بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شەوگەڕەکان ٢٠١٥

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شه‌وگه‌ڕه‌کان
نووسەرمیران ئه‌براهام
دانەری بەرگناوەندی که‌پر
وڵاتسلێمانی،  ھەرێمی کوردستان
زمانکوردی
بابەتڕۆمان
بڵاوکەرەوەناوندی کەپر
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
ساڵی ٢٠١٥
لاپەڕەکان٣٥٠

شه‌وگه‌ڕه‌کان[١]، نووسینی میران ئه‌براهام، ساڵی ٢٠١٥ لە سلێمانی بڵاوکرایەوە. (ئەم ڕۆمانە یه‌که‌م کتێبی نووسه‌ر بوو بە زمانی کوردی.)

کورتەی ڕۆمانەکە

[دەستکاری]

دایکم ئه‌مه‌ی وت، پاشان شووشه‌ی شرابه‌که‌ی هه‌ڵگرت‌، که له نیوه‌ی که‌متری تێدا مابوو، له‌سه‌ر په‌رداخه‌که‌ی من‌ ڕای گرت و بۆ سه‌ر لێواره‌که‌ی لاری کرده‌وه، خێرا لەسه‌ر ده‌می په‌رداخه‌که‌م له‌پی ده‌ستم ڕاگرت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێم، تا دوا دڵۆپی شه‌رابه‌که هه‌ردوو په‌رداخه‌که‌ی تری لێ پڕ کرد، له‌به‌ر خۆیه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵبڕێت‌ و سه‌یرمان بکات، وتی، ‘کارڵ، ئه‌گه‌ر تۆیش وه‌کوو‌ مارتن نه‌ڵێیت به‌سه؟’

‘نا، من ئه‌مشه‌و ناڵێم به‌سه.’

کارڵ کاتێک ئه‌مه‌ی وت، ده‌ستی له‌ ملی دایکم کردبوو. دایکم به شڵه‌ژاوییه‌‌که‌وه‌، خیرا خۆی گه‌یانده ته‌سجیله‌که ‌و ده‌ستی به دوگمه‌یه‌کدا نا، زۆری پێنه‌چوو، ده‌نگی سه‌کسیفۆن ژووره‌که‌ی پڕ کرد له سۆزی نه‌غمه‌ی خۆی، پاشان هه‌ردووکیان باڵیان له ملی یه‌کتره‌وه ئاڵاند، له‌گه‌ڵ به‌رزی ‌و نزمیی ڕیتمی تۆنی سەکسیفۆنه‌که‌دا، ده‌ستیان کرده‌وه به گۆرانی چڕین. به‌نیازی ڕۆیشتن بووم، چووم له‌ناو ده‌رگای چێشتخانه‌که‌دا ڕاوه‌ستام‌، سه‌یرێکی دایکم ‌و کارڵم کرد و به‌ ده‌نگێکی به‌رز وتم، ‘من له ژووره‌که‌ی خۆمم.’

دایکم به‌ده‌م گۆرانی چڕینه‌وه سه‌رێکی بۆ له‌قاند‌م‌، کارڵ ده‌ستێکی بۆ به‌رز کردمه‌وه.

دەربارە

[دەستکاری]

شەوگه‌ڕه‌کان: سکێچی پۆترێتی چه‌ندین مرۆڤی که‌نارگرتووه، پۆترێتێک که له ڕه‌نگ و هێڵکاری و فۆرمدا ئه‌بستراکته‌ و هونه‌ریانه کاری له‌سه‌ر کراوه، به‌ هێزی خه‌یاڵ و ته‌کنیکی هونه‌ری چیرۆک‌نووسین و حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه که‌راکته‌ره‌کان خوڵقێنراون و به‌ده‌نگ و ڕه‌نگیان خۆیان نمایش ده‌که‌ن و به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه.

مارتن سه‌له‌مۆ، که‌راکته‌ری سه‌ره‌کی و گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌یه، بێجگه‌ له‌وه‌ی مارتن ئاشنامان ده‌کات به هونه‌ری ڕه‌نگ و هێڵکاری و شه‌پۆله‌ هونه‌رییه‌کان. ئه‌و پێیوایه ڕازاندنه‌وه‌ی ماڵ و شوێنه‌ گشتییه‌کان نه‌شاز و دیکۆراتیفن و توانای هه‌سته‌کانی مرۆڤ لاواز ده‌که‌ن و پاشان مرۆ ناچار ده‌بێت لێی هه‌ڵبێت، مارتن خۆی نموونه‌ی مرۆڤی به‌هره‌مه‌نده، گومانی له هه‌مووشتێک هه‌یه‌ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڕاندایه به‌دوای نهێنی بوونیدا، بوونێک که خۆی هه‌ڵی نه‌بژاردووه. خودێک که‌ له کۆتایی چیرۆکه‌که‌دا زۆرشت له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام له هه‌مانکاتتدا ژیان به هه‌موو شێوازێک قبوڵ ده‌کات، ماڵ و شوێن له‌م ڕۆمانه‌دا هێڵی سه‌ره‌کی و لاوه‌کی پێکه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن، سه‌رجه‌م که‌راکته‌ره‌کان جۆرێک له پابه‌ندبوونی ڕۆحیان له‌گه‌ڵ ماڵی سه‌رده‌می منداڵییاندا هه‌یه‌ و به‌رده‌وام به خه‌یاڵ و پاشان به‌جه‌سته بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، سامان خدر یه‌کێکه له‌و مرۆڤه‌ که‌ناگرتووانه‌ی دووری له زێدی خۆی کاریگه‌رییه‌کی وایان له‌سه‌ر هه‌ست و خه‌یاڵی ئه‌و کردووه، که له ژیانیدا بێجگه‌ له کێشانی سکێچی شوێن و ڕووداوه‌کانی ڕابووردووی، ژیانی ئێستای هیچ مانایه‌کی لای ئه‌‌و نه‌‌ماوه و بێسه‌ر و شوێن ده‌بێت له تاراوگه‌ و سه‌دان تابلۆ له‌پاش خۆی به‌جێدێڵێت.

شه‌وگه‌ڕه‌کان چیرۆکێکه له‌سه‌ره‌تاوه تاوه‌کو کۆتایی، گه‌ڕانی بێوچانه به‌دوای نهێنی بوونی خود و پیرۆزی شوێندا، خودێک، که پێویسته تێبگات ژیان و مردن دوو وشه‌ی ته‌واوکه‌ری یه‌کترین و پێویست ناکات لێیان سڵبکاته‌وه.

نوێترین چاپ

[دەستکاری]

شه‌وگه‌ڕه‌کان، چاپی سێیه‌م، پڕۆژەی هاوبه‌ش: ناوه‌ندی که‌پر & ده‌زگای جه‌مال عیرفان

سه‌رچاوه

[دەستکاری]
  1. ^ "ناوه‌ندی بڵاوکراوه‌ی که‌پر". Keper-Books. ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

به‌سته‌ره‌ دەرەکییه‌کان

[دەستکاری]

کورتەیه‌ک ده‌ربارەی ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان له کولتوور مه‌گه‌زین