زمانی فارسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە فارسیەوە)
Jump to navigation Jump to search
شانامە‌ی فیردەوسی.

زمانی فارسی یان زمانی دەری یەکێکە لە زمانە زمانە ھیندوئەورووپایییەکان و بەشێکە لە خیزانی زمانە ئێرانییەکان. لە‌ نێوان‌ زمانە ئێرانییەکان، زمانی فارسی بەشێكە لە‌ چڵی باشووری ڕۆژاوای لقی ئێرانی زمانە‌ ھیندوئە‌وروپیەكان‌.[١] فارسی زمانی فەرمیی ئێرانە.[٢] ئەگەرچی بەپێی دەستوور، زمانی فەرمیی وڵاتی تاجیکستان، تاجیکی[٣] و ھی ئەفغانستانیش دەرییە[٤] بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمی زمانی ئەم وڵاتانەش بە فارسی دەناسرێ.[٥][٦][٧][٨][٩] [١٠][١١][١٢] لە ئوزبەکستانیش خەڵکێکی زۆر بە فارسی قسە دەکەن. ئاخێوەرانی زمانی فارسی بە نزیکەی ۱۱۰ ملیۆن کەس دەخەمڵێن.[١٣]

ئە‌نگە‌ڵس لە نامەیەیە‌کدا بۆ مارکس دەنووسێ بۆ خوێندنە‌وە‌ی ھونە‌ری ڕۆژھە‌ڵات ناچار بووم زمانی فارسی فێر بم، پێم زمانێکی سادە و شیرین بوو و نازانم بۆ چی ئە‌وانە‌ی لە‌ زمانێکی جیھانی دەگەڕێن، زمانی فارسی ھە‌ڵنابژێرن.[١٤] فارسی ئەو زمانەیە حافز، سەعدی و فیردەوسی شیعریان پێگوتوە. مەولانا، رامان و فەلسەفە عیرفانیەکەی بە زمانی دەری ھۆنیوەتەوە. نەک بە تەنیا حەکیم و شاعیرانی فارسی زمان، بەڵکە شاعیر و وێژەوانانی زمانەکانی دیکەش وەک ئیقباڵ لاھووری بۆ باندۆڕ و جوانی قسەیان، سوودیان لە زمانی دەری بینیوە.[١٤]

زمان و ئەدەبیاتی فارسی پوختە و سیستەماتیک و ڕەوانە. زمانی کوردی لەگەڵ فارسی ڕیشەیەکی ھاوبەشیان ھەیە.

لە ھونەری جواننووسی‌دا، فارسی شێوەو یاساکانی نوسینی تایبەتی ھەیە و خەتی شكەستەیەی فارسیەو شێوەی روونووس فارسیش تایبەتە. شێوەی نوسینی فارسی یان نووسینی تەعلیق وردەکاری زۆر تیایە و ٣ جۆر قەڵەم بەکاردێت لە نوسینەکانا بە ٣ قەبارەی جیاواز چونکە لە ھەندێ شوێنی نوسینی پیتەکان باریکتر ئەنوسرێت.

مێژوو[دەستکاری]

سەرەتا[دەستکاری]

فارسی لە جیھان‌دا.

فارسی کۆن و زمانی پاڵەوی باو و باپیری فارسین. زمانی فارسی نێوەڕاست ساسانییەکان سە‌رچاوەی زمانی فارسییە. وشەی «فارسی» یان پارسی لە وشەی فارسیی کۆن «پارسە» کەوتۆتەوە.[١٥]

زمانی فارسی کۆن زمانی ئێران لە شاھەناشاھیی ھەخامەنشیەکان بووە. زمانی پەھلەوی (فارسی نێوەڕاست)ش، زمانی فەرمی ساسانیەکان بووە و ئەدەبیاتی دینی زەردەشتیەکانی پێ نووسراوە و گەلێک کتێبی وەک دینکرت، بون‌دەھشن، درخت ئاسوریک و... نمونەی ئەوانەن و بەشێ لەوانەش لەسەردەمی سەرھەڵدانی ئیسلام دا وەرگێڕاونەتەوە سەر زمانی عەرەبی. زمانی پەھلەوی، نزیکی زۆری لەگەڵ زمانی فارسیدا ھەیە.

دواتر ئێران لە ژێر ھەژمون و چاولێکەری، ئیسلامی عەرەبی دایە. دوای ئەوەی حکوومەتی ساسانیەکان بە دەستی عەرەب رووخێرا و عەرەبەکان بڕوای دینی خۆیان بە سەر گەلانی ئێراندا زاڵ کرد. شێوەی خەتی خویان و ئەلفوبێ یان بە جێگای پیتی فارسی نێوەڕاست (پەھلەوی) کە لە ئێراندا باو بوو دانا. ھەر لەکەمتر لە دوسەد ساڵێک دوای ھەژمونی زمانی عەرەبی بە ھۆی ئاینی ئیسلامەوە، فارسەکان کەوتنە زیندو کردنەوە و بوژاندنەوەی زمان و فەرھەنگ.

پاش پەرەپێدانی ئیسلام، فارسی نوێ زاراوەیەک بوو کە بە پێی بناخە ھەرە كۆنەكانی خۆی ئاوێتەی زاراوەكانی تر ببوو و ئەم تێكەڵبوونە تەنانەت بەر لە سەردەمی ساسانیەكان دەستی پێكردبوو. فارسەكان كەوتنە ھەوڵ بۆ زیندوو كردنەوەی زمانەكەی خۆیان و دەستیان كرد بە نوسین. دیارە کە پەڕتوكی شانامەی ئەبو مەنسوری – کە خودی کتێبەکە لەنێو چووە و تەنھا پێشەکیەکەی لێ بەجێ ماوە - دەتوانین بڵێین یەکێکی لە كۆنترین كتێبە کە‌ بە فارسی نوسراوە (ساڵی ٣٤٦ ھێجری و ٩٢٧ی زایینی) و تا ئێستە ماوەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری بووە.

لەکاتێکدا شاعیرێکی ئێرانی لە دەرباری سەفاریەکان دا وەکو عادەت بە عەرەبی دەکەوێتە مەدح و پیاھەڵدانی یەعقوبی لەیس، میرە سەفاری، گرژ دەبێت و دەڵێت: "بۆ بەزمانێک لەگەڵم دەدوێن کە من ھیچی لێ حاڵی نابم؟". دواتر سامانییەکان زمانی دەریییان کرد بە زمانی فەرمی.

لەو دەستەواژەیەوە زمان و فەرھەنگی فارسی دەکەوێتە بوژانەوە، ھەرسێ شاعیری فرە ناوداری ئێرانی (ئەبولقاسمی فیردەوسی) و (سەعدی شیرازی) و (خواجا حافز) بە شاکارە نەمرەکانیانەوە سەرحی زمانی فارسی دوای ساسانیەکان بنیات دەنێنەوە. بەھاتنی ئیسلام، شیعری ئێران کە بەر لە ئیسلام ھجائی واتە بركەیی بوو، لە ژێری کریگەریی وێژەیی عەرەبی بوو بە عەروزی.

ھەروەھا لە لایەن بزاڤی عیلمی ئەدەبی فارسی یەوە کە لە ھەوەڵی سەدەی پێنجەمدا لە لایەن بیروونی، ئیبن سینا و شاگردەكانی وان دا دەستی پێ كرد بەرەبەرە نووسینی كتێب بە فارسی دیسان دەسپێكرا.

دواتر[دەستکاری]

فارسی زۆرتر لە ‌ھەزار ساڵە کە ‌نەک تەنیا زمانی گشتی و فەرمی و ئەدەبی و فەرھەنگی ئیرانیانە بەڵکوو لە سەدەکانی پێشین بە سەر زەمینەکانی ھاوسێ و دوورەدەستیش چووە و خەڵکی ئەو سەرزەمینیش ئەویان بە دەربڕینی ھەست و ئیحساس و ھزر و زانیاری و دانیشی خۆی ھەڵبژاردوە و بە ‌وی شێعر گوتووە، کتیب یان نووسیوە و شوێنەواری بە قیمەتیان بە ‌وجود ھێناوە.

زۆرێ لە شاعیرانی فارسی‌زمان شێعری عیرفانییان داناوە و شێعری عیرفانی بەشێکی گرینگی ئەدەبی فارسیە.

ھەستیاران و شاعیران و نووسەرانی وەکوو ڕوودەکی سەمەرقەندی، کسایی مروزی، بەلعەمی، نرشخی، ناسرخوسرەو قوبادیانی، شەھید بەلخی، حەنزەلە بادغەیسی، سەنایی غەزنەوی، مەیبودی، جامی، ھەراتی، فردەوسی، خەیام، عەتتار، سەعدی، حافز، خاقانی شروانی، نیزامی گەنجەوی، قەتران تەورێزی، سائیب تەوڕێزی، ئەوحەد مەراغەیی، شێخ مەحموودی شەبستەری، مەولەوی، شەرفخانی بدلیسی، فاتیمە کوردستانی، شێخ محممەد مەردۆخی کوردستانی و ھەزاران شاعیر و نووسەری دیکە ھەموو بە ‌فارسیان نووسیوە و بە ‌فارسیان شێعر ھۆندۆتەوە.

خەیام بیركارى‌زان و شاعیرى گەورەى ئێران و فەیلەسوفى رۆژھەڵات لە کۆتاییەكانى سەدەى پێنجەم و سەرەتاكانى سەدەى شەشەمه. تەرزى بەیانى مەسلەک و فەلسەفەى ئەو کاریگەرى زۆرى لەسەر ئەدەبیاتى فارسى بەجێھێشتوە و کاریگەری خەیام لەسەر ئەدەبیاتی بەریتانی و ئەمریکا، کاریگەریەکە لەسەر دنیایی شارستانی ئەمڕۆ.[١٦] ئێدوارد فیتزجیڕالد (۱۸۰۹-۱۸۸۳) لە ساڵی ۱۸۵۹ چوارینەكانی خەیامی وەرگێڕانە سەر ئینگلیزی و دوای ساڵێك لەو ە‌رگێرانە خەیام لە رۆشنبیری ئینگلیزی و ئەوڕوپیدا ناسرا و كاریگەریشی زۆربوو بۆ ناساندنی ئەدەبی فارسی و رۆژھەڵاتی بەگشتی لە ئەوروپاوە.

چوارینە یەكەم جار ڕوودەکى شاعیر بەدیھێناوە بەلام چوارینەكانى خەیام لە ئەدەبى فارسیدا سیمایەكى جیاوازترى ھەیە كە پێەاتى سەرەكى ئەوانەبیركردنەوەیە لە رازیى بوون و دوچارى حیرەت و سەرسام بوون و دۆستى دامانە. خەیامى نیشابورى كە دیارترین كەسانێکە کە ھۆنراوەى بۆ بیركردنەوە فەلسەفیەكانى خۆى بەكاربردوە.[١٦]

ھەموو نووسەران و ھەستیارانی ئازەربایجانیش لە سەدەی دووھەمی ھیجری وەکوو محەمەد بەعیس کە عەڕەب بوو، بوو بە دۆستی بابەک و بە فارسی شێعر دەگوت و خاقانی شروانی، نیزامی گەنجەوی، مەھەستی گەنجەوی، قەتران تەبرێزی، ھەمام تەورێزی، شەمسی تەورێزی، سائیب تەبرێزی، ئەوحدی مراغەیی، محەممەدخەلف تەورێزی، قاسم ئەنوار تەوڕێزی و ھەزاران شاعێر و نووسەری کۆن و ھەزاران شاعیر و پێشەوەر و خەڵکی ئاسایی لە ‌کۆڵان و گەڕەک و دووکان ھەتاسەدەی ۱۱ و ۱۲ی ھیجری بە ‌فارسی شێعریان ھۆندۆتەوە.

ئاسیای گچکەش وەکوو ھندوستان لە سەدەکانی دوایی ئیسلام بە تایبەت لە سەر‌دەمی سەلجوقییەکان لە سەدەی پینجەم ھەتا کۆتایی سەدەی ۱۳ی ھیجری وەکوو خوڕاسان و ئازەربایجان لە لانە‌کانی فەرھەنگ و ڕۆشنبیری دەبێە پارسی. ئەم بزوتنەوەیە لە سەردەمی ھێنانی بە ھائەلەدین ولەد بە ‌ھۆی عەلائەدین کەیقوبادی دووەم بۆ قۆنیە و بەرز بوونەوەی مەولەوی بەو پەڕی خۆی دەگات.

ناوچەکانی فارسی‌زمان (زمانی زگماکی).

لە بارەگای ئەم پاشایەی سەلجوقی (کەیقوبادی دووھەم) ھەستیاران و پیاوچاکانی وەکوو محەممەدجەلالەدین مولەوی، فەخرەدین ئێراقی، برایم محەممەد تفلیسی، سەدرەدین قونوی، کەریم ئاقسرایی، قوتبەدین شیرازی، سەعیدەدین فرقانی، شیخ عەوڵا شەبستەری، قازیزادە ئەردەبیلی، مەولانا فەخر خەلخالی، مەلا واقف خلخالی، محەممەد ڕەزا پاشای تەوڕێزی، حەکیم ئەبوتالیب تەوڕێزی و گەلێکی تر پلە و پایەیان ھەبوو کە ھەموویان لە گەوە ‌پیاوانی شێعر و ئەدەبی پارسی بوون. ‌ زوربه‌ی پاشاکانی سه‌لجوقی ئاسیای گچکه‌ و زوربه‌ی پاشایانی عوسمانی که‌هه‌ستی شێعرگوتنیان هه‌بوو، وه‌کوو عه‌لائه‌دین که‌یقوباد، سولتان بایه‌زیدئیلدرم، سوڵتان سه‌لیم، سوڵتان سولیمان قانوونی، به‌فارسی شێعریان گوتوه‌. سوڵتان بایزیدئیلدرم له‌ئاسیای گچکه‌ و ئه‌میر تیمورله‌نگ له‌خواڕه‌زم (۸۰۴ ‌هجری) به‌فارسی له‌گه‌ڵ یه‌کترنامه‌گۆڕینه‌وه‌یان ده‌کرد. قاقه‌زنووسینه‌کانی شاسمایل سه‌فه‌وی وسوڵتان سه‌لیم و پاشاکانی گورگانی هیند و پاشاکانی سه‌فه‌وی و خونکارانی دیکه‌ئه‌م لاوئه‌ولای ئاسیاش به‌فارسی بوو وئه‌و هه‌ستیار و شاعیرانه‌ی که‌لێره‌وله‌وێ دیوانی شێعری خۆیان پێشکیشی ئه‌م پاشایانه‌ کردوه‌و ئه‌وانیان به‌فارسی مدح کردو پێهه‌لاگووتوون.

عوسمانییه‌كان هه‌تا سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ش به‌ زمانی فارسی موڕاسه‌لاتی خۆیان ده‌كرد، ئه‌وه‌تا شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی كه‌ شه‌ره‌فنامه‌ ده‌نووسێ و پێشكه‌شی سوڵتانی عوسمانیی ده‌كات، به‌ زمانی فارسی ئه‌و كتێبه‌ی بۆ ده‌نووسێت.[١٧]

ئینگلیزیه‌ک به‌ ناوی"واتسن" له‌ ئاخرئۆخری سه‌لته‌نه‌تی قاجاریه‌کان له‌ سه‌فه‌رنامه‌ی خۆی نووسی ئێران وڵاتێکی بله‌نگازه‌، ‌ به‌ڵام زمانێکی هه‌یه‌ که‌ له ‌سه‌رانسه‌ری ئاسیا هه‌تا ئوڕوپای ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ئافریقا ده‌به‌ره ‌خۆگرتووه‌. به‌م بۆنه‌وه‌ ڕایگه‌یاند که ‌له‌ شوینه‌واری میلله‌تێکی مه‌زنی دێرین وکۆن و مێژوویی ته‌نیا زمانی وی له‌ گوڕه‌پانی هه‌راوی فه‌رهه‌نگی وی باقی ماوه‌ته‌وه‌ که ‌ده‌شێ هه‌رچاخ ده‌رفه‌ت بڕخسێ ده‌بێ هۆکاری نوێکردنه‌وه‌ی ژیان و ده‌سه‌ڵاتی ڕابردووی بێت.

به‌م ڕاگه‌یاندراوه‌یه‌ خێرا نه‌خشه‌و به‌ر نامه ‌یان داڕشت و زمانی هندی گه‌وره‌یان که‌ هه‌مووی فارسی بوو له ‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ به ‌ئینگلیزی وه‌رگێڕاوه‌. زمانی فارسی خواڕزم (ئاسیای نێوه‌ڕاست) له ‌مرو شاهیجان و سه‌مه‌رقه‌ند و بۆخارا هه‌تا خێوه ‌مه‌زاری پوریای ولی له‌ به‌رچاونه‌گرت و پاش دابه‌شکردن لێکتر، له‌ جیاتی وی زمانی ئالتایی یان به‌ سه‌ردا سه‌پاندن. بۆ زمانی فارسی تاجیکستان له ‌جیاتی خه‌تی فارسی له‌ بره‌و، خه‌تی لاتینیان جه‌عل کرد. خه‌تی ئیسلامی فارسی سه‌رانسه‌ری خوارزمیش به‌ لاتین وه‌رگێڕدراوه‌.

له ‌قه‌فقازیش که‌ هه‌تا سه‌رده‌می ئینقلابی بلشویکی فارسی له‌ بره‌وبوو، و تالبوف نووسه‌ری گه‌وره‌ و ده‌نگینی ئه‌و سه‌رزه‌مین سه‌رجه‌می کتێبه‌کانی خۆی به ‌فارسی ده‌نووسی، خه‌ت و زمانی خاقانی شروانیه‌کان و نیزامی گه‌نجه‌ویه‌کانیان له ‌ناوبرد و تورکی و زمانه‌کانی ناوچه‌ییان بره‌و پێدان و خه‌تی ئیسلامیان به ‌لاتین وه‌رگێڕانه‌وه‌. هه‌روا خه‌ت و زمانی فارسی له‌ تورکیا که ‌هه‌تا هاتنی ئاتاتورک ئامێری خویندنه‌وه‌ و نووسین بوو له‌ ناوبرد و له ‌شوێنی وی ئه‌و تورکی و خه‌تی لاتینیان جێگرکرد.

به‌مجۆره‌ خه‌ت و زمانی فارسی که‌ به‌شێکی هه‌راو له ‌ئاسیای یه‌کیه‌تی ده‌به‌خشی، و خه‌تی وی که‌ خه‌تی دونیای ئیسلام و قورئان بوو له‌ بره‌و خستن و په‌یوه‌ندی موسڵمانانیان له‌ یه‌کتر بڕی و به‌رامبه‌ری ڕه‌وشی سیاسی بۆ خۆداسه‌پاندن (ته‌فره‌قه‌ باوێژه‌وحکوومه‌ت بکه) به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی خۆیان به‌رێوه‌بردو به‌ئامانجیان گه‌یاند.

زمانی فارسی زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و سوودی زۆری له‌ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه‌. ئه‌مڕۆ ۱۴٪ وشەکانی زمانی فارسیی ئێستا لە زمانی عەرەبی وەرگیراوە.[١٨] ئه‌م ژماره له بواری سیاسی و دقه‌کانی ئه‌ده‌بی ۲۴ هه‌تا ۴۰ ده‌رسه‌ده.[١٨] به‌ڵام فارسی‌زمانان ته‌له‌فوز، ناوه‌رۆک و شێوازی به‌کارهێنانی ئه‌و وشه‌ عه‌ره‌بيانه‌يان گۆريوه‌.

هاوچه‌رخ[دەستکاری]

بزوتنه‌وه‌ی مه‌شروته‌ و په‌ره‌پێ‌ دانی ڕۆژنامه‌ نوسی له‌ ئێرانداو ڕاگه‌یاندنی ڕووداوه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی له‌ شیعردا, بوو به‌ هۆی سه‌رنج ڕاكێشانی خه‌ڵكی به‌ره‌و لای خۆیو بیری نوێ‌ خوازی له‌ نێو خه‌ڵكا په‌ره‌ی سه‌ند و ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ (موخاته‌بی شیعر) له‌ باتی هه‌ندێك ببێ‌ به‌ میلله‌تێك.[١٩]

نیما یووشیج بناخه‌ی شێعری نیمایی دانا.

له‌ ده‌وره‌ی مه‌شروتیه‌تدا دامه‌زراندنی چاپه‌مه‌نیه‌كان، بڵاوكردنه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ئازادی خوازی و دامه‌زراندنی دارالفنون و ووشیار بوونه‌وه‌ ی خه‌ڵكی به‌هۆی كتێب و ڕۆژنامه‌كان و.... بوو به‌ هۆی دانانی بناغه‌ی نێهزه‌تی مه‌شروتیه‌ت كه‌ گۆڕانكاری كانی شیعری نوێی فارسی له‌وێ‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. له‌ ئاوا بارودۆخێكدا, شیعری فارسی ڕێگایه‌كی تازه‌ی دۆزیه‌وه‌ و ووتارو ناوه‌ڕكی تازه‌ی سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینتقادی ڕه‌نگ و بۆنێكی تازه‌ی پێ‌ به‌خشیهه‌روه‌ها نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ زمانی وتاری.

له‌ یه‌كه‌مین كارگه‌لی شیعری مه‌شروتیتدا (یا ێز شمع مرده‌ یادێر) عه‌لی ئه‌كبه‌ری دێهخودا بوو كه‌ له‌ باری قافیه‌ دانان و به‌یاندا, تازه‌ بووه‌ به‌ بڕوای هه‌ندێ‌ نوقته‌ی ئاڵا و گۆری شیعری ئه‌و ڕۆیه‌. له‌ دوای ئه‌و (به‌هار) (لاهوتی) و ... ده‌ستیان كرد به‌ دانانی دوو به‌یتی په‌یوه‌سته‌ یان (چوارپاره‌) كه‌ له‌ ڕاستی دا به‌رزه‌خی شیعری عه‌روزی و شیعری نوێی فارسه‌كانه‌.

قاڵبی غه‌زه‌ل كه‌ له‌ شیعری كۆنی ئێراندا قاڵبیِكی ئه‌ویندارانه‌ به‌ زمانێكی نه‌رم و نیان بوو، له‌ ده‌ورانی مه‌شروتیه‌تدا ده‌بێته‌ قاڵبێك بۆ ڕاگه‌یاندنی شۆڕشی- نیشتمانی و له‌ باری ناوه‌ڕۆكیشه‌وه‌ توندو تیژه‌. غه‌زه‌ڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (غه‌زه‌ڵی ئازادی) بوو كه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ غه‌زه‌ڵه‌كانی (عارف قزوینی)، (بهار) و (دهخدا) بكه‌ین. دیكه‌ی گۆڕانكاری غه‌زه‌ڵ ده‌توانین له‌ شیعره‌كانی (ئه‌خه‌وان سالیس)، (فروغ فه‌رخزاد)، (فریدون مشیری) و ...وه‌كو (غه‌زه‌لواره) و (غه‌زه‌ڵی نوێ‌ یان ته‌سویری) له‌به‌ر چاو بگرین.

(نیما یوشیج) هه‌رچه‌ند كه‌ باوكی شیعری نوێی فارسی ناسراوه‌ به‌ڵام چه‌ند ساڵ پێش له‌ نیما (ئه‌واخری قه‌رنی ۱۳) هه‌ندێ‌ كه‌س له‌ ژێر كاریگه‌ری شۆرشی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپا-توركیه‌ ده‌ستیان کرد به‌ نوسینی شیعری ئازاد. كه‌ له‌وانه‌ ده‌توانین له‌ (تقی رفعت) به‌ر پرسی ڕۆژنامه‌ی ئازادیستانی ته‌برێز و په‌یره‌وه‌كانی وه‌كوو (شه‌مس كه‌سمایی) و (جه‌عفر خامنه‌ی) ناو به‌رین كه‌ بیرو ڕایان گۆڕانكاری و ته‌كامولی ئه‌ده‌بی بوو.

نیما وه‌زنی شیعری لاپه‌سه‌نده‌و درێژی مسره‌عه‌كانی كورت و درێژ كرد و قافیه‌كانی له‌روی نیازه‌وه‌ به‌كار هێنا. به‌م جۆره‌ (نیما) بناغه‌ی (شیعری نیمایی) دانا.

به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ فۆڕمێكی دیكه‌ی شیعر په‌یدا بوو كه‌ وه‌زن و كێشه‌ی شیعریشی نه‌بوو. بناغه‌ی ئه‌م شیعره‌ زیتر په‌یام و ئیماژه‌، وه‌ پێناسه‌ی ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ شیعری سپی شیعرێكه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ زه‌رق و به‌رقی شیعری یه‌وه‌ به‌دووره‌و شیعرێكی ساكارو سپی یه‌ و شیعرێكی پڕ له‌ حه‌شوت و په‌رت و په‌ڵا نی یه‌ به‌ ڵكو شیعرێكی پڕو ته‌واوه‌ به‌ جۆرێ‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێكی شیعره‌كه‌ بسڕیته‌وه‌ ئیدی مانای شیعری ده‌فه‌وتێ‌ و هیچی بۆ نامێنێته‌وه‌ وه‌ كه‌س تێ‌ ناگا. ئه‌م شیعره‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ ناوی (ئه‌حمه‌دی شاملو) ناسراوه‌و له‌ گوره‌كانی ئه‌م جۆره‌ شیعره‌یه‌.

له‌ بارودۆخی گۆڕانكاری شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و هه‌نگاو هه‌ڵگرتنی به‌ره‌و ساكاری و شێوازێكی زوو ده‌س هێنان و (سهل‌الوصولی) به‌ جرۆرێكی شیعری ئاژاوه‌ی شیعری ده‌گه‌ین كه‌ داهێنانی به‌ بێ‌ بار هێنانه‌ و له‌م ڕێگه‌یه‌دا ئیدی به‌ ته‌نیا له‌ وه‌زن، مۆسیقا، قافیه‌ و قاڵبه‌ پێشووه‌كان به‌ دووره‌ به‌ڵكو له‌ باری په‌یام و ئیماژیشه‌وه‌ زۆر لاوازو بێ‌ مانایه‌. ئه‌م فۆڕمه‌ پچرانه‌ شیعریه‌ به‌ نێوی (شه‌پۆلی نوێ) ناسا كه‌ ئاكامێمی نه‌بوو وه‌ زیاتر بارو دۆخی ڕۆحی-كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌وانان بوو له‌گه‌ڵ نا ئاشنا بوونیان به‌ (ره‌سه‌نایه‌تی) و (ریساله‌تی) شیعر و ئه‌ده‌ب.

ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌ده‌بی فارسی‌دا شه‌پۆلێكی تازه‌گه‌ری له‌ غه‌زه‌لدا زۆر به‌رچاوه‌. سیمین بێهبه‌هانی و قه‌زوه‌ و قه‌یسه‌ر ئه‌مین‌پوور و به‌همه‌نی و... غه‌زه‌ل به‌ شێوه‌یه‌كی تازه‌ و ئه‌وڕۆیی ده‌نووسنه‌وه‌.

په‌خشان[دەستکاری]

یه‌که‌م په‌خشانی فارسی پاش هاتنی ئیسلام له‌نێوان ساڵانی (۳۴۹-۳۵۱ک.ز) نووسراوه‌، که‌ پێشه‌کی کتێبی شاهنامه‌ی فرده‌وسی‌یه‌و. یه‌که‌مین ته‌رجه‌مه‌، که‌ مێژووی ته‌به‌ریه‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ بۆ زمانی فارسی.

یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی فارسی له‌ ساڵی ۱۸۳۷دا چاپ‌و بڵاو كراوه.

به‌رهه‌مه‌کانی حاجی زین العابدینی مه‌راغه‌یی و سیاحه‌تنامه‌ی ئیبراهیم به‌گ و شاکاری نووسه‌رانی دی به‌ره‌گ و ریشه‌ی قووڵی ریالیزمی خۆیان و به‌زمانێکی تۆکمه‌و پته‌ویان بوونه‌ به‌ردی بناغه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی فۆرمی هونه‌ریی چیرۆک له‌ ئه‌ده‌بیاتی فارسیدا. له‌ساڵی ۱۹۲۵ دا چیرۆکه‌کانی موحه‌ممد عه‌لی جه‌مالزاده‌ "هه‌بوو نه‌بوو" و "حاجی ئاغا" ی صادق هدایت بوونه‌ به‌ردی بناغه‌ بۆ چیرۆکی هونه‌ریی فارسی . به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی "یه‌کێ‌ بوو ... یه‌کێ‌ نه‌بوو" گۆڕانێکی بنچینه‌یی له‌ زمان و فۆرمی هونه‌ری چیرۆکی فارسیدا هه‌ستی پێده‌کرێ‌ به‌تایبه‌تی که‌ له‌ هه‌نده‌ران له‌ رۆژنامه‌ی (کاوه‌) له‌ به‌رلین ئاشنایی چیرۆکی رۆژئاوایی ببوو که‌ڵکی له‌ زمانی گفتوگۆی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک وه‌رگرتووه‌و پاڵه‌وانه‌کانی ساده‌و بێگرێ‌ و گۆڵ ده‌دوێن ئه‌و داهێنانه‌ی جمالزاده‌ کۆمه‌ڵێ‌ نووسه‌ری به‌ دوای خۆیدا کێش کرد (صادق هدایت) یش وه‌کو پێشه‌نگی ده‌سته‌ی یه‌که‌می چیرۆکی فارسی به‌رهه‌مه‌کانی خۆی بۆ دژایه‌تی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی به‌کارده‌هێناو زمان و پاڵه‌وان و بابه‌تی چیرۆک و نۆڤڵێته‌کانی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئازارو ژان و مه‌ینه‌تیه‌کانی چینی هه‌ژاری میلله‌ته‌که‌ی بوو له‌هه‌مان کاتدا به‌شێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانیش بۆ زیندووکردنه‌وه‌و شانازی به‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌وه‌ ته‌رخان کردووه‌و به‌ قوڵایی مێژوودا رۆده‌چێت و ده‌یکاته‌ به‌رهه‌مێکی هونه‌ریی سه‌رده‌م.[٢٠]

په‌خشاننووسی فارس سادق هیدایه‌ت (۱۹۰۳ _ ۱۹۵۱) له ۱۹۳۶ رومانی (کونده‌په‌پووی کوێر) بڵاو ده‌کاته‌وه‌. چیرۆکی هونه‌ریی فارسی به‌ ڕای ڕه‌خنه‌گرانی فارس و غه‌یره‌ فارس، به‌ سادق هیدایه‌ت ده‌ستپێ ده‌کات و ئه‌و به‌ باوکی په‌خشانی فارسی ناسراوه. که‌ ڕۆژیه‌ لیسکۆ کونده‌په‌پووی کوێری کرد به‌ فه‌ره‌نسایی، ئیدی هیدایه‌ت ناوبانگی په‌یدا کرد، دواتر (ژیلیز لازار)یش (حاجی ئاغا)ی ته‌رجه‌مه‌ی هه‌مان زمان کرد و ئیدی ئیشه‌کانی بۆ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانیاییش وه‌رگێڕدران.[٢١]

پیشانگای كتێبی‌ تاران به‌ خه‌ڵاته‌ زۆر‌و زه‌به‌نه‌ تایبه‌تی‌‌و ده‌وڵه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ شوێنی‌ نواندنی‌ ئه‌ده‌بی‌ چیرۆكی‌ ئێرانه‌.[٢٢]

زمانی فارسی و کوردستان[دەستکاری]

ھەتا ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و دروستبوونی دەوڵەتی عێراق زمانی فارسی لە کوردستاندا ھەر زمانی خوێندن و نوسین بووە.[٢٣] ڕەشید یاسەمی لە کتێبی (کورد و پەیوەستەگییێ نەژادیێ ئو) دەنووسێ کە لە ژیانی مامەڵاتی و سیاسی کوردانی سلێمانی زمانی فارسی بە کار دەھێنرا و ھەتا ساڵی ١٩٢١ی زایینی خوێندی قوتابخانەکانی ئەم شارە بە زمانی فارسی بووە و شوینەواری سەعدی، حافز، جامی، عەتار، و شێخ بەھاییان دەخوێند. لەو سەردەمدا شاعیران و نووسەرانی بەناوبانگی کورد وەکوو ئەدەب میسحاب، شێخ ڕەزا تاڵەبانی و ئەحمەد موختار جاف لەگەڵ کوردی بە فارسیش شێعریان ھوندووە. ئەدەبی فارسی لە سەر بەرھەمی ئەدیبە کوردەکان وەک نالی، مستەفا بێسارانی و مەولەوی تاوەگۆزی کاریگەری بەرچاوی ھەبووە.[٢٤]

لە سەردەمی ھاوچەرخ عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی (ھەژار)، کتێبی «یاسا لە پزیشکی» بەرھەمی ئیبن سینا وەرگێڕایە سەر فارسی. دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم بەرھەمە، نێوی ھەژار لە ناوەندەکانی ئەدەبی و زانستیدا کەوتە سەر زاران و بوو بە ئەندامی فەرھەنگستانی زمانی فارسی.[٢٥] ھەژار چوارینەکانی خەیامی نەیشابووریشی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.

محەممەد قازی، خەڵکی مەھاباد، بە وەرگێڕانی زیاتر لە حەفتا بەرھەمی ئەدەبی و مێژوویی لە نووسەرانی ناوازەی جیھانی بۆ سەر زمانی فارسی، خزمەتێکی بە زمان و ئەدەبی فارسی کرد. ئیبراھیم یوونسی خەڵکی بانە ٨١ کتێبی وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی.[٢٦]

لە ھەرێمی کوردستاندا لە شەڕی ناوخۆیی ساڵی ١٩٧٤دا شەپۆلێکی بەرفراوان لە پەنابەرانی کوردی عێراقی چوونە ناو ئێرانەوە و لەگەڵ چاندی ئێرانی تا ڕادەیەک ئاشنا بوون. لە ئەنجامدا ئێستا وێژەی فارسیزانانی کوردستانی عێراق بە زیاتر لە دەھەزار کەس دەخەمڵێنرێت.[٢٤] و ئەمروو قسەکردن بە زمانی فارسی لە دەڤەری سۆران بەتایبەتی لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی ئەو شارە بڕەوی ھەیە.[٢٧]

لە زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر، بەشی زمانی فارسی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا ئێستا زمان و ئەدەبی فارسی لێ دەوترێتەوە.[٢٨]

کوردەکان لە تورکیا لە ناو خەبات بۆ لە ناو بەردنی داسەپاندنی سیاسەتی دژی ئێرانی تورکیای ئاتاتوورکی، زمان و وێژەی کوردی و زمان و وێژەی فارسییان لە بەرامبەری ئەم سیاسەتە دادەنا… ئەم ڕەوشەی فەرھەنگ مرۆڤانی کورد سەبارەت بە ئەدەبی فارسی بەردەوام بوو.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ (لەحاڵێکدا زمانی کوردی لە‌ زمانەکانی باشووری رۆژاوایە)
  2. ^ دەستووری ئێران.
  3. ^ دەستووری تاجیکستان.
  4. ^ دەستووری ئەفغانستان
  5. ^ afghan-network.net Archived ١٠ی ئازاری ٢٠١٢, لە وەیبەک مەشین.
  6. ^ afghan-web.com
  7. ^ nationsonline.org
  8. ^ http://www.soas.ac.uk/nme/languages/languages-of-the-near-middle-east-at-soas-persian.html
  9. ^ Rutgers, The State University of New Jersey، زانستگای نیوجیرزی
  10. ^ tajikistan.orexca.com
  11. ^ Omniglot - the online encyclopaedia of writing systems and languages
  12. ^ سایتی ڕەسمی کومەڵایەتی تاجیکیستان Archived ٣٠ی نیسانی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  13. ^ Iran, 36 M (51%) – 46 M (65%) Loc.gov, Afghanistan, 16.369 M (50%), Tajikistan, 5.770 M (80%), Uzbekistan, 1.2 M (4.4%)
  14. ^ ی ا Marx-Engels Correspondence 1853. Source: MECW Volume 39, p. 335; First published: in full in MEGA, Berlin, 1929.
  15. ^ http://www.etymonline.com/index.php?term=Persian
  16. ^ ی ا نازدار، حەسەن: خەیام عارفێكى بادەنۆش[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]. ە: گوفاری حەلەبجە. ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  17. ^ زمانناسی: زمان ئه‌و خولقێنراوه‌ی هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچووندایه‌ Archived ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١١, لە وەیبەک مەشین.، ئیدریس عه‌بدوڵڵا- زانكۆی سه‌لاحه‌دین
  18. ^ ی ا John R. Perry, "Lexical Areas and Semantic Fields of Arabic" in Éva Ágnes Csató, Eva Agnes Csato, Bo Isaksson, Carina Jahani, Linguistic convergence and areal diffusion: case studies from Iranian, Semitic and Turkic,Routledge, 2005.
  19. ^ ساعێدی، حه‌مید، میژووی قاڵبی نوێ‌ یان ئازاد له‌شیعری كوردی، فارسی، عه‌ره‌بیدا. گوفاری کۆچ. ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  20. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢. لە ڕێکەوتی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ھێنراوە. 
  21. ^ حه‌سه‌ن، حه‌مه‌سه‌عید، مه‌رگ بانگمان ده‌کات، له: گولان میدیا. ۱۱/۱۲/۲۰۱۰.
  22. ^ ئه ده بی چیرۆكی ئیران له ساڵی‌ رابردوودا[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]. ۳۱/۱/۱۳۹۰
  23. ^ پ .ی. سەلام ناوخۆش :دەسەڵاتی کوردی خۆی نایەوێت زمانی یەکگرتوو دروست بێت Archived ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١١, لە وەیبەک مەشین.، ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  24. ^ ی ا کوردستان دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی ئێراندا، ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  25. ^ ساڵیادی کۆچی دوایی نەمر مامۆستا عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی (مامۆستا ھەژار) Archived ١٧ی ئازاری ٢٠١١, لە وەیبەک مەشین.. ئەگەر چی مامۆستا ھەژار وەرگێرانی ئەم پەرتووکە بۆ سەر زمانیێکی بێگانە چاری ناچار و بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانەی خۆی دەزانێ و لەم کارە بە بێگاری ناو دەبا: ھەنبانە بۆرینە، ل ٢٨ و ٢٩
  26. ^ محەممەدزادە، خالید، ئیبراھیم یوونسی: من بە زمانی فارسی خزمەتی ئەدەبیاتی کوردیم کردووە. ۲۰۰۶. ۰۵. ۲۵
  27. ^ رووبەر: باڵەکی، دڵشاد: زمانی فارسی لە داموودەزگاکانی سۆران دەبێتە واقیع Archived ١٦ی ئابی ٢٠١٢, لە وەیبەک مەشین..
  28. ^ مەھدی خۆشناو بەرپرسی بەشی فارسی زانکۆی حکوومی سەلاحەدین دەڵێت: کوردەکان لەگەڵ ئەوەدا کە تێبینی سیاسی و کۆمھڵایەتی و کلتووریی خۆیان ھەیە، بەردەوام حەز دەکەن زمانی فارسی فێر بن: کوردستان دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی ئێراندا، ئوکتوبر ۲۰۱۱.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • رەشید یاسمی. کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او.
  • انصاف‌پور، غلامرضا، تاریخ سیاسی و جغرافیایی مردم كرد (از شرقی‌ترین تا غربی‌ترین)، نشر ارمغان: ۱۳۸۶. (غولامڕەزا ئینساف پوور: مێژوویی سیاسی و جوغرافیایی خەلکی کورد، وەرگێڕی کوردی: حامید ڕەشیدی زەرزا).
  • The Encyclopaedia of Islam.vol lv.
  • ساعێدی، حەمید، میژووی قاڵبی نوێ‌ یان ئازاد لە شیعری كوردی، فارسی، عەرەبیدا. گوفاری کۆچ. ئوکتوبر ۲۰۱۱.
  • شەرەفکەندی، عەبدوڕەحمان، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپەمەنی سرووش، ٢٠٠٩، ISBN 978-964-376-516-3

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

ویکیپیدیا
ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد بە زمانی فارسی