ناڵەی جودایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەرگی ناڵەی جودایی

ناڵەی جودایی یەکێکە لە ناسراوترین بەرھەمەکانی ھێمن موکریانییە کە گرنگییەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتی پەیدا کردووە.[١][٢] ئەم شێعرە لە قاڵبی مەسنەویدا (فاعلاتن فاعلاتن فاعلن هەرچەند عەرووز لە شێعری کووردی دەگەڵ فارسی کەمێک چێشە و نا بەرابەری هەیە) و زمانی کوردیی ناوەندی نووسراوە. چەندین جار چاپ کراوە و ھەندێک گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد وەک تایەر تۆفیق، حەمە جەزا، عەدنان کەریم و ناسر ڕەزازی ئاوازیان بۆ داناوە و کردوویانە بە گۆرانی.[٣]

دەقی ھۆنراوەکە[دەستکاری]

ناڵەی جودایی


ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە،

ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە،

موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن،

زۆربەیان شاد و بە کەیف و بێ خەمن،

مەی حەرامە بۆ سەھەندە و بێ خەمان،

مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟!

ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە،

لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە،

ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نییە،

لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نییە،

بۆ کەسێکە مەی چزیلکی پێوەنێ،

بۆچی ملھوڕ لێرە بینی پێوەنێ؟!

بۆ کەسێکە مەی کە دەردی کارییە،

بێ خەمێک بیخواتەوە زۆردارییە،

بۆ کەسێکە مەی، دڵی پڕ بێ لە داخ،

بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟!

ئەو کەسەی بێکەس نییە و خانە خەراب،

دەک بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب!

ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان،

ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و بڕک و ژان

ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم،

شانی دانەخزا لە بن باری ستەم،

ئەو کەسەی ھەستی بە زۆرداری نەکرد،

تیخی زۆرداری برینداری نەکرد،

ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا،

ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا،

ئەو کەسەی نەیبینی ھاتی دوژمنی،

نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی

ئەو کەسەی ھێندە نەبوو زویر و زگار

وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار

ئەو کەسەی نەیھاڕی بەرداشی زەمان،

ئەو کەسەی "زیڕەی نەگەییە ئاسمان"

ئەو کەسەی دووری عەزیزانی نەدی

تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی

تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت

لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت

ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر کەوت،

شەو لە بۆ کەیفێ لە ماڵی دەرکەوت

بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟

شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ،

ئەو کەسەى ڕاوى نەنێن لێرەو لەوێ

ئەو کەسەى ماچى کچانى دەست کەوێ

ئەو کوڕەی ھێشتا لە ژوانێ ڕێی ھەیە،

سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە

ئەو کوڕەى دۆى داوەتى دەستى دەنێ

بێتە ئێرە چۆنە هەى دێى ناکەنێ

ئەو کەسەی دەستى لە مەمکان گیر ببێ

ئەو کەسەی "تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ"

ئەو کوڕەى کیژێک بەرەو ڕووى پێکەنێ

ئەو کەسەى هەر سووکە ئاوڕێکى دەنێ

ئەو کەسەى پەنجۆڵە بگوشێ جاروبار

ئەو کەسەى دەستى بگاتە گەردنى یار

ئەو کەسەى ڕاموسێ کوڵمى تاس و لوس

ئەو کەسەی تێی ھەڵنەدابێ چارەنووس

ئەو کەسەى بمژێ خوناوەى گەردەنێ

کوفرە یەک قەترە شەڕابی گەر دەنێ

...

ئەو کەسەی ئاسوودەوو خۆش رایبوارد،

قەت خەمی یەخسیرو کۆیلانی نەخوارد،

یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بوو بێتەوە،

دەرکی نێوە ماڵێکی لێ بکرێتەوە،

خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە رازی ئەو،

نازەنینێک بێ بکێشی نازی ئەو، 

بگرێ پەنجەى نەرم و نۆڵى ناسکێ

بۆی کرابێتە سەرینێ باسکێ

ھەیبێ ھێز و گورد و تین و تاو و گوڕ،

رۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مکوڕ،

ئەو کەسە جێگای لە مەیخانێ نییە،

ئەو کەسە بادە و شەڕابی بۆ چییە؟

...

ساقیا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ!

روو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەر پەڕێ...

لەنگەرێ بگرە مەبە وا بەرزەفڕ

بێنە بۆ من، بێنە بۆ من جامی پڕ

مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانە ماڵ

بۆ منی سەرگەشتەوو رووت و رەجاڵ

بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین

بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین

بۆ منی ئاوارەوو دوورە وەتەن

بلبلی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن

پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو

بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو

پیری زورھانی، کەنفتی، دەربەدەر

دیدە سووری دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر

داتەپیوی، بێ پەسیوی بێ قەرار

بێ کەسی، دەستە شکاوی کۆڵەوار

لێو بەباری دەردەداری ڕەنجەڕۆ

شاعیری جوانی پەرستی دڵ بە سۆ...

...

ساقیا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟

تۆش لەبەر ئەو ملھوڕانە مل کەچی؟

تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟

چاوی تۆشی ھەڵفریواند زێڕ و زیو؟

تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوھەر، ھونەر؟

کەنگێ گەوھەر جوانی کردن بەختەوەر!

زێڕ بەڵایە بێ وەفایە دەوڵەمەند

ھەر ھونەر نەمرە، ھونەروەر مەرد و ڕەند

"چڵکی دەستە ماڵی دنیا" وەک دەڵێن

ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن

قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵ پەرەست

جوان پەرستە پیری خاوەن زەوق و ھەست

...

نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ!

تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!

ئەو ھەوەس بازانە جێی متمانە نین

ھەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین

وا وەرە دەی وا وەرە نێزیک بە لێم

بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم:

"مست مستم ساقیا دستم بگیر!

تا نە افتادەم ز پا دستم بگیر!"

جا کە سەر خۆش بووم بە دەنگێکی نەوی

بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی "مەولەوی"

"بشنو از نی چون حکایت می کند

از جداییھا شکایت می کند"

...

گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!

تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بە سۆز

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر

جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر

بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە

شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە

لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون

لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی روون

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە

بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە

ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە

با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر

با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر

پارچە گۆشتێکە دڵی من ڕوو نییە

ناڵەناڵی من درەنگە زوو نییە

دەردی دووری، دەردی دووری، کوشتمی

دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی

یادی یاران و وڵاتم رۆژ و شەو

لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو

خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی

چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی؟!

نایبینم خاک و وڵات و شاری خۆم

نایبینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم

ڕوو لە ھەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم

نایبینم جێژوان و کەونەلانی خۆم

ڕوو لە هەر لایەک دەکەم بێگانەیە

ژین لە نێو بێگانەدا تەنگانەیە

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی

ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی

......

چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ ھەستی من؟!

چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!

چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!

بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتوە

ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھێشتووە

ھەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین

دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات

کەوتمە نێو وردە داوی رێی نەجات

بەکرە شۆفارە ئەوی مووخەی چنیم

زیی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم

کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک "مەمێ"

"یایە زین" لە کوێیە ھاواری کەمێ!

کوا "قەرە تاژدین"، "چەکۆ" و "عەفۆ" لە کوێن؟!

بێنە ھانام وەک پڵینگی چنگ بە خوێن

"لاس"ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان

ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان

وام بە تەنیایی لە نێو خوێنا شەڵاڵ

کوانێ عێل و کوانێ "خانزاد" و "خەزاڵ"؟!

زۆر لە میژە نارە ناری منی نەبیست

ھەر وەکوو شەمزین، شەمیلەی خۆش ئەویست

وەک "سیامەند"ێ لە چۆڵ و بەندەنێ

جەرگی لەت کردم پەلی دارە بەنێ

شەتڵی جواناوم منی ساردە برین

کوا "خەج"م تا بۆم بگێڕێ گەرمەشین؟!

"مانگی کانوونێ بە چلوان دەرکرام"

وەک "برایم" لەو وڵاتە راو نرام

کوا "پەریخان" بەند و باوم بۆ بڵێ؟!

بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟!

ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم

کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟!

...

کورردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم!

رۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە

ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟

رۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد

ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد

بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتەی بە من

ئەو رمووزنەی زەندەقی چوو بوو لە من

ئەی رەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!

ئەی برای ھاوسەنگەری جەرگەی خەبات!

گەر دەناڵێنم، ئەمن پەک کەوتە نیم

تێدەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم

کۆششی من زۆر بە جێیە و زۆر رەوا

چونکە قانونی تەبیعەت وایە، وا:

"ھر کسی کو دور ماند از اصل خویش

باز جوید روزگار وصل خویش"

رێگە دەبڕم، کوانێ ھەنگاوم شلە

راستە بێ ھێزم، دەکەم ئەمما ملە

ھەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت

دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەھەشت

دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم

چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم؟

دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە

دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە

دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند

دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند

دێم بەرەو پاناوک و ھەوراز و نشێو

دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو

دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک

دێم بەرەو شێخاڵ و ریچکە و رەشبەڵەک

دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم

دێم بەرەو ھەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم

دێم بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا

دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا

دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم

دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم

دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ

دێم و دەگرم دەستى دۆى جوان و چەلەنگ

دێم گراوی خۆم لە باوەش وەرگرم

دێم نەھێڵم بەر ھەڵست و بەرگرم

دێم و ھەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد

دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

دێم و دەشکێنم لەوێ جامى شەراب

ماچى شیرین ناهێڵێ تامى شەراب

دێم و ناترسم لە پەرژینی بەزی

ھەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی

تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم

دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم

دێم ھەتا ھەمبێ بڕست و بیر و ھۆش

گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!

***

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ھاژە: تقدیر از پدیدآورندگان ناڵەی جودایی (بە فارسی)".
  2. ^ "زاگرۆس پۆست: نووسینی ناڵەی جودایی لە لایەن خۆشنووسێکی سەقزی کۆتایی ھات". ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "شەبەکەی سەحەر: پەرده لادان له بەرگی نوێ پەرتووکی ناڵەی جودایی مامۆستا ھێمن له مەھاباد".