سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا (ڕۆمان)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا ڕۆمانێکی کوردییە لە نوسینی فەرهاد پیرباڵ.[١] ڕۆمانەکە باسی کۆمەڵێک کوردی هونەرمەند دەکات کە لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم ڕوویان لە پاریس کردووە، کە بە هۆی جەور و ستەمی ڕژێمی بەعسەوە ژیانی تاراوگەیان هەڵبژاردووە.[٢]

لە کۆتایی ڕۆمانەکە نووسراوە کە نووسەر لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩١ ڕەشنووسی ڕۆمانەکەی نووسیوە، دواتر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ پاکنووسی بۆ کردووە.

چیڕۆک[دەستکاری]

دارا وێنەکێشێکی کورد و خەڵکی هەڵەبجەیە، ئاوارەی پاریس بووە. لەو شارەدا خەریکی وێنەکێشانی پۆرترەیت و کۆمەڵێک هاوڕێی هاوپیشە و هونەرمەندی کوردی هەیە. دارا و هاوڕێکی لە تاو ئازارێکی بەردەوامیی ئاوارەیدان. ڕۆژێک دارا بە هاوڕێکانی دەڵێت کە بۆ گەشتێک دەچێتە شاری سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا لە باکووری ئیسپانیا. ئەم هەواڵە هاوڕێکانی دارا سەرسام دەکات، ئەمەش بە تایبەت دوای ئەوەی کە دەزانن دارا دەیەوێت لەوێ بژی و نەگەڕێتەوە.

دواجار دارا شەمەندەفەری ڕێگاکە دەبڕێت و سەرەتا بە تۆلۆوز و بارسێلۆنا تێدەپەڕێت و پاشان بەرەو شاری سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا بەڕێ دەکەوێت. لە گەشتی ئەم شەمەندەفەرییەدا، دارا هۆکاری گەشتەکەی بۆ شاری سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا ئاشکرا دەکات بەوەی کە لە ئاهەنگێکی هاوڕێیەکی بەناوی فیلیپ ئەوا ئاشنای کچێکی شۆخ و شەنگ بووە، ئەم کچەش ناوی ڤینۆس بووە. دارا و ڤینۆس لە شەوی ئەم ئاهەنگە و دواتریش، بە چەندین کاتژمێر وتووێژیان ئاڵووگۆڕ کردووە و دەرەنجام بەوەی ڤینۆس دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا، بە دیاریکراوی شاری سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا ئەوا دارا پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەویش لە پێناو ئەو خۆشەویستییەی بۆ ڤینۆس هەیەتی ئەوا دێت و لە شارەکەی ئەودا دەژی، هەر لە ڕێگای وێنەکێشانەوە بۆ گەشتیارانی ئەو شارە دەست بە ژیانێکی سادە لەگەڵ ڤینۆس دەکات. بۆ ئەوەش ڤینۆس ناونیشانی ماڵەکەی خۆی بە دارا دەدات.

دارا دەگات بە شاری سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا، بەڵام دەبینێت کە بەهۆی هاتنی پاپای ڤاتیکانەوە بۆ ئەو شارە، گەشتیارێکی زۆر هاتوون بۆ شارەکە و گرتنی هۆتێل بۆ شەوێک دژوار بووە. هەر لە وێستگەی شەمەندەفەرەکە، چاوی بە ژنێک دەکەوێت کە ژووری ماڵەکەی بە کرێ دەدا، دەرەنجام دارا ژوورێکی دەستکەوت. دارا هەرزوو بە دەم ئەو ناونیشانەدا دەچێت کە ڤینۆس پێی داوە، بەڵام هیچ کەسێکی شارەکە لە بارەیەوە نازانێت. بەڵام دواجار بە شوێن کەوتن بۆ وەسفی ماڵەکەی لەلایەن ڤینۆسەوە، ئەوا ماڵێک دەدۆزێتەوە. دارا دوو بۆ سێ جار دەچێتە بەردەم ئەم ماڵە و جارێکیان پیرەژنێک دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، زۆر بە تووڕەیی پێی دەڵێ دارا ئەوە تۆ هاتوویت، دوای چی، زۆر درەنگە، پاشان دەرگاکەی لێ دادەخات. ئەم قسانەی پیرەژنەکە دارا تووشی سەرسووڕمان دەکات، کە چۆن ئەو پیرەژنە ناوی ئەوی زانیوە، وە بۆچی دەڵێت درەنگ کە خۆی تەنیا چەند مانگێک یان ماوەیەکی کەمە ڤینۆسی ناسیوە.

دوای ئەم ڕووداوانە، دارا نازانێت چی بکات و چۆن بگاتە خۆشەویستەکەی. بە هەڵکەوت یەکێک لەو پیاوانەی کە لەو شارەدا وێنەی بۆ دەکێشا دەبێتە هاوڕێی ئەو. لەگەڵ ئەو دا زۆرجار لە باڕێکدا کۆ دەبوونەوە و مشتوومڕیان لەسەر ڤینۆس و ڕووداوی پیرێژنەکە دەکرد، هاوڕێکەی دارا ئەوەی گووت کە ئەو قسانەی دارا هەمووی خەیاڵە و بەهۆی ئەوەی لە شەوی ئاهەنگەکەی فیلیپ، دارا حەشیشی کێشا بوو، ئەوا دەکرێت هاتنی ڤینۆس تەنها خەیاڵێک بێت و هیچ. وە سەبارەت بە پیرەژنەکەش ئەوا دەشێت هەر ئەو ڤینۆس بێت و بە شێوە گەنجییەکەی خۆی هاتبێتە خەیاڵی داراوە. هەموو ئەم ڕووداوانە خەیاڵی دارا زیاتر خراپ دەکەن، دواجار هەوڵدەدات کە بچێتە لای فاڵچییەک و زیاتر بزانێت، فاڵچییەکەش بە هەمان شێوە دەڵێت کە دارا تەنها خەیاڵ بووە و ناسکیی ئەو بەرگەگرتن بۆ ئاوارەیی هۆکاری سەرەکی ئەم شتانەیە.

کارەکتەرەکان[دەستکاری]

  • دارا
  • ڤینۆس
  • نەریمان
  • خەلیل
  • سیامەند
  • شازاد
  • بەهجەت
  • نووری
  • فیلیپ
  • سیمۆن
  • مەدام کارلۆس

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ڕۆمانی سانتیاگۆ دی كۆمپۆستێلا چاپی دووەمی بڵاو دەکرێتەوە". www.wishe.net. Retrieved 2023-06-10.
  2. ^ "سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا". www.hawsani.org. Retrieved 2023-06-10.