دەریاس و لاشەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەریاس و لاشەکان
وێنەی سەربەرگی کتێەبەکە.
نووسەربەختیار عەلی
وێنەکێشئامانج ئەمین
وڵاتکوردستان، عێراق
زمانکوردیی ناوەندی
بابەتڕۆمان
بڵاوکەرەوەناوەندی ڕھمەھەند
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٨/٢/٢٠١٩
جۆری کتێبچاپ (پەیپەرباک)
لاپەڕەکان٢٥٦

دەریاس و لاشەکان ڕۆمانێکی کوردییە لە نووسینی بەختیار عەلی. لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن ناوەندی ڕھەندەوە بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لەگەڵ دیوانە شیعریی شەوێک ئاسمان پڕبوو لە ئەستێرەی شێت و کتێبی فیکریی ناشوێن-ی بەختیار عەلیدا بڵاوکرایەوە.

ڕۆمانەکە پێکدێت لە ٢٥٦ لاپەڕە و ١٨ بەش کە بەشی ١٧ھەم بەشی کۆتایییە و بەشی ١٨ھەم بەناوی «دوا تێبینیی تارمایییەکی دی».[١] تەنھا دوای دوو مانگ لە بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەم لە زۆر کتێبخانە و کتێبفرۆشییەکاندا کتێبەکە بەردەست نەما. لەبەرئەوە چاپی دووەمی بە ھەمان شێوە و جۆری چاپی یەکەم بڵاوکرایەوە.

کورتەیەک لە ڕۆمانەکە[دەستکاری]

دەریاسی ستارە خان دوای چەندین ساڵ خوێندنی مێژوو لە خۆراوا دەگەڕێتەوە و دەیەوێت لەگەڵ ئەلیاسی برا و دایکیدا ژیانێکی نوێ دەست پێ بکاتەوە. دوای ماوەیەکی کورت لەگەڕانەوەی ئەو، شار دەکەوێتە دۆخێکی نائاسایییەوە، بیرۆکەیەکی کاریگەر لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەڵکیدا سەرھەڵدەدات، بیرۆکەیەک کە دەتوانێت ھەموو شتێکی ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕێت، بیرۆکەی شۆڕش. لەگەڵ ھاتنی ئەم بیرۆکەیەدا پەیوەندی نێوان دوو براکە وەک ھەموو شتەکانی ژیان، گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا دێت. دەریاس کە لە ئەورووپا دکتۆرای لەسەر مێژووی وەھم ھێناوە، لە ناکاو ڕووبەڕووی زنجیرەیەک پرسیاری گرنگ و گەورە دەبێتەوە، کە ناچار دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات. ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان ئاوڕدانەوەیەکی ئەدەبییە لە ئێستای ژیانی سیاسی و لە ڕابوردووشمان. تێکستێکە خوێنەر دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارە: ئایا تۆ وەک مرۆڤ دوای خواست و ویست و ئارەزووە ڕاستەقینەکانی خۆت کەوتوویت، یان تەنیا بەدوای تارمایییەکدا دەڕۆیت؟.

ھەموو ئەمانە وەک کارەکانی پێشووی نوسەر، لە فەزایەکی پڕ ڕوداو و پڕ لە چاوەڕوانیدا ڕوودەدەن. دەریاس و لاشەکان کارێکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئێستای ژیانمانەوە ھەیە.

وەرگێڕانەکان[دەستکاری]

فارسی (دریاس و جسدھا)، ٢٠١٩[دەستکاری]

پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە مەریوان ھەڵەبجەیی دەستیکرد بە کاری وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ فارسی، بەو بڕیارەی چاپە کوردییەکە و فارسییەکە ھەردووکیان بەیەکەوە بڵاوببنەوە. وەرگێڕ دەربارەی وەرگێڕانەکە گووتی:

ئەو کارە لە ھەموو شتێک زیاتر چێژم پێدەبەخشێت. ھیوادارم چەقۆی سانسۆرچییەکان و ئایدۆلۆژیستەکان و ئاین بەربەست نەبێت لە بەردەم خێرا چاپ بوونی.

[٢]

لە پێش بڵاوبوونەوەی چاپە کوردییەکە وەرگێڕانە فارسییەکە تەواوبوو. بەڵام بەھۆی سانسۆر و ڕێگریکردن چەند مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی چاپە کوردییەکە، وەرگێڕانە فارسییەکەش بڵاوبووەوە.

خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی[دەستکاری]

خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی: دەربارەی ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" یاخود بە کورتی خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی کتێبێکە دەربارەی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان. کە تێیدا نووسەر وەڵامی پرسیاری ھەندێک لە ڕۆژناەنووس و جۆرناڵیستەکان داوەتەوە. کتێبەکە چەند مانگێک دوای دەریاس و لاشەکان بڵاوبووەوە، و چەند وتارێکی نووسەر لەخۆدەگرێت کە دەرباروی ڕۆمانەکەیە.

نوێترین چاپ[دەستکاری]

  • دەریاس و لاشەکان، چاپی دووەم، ٢٠١٩، چاپخانەی کارۆ، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند.
  • خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی: دەربارەی ڕۆمانی «دەریاس و لاشەکان»، چاپی یەکەم، ٢٠١٩، چاپخانەی کارۆ، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ عەلی, بەختیار (2019). دەریاس و لاشەکان.
  2. ^ "نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی پێش بڵاوبوونەوەی دەکرێت بە فارسی". nrttv.com. ئێن ئاڕ تی.