ھوتێل ئەورووپا (ڕۆمان)
هۆتێل ئەوڕوپا ڕۆمانێکی کوردییە لەلایەن فەرهاد پیرباڵ نووسراوە،[١] لە ساڵی ٢٠١٠ و لەلایەن دەزگای ئاراسەوە چاپی یەکەمی بڵاوکراوەتەوە و پێکهاتووە لە ٢٠٨ لاپەڕە و دواتریش لە ساڵی ٢٠١٧ ماڵی وەفایی چاپی دووەمی بڵاوکردۆتەوە. ڕۆمانەکە وەکو گێڕانەوەی ڕووداوێکە لە ژیانی نووسەر لە فەڕەنسا.[٢] لە ڕۆمانەکەدا کاریگەری کەلتوور، پەناهەندەیی و جیاوازییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی خستۆتەڕوو.[٣]
چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]
چیڕۆکەکە باس لە ژیان و ئاوارە بوون دەکا لە فەڕەنسا، کارەکتەرە سەرەکییەکانی چیڕۆکەکە، محەمەدی حاجی زادە و مسیۆ لووسیانان، یەکێکیان مەلایەکی ئیسلامی ئێرانی ئاوارە، ئەوەی تریش جوولەکەیەکی دەوڵەمەندی دانیشتووی فەڕەنسا، کە شێوەیان لە یەک دەچێت. محەمەدی حاجی زادە، لەبەر ناخۆشی ژیان و ڕاوەدوونانی لەلایەن دەسەڵاتداران، هاتووە و بۆتە ئاوارەی فەڕەنسا. کەچی مسیۆ لووسیانا، کە کەسێکی دەوڵەمەندە و دانیشتووی فەڕەنسایە، دەیەوێ بچێتە ئێران و سەر لە خۆشەویستەکەی بدا، کە ماوەیەکی زۆرە بەجێیهێشتووە. سەرەنجام تێکەڵکێشی دروستدەبێ لە نێوان کەس، لە نێوان کلتوور. لە کۆتاییشدا چیڕۆکەکە بە نادیاری دەمێنێتەوە. بێژەری چیڕۆکەکە نازانێ و دڵنیا نییە کە ئایا ئەوەی کە ئێستا خۆی پیشاندەدا مسیۆ لووسیانا بێ بەڕاستی مسیۆ لووسیانایە، یاخود مسیۆ لووسیانا بە ناو و پاسەپۆڕتی محەمەدی حاجی زادە چۆتە ئێران بۆ سەردانی خۆشەویستەکەی، بەڵام محمدی حاجی زادە هەواڵی لێداوە و لەلایەن دەزگایە پاراستنەکان گیراوە.
کارەکتەرەکان[دەستکاری]
- فەرهاد کە خودی نووسەری ڕۆمانەکەیە، ئەوا وەک چیڕۆکخوانی ڕۆمانەکەش دەردەکەوێت کە کوردێکە بەهۆی جەنگی عێراق و ئێران وڵاتەکەی جێهێشتووە و لە فەڕەنسا وەک پەنابەرێک دەژی. فەرهاد لە هۆتێلێکی سێ ئەستێرە وەک کەسی پێشوازی کاردەکات، هەروەها خەریکی کاری وێنەکێشانە و تابلۆکانی دەفرۆشێت.
- محەممەدی مەلا زادە مەلایەکی ئێرانییە کە لە کاری مەلایی دەرکراوە، لە فەڕەنسا پەناهەندەیە، ماوەیەکی زۆر بەدوای وەرگرتنی هاوڵاتینامەی فەڕەنسییە بەڵام بەردەوام لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئەو لەگەڵ فەرهاد هاوڕێن.
- ساقی گوڵچین ژنە قژکورتێک و فێمێنستێکی ئێرانی بوو، خاوەنی گالێرییەک بوو لە شاری سان فرانسیسکۆ لە ئەمریکا. ساقی چەند جارێک تابلۆکانی فەرهادی کڕیوە و وەک تابلۆیەکی کوردی لە گالێرییەکەی ئەمریکای فرۆشتووە.
- مەدام گالاتتی ژنێکە کە تەمەنی لە دەوری ٧٠ ساڵانەیە، خاوەنی ئەو هۆتێلەیە کە فەرهاد کاری لێ دەکات، جگە لەوەش خاوەنی هۆتێل دەرمانخانەیە لە وڵاتانی دیکە.
- مسیۆ لووسیانا کوڕە جوولەکەیەکی بەڕەچەلەک پۆرتووگالییە، کوڕی مەدام گالاتتییە. دەبێتە هاوڕێی فەرهاد و وتووێژ لەسەر ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتیی دەگۆڕنەوە.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ FARHAD PIRBAL // PSHTEWAN KAMAL BABAKIR AND DAVID SHOOK، ماڵپەڕی caesuramag، ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.
- ^ ڕۆمانی هوتێل ئەورووپا، فەرهاد پیرباڵ، لاپەڕە ٢٠٨.
- ^ Aziz, Kaify & Hamadamin, Yadgar. (2018). Culture as diaspora in Farhad Pirbal's Novel "Hotel Europe". Twejer. 1. 61-84. 10.31918/twejer.1812.4.