بۆ ناوەڕۆک بازبدە

خەمی مەستوورە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خەمی مەستوورە
نووسەرمیران ئه‌براهام
دانەری بەرگناوەندی کەپر
وڵاتسلێمانی،  ھەرێمی کوردستان
زمانکوردی
بابەتڕۆمان
چەشنهونەری گێڕانەوە، ژانری ڕۆمان
بڵاوبوونەوە٢٠٢١
بڵاوکەرەوەناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٢٠٢١ سلێمانی
لاپەڕەکان٢٣٦

خه‌می مه‌ستووره، نووسینی میران ئه‌براهام، ساڵی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی بڵاوکرایەوە، چیرۆکێکی مێژوویی ڕیالیستییه‌ دەربارەی تاوانەکانی ئەنفال.

کورتەی ڕۆمانەکە

[دەستکاری]

له‌نێوان دیواره گڵینەکانی کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کی عه‌‌ره‌بدا بوو، له‌ناو تاریک و ڕووندا سه‌ری شۆڕ کردبووه‌وه و له سه‌ر سنگ و به‌ر ورگی ڕووتی خۆی ڕوانی، هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و زریکه‌یه‌کی لێوه‌ هات و سەیری چواردەوری خۆی کرد، که‌سی نه‌بینی، زوو زوو هه‌نگاوی به‌سه‌ر کورسی، مێز و که‌نتۆری شکاو، شتومه‌کی ماڵه‌کاندا ده‌نا که له‌و کاته‌دا به‌و کۆڵانه‌دا بڵاو بووبوونه‌وه، هه‌موو ده‌رگاکان کراوه‌ بوون، هه‌ندێک له دیواره‌کان ڕووخابوون، بۆنی دووکه‌ڵی ئاگرێکی ده‌کرد، چووه به‌رده‌م ده‌رگای ماڵی حه‌لیمه زێباری، شۆفێری تاکسییه‌کان هه‌موو ناونیشانی ئه‌و ماڵه‌یان ده‌زانی، له چوارده‌وری قه‌ڵاتێدا له هه‌ر ڕێبوارێکت پرسیار ده‌کرد، پێشت ده‌که‌وت و بۆ به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی ده‌بردیت. ماڵه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که ده‌رگاکانیان شکێنرابوو، مه‌ستووره چووبووه ژووره‌که‌ی مینا و گوڵه‌ که بێجگه له به‌ڕه‌یه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، هیچی تری لێ نه‌بوو، خۆڵی لێ نیشتبوو. به‌ڕه‌که‌ی ‌ته‌کاند و لوولی کرد، له سووچێکی ژووره‌که‌وه هه‌ڵیپه‌سارد. پیاوه به‌تاڵ و ده‌ستگێڕ و دووکانداره‌کانی ناو بازاڕ، ڕووخساریان له‌ دیواره گڵینه‌کاندا دیار بوو، له مه‌ستووره‌یان ده‌ڕوانی، ده‌ستی تووکن و بازووی ئه‌ستووریان له دیواره‌کانه‌وه ده‌‌هاتنه ده‌ره‌وه، سه‌رپه‌نجه‌ی زبریان بەسه‌ر پێستی ڕووتی مه‌ستووره‌دا ده‌هێنا. تاوێک بێده‌نگ لەناوه‌ڕاستی ژووره‌که‌دا وه‌ستابوو، چاوی نوقاندبوو، توند لێوی خۆی ده‌گه‌ست، هه‌ناسه‌ی ده‌رنه‌ده‌هات، خوێنی له دڵیه‌وه بۆ ژێر پێستی شه‌پۆلی ده‌دا، ده‌ستی لێک هه‌ڵپێکابوون و زوو زوو سه‌ری په‌نجه‌کانی خۆی ده‌گوشی، ماسوولکەی گردۆڵکەی سمتی گرژ کردبوو، زوو زوو پڕ بە سییەکانی بۆنی پیاوەکانی ھەڵدەمژی، تاوێک خدر و پاشان شێخ بایزی له‌ خه‌یاڵدا بوو، تاوه‌کوو ئه‌و کاته‌ی ماسوولکه‌ی به‌ر میزەڵانی گرژ بوون و موچڕکه‌یه‌ک بۆ سه‌ر سنگی هه‌ڵکشا بێده‌نگ قنج ڕاوه‌ستابوو، خۆی هێنابووه سه‌ر نووکی پێکانی و هه‌ناسه‌ی لەبەر بڕابوو، ئاره‌قه‌یه‌کی سارد به‌‌سه‌ر پێستیدا ڕژا، پاشان ده‌نگێکی لەناکاوی لێوه‌ هات و خۆی له چنگیان ڕاپسکاند. کاتێک ویستی بچێته ده‌ره‌وه، بینیی دیواره‌کان له‌دوای ئه‌وه‌وه داده‌ڕووخان و ده‌بوون به خۆڵه‌مێش، له‌و کاته‌دا بۆنی عاره‌قی ساردی له‌شی خۆی ده‌کرد. کاتێک چووه ناو کۆڵانه‌که، کورسییه سووره پلاستیکییه‌که‌ی فارسی کوڕی حه‌لیمه زێباری هێشتا لەبه‌ر ده‌رگاکه ‌بوو، له‌سه‌ری دانیشت تاوه‌کوو ترپه‌ی دڵی و سووڕی خوێنی هێواش بوونه‌وه. لای ده‌ستەڕاستی کۆڵانه‌که‌وه مه‌جی له دوور هاتبووه ناوه‌ڕاستی کۆڵانه‌که ‌و لێی ده‌ڕوانی، ده‌ستی لێ هه‌ڵبڕی و چه‌ند جارێک بانگی کرد: “مه‌جی! مه‌جی!”

پاشان به ده‌نگی به‌رز گوتی: “خۆ تۆش ناهه‌قت نییه له‌ شوێنەواری وێرانه‌ی ئه‌م ماڵه بترسیت!”

ڕۆژی ڕووداوه‌که، له پێشدا فارسی کوڕی حه‌لیمە زێبارییان له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه کوشتبوو، پاشان له په‌نجه‌ره‌که‌وه دوو نارنجۆکیان خستبووه ژووره‌که‌ی حه‌لیمه زێباری که له‌و کاته‌دا مینا و گوڵه‌ و حه‌لیمه‌ی لێ ده‌بێ، ئیتر ئه‌وان ئاوا کوژران. له ڕۆژانێکدا ئه‌و ڕووداوه ڕووی دا، که له‌ناو شاری هه‌ولێر ئارایشتگا و ماڵی ژنه‌ بێوه‌ژنه‌کان ته‌قێنرانه‌وه. مه‌ستووره ئه‌و هه‌واڵه‌ی له ده‌می دراوسێکانەوە بیستبوو.

دەربارە

[دەستکاری]

ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره: چیرۆکێکی مێژووییی ڕیالیستییه‌، گێرانه‌وه‌ی چیرۆکی ژنێکی ته‌نیا و به‌جێماوی تاوانه‌کانی ئه‌‌نفالە. پێمان ده‌ڵێت: هه‌ر که‌سێک (چ کورد بێ یا عەرەب، چ فارس بێ یا تورک)، گوێی له قسه‌ی شایه‌تحاڵێکی تاوانه‌کانی ئه‌نفال گرتبێت، ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێک هه‌ستی مرۆڤانه‌ی تێدابێت، خۆی، بێ ئەملا و ئەولا، ده‌بێته شایه‌تحاڵ.

ڕۆمانی خەمی مەستوورە، پێش ئەوەی لەنێو زمان و فەرهەنگی هونەریماندا جێگای خۆی بکاتەوە. خەم و ئازاری نەتەوەیەکە. کە ڕووداوەکانی بۆ ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە و لە ناوچەی شوان ڕوو دەدەن، بەتەواوی گوندی دارەقوتە و پاشان جەلەمۆرد، کە لە دەمی مەستوورەوە بۆ ناو ڕووداوەکان دەگەڕێینەوە، پاشان مەستوورە وەکوو منداڵ چۆن لە ساڵی ١٩٦٣دا شایەتحاڵی هاتنی حەرەس قەومییەکان بووە، ئەم کارەکتەرە دڵشکاو و بریندارە بەڕێکەوت لە شوقەکانی گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر دەگیرسێتەوە، ڕووداوەکان لە شاری هەولێر ڕوو دەن و دیمەنی ئەو شارە دوای ساڵی ١٩٨٨ و تاوەکوو ڕۆژانی ڕاپەڕین و پاشان کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی شاری هەولێر، دیمەنی سەرقەلاتێ و گەڕەکانی عەرەب و سەیداوە و کۆماری، بەتایبەتی ژیانی خەڵکی ئەو سەردەمەی دانیشتووانی شوقەکانی ئیسکان.

نوێترین چاپ

[دەستکاری]

چاپی دووه‌م، ٢٠٢٣ ناوەندی کەپر شاری سلێمانی، باشووری کوردستان

سەرچاوە

[دەستکاری]
  1. من و مەستوورە بە ئاسمانەوە ئەنفال کراینەوە (ئاسۆ بیارەیی)