مولازم تەحسین و شتی تریش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مولازم تەحسین و شتی تریش
بەرگی کتێبەکە
نووسەرفەرھاد پیرباڵ
وڵاتسلێمانی، عێراق
زمانکوردی
بڵاوکەرەوەکەلتوور (چاپی سێیەم)
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٢٠٠١
لاپەڕەکان١٣٣

مولازم تەحسین و شتی تریش ڕۆمانێکی کوردییە لە نووسینی فەرھاد پیرباڵ، چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠٠١ بڵاوکرایەوە.[١] ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە لە ساتەوەختی شۆڕشی کوردییە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس.[٢] شاری سلێمانی لۆکەیشنی سەرەکی ڕۆمانەکەیە.

چیڕۆک[دەستکاری]

ئەختەر کچێکی جوانی شاری سلێمانییە، ئەو لە پەیوەندی خۆشەویستیدایە لەگەڵ کوڕێکی پێشمەرگە بەناوی جوامێر. جوامێر ھەموو درەنگانی شەوێک لە شاخ دێتە خوارەوە بۆ ناو شار و سەرێک لە ئەختەر دەدات، بەھۆی پەیوەندییە سۆزدارییەکەیانەوە ئەختەر دەبێتە ژن. جوامێر بەرلەوەی ببێتە پێشمەرگە، ئەوا سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و ئاودێرییی سلێمانی بوو، ئەو خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بوو بۆ پێشمەرگە بەڵام ھەر لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەوا ڕوویکردە شاخ. لەلایەکی دیکەوە ملازم تەحسین، کەسێکی گەورەیە لە ھێزی ئەمنی حیزبی بەعس لە سلێمانی، لە ھەڵمەتێکیدا بەڕێککەوت بەرماڵی ئەختەر دەرکەوێت و چاوی بە ئەو دەکەوێت، لەو دیدارەیدا دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی ئەختەرەوە. سەرەنجام ئەختەر لە نێوان دوو چیڕۆکی خۆشەویستیدا ناوی وەک سۆزانییەک بڵاودەبێتەوە بەناو شارەکە، ئەو بەڕۆژ چاوی بە مولازم تەحسین دەکەوێت و شەویش بە جوامێر. ئەختەر داوا لە جوامێر دەکات کە بیخوازێت، بەڵام جوامێر ڕاڕایە لەو بڕیارە بەھۆی ناوبانگە باشەکەی خۆیەوە کە بە پێشمەرگەیەکی دلێر ناسراوە لە شارەکە و لەبەرامبەریشدا ئەختەر وەک کچە سۆزانییەک ناوی بڵاوبووەتەوە، ھەر بۆیە جوامێر مەبەستی نییە کە ھاوسەرگیریی لەگەڵ ئەختەر بکات، ھەمووجار بەبیانووی ڕازی نەبوونی حیزب و ھەڤاڵانی شاخ بابەتەکە دوا دەخات. ھاوکات ئەختەر ھاوکاری جوامێر و پێشمەرگەکان دەکات لە گواستەوەی ھەواڵ و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی شاخ بەناو شاردا.

شەوێکیان جوامێر پلانی ڕفاندنی مولازم تەحسین دادەڕێژێت و داوا لە ئەختەر دەکات کە ھاوکاری بێت، بەڵام لەبەرامبەردا مولازم تەحسین زووتر بەو باسە و پەیوەندی ئەختەر و جوامێری زانیوە، ھەربۆیە ئەویش لە بۆسەیەکیدا جوامێر دەگرن و سەری لەلاشەی جیا دەکەنەوە. مولازم تەحسین داوا لە پیاوەکانیشی دەکات کە ژنە سۆزانییەکەش (ئەختەر) لەگەڵ خۆیان ببەن.

کەسایەتییەکان[دەستکاری]

  • ئەختەری قادر قوتوو
  • جوامێر (ناوی ڕاستەقینەکەی ئاراس بابەکر عەبدولحەمید)
  • مولازم تەحسین

دەنگدانەوە[دەستکاری]

بەھۆی ناوەڕۆکەکەیەوە ماوەیەک ڕەخنە و دژایەتییەکی زۆر لەسەر ڕۆمانەکە دروست بوو، بەجۆرێک باسەکە دەچووە سەر دادگاییکردنی پیرباڵ.[٣] دواتر جەلال تاڵەبانی کۆتایی بەباسەکە ھێنا،[٤] ئەمەش بە نووسینی وتارێک ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، کەتێیدا نووسی:[٥]

«ماوەیەک لە مەوبەر ھەڤاڵ مەلا بەختیار ئاگاداری کردم، کە بە پێچەوانەی نەریت و سیاسەتی (ی. ن. ک) ھەڵڵایەک لەسەر بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژی نوێ دروستکراوە، سەبارەت بە چاپکردنی نۆڤڵێتی (مولازم تەحسین و شتی تریش…) کە لەلایەن د. فەرھاد پیرباڵەوە نووسراوە. بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو شکاتیان بردووەتە بەردەم دادگا و ھەڕەشەش لە قەدەغەکردنی ھاتووچۆی د. فەرھاد پیرباڵ دەکرێت. بۆیە منیش ھەر دەستبەجێ ڕەخنەم لەو دەزگەیەی (ە، پ، ک) گرت، کە ئەو بەزمەی ناوەتەوە. داوام کرد داواکەیان لە دادگە وەربگرنەوە و ڕێز و تەقدیریش ھەروەک جاران بۆ بنکەی گەلاوێژی نوێ بپارێزن و د. فەرھاد پیرباڵیش بەڕێز و تەقدیرەوە پێشوازی لێ بکەن و بە گەرمی بەخێری بھێنن. خۆ ئەگەر گلەیی و گازاندەیەکیشیان لە نووسینەکەی ھەیە، ئەوا با بە نووسین وەڵامی بدەنەوە و چی بە ڕاست و ڕەوا دەزانن، پیشانی بدەن!

بۆچی ئەمجارەش ھاتمە کایەوە؟ چونکە وام ھەستکرد کە خەریکە دروشمی نان و ئازادی بۆ نووسەران و ھونەرمەندان کاڵ دەبێتەوە. دەبا لە گوڵزاری کوردستاندا دەیان گوڵ بپشکوێن.» – جەلال تاڵەبانی

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "مولازم تەحسین و شتی تریش". بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ :: Gelawej (بە کوردی). Retrieved 2021-03-29.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  2. ^ "خوێندنەوەی یەکەم ڕۆمانی فەرھاد پیڕباڵ و شتی تریش…". regaykurdistan.com. Retrieved 2021-03-29.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "ئەو ڕۆمانە بچووکانەی حزبە کوردییەکانیان تووڕە کرد". www.wishe.net. Retrieved 2021-03-29.
  4. ^ "وەسێتەکەی مام جەلال جێبەجێ نەکرا". www.rwangauraxna.com. Retrieved 2021-03-29.
  5. ^ سەروتارێکی جەلال تاڵەبانی، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٢٦٣٩. ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١.