مینا قازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مینا ئەسکەندەری
لەدایکبوونمینا ئەسکەندەری
١٩٠٨
مەھاباد
مەرگ١٩٩٨
مەھاباد
ھۆکاری مەرگنەخۆشی
نەتەوەکورد
ئایینئیسلام، سوننی
ھاوسەرقازی محەممەد
منداڵەکان٩ منداڵ


مینا ئەسکەندەری یان مینا قازی (١٩٠٨ لە مەھاباد - ١٩٩٨ لە مەھاباد) سیاسەتوانی ژنی کورد و سەرۆکی یەکێتیی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. مینا ئەسکەندەری ھاوسەری قازی محەممەد سەرۆکی سەرۆکی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بووە و بە مینا قازی ناسراوە.

ژیان[دەستکاری]

مینا ئەسکەندەری لە ساڵی ١٩٠٨ لە مەھاباد لەدایک بوو. باوکی ناوی ئەحمەد و دایکی ناوی گوڵئەندام بوو. ئەو لە ماڵباتی حاجی حەسەن بوو کە ماڵباتێکی مەزن بوو لە موکریان. بەر لەوەی مینا شوو بە قازی بکات پاشناوی ئەو ئەسکەندەری بووە. ئەو لە تەمنی نۆزدە ساڵیدا بووە خێزانی قازی محەممەد. مینا ئەسکەندەری لە ساڵەکانی ١٩٢٧ - ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکتر دەناسن و پاشان ژیانی ھاوسەری پێک دەھێنن. مینا قازی لەساڵی ١٩٩٨ ھەر لە مەھاباد کۆچی دوایی کرد.

چالاکییە سیاسییەکان[دەستکاری]

مینا ئەسکەندەری سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا لە ھەموو بوارەکاندا بووە. مینا ئەسکەندەری ژنێکی لێھاتووی سەردەمی خۆی بووە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە رۆڵێکی کارا بگێڕێ لە ھاوکاری کردنی ھاوسەرەکەی و بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بێ. لە ساڵی ١٩٤٥ یەکێتیی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند مینا بووە یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخستنە.

مینا خانم لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی رێکخراوی "یایا" کە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە. بەمجۆرە مینا خانم لەو ھەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ژن لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێکی ھاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی. بەمجۆرە لایەنێکی پرشنگداری دیکەی دەوڵەتی کۆماری کوردستان دەبیندرێ کە لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی و خێڵەکیدا، بوار و بەستێنی بۆ بەشداریی سیاسیی ژن دابین کرد. ھەروەھا بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازیی پێشەوا قازی محەممەد دەردەخا، کە ھاوسەرەکەی بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە ھانداوە.

ژیانی تاکەکەسی[دەستکاری]

مینا ئەسکەندەری ٣٨ ساڵی تەمەن بوو کە ھاوسەرەکەی (قازی محەمەد) لە سێدارە درا و ئیتر لەو کاتەوە جگە لە دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیی منداڵەکانیشی کەوتە ئەستۆ. خاتوو مینا ٩ منداڵی لە پێشەوا قازی ھەبوو. یەکێک لە منداڵەکانی ھەر لە ناو لانکەدا گیانی سپارد و ٨ منداڵی بۆ مایەوە کە توانی ھەموویان بنێرێتە قوتابخانە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد. عیسمەت کچە گەورەی قازی محەممەد و میناخانم، بە لاوێتی جوانەمەرگ بوو، عیفەت لە ساڵی ١٩٨٩دا لە وڵاتی سوید بە پلانێکی تێرۆریستی گیانی لە دەست دا، کوڕی ڕەش، تاقە کوڕەکەی قازی محەممەد و میناخانم بێجگە لەوەی لە ھەڕەتی لاوێتیەوە تووشی تاراوگە و دوورخستنەوە بوو، لە چەند لای دیکەشەوە تووشی دڵرەقی و قینی ناڕەوا و بێ پاساو ھات. سەردەمێک لە زیندانی حیزبی دێموکڕات لە دۆڵەتوو توند کرا و ٥ ساڵانیش خرایە زیندانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقەوە. ئەوەش ھەمووی بارێکی قورس بوون کە دەخرانە سەر شانی ھاوسەری قازی محەممەد.

زیندان[دەستکاری]

میناخانم لە ژیانیدا تووشی گەلێک ناخۆشی و ناڕەحەتی ھاتووە. لە لایان رێژیمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووە. ئەم ژنە خۆڕاگرە لە ساڵی ١٩٨٤ لە لایان رێژیمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە. میناخانم لەو کاتەی کە لە زیندان بوو بە ھۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی دەبێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی میناخانم بنێرێتە نەخۆشخانەی ئاسایی داوا دەکا کە یەکێک لە کچەکانی بە جێگای ئەو زیندانی بکرێ. بۆیە خاتوو فەوزییەی کچی دەچێتە زیندان و میناخانم بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران بەڕێ دەکرێ. لە نەخۆشخانەی تاران بە ھاوکاری کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە رزگار دەبێ و لە مەشھەد دەشاردرێتەوە.

چوون بۆ ئەوروپا و گەڕانەوە[دەستکاری]

میناخانم لە ساڵی ١٩٩١ روو دەکاتە وڵاتی ئاڵمان و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مەھاباد. لە ساڵەکانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی روو دەکاتەوە ھەندەران و پاش ئەوەی کە لە چاکبوونەوەی نائومێد دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ مەھاباد.

میناخانم تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە دڵدا بوو. لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "وارڤین" دەڵێ:

"ھەرچەند باش دەزانم کە گەلی کورد لە داھاتوویەکی نێزیکدا سەردەکەوێ و دەگاتە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی، ئاواتم ئەوەیە کە رۆژێک تەواوی کوردستان ببێتە یەک و کوردیش لەو دونیایەدا دەوڵەتی خۆی ھەبێ...".

کۆچی دوایی[دەستکاری]

سەرەنجام مینا خانم لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٩ی رێبەندان، رێکەوتی ١٨ی شوباتی ١٩٩٨ بە یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان دەکا.

منداڵەکان[دەستکاری]

  1. عیسمەت قازی (ماوەی ژیانی ١٩٣٧ تاکوو ١٩٥٧ لە مەھاباد).
  2. عیفەت قازی (لە ساڵی ١٩٨٩دا لە وڵاتی سوید بە پلانێکی تێرۆریستی گیانی لە دەست دا).
  3. مونیر قازی (١٩٣٨ لە مەھاباد لە دایکبووە و تاکوو ئێستا دەژی).
  4. پەروین قازی (لە ساڵی ١٩٤٢ لە مەھاباد لە دایکبووە و لە ٢٨ی شووباتی ١٩٩٩ لە تاران کۆچی دوایی کردووە).

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • لاپەڕەی فەیسبووکی ھەلالە قازی
  • کاک ناسری قازی