سەرای ھێمن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەرای هێمن (ماڵی مامۆستا هێمن)

فەرھەنگ سەرای ھێمن، ماڵی مامۆستا ھێمنە کە کراوەتە بنکەی پاراستنی ئاساری ناودارانی فەرھەنگ و ھونەری شاری مەھاباد.[١]

مێژوو[دەستکاری]

دوای کڕینەوەی ماڵ و شوێنی ژیانی شاعیری گەورە مامۆستا ھێمن لە لایەن شارەداری مەھابادەوە، بڕیار درا ئەو جێگایە ببێ بە شوێنێکی تایبەت بە کاروباری فەرھەنگی و ھونەری.

لە شاری مەھاباد کەم نین ئەو بلیمەتانەی کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستی، فەرھەنگی و ھونەری دا، بوون بە چرایەکی پڕشنگدار و ڕێگای خزمەت بە گەلیان ڕووناک کردووەتەوە. جێگای خۆی بوو لە شوێنێکی تایبەت و شیاودا ئاسەوار و کەل و پەلی بەجێ ماوی ئەو مەزنانە کۆ بکرێنەوە و ئەویندارانی ئەوان بیانبینن و سوکنایی یان بێتێ و بەرەی داھاتوو بیانناسن، قەدریان بزانن، دەرسیان لێوەرگرن و ڕێیان کوێر نەکەنەوە. جا چ جێیەک پیرۆزتر و بەنرخ تر لە ماڵی مام ھێمن بۆ ئەو کارە؟

ھەر بۆیە شارەداری مەھاباد لە ھەوەڵ ڕۆژەکانی بەھاری ساڵی ١٣٩٢ڕا دەستی کرد بە ئامادەکاری و نۆژەن کردنەوەی ماڵی مامۆستا ھێمن؛ بە جۆرێک کە وەک مۆزەخانەیەک بۆ کۆ کردنەوەی ئاسەوار، کتێب و نووسراوە، دەست خەت، وەسایل و کەرەسەی شەخسی و شمەک و ھەروەتر شوێنێک بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کار و چالاکیی فەرھەنگی بتوانرێ کەلکی پێویستی لێوەربگیرێ.

پەیکەرەی مامۆستا هێمن له سەرای هێمن

بەختەوەرانە ئەو حەول و دەولانە گەیشتنە بەرھەم و لە ڕۆژی چوارشەممۆ ٦ی خەرمانانی ١٣٩٢دا بە بۆنەی حەوتووی دەوڵەت، بە دەستی بەڕێز "قەنبەری"، جێگری سیاسی ئوستانداریی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، مۆزەخانەی ناودارانی فەرھەنگی و ھونەریی شاری مەھاباد لە ژێر ناوی "سەرای ھێمن" کرایەوە. شیاوی باسە سەبارەت بە زۆر بوونی پڕۆژەکانی دەوڵەت، ئەم سەردان و کرانەوەیە بەدەر لە بەرنامەی ئەو ڕۆژە تەواو چاوەڕوان نەکراو بوو. ھەر بەم ھۆیەش دەرفەتی لادانی پەردە لە سەر پەیکەرەی مامۆستا ھێمن و "لوح یادبود" نەڕەخسا.

ھەروەھا ڕۆژی یەک شەممۆ ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ بە بەشداری کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی شار، چالاکانی فەرھەنگی و چین و توێژەکانی خەڵک لەوانە ئیمام جومعە، ئەندامانی شووڕای شاری دەوری سێیەم و جوارەم، شارەدار و بنەماڵەی خوالێ خۆشبووان مامۆستا ھێمن و ھەژار و ماملێ، نووسەر و وەرگێڕ کاک ئەحمەد قازی و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری مەھاباد، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی موکریان و...، لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەت دا پەردە لە سەر پەیکەرەی مامۆستا ھێمن کاری ھونەرمەندی ناسراوی پەیکەرسازی کورد، مامۆستا ھادی زیائەددینی لادرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێ و ڕەسمەدا، لە لایەن شووڕای شار و مەھەندیس کەریمی شارەداری مەھاباد، ڕێز لە ھاوکاری و یارمەتی بەڕێزان ئامینە خانم ھاوسەری محەممەد ماملێ و ئایشێ خانم شەمسەددینی بووکی مامۆستا ھێمن گیرا کە بە خەم خۆرییەوە دەستی کارگێڕانی مۆزەخانەیان بۆ کۆ کردنەوەی کەل و پەل و ئاسەواری ئەو نەمرانە گرتووە.

سەلاح پایانیانی بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • گۆڤاری مەھاباد، ژمارەی ١٥٠ ساڵی سێزدە ١٣٩٢، لاپەڕەی ٦ و ٧