فڕۆکە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنەی فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر

فڕۆکە (بە ئینگلیزی: Airplane یان Fixed-wing aircraft بە عەرەبی:الطائرة) فڕۆکە نوێترین و خێراترین ھۆی گواستنەوەیە ، بە جۆرێک کە تەنھا کەشتی ئاسمانی لە فڕۆکە خێراترە. فڕۆکەی گواستنەوە یان فڕۆکەی گەشتی ئاسمانی فیشکەداری نوێ دەتوانێ باری قورس لە سەرنشین و کەلوپەل بگوازێتەوە و ئاسمانی کیشوەری ئەوروپا بە کەمتر لە پێنج کاتژمێر ببڕی، ھەروەھا دەتوانێ بفڕێ بە نیوەی دووری دەوری زەوی لە لەندەن بۆ سیدنی بە کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێر.

گەشتیاران دەتوانن گەشتێکی ئاسان و خۆش لە بەرزی (٩٠٠٠ تا١٣٠٠٠)مەتر لە ڕووی زەوی ئەنجام بدەن ، ھەروەھا دەتوانن سەیری فیلمی سینەمایی و گوێ لە پارچە مۆسیقا بگرن. فڕۆکەی فیشکەداری نوێ و گەورە دەتوانێ نزیکەی (٥٠٠) کەس بگوازێتەوە .

فڕۆکە چییە؟[دەستکاری]

فڕۆکەی مووشەکی کە خێراترین جۆری فڕۆکەیە بە خێرایی زیاتر لە (٧٢٤٠ کم لە یەک کاتژمێر) دەبڕێ کە لە تۆژینەوەکان بەکاردێ. فڕۆکەکان ھەموویان وەک فڕۆکەی مووشەک یان فیشکەدار گەورەو بەھێز نین زۆربەیان تەنھا یەک دانە بزوێنەری ھەیە و ژمارەیەکی کەم سەرنشین ھەڵدەگرن ئەم فڕۆکە سووک و بچووکانە بۆ گەشتی نزیک و گەشتی تایبەت بە پیاوانی کار و بازرگانان بەکار دێن .

فڕۆکەکان قورسترن لە ھەوا فڕۆکەی گواستنەوە کێشەکەی لە (٣٢٠ تۆن) زیاترە لەو کاتەی کە بە تەواوی بارکراوە. فڕۆکە دەفڕێ بەھۆی بزوێنەرەکانی و باڵەکانی و ڕووەکانی کۆنترۆڵ تێیدا بزوێنەر (یان بزوێنەرەکان) پاڵ بە فڕۆکەوە دەنێن بۆ پێشەوە بە بڕینی ھەوای ئاسمان بە پێشڤەچوونی فڕۆکە ئەو ھەوایەی کە لەسەر ڕووی سەرەوەی باڵەکەیە بە خێرایی دەجوڵێ کە دەبێتە ھۆی نزم بوونەوەی پاڵە پەستۆی ھەوا بە بەراوردکردنی لەگەڵ پاڵەپەستۆی ھەوا لە ڕووی خوارەوەی باڵی فڕۆکە ، ئەم جیاوازی پاڵەپەستۆیە پێی دەڵێن ھێزی بەرزکردنەوە کە پارێزگاری لە بەردەوامبوونی فڕینی فڕۆکەکە دەکات لە ئاسمان فڕۆکەوان دەتوانێ پارێزگاری لە ھاوسەنگی فڕۆکە بکات لە کاتی فڕین بە بەکارھێنانی ڕووی کۆنترۆڵ کە چەند بەشێکن توانای جووڵەیان ھەیە و دەکەونە باڵ و کلکی فڕۆکە .

دروستکردن و پێشخستنی فڕۆکە بە زانستی فڕۆکەوانی دەناسرێ . لە کۆتایی سەدەی ھەژدەی زایینیدا بالۆن بەکار ھات لە ھەوڵەکانی یەکەمی فڕین لە ئاسمان، ئەم بالۆنانە دەفڕن چونکە کێشیان لە کێشی ھەوا کەمترە. پاش ھەوڵەکانی یەکەمی فڕین لە ئاسمان بالۆن داھێنەران ھەوڵیان دا کە ئامێری قورستر لە ھەوا بفڕێنن.ھەندێکیان تاقیکردنەوەیان لەسەر فڕۆکەی چارۆگەدار کرد (کە ھیچ بزوێنەرێکی تێدا نییە) ئەویش بە لاسایی کردنەوەی باڵی باڵندە کە داھێنەران بینیان کەمێک کوڕِِە، بەمەش توانیان بە فڕۆکەی چارۆگەدار سەدەھا مەتر بفڕن بە باڵی کوڕ لەجیاتی باڵی ڕاست. لە سەدەی نۆزدەی زایینیدا ، داھێنەران توانیان یەکەم بزوێنەری سووتانی ناوخۆ بۆ بەدەست ھێنانی توانای پێویست بۆ فڕین دروست بکەن.

دروستکردنی جۆرێک لە فڕۆکەی سەرەتایی لەلایەن (لا بریس) لە ساڵی ١٨٦٨ز وێنەگیراو لەلایەن نادار

پاشان لە ١٧ی دیسێمبەری ١٩٠٣ ز دوو برای ئەمریکی (ئۆرفیل و ویلبەر رایت) کە لەکارگەی دروستکردنی پایسکل کاریان دەکرد توانیان یەکەم فڕۆکە دروست بکەن لە مێژوو ئەم کارەیان لە شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور ئەنجام دا و ئۆرفیل یەکەم فڕینی ئەنجام دا کە دووری (٣٧ مەتر) ی بڕی بە فڕۆکەکەی کە لە دار و تێل و پارچە قوماش دروستکرابوو پاش سەرکەوتنی ئەم دوو برایە داھێنەران و فڕۆکەوانان بەردەوامبوون لە کارەکانیان چاکسازی لەدروستکردنی فڕۆکە بە تێپەڕبوونی ھەر ساڵ خێرایی فڕۆکەکان ڕوو لە زیادبووندا بوو وە ھەروەھا دووری زیاتری دەبڕی بە بەراورد کردنی لەگەڵ ساڵی پێشوو. لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی دروستکراو لە کانزا دەستیپێکرد کە یەک ڕووی ھەبوو (واتە یەک باڵ) وە دوو ڕوویی (واتە دوو باڵ) و داپۆشراو بە قوماش شوێنی ئەو فڕۆکانەی گرتەوە کە لە دار دروست دەکران .


داھێنانی بزوێنەری فیشکەدار لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بە سەرچاوەی فڕۆکە دادەنرێ کە یەکەی پاڵنەری فڕۆکە دابین دەکات بە توانای بەرز. لە شەڕی جیھانی دووەم (١٩٣٩ - ١٩٤٥ز) کارەکان بەردەوامبوون بۆ پێشخستنی فڕۆکە کە فڕۆکەی پەروانەداری جەنگی بەکارھێنرا وە یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری جەنگی وە ھەروەھا جەنگی قورسی دوور ھاوێژ ، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا گەشتی ئاسمانی ڕۆژانە بۆ پەڕینەوەی زەریای ئەتڵەسی بە فڕۆکە رێکخرا بێ وەستان ، وە لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی فیشکەداری نەفەرھەڵگر ڕۆلێکی گرنگی ھەبوو لە نزیک کردنەوەی ھەموو وڵاتانی جیھان و ئاسان بوونی گواستنەوە لە نێوانیاندا بەمەش جیھان بچووکتر بوو بە بەر لەسەدەیەک پێش ئێستا .

فڕۆکە زۆر گۆڕانی بەسەر شێوەی ژیانی خەڵکی داھێنا، ئێستا ملیۆنەھا کەس پشت بە فڕۆکە دەبەستن لە گواستنەوە ، بازرگان و پیاوانی کار چاوەنواڕی ڕاژەی پۆستە و گەیاندنی خێران، وە زۆر لە کارگەکان بەرھەمەکانیان لە ڕێگەی ئاسمانی دەگوازنەوە، ھەروەھا فڕۆکە خزمەتی تریش پێشکەش دەکات لە ڕووبەڕوو بوونی ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی لە باری نائاسایی و فڕۆکە چەکێکی سەرەکییە لە شەڕ. لە خوارەوە قۆناغەکانی پێشکەوتنی فڕۆکە و سیمای فڕۆکەی نوێ باس دەکرێ.ھەروەھا بەشەکانی فڕۆکە وڕۆل و کاری ھەر یەکێکیان لە یارمەتیدانی فڕۆکە بۆ فڕین و چۆنیەتی لێخوڕینی فڕۆکەوان بۆ فڕۆکە و ڕێگەی دروستکردنی فڕۆکە و مێژوو و پێشکەوتن پیشەسازی فڕۆکەوانی.

مێژووی پێشکەوتنی فڕۆکە[دەستکاری]

مرۆڤ ھەزاران ساڵ خەونی بە فڕین دەبینی و ھەندێ کەس ھەوڵی فڕینیان دا بە بەستنی پەڕی باڵندە لە دەستیان و بەکارھێنانی وەک باڵی باڵندە.بەڵام زۆربەیان لەو باوەڕەدا بوون کە فڕین لە سەرووی تواناکانی مرۆڤە زۆر قسە ھەیە دەربارەی پیاوچاکان کە توانای فڕینیان ھەبووە ،یان ئەو کەسانەی کە لە ھەوا بەرز دەبنەوە بەھۆی گیانلەبەری باڵدار. یۆنانییە کۆنەکان دەگێڕنەوە کە داھێنەرێک ھەبوو ناوی دیدالوس و کوڕەکەی کە ناوی ئیکارۆس بوو توانیان بفڕن بەھۆی باڵی دروستکراو لە پەڕی باڵندە و مۆم، بەڵام کە لە خۆر نزیک بوونەوە باڵەکان توانەوە بە گەرمی خۆر و کەوتنە ئاوی دەریا و خنکان .

چەند مێژوویەکی گرنگ لە قۆناغەکانی پێشکەوتنی فڕۆکەوانی[دەستکاری]

ساڵ زانیاری
١٥٠٠ز ھونەرمەندی داھێنەری ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینشی وێنەی ئامێرێکی فڕینی بە باڵی کێشا .
١٧٨٣ز لەلایەن ھەردوو فەڕەنسی جان ف.بیلاتەر دیڕۆزی و مارکیز دارلاند یەکەم بەرزبوونەوە لە ئاسمان بە باڵۆنێکی سووکتر لە ھەوا بە بەکارھێنانی ھەوای گەرم ئەنجام درا .
١٨٠٤ز سێر جۆرج کایلی ی بەریتانی یەکەم نموونەی فڕۆکەی چارۆگەداری دروستکرد .
١٨٤٣ز ویلیەم س.ھینسۆن ی داھێنەری بەریتانی دیزاینی فڕۆکەیەکی دانا کە بە بزوێنەرێکی ھەڵمی کاری دەکرد و زۆربەی بەشە سەرەکییەکانی فڕۆکەی ئێستای تێدابوو .
١٨٤٨ز جۆن سترۆنگ فیلو ی بەریتانی نموونەیەکی بچووککراوی فڕۆکەیەکی دروستکرد بە پشت بەستن بە دیزاینەکانی فڕۆکەی ھینسۆن بەڵام ئەم فڕۆکەیە بۆ ماوەیەکی کەم لە ئاسمانمایەوە.
١٨٩١ - ١٨٩٦ز (ئۆتۆ لیلینتال)ی ئەڵمانی یەکەم کەس بوو کە فڕۆکەیەکی چارۆگەداری لێخوڕی .
١٨٩٦ز سمۆئیل ب.لانگلی ی ئەمریکی نموونەی فڕوکەیەکی دروست کرد کە بە بزوێنەری ھەڵمی کاری دەکرد .
١٩٠٣ز ھەر دوو برا ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت کە ئەمریکین یەکەم فڕینیان ئەنجام دا بە فڕۆکەیەک کە قورستر بوو لە ھەوا بە ھێزی پاڵنەری ئامێری لە نزیک شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە دووری (٣٧ مەتر)ی بڕی لە فڕینی یەکەم بۆ ماوەی (١٢ چرکە) لە ئاسمانمایەوە
١٩٠٦ز تراجان فۆلا داھێنەری ڕۆمانی توانی یەکەم فڕۆکە دروست بکات بە تەواوی قەبارەوە بە یەک باڵ بەڵام نەیتووانی بفڕی .
١٩٠٩ز لویس بلیریو ی فەڕەنسی یەکەم کەس بوو کە کەناڵی ئینگلیزی بڕی بە فڕۆکە .
١٩١٣ز ئیگۆر ڕ.سیکۆرسکی ی داھێنەری ڕووسی یەکەم فڕۆکەی چوار بزوێنەری دروستکرد و لێخوڕی .
١٩١٥ز یەکەم فڕۆکەی دروستکراو بەتەواوی لە کانزا بە باڵی کابولی لە ئەڵمانیا دروستکرا بە ناوی یونکرز ج-١
١٩٢٤ز تاقیکردنەوەی ئاسمانی لە ئەڵمانیا بۆ یەکەم فڕۆکەی دروستکراو بەتەواوی لە کانزا و بە سێ بزوێنەر لە جۆری یونکرز ج-٢٣ .
١٩٢٧ز فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری لۆکھید ڤێگا یەکەم فڕینی ئەنجام دا کە یەک بزوێنەری ھەبوو .
١٩٣٠ز ئەندازیاری بەریتانی فرانک ویتل ھەستا بەدانانی دیزاینی یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار .
١٩٣٦ز فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری دۆگلاس دی-سی-٣ کەوتە کار لە ھێلی گواستنەوەی ئاسمانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وە بووە یەکێک لەو فڕۆکانەی کە بە زۆری بەکاردێن .
١٩٣٩ز بۆ یەکەم جار فڕۆکەی فیشکەدار یەکەم فڕینی ئەنجام دا لە ئەڵمانیا.
١٩٤٧ز چارلز بیجەر ی نەقیبی فڕۆکەوانی لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی یەکەم فڕینی ئەنجام دا بە خێرایی زیاتر لە خێرایی دەنگ بە فڕۆکەی ‌مووشەکی کە ناوی بیل ئێکس -١ بوو .
١٩٥٢ز فڕۆکەی جۆری دیھافیلاند کۆمیت ی فیشکەداری گەورە بۆ یەکەم جار لە ھێلی ئاسمانی بەکار ھێنرا .
١٩٥٣ز یەکەم فڕۆکەی گواستنەوەی پەروانەدار بە ناوی فیکرز فیسکۆنت لە ھێلی گواستنەوەی ئاسمانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەکارھات .
١٩٥٨ز فڕۆکەی جۆری بۆینگ - ٧٠٧ کەوتە کار کە یەکەم فڕۆکەی گواستنەوە بوو لە نێوان ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاری کرد .
١٩٦٠ز فڕۆکەی بەریتانی جۆری ھۆکەر ب-١١٢٧ یەکەم فڕۆکە بوو بەیەک بزوێنەر کە بە شێوەیەکی ستوونی بەرز دەبووەوە و دەنیشت .
١٩٦٨ز فڕۆکەوانانی ڕووس تاقیکردنەوەیان لەسەر یەکەم فڕۆکەی گواستنەوە لە جیھان کرد کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاتر بوو ئەویش فڕۆکەی تی - یو ١٤٤ بوو.
١٩٧٠ز فڕۆکەی جۆری جامپۆ ی فیشکەدار کەوتە کار جۆری بۆینگ - ٧٤٧ .
١٩٧٦ز فڕۆکەی جۆری کۆنکۆرد کەوتە کار بۆ گواستنەوەی خەڵک کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە و لە لایەن بەریتانیا و فەڕەنسا دروست کرا .
١٩٩٥ز فڕۆکەی جۆری بۆینگ - ٧٧٧ کە گەورەترین فڕۆکەی فیشکەدارە لە جیھان کە دوو بزوێنەری ھەیە .
٢٠٠٠ز فڕۆکەی جۆری کۆنکۆرد لە فڕین ڕاگیرا تا دۆزینەوەی ھۆی ئەو درزانەی کەلە لەشی فڕۆکە بینرا.

مێژووی ھەوڵەکانی فڕین[دەستکاری]

مێژووی بیرۆکە و ھەوڵی فڕین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٤٠٠ ) پێش زایین کە زانای یۆنانی ئەریشتاس کۆترێکی لە دار دروستکرد لە ھەوا جوڵاندی،تا ئێستاش نازانرێ کە چۆن ئەریشتاس توانی ئەم کۆترە بفڕێنی،بەڵام وا دەخەملێنرێ کە ئەم کۆترەی بە باسکێکی سوڕاو بەستابێو ھەڵم یان گازێکی بەکارھێنا بۆ جوڵاندنی بە ئارستەی سووڕانەوە.لە نێوان (٤٠٠ - ٣٠٠ )پ.ز چینییەکان دروستکردنی کۆلارەیان دۆزییەوە کە جۆرێکە لەجۆرەکانی فڕۆکەی چارۆگەدار، پاش ماوەیەک ئەم کۆلارانە بەکارھاتن بۆ ھەڵگرتنی مرۆڤ .

  • لە سەدەی سێیەمی پێش زایین زانای بیرکاری و داھێنەری گەورەی یۆنانی ئەرخەمیدس ھۆی سەر ئاو کەوتنی تەنەکان و چۆنیەتی سەر ئاو کەوتنی دۆزییەوە.لەساڵی (٨٨٠ )ز عەباسی کوڕی فەڕناس کە عەرەبێکی ئەندەلوسییە ھەوڵی فڕینی دا بە دروستکردنی دوو باڵ لە پەڕی باڵندە بەڵام ھەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو لە ساڵی (٨٨٧ )ز کۆچی دوایی کرد.لە ساڵی (١٢٩٠ز) راھیبی ئینگلیزی رۆجەر بیکۆن گووتی ھەوا وەک ئاو تەنۆلکەی ڕەقی تێدایە ، پاش ورد بوونەوە لە بیرۆکەکانی ئەرخەمیدس گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر تەنەکان بەشێوەیەکی ڕاست دروست بکرێن ئەوا ھەوا بەرزی دەکاتەوە وەک چۆن ئاو کەشتی بەرز دەکاتەوە.لە ساڵی (١٥٠٠ ز) ھونەرمەند و داھێنەری ئیتاڵی لیۆناردۆ دافینشی وێنەی ئامێری ئۆرنیسۆبتەری کێشا کە فڕۆکەیەکە دوو باڵی ھەیە وەک باڵی باڵندە. لە ساڵی (١٦٨٠) ز زانای بیرکاری ئیتاڵی جیۆفانی بۆریلی وتی کە مەحاڵە مرۆڤ بتوانێ بفڕێ لە ڕێگەی باڵەوە بۆریلی سەلماندی کە ماسوولکەکان لە لەشی مرۆڤ بێھێزترن لەوەی کە بتوانێ ڕووبەری گەورە بجولێنێ بۆ ئەوەی کێشی بەرزبێتەوە لە ھەوا.

فڕینی مرۆڤ بۆ یەکەم جار[دەستکاری]

  • لە ساڵی (١٧٨٣ز) دوو ھاووڵاتی فەڕەنسی ، یەکەمیان پزیشک جان ف . بیلاتەر دی رۆزییە و دووەمیان مارکیز دی دارلاند یەکەم فڕینی مرۆڤیان ئەنجام دا لە ئامێرێکی نوێداھێنراو کە بریتی بوو لە بالۆنێکی گەورەی دروستکراو لە کەتان کە بۆ دووری زیاتر لە (٨)کم فڕی لەسەر شاری پاریس ، ئەم بالۆنە لەلایەن دوو فەڕەنسی ترەوە دروستکرا کە لە دروستکردنی وەرەقە کاریان دەکرد ئەوانیش دوو برا جاک و جۆزێف مۆنتگۆلفیر بوون، باڵۆنەکەی بە ھەوای گەرمکراو لە سووتاندنی دارو پوشکە پڕ کرد کە بووە ھۆی بەرز کردنەوەی لە ھەوا.
  • ھەر دوو برا جاک و جۆزێف مۆنتگۆلفیر چەند بالۆنێکی سەرکەوتووی تریان دروستکرد کە بووە ھۆی ھاندانی داھێنەری تر،کە گازی ھایدرۆجینیان بەکارھێنا (کە گازێکی سووکترە لە ھەوا) بۆ بەرز کردنەوەی باڵۆنەکان.لەو کاتەدا ئاراستە کردن و کۆنترۆڵکردنی بالۆن زۆر گران بوو ،بەڵام داھێنەرەکان بەردەوام بوون لە تاقیکردنەوەکانیان تا توانیان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کەشتی ھەوا دابھێنن کە بزوێنەر و پەروانەیان پێوەکرا بەمەش ئاڕاستە کردن و کۆنترۆڵکردنی باڵۆن ئاسان بوو، لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە داھێنەران سەرنجیان ئاڕاستەی فڕۆکەی چارۆگەدار کرد کە قورسترە لە ھەوا، لە ساڵی (١٨٠٤ز) سێر جۆرج کایلی بەریتانی یەکەم نموونەی فڕۆکەی چارۆگەداری سەرکەوتووی دروستکرد، کە تەنھا فڕۆکەیەکی بچووک بوو و بێسەرنشین فڕی، پاشان سێر جۆرج کایلی فڕۆکەیەکی چارۆگەداری بە تەواوی قەبارە و بە سەرکەوتووی دروستکرد کە یەکێکیان شوفێری عارەبانەکەی بە زۆری تێکرد و لە دۆلێکی بچووک پەڕییەوە.
  • سێر جۆرج کایلی داھێنەری زانستی میکانیکی ھەوایە بۆ زانینی کاریگەری ھەوا لە دەووری تەنەکان لەوانەیە یەکەم کەس بێ کە وەسفی فڕۆکەی کردبێ کە بزوێنەر و باڵی جێگیری ھەیە و پاڵنەری ھەوا بەھۆی پەروانەی پێشەوە دەبێ.

لە نێوان ساڵانی (١٨٩١ - ١٨٩٦) ز ئۆتۆ لیلینتالی ئەڵمانی یەکەم کەس بوو کە فڕۆکەیەکی چارۆگەداری لێخوڕی . پێش کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم داھێنەری تری وەک بیرسی بیلتشری بەریتانی و ئۆکتیڤ چانیۆت ی ئەمریکی فڕینی ھاوشێوەیان ئەنجام دا،ھەندێک لەو فڕۆکەچارۆگەدارانە زۆر بە باشی دروستکرابوون کە تەنانەت فڕۆکەوانی بۆ دووری سەدەھا مەتر لە ھەوا ھەڵگرت. بەڵام لێخوڕینی فڕۆکەی چارۆگەدار شتێکی گران بوو لە زۆربەی کاتەکان،ھەروەھا دروست نەکرابوو بۆ ھەڵگرتنی مرۆڤ و کەل و پەل لەبەر ئەوە بە ڕێگای گواستنەوە نەدەژمێردرا.

فڕین بە پاڵنەری ئامێری[دەستکاری]

وێنەی فڕۆکەیەکی سەرەتایی تاک باڵی
  • لە ساڵی (١٨٤٣ز) ویلیەم س.ھینسۆنی داھێنەری بەریتانی دیزاینی فڕۆکەیەکی دانا کە بە بزوێنەرێکی ھەڵمی کاری دەکرد و پەروانەی لەپێشەوە ھەبوو لەگەڵ باڵی جێگیر، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕاگیرا پاش سەرنەکەوتنی یەکەم نموونە کە دروستیکرد . بەڵام برادەرێکی ھەستا بە دروستکردنی فڕۆکەیەک بە پشت بەستن بە دیزاینەکانی فڕۆکەی ھینسۆن ئەویش جۆن سترۆنگ فیلوی بەریتانی بوو، فڕۆکەکەی بە سەرکەوتوویی ناردە ئاسمان بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم لە ئاسمان مایەوە.

لە ساڵی (١٨٩٠ز) ئەندازیاری فەڕەنسی کلیمەنت ئادەر ھەوڵیدا بفرێ بە فڕۆکەیەک کە بزوێنەرێکی ھەڵمی بەکاردەھێنا لە دروستکردنی بەڵام نەیتوانی کۆنترۆڵی بکات و نەفڕی .ھەر لەو ماوەیەدا سێر ھیرام مەکسیمی ئەمریکی ، کە دوواتر بووە ھاووڵاتی بەریتانی، توانی فڕۆکەیەکی گەورە دروست بکات کە بە بزوێنەرێکی ھەڵمی کاری دەکردو دوو باڵ و دوو بزوێنەر و دوو پەروانەی لە پێشەوە ھەبوو، تاقیکردنەوەی مەکسیم لەسەر ئەم فڕۆکەیە لەساڵی (١٨٩٤ز) ئەنجام درا، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە ڕووی زەوی بەرز بووەوە بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بفڕێ.

  • ھاووڵاتیەکی ئوستراڵی ، لەگەڵ ھاووڵاتیەکی نیوزیلەندی ، بە تەنیاو دوور لە پێش ھاتەکانی جیھانی کاریان دەکرد،کە بە پێشەوا دادەنرێن لە تاقیکردنەوەکانیان لەسەر فڕۆکەی قورستر لە ھەوا، لۆرەنس ھارگریفی ئوستراڵی چەند شێوەیەکی لوسی دروستکرد بۆ بەکارھێنانی لە دروستکردنی باڵەکان کە ھێزی پاڵنەری بەرزکەرەوە دروست دەکات ھەروەھا پەروانەی پێشەوە و بزوێنەری فڕۆکەی دروست کرد بەپێی بیردۆزی بزوێنەری سووڕاو. لە ساڵی (١٨٩٤ )ز لەکاتی ھەڵکردنی با لە نزیک کەناری دەریا لە باشووری سیدنی ھارگریف توانی خۆی (٥ مەتر) لە زەوی بەرزکاتەوە بە یاریدەی کۆلارەیەک کە پێکھاتبوو لە سندوقێکی سیانە، دوواتر زۆرکەس سوودیان لە بیرۆکەکانی ھارگریف وەرگرت، بۆ نموونە فڕۆکەی ئەوروپی لە فڕۆکەی سندوقی وەرەقی دەچێ، زۆر کەسیش دەڵێن کە برایان رایت بیرۆکەکانی ھارگریفیان بەکار ھێناوە.
  • لە نەوەدەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا، زانای ئەمریکی سمۆئیل ب.لانگلی نموونەی فڕوکەیەکی دروست کرد کە بە بزوێنەری ھەڵمی کاری دەکرد و ناوی نا ئیرۆدرۆم کە لەساڵی (١٨٩٦ )ز بۆ دووری (٨٠٠) مەتر فڕی لە ماوەی خولەکو نیوێکدا. پاشان فڕۆکەیەکی بە قەبارەی تەواو دروستکرد کە بزوێنەری سووتانی ناوەوەی بەکاردەھێنا. یەک لە فڕۆکەوانەکان ھەوڵی فڕینی دا بەم فڕۆکەیە لە (حەفتی ئۆکتۆبەر) و (ھەشتی دیسێمبەر) ی ساڵی (١٩٠٣ ز) لە ھەردوو جار فڕۆکەکە لەسەر پاپۆرێک لە زای بۆتۆماک پاڵنرا بەڵام فڕۆکەکە ھەردوو جار بەر زێیەکە کەوت و نقوم بوو.
  • لە نەوەدەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا، برایان ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت کە دوو گەنجی ئەمریکی بوون لەگەڵ بەڕێوەبردنی کارگەی دروستکردنی پایسکل لە شارۆچکەی دایتۆن لە ویلایەتی ئۆھایۆی ئەمریکی ئەو کتێبانەیان دەخوێند کە لەسەر فڕۆکەوانی نوسرابوون، لە ساڵی (١٨٩٩ ز) دەستیان کرد بە دروستکردنی یەکەم فڕۆکەی چارۆگەداری تایبەت بە خۆیان وە لەساڵی داھاتوودا ھەستان بە فڕین لە نزیک شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە بە ناوچەیەکی ئارام و کەم ھەڵکردنی با و زۆری تۆز ناسراوە، پاش ھەوڵێکی زۆر توانیان سیستەمێک دابنێنن کە بە ھۆیەوە کۆنترۆڵی فڕۆکە بکەن لە کاتی فڕین.
  • لە ساڵی (١٩٠٣ز) برایان ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت یەکەم فڕۆکەیان دروستکرد و ناویان نا فڵایەر. فڕۆکەکە دوو باڵی ھەبوو و بزوێنەرێکی سووتانی ناوەوە بە توانای (١٢ ھێستر) کە دەکاتە نزیکەی (٩ کیلۆ وات) ، باڵەکان لە دار دروستکران و بە قوماشی لۆکە داپۆشرابوون کە درێژییەکەی لەم سەر تا ئەو سەر (١٢،٢٩) مەتر بوو فڕۆکەوانەکە لەسەر باڵی خوارەوە بوو کەچی بزوێنەر لەلای چەپی دوو پەروانەی لە دار دروستکراو لە پشت باڵەکانی دەسوڕاند، پێش ھەموو شتێک فڕۆکەکە سیستەمێکی کۆنترۆڵی سەرکەوتووی ھەبوو کە برایان ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت بۆ فڕۆکە چارۆگەدارەکەیان داھێنابوو، لە سیما سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە ئامێری تایبەت بە سووڕانەوە لە باڵەکان بۆ کاتی پێویست بۆ پارێزگاریکرن لە ھاوسەنگی فڕۆکە لەکاتی فڕین. ئەم ئامێرە بە تێلێک دەبەسترێتە سوچی باڵەکان بەستراوە بە ھەڵگرێک کەلەدەوری فڕۆکەوانەکە جێگیرکراوە کە دەتوانێبجولێنی بۆ سوچی یەک لە باڵەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ھاوسەنگی فڕۆکە، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی لێخوڕینی فڕۆکە لە کاتی فڕین .
  • لە (١٧ ی دیسێمبەری ساڵی ١٩٠٣ز) ئۆرفیل ڕایت یەکەم مرۆڤە کە بە فڕۆکەیەک کە قورستر بوو لە ھەوا بە ھێزی پاڵنەری ئامێری لە نزیک شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور فڕی کە فڕۆکەکە لەسەر بۆڕییەک ھەڵدرا کە بەرزییەکەی (١٨) مەتر بوو لە ڕووی قومی زەوی ڕاست، کە دووری (٣٧) مەتری بڕی لە فڕینی یەکەم بۆ ماوەی (١٢) چرکە لە ئاسمان مایەوە، واتە بە خێرایی (٤٨کم/کاتژمێر) لە ھەمان ڕۆژ برایان ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت ھەوڵەکانیان بۆ سێجار دووبارە کردەوە،درێژترین فڕین ویلبەر ئەنجامی دا کە دووری (٢٦٠ مەتر) ی بڕی لە (٥٩ چرکە) .بەڵام ئەم کارە سەرنجی زۆربەی خەڵکی ڕانەکێشا،جگە لە ژمارەیەکی کەم کە گرنگییان دایە ئەم بابەتە،لەگەڵ ئەوەش بەردەوامبوون لە چاککردن و پێشخستنی فڕۆکەکەیان تا لەکۆتایی ساڵی (١٩٠٥ز) توانیان یەکەم فڕۆکە دروست بکەن و ھەڵی دەن کە توانای سووڕانەوەی تەواوی ھەبوو و بۆ زیاتر لە نیو کاتژمێر فڕی بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی نەناسرا چونکە ھیچ کارمەندێکی حکومی ئامادە نەبوون لە کاتی فڕین.

لە فەڕەنسا لە ساڵی (١٩٠٨ ز) ویلبەر یەکەم فڕینی گشتی و فەرمی ئەنجام دا کە جێی سەرسوڕمانی جیھان بوو لە توانای فڕۆکە بۆ فڕین.

پێشەنگەکانی تر و فڕۆکەکانیان[دەستکاری]

ئەلبیرتۆ سانتۆس دومۆنت بەڕازیلی کە لە فەڕەنسا دەژیا بووە سێیەم کەس کە بە فڕۆکەوە فڕی، لە ساڵی (١٩٠٦ز) ھەندێک فڕینی کورتی ئەنجام دا بە فڕۆکەکەکەی کە زۆر لە فڕۆکەی وەرەقی سندوقی دەچوو، پاشان ھەستا بە دروستکردنی چەند فڕۆکەیەک کە لە فڕۆکەکانی یەکەم دەژمێردرێن کە بەکارھێنران بۆ فڕینی تایبەت و گەشت و گوزار. لە ساڵی (١٩٠٦ز) تراجان فۆلا داھێنەری ڕۆمانی کە لە فەڕەنسا دەژیا توانی یەکەم فڕۆکە دروست بکات بە تەواوی قەبارەوە بە یەک باڵ (واتە تاک باڵ) فڕۆکەکەی بەوە جیادەکراوە کە پەروانەکان لە پێشەوەی باڵەکان دانا، ھەرچەندە ھەوڵەکانی سەرکەووتو نەبوو، کەچی کاریگەری ھەبوو لەسەر ئەو فڕۆکانەی کە لە دوای ھاتن.

  • لە تەمموزی (١٩٠٨ ز) داھێنەری ئەمریکی جان ھامۆند کریتس یەکەم پیشاندانی ئاسمانی ئەنجام دا و نزیکەی یەک کیلۆمەتری بڕی فڕۆکەکەی کە جۆتە باڵی ھەبوو ناونرا (جۆن بیچ) دووری (١،٥٥) کیلۆمەتری بڕی بە خێرایی (٥٥ کم/کاتژمێر).

فڕۆکەوانی ئینگلیزی ھینری فارمان کە لە فەڕەنسا دەژیا لە سەرەتای ساڵی (١٩٠٨ز) ھەوڵی فڕینی سووڕانی درێژتری دا.ھەریەک لە کوتیس و فارمان و برایان ڕایت بوونە سەرکەوتووترین دروستکەری فڕۆکە. تۆماس ئەی.سیلڤەر دیچ ئەفسەر لە ھێزی نیشاندان لە سوپای ئەمریکی یەکەم کەس بوو کە گیانی لەدەستدا لەڕووداوی تێکشکانی فڕۆکە کاتێک کە سوپای ئەمریکی بڕیاریدا کە فڕۆکەی برایان ڕایت تاقی بکاتەوە لە بواری سەربازی، لە (١٧ ی سیبتێمبەری ١٩٠٨ز) سیلڤەر دیچ و ئۆرفیل ڕایت ھەوڵی فڕینیان دا کە فڕۆکەکە (٢٣ مەتر) لە ڕووی زەوی بەرز بووەوە یەکێک لە پەروانەکان شکا و فڕۆکەکە تێکشکا لە ئەنجام دا سیلڤەر دیچ گیانی لەدەستدا و ئۆرفیل ڕایت بریندار بوو، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی وازھێنانی برایان ڕایت لە فڕین لە ساڵی (١٩٠٩ز) گرێبەستێکیان لەگەڵ سوپای ئەمریکی بەست بۆ دروستکردنی یەکەم فڕۆکەی جەنگی لە جیھان.

  • لە ساڵی (١٩٠٩ ز) داھێنەری فەڕەنسی لویس بلیریۆ بە فڕۆکەی تاک باڵ یەکەم فڕینی نیۆدەوڵەتی ئەنجام دابە فڕۆکەی بلیریۆ ئێکس - ١ لویس بلیریو ی فەڕەنسی یەکەم کەس بوو کە کەناڵی ئینگلیزیی بڕی بە فڕۆکە کە درێژییەکەی (٣٧،٨ کم) ە لە فەڕەنسا بۆ ئینگلتەرە . فڕۆکەکە لەشێکی درێژ و کلکێکی ھەبوو بۆ کۆنترۆڵکردن لەگەڵ تایەی دداندار بۆ نیشتنەوە. لە زنجیرەی ئەو فڕۆکانەی کە سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا لەو ماوەیەدا زنجیرە فڕۆکەی ئەنتوانێت بوو لە دیزاینی داھێنەری فەڕەنسی لیۆن لیڤا ڤاسیر .

لە ھەموو لایەکی جیھان فڕین بە فڕۆکەی قورس لەھەوا بڵاو بووەوە،لە ساڵی (١٩١٩ز) حاوی ئەمریکی ھاری ھۆدینی خەڵاتی یانەی فڕۆکەوانی بەدەست ھێنا لە یەکەم پێشبڕکێی ئاسمانی لە ئوسترالیا. ھاری ھۆدینی بە سەرکەوتوویی و بە کۆنترۆڵەوە سێفڕینی ئەنجام دا بە فڕۆکەی جووت باڵ کە زۆر بە فڕۆکەی چارۆگەداری سندوقی دەچوو،لە نزیک دیگەر لە ھەرێمی ڤیکتۆریا لە (١٨ ی ئابی ١٩١٠ز). لە (١٦ ی تەمموزی ١٩١٠ز) جۆن دویگان بە یەکەم فڕۆکەی دروستکراو لە ئوسترالیا فڕی.پزیشکی ددان ئەی.ھارت کە لەسیدنی لە دایک بووە،یەکەم کەسە کە بڕوانامەی فڕینی پێدرا لە ساڵی (١٩١١ز) .

  • لە ساڵی (١٩١١ز) کالبیرس بی.رۆدجەرز یەکەم فڕینی بە درێژایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دا کە لە کەنداوی شیپ شید لە ویلایەتی نیویۆرک دەستی پێکرد تا گەیشتە لۆنگ بیچ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ماوەی (٨٤ ڕۆژ) کە ماوەی گەشتەکە بوو کالبیرس بی.رۆدجەرز (٧٠ جار) نیشتەوە یان بەر زەوی کەوت بە بەکارھێنانی فڕۆکەی برایان ڕایت. ناچارکرا بە گۆڕیبی ھەموو بەشەکانی فڕۆکەکە پێش ئەوەی بگاتە لۆنگ بیچ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە تێکڕای کاتی فڕین سێڕۆژ و دە کاتژمێر و بیست و چوار خولەکی خایاند.
  • لە ساڵی (١٩١٢ ز) کۆمپانیای دیپەرد سۆنی فەڕەنسی یەکەم فڕۆکەی سەرکەوتووی تاک ڕووی دروستکرد کە ناوی نا دیپەرد سۆن مۆنۆپلین رایسەر،لەشی فڕۆکەکە بەشێوەی لولەیی دروستکرا بەمەش کێشی فڕۆکەکە سووکتر بوو چونکە پێویستی بە دەستگر نەبوو بۆ چەسپاندنی بەشەکانی لەشی فڕۆکە لە ھەمان کاتدا فڕۆکەی دوو بزوێنەری پێشخستنی بەخۆوە بینی .

لە ساڵی (١٩١٣ ز) ئیگۆر ڕ.سیکۆرسکی داھێنەری ڕووسی یەکەم فڕۆکەی چوار بزوێنەری دروستکرد و لێخوڕی و ناوی نا گراند.لە کاتێک کە زۆربەی فڕۆکەکانی ئەو کاتە تەنھا یەک بزوێنەری ھەبوو.

جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤ - ١٩١٨ز)[دەستکاری]

وێنەی یەکێک لە فڕۆکەکان کە بەکارهێنراون بۆ شەڕ لە جەنگی جیهانی یەکەمدا

جەنگی جیھانی یەکەم بووە ھۆی پێشکەوتنی فڕۆکە لە سەرەتای شەڕدا ھەردوو لای شەڕکەر ھەستیان بە گرنگی فڕۆکە کرد بۆ دەستنیشان کردنی شوێنی دوژمن و شوێنی بنکە سەربازییەکان. ئەندازیاران ھەستان بە دانانی دیزاینی بزوێنەری بە ھێزو بەتواناتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمان بە فڕۆکەی جەنگی خێراتر و بۆمبا ھاوێژ کە باری گەورە ھەڵگرێ لە چەک و تەقەمەنی بەمەش دروستکردنی ھەزارەھا فڕۆکە دەستی پێکرد لە ھەریەکە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا . بە دواکەوتنی ئاسمانی لە شەڕدا زیادی کرد کە شەڕێکە لەنێوان فڕۆکە جەنگییەکان فڕۆکەکانی ئەڵمانی لە وێنەگرتنی ھێزی دەریاوانی دوژمن و مووشەک باران کردنی کەشتی ژێر ئاو (غەواسە) بەکارھات .

زۆربەی ئەو فڕۆکانەی کە لە سەرەتای جەنگدا بەکار ھاتن خێرایی لە (١١٠ کم / کاتژمێر) تێنەدەپەڕی کەچی لە کۆتایی جەنگدا خێرایی زۆربەی ئەو فڕۆکانە لە (٢١٠ کم / کاتژمێر) زیاتر بوو. ھۆگۆ یونکەرز کە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی کاری دەکرد توانی فڕۆکەیەک دابھێنی کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لە ڕێڕەوی شەڕ فڕۆکەکەشی ناونا یونکەرز ج-١ یەکەم فڕینی لە ساڵی (١٩١٥ز) ئەنجام دا کە یەکەم فڕۆکە بوو بە تەواوی لە کانزا دروستکرابێ وە یەکەم فڕۆکە بوو باڵی کابولی ھەبوو ، چونکە فڕۆکەکانی پێشوو باڵەکانیان بە گیرە جێگیر دەکرا لە لەشی فڕۆکە کە دەبووە ھۆی کەم کردنی خێرایی ، کەچی باڵی کابولی بە بەشی ناوەوەی فڕۆکە جێگیر دەکرێ.

پێشکەوتنی فڕۆکە[دەستکاری]

چاخی زێڕینی پێشکەوتنی فڕۆکە لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم بوو ، لەو ماوەیەدا پێشکەوتنی خێرا لە دیزاینی فڕۆکە ڕوویدا و یەکەم ھێلی ئاسمانی کەوتەکار بەشێوەیەکی فراوان ، لەو ماوەیەدا لێھاتوویی و توانای فڕۆکەوانە ئازاکان بەدیارکەوت بە مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسمان. لە ساڵی (١٩١٩ز) کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی بچووک لە ئەوروپا کەوتە کار ، ئەم کۆمپانیایانە فڕۆکەی بۆمب ھاوێژیان بەکارھێنا کە پاشماوەی جەنگی جیھانی یەکەم بوون پاش چاککردنیان بۆ ئەوەی شیاو بێ بۆ گواستنەوەی مرۆڤ و پۆستە لە نێوان شارەکانی ئەوروپا، لە کابینەی نەفەر کورسی بە پشتێن دانرا لەگەڵ چەند جوانکارییەک ، لەو کاتە سەرنشینەکان گوێیان لەیەکتر نەدەبوو لەبەر دەنگی بزوێنەرەکان وە کابینەی نەفەر گەرم کەرەوەی تێدا نەبوو.

پاش جەنگی جیھانی یەکەم حکومەتی ئەمریکی ھەزارەھا فڕۆکەی جەنگی کە زیاد بوون بۆ فرۆشتن ڕاگەیاند زۆربەی فڕۆکەوانانی شەڕکەری کۆن ئەم فڕۆکانەیان کڕی بۆ بەکارھێنانی لە گەشتی تایبەت بۆ دیتنی گوندەکان لە ئاسمانەوە.لەم فڕینانە یاری ئاسمانی پاڵەوانی پێشکەش دەکرا و لەسەر باڵەکان دەڕۆیشتن لەکاتی فڕین و لە باڵێکەوە بۆ باڵەکەی تر بازیان دەدا.لەھەمان کاتدا گرنگی درا بە خزمەتەکانی ھێڵی ئاسمانی،لە ساڵی (١٩١٨ ز) دەستکرا بە بەڕێوەبردنی پۆستەی ئەمریکی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بەریتانی دیھافیلاند. لە ساڵی (١٩١٩ ز) فڕۆکەی فەڕەنسی فارمان یەکەم گەشتی ھێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دا لە فەڕەنسا بۆ بەلجیکا.وە لە ئوسترالیا دوو لە فڕۆکەوانە پێشەنگەکان (ھێدسۆن فیش و ب.ج. ماک جینس) بە بەشداری لەگەڵ کۆمپانیای تایبەت بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە ویلایەتی کوینزلاند ھەستان بە دامەزراندنی کۆمپانیای کانتاس لە ساڵی (١٩٢٠ز) وە لە نۆڤێمبەری ساڵی (١٩٢٢ز) کۆمپانیای کانتاس گرێ بەستێکی دەستکەوت بۆ دامەزراندنی ھێڵی ئاسمانی کە دوو شاری شارل فیل و کلۆنکەری بەیەک دەبەست لە ویلایەتی کوینزلاند لە ئوسترالیا.

چالاکیەکانی ھێڵی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سنووردار بوون لە تواناکان و دووری بڕاو تا ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەم . ئەڵمانییەکان فڕۆکەی یۆنکەرز ج-٢٣ یان دروستکرد لە ساڵی (١٩٢٤ ز) وەک سەرەتایەک بۆ بەرھەمھێنانی زنجیرەیەک فڕۆکە کە سێ بزوێنەرو لەشی لە کانزا دروستکرابوو تواناکانی بەھێز کراو دووری زیاتری دەبڕی. پاشان فڕۆکەی ئەمریکی فۆرد تریمۆتۆر ھاتە مەیدان لە ساڵی (١٩٢٦ ز) کە ھاوشێوە بوو لەگەڵ فڕۆکەی پێشوو وبە(تین جۆس) ناونرا. لە ساڵی (١٩٢٩ ز) فڕۆکەی وشکاوەکی (دوورنییر دو ئێکس) توانی (١٥٠) سەرنشین بۆ دووری (١٧٠٠ کم) بگوازێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە فڕۆکەی (ە.ب. -٤٢)ی بەریتانی خێراییەکەی زۆر کەم بوو و دووانە باڵ بوو بەڵام پشتی پێ بەسترا و ھێڵی ئاسمانی شانشینی بەریتانی پێ کرایەوە. لە ساڵی (١٩٣٣ز) شۆڕش بەرپا بوو لە دیزاینی فڕۆکەی ھێڵی ئاسمانی بە کەوتنەکاری فڕۆکەی بۆینگ-٢٤٧ کە بە خێرایی (٣٠٠ کم / کاتژمێر) دەفڕی ، کە تەنھا دە سەرنشینی دەگواستەوە بە یەکەم فڕۆکەی ھێڵی ئاسمانی دانرا. پێشبڕکێیە ئاسمانییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ چاککردن و پێشخستنی دیزاینی فڕۆکە لە بیستەکانی سەدەی بیستەم .یەک لە پێشبڕکێیە گرنگەکان پێشبڕکێی شنایدەر بوو لە ئەڵمانیا کە فڕۆکەوان ترۆفی لە ساڵی (١٩٢٠ ز) بە یەکەم دەرچوو بە خێرایی (١٧٢ کم /کاتژمێر) وە لە ساڵی (١٩٣١ ز ) خێرایی فڕین گەیشتە (٥٤٧ کم /کاتژمێر).

فڕۆکەوانانی چاخی زێڕین[دەستکاری]

لە ماوەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم فڕۆکەوانان ژمارەی نوێیان تۆمار دەکرد لە خێرایی فڕین و سوربوون لەسەر ئەوەی کە فڕۆکە دەتوانێ دووری زۆر ببڕێ لەنێوان کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و ئاسیا و ئەفریقا . بە تەواو بوونی جەنگی جیھانی یەکەم حکومەتی فیدراڵی ئوسترالی خەڵاتی (١٠٠٠٠ جونەیھی ستیرلینی) دانا بۆ ئەو فڕۆکەوانانەی کە دەتوانن بۆ یەکەمجار لە نێوان لەندەن و ئوسترالیا بفڕن بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە حکومەتی فیدراڵی ئوسترالی پێشبڕکێیەکی ئاسمانی گەورەی ئەنجام دا کە دوو برای ئوسترالی (رۆس و کیس سمیس) سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا کە بە فڕۆکەی فیکرز فیمی لە شاری داروین ھاتنە خوارەوە بە چوار کەس کە لەناو فڕۆکەکەدا بوون لە ڕۆژی (١٠ ی دیسێمبەر١٩١٩ز) ئەم گەشتە (٢٧ ڕۆژ و ٢٠ کاتژمێر) ی خایاند ، ھەروەھا فڕۆکەوانانی ئەمریکی گەشتی درێژخایەنیان ئەنجام دا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم.

لە ساڵی (١٩٢٦ ز) ریچارد ڕ. بیرد و فلوید بنیت یەکەم فڕینی لە ئاسمانی جەمسەری باکوور ئەنجام دا بە بەکارھێنانی فڕۆکەی دوتش کە سێ بزوێنەری ھەبوو. لە ساڵی (١٩٢٧ ز) چارلز لیندبیرگ بە تەنیا زەریای ئەتڵەسی بڕی بە فڕین بێ وەستان. درێژی گەشتەکە (٥٨١٠ کم)بوو لە گاردن ستی لە ویلایەتی نیویۆرک بۆ شاری پاریس لە فەڕەنسا گەشتەکە (٣٣،٥ کاتژمێر)ی خایاند بە فڕۆکەی (گیانی سانت لویس) کە فڕۆکەیەکە لە جۆری ڕیانی یەک ڕوو کە دروستکرا بەتایبەتی بۆ ئەم گەشتە وەبە بزوێنەرێکی ھەمان جۆری فڕۆکەی برایان ڕاین پاش ڕاستکردن و پێشخستنی فڕۆکەکە بە نوێترین ئامێری فڕۆکەوانی ئەوکاتە ئامادە کرا کە یارمەتی ( لیندبیرگ) ی دا بۆ دەستنیشان کردنی ڕێڕەوی فڕۆکەکە لەسەر زەریای ئەتڵەسی بەبێ بەکارھێنانی ئامێری بێتەل. لە ساڵی (١٩٢٥-١٩٢٦ ز) سێر ئالان جۆن کۆبام کە فڕۆکەوانێکی بەریتانی بوو،یەکەم فڕینی درێژ خایەنی ئەنجام دا بە چوون و ھاتن لە بەریتانیا بۆ بۆرما و باشووری ئەفریقا . لە ساڵی (١٩٢٨ ز) فڕۆکەوانی ئوسترالی بێرت ھینکلەر یەکەم کەس بوو کە بەتەنیا لە بەریتانیا بۆ ئوسترالیا فڕی کە (١٥،٥ ڕۆژی خایاند).

دوو فڕۆکەوانی تری ئوسترالی ناوبانگییان دەرکرد یەکەمیان سێر چارلز کینکز فۆرد سمیس و دووەمیان چارلز ئولم بوو لە ساڵی (١٩٢٨ ز) کەیەکەم فڕۆکەوان بوون یەکسەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕین بۆ ئوسترالیا بە بەکارھێنانی فڕۆکەی فۆکەر کە سێ بزوێنەری ھەبوو بەناوی سزرن کروس لە ھەمان گەشتدا دوو ئەمریکی تریان لەگەڵ بوو ھاری لیۆن وەک کەشتیوان و جیم وارنەر وەک ھونەریی بێتەل گەشتەکە تەواو بوو کە درێژییەکەی (١١٨٤٠ کم) بوو لە برزبین وە (٨٣ کاتژمێر و ٣٨ خولەکی خایاند . لە ساڵی (١٩٣١ ز) دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی ھیوج ھیرندۆن و کلید بانجبۆرن یەکەم گەشتیان ئەنجام دا بۆ پەڕینەوە لە زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان . لە ساڵی (١٩٣٣ ز) فڕۆکەوانێکی تری ئەمریکی بە ناوی وایلی پۆست گەشتێکی ئەنجام دا بە تەنیا بە دەوری زەوی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی لۆکھید ڤێگا.

زۆر لە ئافرەتان گەشتی ئاسمانییان ئەنجام دا بەمەش جێی ڕێزو سەرنجی جیھان بوون ، لە ساڵی (١٩٣٠ ز) فڕۆکەوانی ئاسمانی بەریتانی ئامی جۆنسۆن لاپەڕەی یەکەمی ھەواڵەکانی داگیرکرد لە ھەموو جیھان کاتێک کە بەتەنھا فڕی لە بەریتانیا بۆ ئوسترالیا لە ساڵی (١٩٣٢ ز) فڕۆکەوانی ئاسمانی ئەمریکی ئیمیلیا ھارت یەکەم ئافرەت بوو کە بە تەنیا لە زەریای ئەتڵەسی پەڕییەوە بێ وەستان .وە لە ساڵی (١٩٣٥ ز) فڕۆکەوانی ئافرەت جین باتی کە خەڵکی نیوزیلەندا بوو یەکەم ئافرەت بوو کە بە تەنیا لە باشووری زەریای ئەتڵەسی پەڕییەوە بە فڕینی لە بەریتانیا بۆ بەڕازیل .

چاکسازی ئەندازیاری[دەستکاری]

وێنەی پاڵنەری فڕۆکە

لە ماوەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا زۆر چاکسازی ئەندازیاری کرا ، کە بەھۆیەوە توانرا قەبارەی فڕۆکەکان گەورە بکرێ و خێرایی زیاد بکرێ و دووری زیاتر ببڕێ و لە بەرزی زۆر بفڕێ و قورسایی زیاتر ھەڵگرێ. ئەندازیاران توانیان فڕۆکەکان ئینسیابی بکەن بەجۆرێک بە ئاسانی ڕێ بکات لە ھەوا بە سوود وەرگرتن لە زانستی دینامیکی ھەوا. فڕۆکەوان و سەرنشینانی فڕۆکە کێشەی سەختی ھەناسەدانیان ھەبوو لەبەر کەمی ھەوا لە بەرزایی لەبەر ئەوە ئەندازیاران دیزاینی کابینەی پاڵەپەستۆی دیارکراویان کرد بەمەش ھەناسەدان لە بەرزایی (٩٠٠٠ مەتر) بە ھەمان ئاسانی ھەناسەدان لە بەرزایی (٢٠٠٠ مەتر). ھەروەھا دیزاینی پەروانەیان کرد کە دەتوانرێ کۆنترۆڵ لەسەر ھێڵەکانی بکرێ کە بەھۆیەوە فڕۆکەوان دەتوانێ باری پەڕەکانی پەروانەکە لە باشترین گۆشە دابنێ بەپێی خێرایی فڕۆکە. ھەروەھا چاکسازی لە ئامێری پەیوەندی بێتەل بووە ھۆی وەرگرتنی زانیارییەکان لە بنکەکانی سەر زەوی وە ئامێری فڕۆکەوانی ئامێری یان ئۆتۆماتیکی (فڕۆکەوانی جیرۆسکۆبی) لە سییەکانی سەدەی بیستەم بووە ھۆی زیادکردنی ووردبوونی فڕۆکەوانی ئاسمانی و یارمەتیدانی فڕۆکەوان بۆ دوورکەوتنەوە لە ماندوو بوونی زیاد لە گەشتە دوور خایەنەکان.

گشت چاکسازییە سەرەکییەکان بەکارھێنران بۆ دیزاینی یەکێک لە سەرکەوتووترین فڕۆکە و دروستکردنی کە فڕۆکەی دۆگلاس دی-سی-٣ ئەمریکی بوو ،ئەم فڕۆکە جۆت بزوێنەرە یەکەم گەشتی ئاسمانی بە سەرنشینەوە لە ساڵی (١٩٣٦ ز) کە (٢١) کەسی ھەڵدەگرت و بە خێرایی (٢٧٤ کم/کاتژمێر) دەفڕی و بووە فڕۆکەیەکی سەرەکی لە ھێڵی ئاسمانی گەورە لە ھەموو جیھان. تا ئێستا فڕۆکەی دۆگلاس دی-سی-٣ ئەمریکی کۆن بەکاردێ لە گواستنەوەی سەرنشین و کەل و پەل لە گەشتە ناوخۆییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیھان. لە ماوەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی ئاوی زۆر لە سەرنشینانی گواستەوە بۆ پەڕینەوە لە زەریاکان. لە فڕۆکە بازرگانییە ئاوییەکان فڕۆکەی ئاوی دورنییر دو ئێکس کە دوازدە بزوێنەری ھەبوو لە ساڵی (١٩٢٩ ز) بۆ یەکەم جار فڕی بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا و بڵاو نەبووەوە.

لە ساڵی (١٩٣٦ز) بەریتانیا ھەستا بە پەرەپێدانی فڕۆکە ئاوییەکانی سەر بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بۆ دابین کردنی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان بەریتانیا و بەشە دوورەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا. دواترین و بەناوبانگترین فڕۆکەی ئاوی بۆینگ ٣١٤ کلیپەر توانی قورسایی( ٧٤) سەرنشین ھەڵگرێ. وە لە ساڵی (١٩٣٩ ز) فڕۆکەی کلیپەر یەکەم خزمەتگوزاری ڕێکوپێکی بۆ سەرنشینەکان ئەنجام دا لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسی. لە ساڵی (١٩٣٩ ز) بەریتانیا دەستی بە خزمەتگوزاری پۆستە و گەیاندن کرد لە باکووری ئەتڵەسی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی ئاوی سەر بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا ، ئەم خزمەتگوزاریە لە کار وەستا لە کاتی شەڕی جیھانی دووەم وە پاش تەواوبوونی شەڕی جیھانی دووەم دەستکرا بە پەرەپێدانی فڕۆکەکان بۆ زیاد کردنی تواناکانیان وە پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکان بە دروستکردنی شوێنی نیشتنی فڕۆکە بە درێژی پێویست کە بووە ھۆی کۆتایی ھاتنی چاخی فڕۆکەی ئاوی لە جیھان.

لە ماوەی جەنگی جیھانی دووەم (١٩٣٩ - ١٩٤٥ ز) ھەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و یابان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تر ھەستان بە بەرھەمھێنانی ھەزارەھا فڕۆکەی سەربازی لەم ماوەیەدا ، ھەروەک لە ماوەی جەنگی جیھانی یەکەم ، ئەندازیاران زۆر چاکسازییان بەسەر فڕۆکە بۆمب ھاوێژ و جەنگییەکان ھێنا ئەم فڕۆکە بۆمب ھاوێژانە کە پێشخران لە جەنگی جیھانی دووەم توانی دوو ئەوەندەی بارەکانی ھەڵگرێ و دوو ئەوەندەی دوورییەکان ببڕێ بێ ئەوەی دووبارە سووتەمەنی تێبکرێ بە بەراوردکردنی لەگەڵ فڕۆکە بۆمب ھاوێژەکانی پێش جەنگ. لە سەرەتای جەنگ ئەوپەڕی خێرایی فڕۆکە جەنگییەکان (٤٨٠ کم/کاتژمێر) بوو بە بەرزی (٩٠٠٠ م) کەچی لە کۆتایی جەنگ خێرایی زیاد کرا بۆ (٦٤٠ کم/ کاتژمێر) و گەیشتە بەرزایی (١٢٠٠٠ م) لە ھەمان کاتدا فڕۆکە جەنگییە فیشکەدارەکان خێراییان لەمەش تێپەڕی.


لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەم دا فرانک ویتل ئەندازیاری بەریتانی ھەستا بە دانانی دیزاینی بزوێنەری فیشکەدار ، بەڵام فڕین بە یەکەم فڕۆکەی بزوێنەری فیشکەدار فڕۆکەیەکی ئەڵمانی ئەنجامی دا لە جۆری ھێی-١٧٨ لە ساڵی (١٩٣٩ ز) کەچی یەکەم فڕۆکەی بەریتانی بە بزوێنەری فیشکەدار فڕۆکەی گلۆستەر ئەی ٢٨/٣٩ کە لە ساڵی ١٩٤١ بەرھەم ھێنرا. فڕۆکەی ئەڵمانی میسر شمیدس می-٢٦٢ یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار بوو کە لە شەڕی ئاسمانی بەکار ھات لە جەنگی جیھانی دووەم کە باڵادەست بوو لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی گلۆستەر متیور یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری جەنگی بەریتانی ،کە دەیتوانی بەخێرایی زیاتر لە (٨٨٠ کم/کاتژمێر). یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری ئەمریکی فڕۆکەی بێل ب-٥٩ ڕ لە ساڵی ١٩٤٢ ز. زانایانی ئەڵمانی تاقیکردنەوەیان لەسەر فڕۆکەی مووشەکی کرد لە ساڵی ١٩٢٨ز، وە لە سەرەتای جەنگی جیھانی دووەم ، نموونەی یەکەم بەتەواوی قەبارەی فڕۆکە بەرھەم ھێنرابە ناوی میسر شمیدس م .ی. ١٦٣ ئەم فڕۆکەیە بە پاڵنەری مووشەکی خێراییەکەی گەیشتە( ٩٧٠ کم/ کاتژمێر).ئەندازیارانی ئەڵمانی ئەم فڕۆکەیان وەک نموونە بەکارھێنا بۆ فڕۆکەی جەنگی م.ی ١٦٣ کۆمیت کە لە کۆتاییەکانی شەڕدا بەکار ھات.

فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی درێژ خایەن[دەستکاری]

لە کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێن پەرەیان دا بە فڕۆکەی گواستنەوە لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان بۆ بەکارھێنانی لە ھێڵی ئاسمانی بازرگانی .ئەم فڕۆکانە بزوێنەری چوارینەیان بەکار ھێنا کە لە ماوەی جەنگ پەرەیان پێدرا.لەو گەشتە درێژ خایەنانە دوو جۆر فڕۆکەی ئەمریکی بەکارھات (دۆگلاس دی.سی-٤ و لۆکھید کۆنستلیشن) .لەکاتی ئاشتی پەرە بە فڕۆکە جەنگییەکان درا کە لە شەڕ بەکاردەھێنران وەک فڕۆکەی بەریتانی ئەفرۆ یۆرک کە پەرەی پێدرا لە فڕۆکەی لانگستر بۆ ھەڵگرتنی( ٤٥) کەس،بەڵام دەبوایە لە ڕێگا بوەستایە بۆ تێکردنی سووتەمەنی.پەڕینەوە لە زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان پێویستی بە بەرھەمھێنانی بزوێنەری بەتواناتر ھەبوو کە بزوێنەری فیشکەدار لە ساڵی( ١٩٤٥ز) ئەم توانایەی سەلماند بەڵام بڕی سووتەمەنی بەکارھاتوو زۆر بوو لەبەر ئەوە پێویستی بە دووبارە تێکردنی سووتەمەنی ھەبووپاش بڕینی دوورییەکی کەم،لەجیاتی پەرەپێدان بە بزوێنەری فیشکەدار ، بزوێنەری پستۆنی بەکارھات کە بە توانا بوو کە تا ئێستاش لە زۆر لە فڕۆکەکان بەکاردێ.لەو فڕۆکانەی کەبە پاڵنەری ئامێری بە بزوێنەری پستۆنی کاریان دەکرد ئەم جۆرانەبوون : دۆگلاس دی.سی-٧ و فڕۆکەی لۆکھید سوپەر کۆنستلیشن و فڕۆکەی بۆینگ-٣٧٧ ستراتۆ کروزەر ،کە (١٠٠)کەسی دەگواستەوە بە پەڕینەوەی زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوروپا بە خێرایی زیاتر لە (٤٨٠ کم/ کاتژمێر).

چاخی فڕۆکەی فیشکەدار[دەستکاری]

ئەندازیاران لە چلەکانی سەدەی بیستەم بزوێنەری فیشکەداریان پەرە پێدا کە لە شەڕی جیھانی دووەم بەرھەم ھێنرا کە زۆر سەرەتایی بوو لەوکاتەدا.ھێزی ئاسمانی ئەمریکی پێویستی بەبزوێنەری فیشکەدار ھەبوو بۆ زیاد کردنی توانای فڕۆکە بۆمب ھاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکان و زیادکردنی خێرایی،لە سەرەتای شەڕی کۆریا (١٩٥٠ - ١٩٥٣ ز) ئەمریکا فڕۆکەی فیشکەداری بەکارھێنا بەتوانایەکی بەرز،لە کاتی جەنگ دوو فڕۆکەی بەناوبانگی ف-٨٦ سابر ی سەر بەھێزی ئاسمانی ئەمریکی و مێگ-١٥ سەر بەھێزی ئاسمانی سۆڤیەتی لە ئاسمانی کۆریا بەیەکگەیشتن.لە بەریتانیا ئەندازیاران یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری زەبەلاحیان دروستکرد و لە ھێڵی ئاسمانی بازرگانی کاری کرد ئەویش فڕۆکەی دی ھاڤیلاند کۆمیت بوو لە ساڵی (١٩٥٢ ز) خرایە خزمەتی خەڵک بە خێرایی (٨٠٠ کم/کاتژمێر) کە دەنگە دەنگ و لەرە لەری زۆر کەم بوو.لە دوو ڕووداوی یەک لەدوای یەک دوو فڕۆکەی کۆمیت لەکاتی فڕین تەقینەوەو گشت سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا.یەکسەر پاش ئەم ڕووداوە حکومەتی بەریتانی فڕۆکەی کۆمیتی لە فڕین قەدەغە کرد بۆ پشکنینی،پاش پشکنین دەرکەوت کە ھەڵەیەک لە لەشی فڕۆکەکەدایە،چونکە لەناو کابینەدا ئامێری کۆنترۆڵی پەستان ھەبوو بۆ سەلامەتی سەرنشین،کە فڕۆکەکە گەیشتە بەرزی زۆر کە لەو بەرزییە پەستانی ھەوا زۆر کەمە،پەستانی ناو کابینەی لە لەشی کانزایی فڕۆکەی بێ ھێز کرد و لەئەنجام دا تەقییەوە،پاش ئەم ڕووداوە لەشی فڕۆکە پێشخرا و بەھێزتر کرا ئەم کارەش بۆ ھەموو جۆرەکانی فڕۆکە ئەنجام درا بەتایبەتیش فڕۆکەی کۆمیتی نوێ.


لەھەمان کات بەریتانیا فڕۆکەی فیکەرز ڤیسکۆنتی دروستکرد کە یەکەم فڕۆکەی گواستنەوەیە پەروانەکەی بەشێوەی ئامێری پاڵدەدرێ بەھۆی بزوێنەری فیشکەدار ،ئەم فڕۆکە تێربۆ پەروانەدارە خەڵکی گواستەوە لە ساڵی (١٩٥٣ ز). لە ساڵی (١٩٥٥ ز)فەڕەنسا فڕۆکەی فیشکەداری دوو بزوێنەری (کارافیل) ی دروستکرد.یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو فڕۆکەی فیشکەداری دوو بزوێنەری (تۆبۆلۆڤ تی.یو. ١٠٤ ) ی دروستکرد. کۆمپانیاکانی ئەمریکی دیزاینی فڕۆکەی فیشکەداری ھێڵی ئاسمانی بازرگانیان دانا،کە لە ساڵی( ١٩٥٨ ز) فڕۆکەی فیشکەداری بۆینگ (٧٠٧) کە چوار بزوێنەری ھەبوو گەشتەکانی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەوروپا دەست پێکرد . لە ساڵی( ١٩٦٠ ز) دوو فڕۆکەی فیشکەداری تر کەوتنە کار ئەوانیش فڕۆکەی ماکدۆنەڵ دۆگلاس دی-سی-٨ و کۆنفیر ٨٨٠ بوو ،لە ھەمان کاتدا پلان دادەنرا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی گەورەتر وەک فڕۆکەی لۆکھید س-٥ بۆ گواستنەوەی سەربازی کە لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی کەوتە کار لە ساڵی (١٩٦٩ ز) .وە فڕۆکەی جامپۆی فیشکەداری بازرگانی و فڕۆکەی بۆینگ (٧٤٧) لە ساڵی (١٩٧٠ ز) کەوتنەکار و زیاتر لە (٥٠٠ ) سەرنشینی ھەڵگرتبوو. کۆمپانیاکانی ئەوروپی بۆ دروستکردنی فڕۆکە ھەستیان کرد کە ناتوانن پێشبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکی بۆ دروستکردنی فڕۆکە بکەن وەک کۆمپانیای بۆینگ ئەگەر بەیەکەوە کار نەکەن،یەکەم پڕۆژەی ئەوروپی ھاوبەش بۆ دروستکردنی فڕۆکە بۆ ھێڵی ئاسمانی سەرکەوتنی بەدەست ھێنا بە دروستکردنی فڕۆکەی ئێرباس ڕ-٣٠٠ بە درێژایی حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی بیستەم.

فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ[دەستکاری]

ئەو فڕۆکانەن کە بەخێراییەک دەفڕن زیاترە لە خێرایی دەنگ . خێرایی دەنگ لە ڕووی دەریا یەکسانە بە (١٢٢٠ کم/کاتژمێر) و بە زیادبونی بەرزی خێرایی کەم دەبێتەوە،بۆ نموونە لە بەرزایی (١٢٠٠٠ م) خێرایی دەنگ دەبێتە (١٠٦٠ کم/کاتژمێر) . ھیچ فڕۆکەیەکی سەرەتایی تواناو ھێزی نەبوو کە خێرایی بگاتە خێرایی دەنگ ،ھەندێکیان نەبن کە نزیکی ئەم خێراییە بوون کە تێبینی ئەوەیان کرد کە چیتر ھەوا ڕێگە نادات و شەپۆلێکی بە لەرەلەر دروست دەکات بە جۆرێک کە کۆنترۆڵی فڕۆکە سەخت تر دەبێ، فڕۆکەوانەکان ھەستیان بە ترس کرد بە گەیشتنیان بە خێرایی دەنگ کە تێپەڕبوونی ئەم خێراییە سەختە لە ژمارەی ماخ یەکی تەواو،واتە کە خێرایی فڕۆکە یەکسان دەبێ بە خێرایی دەنگ بە تەواوی .

لە ساڵی( ١٩٤٧ ز) یەکەم فڕۆکەی مووشەک ئەمریکی بەناوی بیل ئێکس فڕینی خێراتر لە دەنگی ئەنجام دا لە مێژوو کە چارلز بیجەر سەرھەنگ لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بە ئەنجامی گەیاند . لە ساڵی( ١٩٦٢ ز) فڕۆکەی مووشەک ئەمریکی ئێکس - ١٥ لە بەرزی (٩٥٩٣٦ مەتر)فڕی واتەبەرزی زیاتر لە (٨٠ کم) لەڕووی زەوی بەمەش فڕوکەوانی ئەمریکی ڕۆبەرت م.وایت سەر بە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بە پێشەنگی بۆشایی ناونرا،پاشان فڕۆکەی ئێکس - ١٥ توانی بە خێرایی زیاتر لە (٥-ماخ) بفڕی واتە پێنج جار زیاتر لە خێرایی دەنگ . لە ساڵی( ١٩٥٣ ز) فڕۆکەی جەنگی فیشکەدار (ف-١٠٠) سوپەر سابر ی ئەمریکی یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار بوو کە بە ڕێک وپێکی بە خێرایی زیاتر لە خێرایی دەنگ دەفڕی ،وە یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری بۆمب ھاوێژ خێرایی زیاترە لە خێرایی دەنگ فڕۆکەی کۆنفێر ب-٥٨ ھۆستلەر سەر بە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بوو کە لەساڵی ( ١٩٥٦ ز) فڕی. ھەموو فڕۆکە فیشکەدارەکان کە خێراتر بوون لەدەنگ سەربازی بوون لە سەرەتادا تاوەکو فڕۆکەوانانی روسی لە ساڵی( ١٩٦٨ ز) یەکەم فڕین بە فڕۆکەی گواستنەوەیان کرد بە فڕۆکەی تۆبۆلۆڤ تی.یو-١٤٤ .فەڕەنسا و بەریتانیا بە ھاوبەشی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ (کۆنکۆرد)یان دروست کردکە یەکەم تاقیکردنەوەی فڕینی ئەنجام دا لە ساڵی(١٩٦٩ ز). یەکێتی سۆڤیەتی کۆن فڕۆکەی تۆبۆلۆڤ تی.یو-١٤٤ بەکارھێنا لە گواستنەوەی باری ئاسمانی لە ساڵی (١٩٧٥ ز) وە لە گواستنەوەی سەرنشین لە ساڵی (١٩٧٧ ز) بەڵام لە ساڵی (١٩٨٣ ز) لەکار کێشرایەوە.بەریتانیا وفەڕنسا فڕۆکەی کۆنکۆردیان بەکارھێنا لە گواستنەوەی سەرنشین لە یەنایەری ساڵی (١٩٧٦ ز).

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمپانیای بۆینگ دەستی کرد بە دروستکردنی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ،بەڵام لە ساڵی (١٩٧١ ز) ناچار بوو ئەم پڕۆژەیە ڕابگرێ پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی ڕازی نەبوو کە بودجەی پێویست تەرخان بکات بۆ ئەم پڕۆژەیە . لەگەڵ ئەوەی کە فڕۆکەی کۆنکۆرد تەکنۆلۆجیایەکی بەرز و ناوبانگێکی باشی ھەبوو کەچی نەیتووانی بە خێرایی قازانج تۆمار بکات ،ئەو دەنگەی کە بزوێنەرەکە دەری دەکرد،و ئەو شەپۆڵە دەنگییەو ڕاچەنینەی دروست دەبوو لەکاتی تێپەڕینی خێرایی دەنگ،بەرەنگاری پارێزەرانی ژینگە زیادی کرد بۆ ئەم فڕۆکەیە،بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە لەسەر بەکارھێنانی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ دانرا بەتایبەتی لەو شوێنانەی کەمرۆڤی تێدا دەژی بووە ھۆی بەکار نەھێنانی لە لایەن گشت ھێلەکانی ئاسمانی،تەنھا (١٦ فڕۆکە) دروست کرا بۆ ھێلی ئاسمانی بەریتانی و بۆ ھێلی ئاسمانی فەڕەنسی کە تەنھا لە ھێلی باکوری زەریای ئەتڵەسی بەکار ھات. فڕۆکەی خێراتر لەدەنگ وەک کۆنکۆرد تێچووی کارپێکردنی زۆرە،(١٠٠ کەس) ھەڵدەگرێ و بڕێکی زۆر سووتەمەنی بەکاردێنێ،و دەنگێکی زۆر لە بزوێنەرەکانی دەردەچێ،بۆ دروستکردنی فڕۆکەی خێراتر و بێ دەنگتر و سەلامەتتر،ئەندازیارانی فڕۆکەوانی تۆژینەوەی پێویستیان ئەنجام دا بۆ چاککردنی توانای فڕۆکەکان،لەوانەیە فڕۆکەی دواڕۆژ بزوێنەری مووشەک بەکار بێنی کە خێراییەکەی بە (١٥ جار) لە خێرایی دەنگ زیاترە.

سەرچاوە[دەستکاری]