد دەرچووە، ماوەیەک بە کوردی بەردەوام بووە، دواتر زمانی خەبات یەکلاییکراوەتەوە، بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە کە بە عەرەبی دەربچێت. لە دوو ساڵی یەکەم لە بەغداد، زۆربەی ژمارەکان بە عەرەبی دەرچوون، پاشان لە ژمارە ١١٢ـەوە بە عەرەبی دەرچووە تا دوا ژمارەی قۆناغی بەغداد کە ژمارە ٤٦٢ بووە، بەمەش لە کۆی ٤٦٢ ژمارە ٤٢ بە کوردی و ٤٢٠ ژمارەش بە عەرەبی بووە. خەبات لە ڕۆژی ٢٨ی ئاداری ١٩٦١ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داخراوە، کەواتە هەر لە بەغداد خەبات بەوە ناسرا کە ڕۆژنامەیەکە بە عەرەبی دەردەچێت، چونکە زۆربەی هەرە زۆری ژمارەکانی بە عەرەبی بووە.

خەبات لە ژمارە ٤١٠ی ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٦١ هۆی جێگیربوونی لەسەر دەرچوونی بە عەرەبی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە زمانی کوردی چەند شێوەزارێکی هەیە، هەروەها نەخشە و بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بووە کە دۆزی گەلی کورد بۆ گەلی عێراق و دەرەوە ڕوونبکاتەوە، بەڵام جارێکی دی و لە قۆناغەکانی دواتر، خەبات بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەرچووە. دوای داخرانی لە بەغدا، ساڵێک تێپەڕیوە ئینجا دەرچووەتەوە، سەرچاوە هەیە باس لەوە دەکات کە چەند ژمارەیەک لە ساڵی ١٩٦٢ بە نهێنی لە سلێمانی دەرچووە، سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە یەکەم ژمارەی نهێنی دوای داخرانی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول ژمارە ٤٦٥ لە سەرەتای ١٩٦٢ و لە هەولێر بە زمانی عەرەبی دەرچووە[٧] ، یەکەم ژمارەی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بە عەرەبی دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام ناوبەناو، دیسان بە هەردوو زمان دەرچووەتەوە.[٨]

یەکەم ژمارەی خەبات لە شۆڕشی گوڵان ١٩٩١ تا ١٩٧٦ بە زمانی عەرەبی و بە ژمارە ٥٢٧ لە ١ی تەممووزی ١٩٧٦دەرچووە، ژمارەی مایسی ١٩٧٩ ژمارەیەکی تایبەت بووە بە کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی و بە زمانی کوردی بووە، تا کۆنگرەی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٩ خەبات بە کوردی و عەرەبی دەرچووە، دواتر بڕیار دراوە تەنیا بە کوردی دەربچێت.

لە ئەیلوولی ١٩٩١ ژمارە ٦١٠ وەک یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە کوردی دەرچووە، دواتر بە هەردوو زمان دەرچووە، لە هەفتەیەکدا سێ تا چوار ژمارەی بە کوردی و ژمارەیەک بە عەرەبی بووە، ئینجا مانگی جارێک بە زمانی عەرەبی، خەبات بەم شێوەیە بەردەوام بووە، دواتر ڕێکخراوە. لە ژمارە ٦٦٦ ەوە، لە ڕۆژی ٣ی ئاداری ١٩٩٤ ڕۆژنامەی خەبات بووەتە هەفتانە و هەموو ڕۆژانی چوارشەممە لە هەولێر بە زمانی عەرەبی دەرچووە، ئەمەش پاش ئەوە بڕیاری لێدراوە، کە ڕۆژنامەی برایەتی لە ١ی ئاداری ١٩٩٣ـەوەبووەتە ڕۆژانە و بە کوردی دەرچووە، خەبات لە ژمارە ٧٩٨ی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ هەر بەشێوەی هەفتانە، بەڵام لە ڕۆژانی هەینی دەرچووە.[٩] لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣ دیسان خەبات لە عەرەبییەوە بووەتە کوردی، ڕۆژی پێنج شەممە ١ی ئایاری ٢٠٠٣ دوا ژمارەی خەبات بە عەرەبی کە ژمارە ١١٢٧ بووە دەرچوو، ڕۆژی شەممە ٣ی ئایاری ٢٠٠٣ خەبات بووەتە کوردی و ڕۆژانە دەرچووە، بە ژمارە ١١٢٨ دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە لە شاری هەولێر چاپ دەکرێت و لە هەموو کوردستاندا بڵاودەکرێتەوە.[١٠]

قۆناغەکانی ڕۆژنامەی خەبات

[دەستکاری]

قۆناغی بەغداد

[دەستکاری]

لە شەڕی ئەیلولدا

[دەستکاری]

لە سەردەمی دووبەرەکیدا

[دەستکاری]

ڕۆژنامەی خەبات لە شۆڕشی ئەیلوولدا، جگە لەوەی بە سادە و ساکاری چاپ دەکرا، دەردی جیابوونەوە و سەرهەڵدانی دووبەرەکی، ئەو ڕۆژنامەیەشی گرتۆتەوە. دوای جیابوونەوەی ١٩٦٤، ئامێری چاپەمەنی خەبات فەوتا. کەسە چالاکەکانی چاپ لەم سەردەمە سەختە دابەشبوون. دەردی دووبەرەکی و جیابوونەوە، یەخەی ڕۆژنامەی خەباتی گرت، چونکە خه‌بات له‌ شاخ ده‌رده‌چوو لە لایەک، لە لایەکی تریش له‌ بەغدا ڕۆژنامەی خەبات دەردەچوو، بەم شێوەیە ڕۆژنامەی خەبات لە هەردوولا دەرچوو.

له‌ قۆناغی دوای به‌غدا و له‌ نیسانی ١٩٦٢ وه‌وه‌ تا ساڵی ١٩٦٤ ژماره‌کانی ٤٦٥، ٤٦٦، ٤٦٧، ٤٦٨، ٤٦٩، ٤٧٠، ٤٧١، ٤٧١ ده‌رچوون‌ واته‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ٨ هه‌شت ژماره‌ی خه‌بات ده‌رچووه‌، له‌ ساڵی ١٩٦٤ که‌ جیابوونه‌وه‌ لەناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕوویدا ته‌نیا ٣ سێ ژماره‌ ده‌رچووه‌، ژماره‌ ٤٧٣ له‌ کانوونی دووه‌می ١٩٦٤ ده‌رچووه‌، کە دوا ژمارە بووە پێش جیابوونەوە. ١١ ژماره‌ی خه‌بات به‌ دوو ژماره‌ له‌ دوو لاوه‌ ده‌رچووه‌، واته‌ ژمارە ٤٧٤ که‌ له‌ تشرینی دووه‌می ١٩٦٤ له‌ شاخ ده‌رچوو، له‌ مانگی شوباتی ١٩٦٦یش ژماره‌ ٤٧٤ ی ڕۆژنامەی خه‌بات له‌ به‌غدا، واته‌ دوای دوو ساڵ، ده‌رچووه‌ و تا دوا ژماره‌یان که‌ ٤٨٤ بوو به‌رده‌وامبووە لە بەغداد. به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی خه‌بات به‌ درێژایی شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌. خه‌بات ناوبانگێکی زۆری هه‌بوو، به‌تایبه‌تیش له‌ دوو ساڵی یه‌که‌می ته‌مه‌نی خه‌باتدا که‌ له‌ به‌غدا ده‌رده‌چوو.

لە شۆڕشی گوڵاندا

[دەستکاری]

دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١

[دەستکاری]

لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا

[دەستکاری]

خەبات و شەڕی داعش

[دەستکاری]

دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە سوریا و عێراق، ڕووبەرێکی زۆری داگیرکرد، بەتایبەتیش دوای داگیرکردنی موسڵ، ئاراستەی پەلامارەکانی داعش، بە بەرنامە ڕووی بەرەو کوردستان وەرگێڕا، ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژانە هەواڵ و ڕاپۆرتی، لەبارەی جووڵە و پەلامارەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی بۆ سەر کوردستان بڵاودەکردەوە. داعش لە‌ ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ موسڵی داگیر کرد و خەلافەتی ڕاگەیاند، لە ٣ی ئابی ئەوساڵەدا، پەلاماری شاری شنگالی دا، بەمەش ئامانجی داعش باشتر دەرکەوت، کە ویستی کوردستان داگیر بکات و خەڵکەکەی بکوژێت و ئافرەتەکانی لە بازاڕ بفرۆشێت، هەروەک دەرهەق بە خەڵکی شارستانیی شنگال و دەوروبەری کردیان.

ڕۆژنامەی خەبات، هەموو تاوانەکانی داعشی تۆمار کردووە، لە بەرامبەریشدا، هەموو داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمار کرووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچی لێدوان و بەیاننامەی میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە هەیە بڵاوی کردوونەتەوە‌.

خەبات هەموو ئەو پەیام و دیدارانەی سەرۆکی پارتە کورییەکانی بڵاوکردووەتە‌وە، کە میدیای جیهانی لەگەڵیان ئەنجامی داوە‌ و هەندێک لەو دیدارانە لە بەرەکانی شەڕ کراون. خەبات زۆرترین وێنە و ڕاپۆرتی بەرەکانی شەڕی بڵاوکردۆتەوە، سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە مانشێتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمی بوون، زۆرجاریش لە گەرمەی شەڕ و هەندێ جاریش دوو سەعات دوای تەواوبوونی شەڕ، پەیامنێر و وێنەگری خەبات ئامادەبووە، لە ماوەی سێ ساڵەی شەڕی داعش، گرنگترین بابەت و مانشێتی سەرەکیی خەبات، بریتی بووە لە ڕووماڵی شەڕ و بڵاوکردنەوەی بەیانی سەربازی، کە تیایدا زانیاری لەبارەی پەلامار و تێکشکاندنی داعش، یان هەڵمەتی پێشمەرگە بۆ سەر داعش بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ هەر ڕاپۆرت و زانیارییەک، نوێترین وێنەیش بڵاوکراوەتەوە. ڕۆژنامەی خەبات سەرچاوەیەکی بایەخدارە و زۆرترین زانیاریی تێدایە لەسەر ڕەوتەکانی جەنگ دژی داعش.

خەبات و ڕیفراندۆم

[دەستکاری]

بە ماوه‌یه‌كی كورت به‌ر له‌ ریفڕاندۆم، خه‌بات ته‌وه‌رێكی دوورودرێژی، له‌باره‌ی مافی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت كرده‌وه‌، را و بۆچوونی نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ و رۆشنبیرانی كوردستانی بڵاوکردەوە. له‌ ساڵی ٢٠١٥، ته‌واوی ئه‌و ته‌وه‌ره‌ی له‌ كتێبێكدا كۆكرده‌وه‌، به‌ناوی (ده‌وڵه‌تی كوردستان..بۆچوونی جیاواز) به‌ چاپی گه‌یاند.

یه‌كێك له‌و رووداوه‌ گه‌ورانه‌ی، دەزگای خه‌بات خۆی بۆ ته‌رخان كرد، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ی باشووری کوردستان، ڕۆژنامەکە پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو پڕۆسەیە ڕاگەیاند. ڕۆژنامەکە بە گرنگییەوە دەیڕوانییە وتار و لێدوانەکانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کە ڕێبەرایەتی ڕیفراندۆمەکەی کرد. هاوکات ڕووماڵی فیستیڤال و کەرنەڤاڵەکانی ریفراندۆمی کرد لە پاڵ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتن و وتاری ڕووناکبیر و نووسەران لە سەر بابەتی ریفراندۆم.

لە سەردەمی کۆرۆنادا

[دەستکاری]

به‌درێژایی مێژووی رۆژنامه‌ی خه‌بات زۆر جار وه‌ستاوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ کۆی ژمارەی بڵاوکراوەکانی هاوتای مێژووەکەی نەبێت. هۆکاری سەرەکی وەستانی ڕۆژانەمەکە سیاسیی بووە. بەڵام تاکە جارێک کە هۆکاری سیاسیی نەبێت، هۆکاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ بوو، دەزگاکە ناچاربووە کە دەوامی کارکردن ڕابگرێت و کارمەندەکانی لە ماڵەوە بمێننەوە. دوای ئه‌وه‌ی له‌ ٧ی ئاداری ٢٠٢٠دا، یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، ‌به‌ فه‌رمی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندرا. رۆژی ٩ی ئادار، لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌، کە تێیدا بڕیاری پشووی فه‌رمی له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت جگه له‌لایەنی ئەمنی و تەندرووستی درا. دوای چوار ڕۆژ بڕیارەکە گۆڕدرا بۆ کەرەنتینەی گشتی و مانەوە لە ماڵەوە. بۆیه‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی كه‌ره‌نتین، ڕۆژنامەکە دەرنەچوو ته‌نیا ماڵپه‌ڕی خه‌بات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چالاک بوو.

هەڵوێست و ڕۆڵی ڕۆژنامەی خەبات

[دەستکاری]

دەستووری عێراق

[دەستکاری]

خەبات و دیموکراسی و حیزپ

[دەستکاری]

دۆزی کەرکووک

[دەستکاری]

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان

[دەستکاری]

سەرنووسەرەکانی خەبات

[دەستکاری]
  • ڕزگار نوری شاوه‌یس سه‌رنووسه‌ری خه‌بات (عه‌ره‌بی) (٥ی کانوونی یه‌که‌می ٢٠٠١ تا ٣٠ی نیسانی ٠٠٣)
  • ئاریان فه‌ره‌ج سه‌رنووسه‌ری خه‌بات (کوردی) (١ی ئایاری ٢٠٠١ تا ٢٥ی ته‌مموزی ٢٠٠٤)

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ درووشمی ڕۆژنامەکە[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی لیژنەی ناوچەی ھۆڵەندای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ بارزانی نەمر گرنگییەکی تایبەتی بە ڕۆژنامەی "خەبات" داوە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ھەولێر، ٤ی نیسانی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ ڕۆژنامەی «خەبات» و مەجەللەی «ئەخباری کوردستان» هەژار موکریانی، کتێبی (چێشتی مجێور)، هەژار موکریانی
  4. ^ کتێبی (خەبات بەردەوامە - پوختەیەک ده‌رباره‌ی رۆژنامه‌ی خه‌بات، ١٩٥٩ - ٢٠١٩)، لە نووسینی (دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی)، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٢١
  5. ^ سەرچاوەی پێشوو کتێبی (خەبات بەردەوامە - پوختەیەک ده‌رباره‌ی رۆژنامه‌ی خه‌بات، ١٩٥٩ - ٢٠١٩)، لە نووسینی (دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی)
  6. ^ کتێبی (خەبات تۆماری خەباتی نەتەوەیەک، ١٩٥٩ - ٢٠١٩)، لە ئامادەکردنی (شکار عەفان نەقشبەندی)، چاپی یەکەم، ٢٠١٩
  7. ^ نوێترین توێژینەوەی د. ئازاد عوبێد ساڵح، ڕۆژنامەی خەبات
  8. ^ ئەرشیفی مامۆستا جەمال خەزنەدار
  9. ^ کتێبی (خەبات تۆماری خەباتی نەتەوەیەک، ١٩٥٩ - ٢٠١٩)، لە ئامادەکردنی (شکار عەفان نەقشبەندی)، چاپی یەکەم، ٢٠١٩
  10. ^ کتێبی (١١ ژمارەی دەگمەنی ڕۆژنامەی خەبات)، لە کۆکردنەوە و نووسینی مامۆستا جەمال خەزنەدار، هەولێر، ٢٠١٩
  11. ^ ژیاننامەی ئیبراهیم ئەحمەد، ژیاننامەی ئیبراهیم ئەحمەد لە ویکیپیدیا.
  12. ^ کتێبی [مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و ڕۆژنامەی خەبات]، نەوزاد عەلی ئەحمەد، سلێمانی - ٢٠٠٠
  13. ^ زانکۆی جیهان[بەستەری مردوو]، بەشی ڕاگەیاندن گەشتێکی زانستی بۆ ڕۆژنامەی خەبات بەڕێوەبرد، ٢٢/٩/٢٠٢٢

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]