ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ
ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ | |
---|---|
بە عەرەبی: ناحیة مرکز قضاء شھربازار بە ئینگلیزی: Central Sharbazher County Sub-District | |
پۆتانەکان: 35°43′13″N 45°34′25″E / 35.72015°N 45.57348°Eپۆتانەکان: 35°43′13″N 45°34′25″E / 35.72015°N 45.57348°E | |
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | کوردستان (ھەرێمی کوردستان) |
پارێزگا | سلێمانی |
قەزا | قەزای شارباژێڕ |
مەڵبەند | چوارتا |
ژمارەی گوندەکان | ٣١ |
بوون بە ناحیە | ١٨٧٣ |
دەسەڵات | |
• بەڕێوەبەر | عەدنان کاکەڕەش |
ڕووبەر | |
• ناحیە | ١٦٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٤ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ١١٩١ مەتر (٣٬٩٠٧ پێ) |
بەرزترین بەرزایی | ٢١٠٥ مەتر (٦٬٩٠٦ پێ) |
نزمترین بەرزایی | ٨١٩ مەتر (٢٬٦٨٧ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٩) | |
• ناحیە | ٩٩٥٧ |
• چڕی | ٦٠٫٣ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٥٦ کەس لە میلی چوارگۆشە) |
• شاری | ٦٢٢٩ |
• لادێیی | ٣٧٢٨ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلام(سوننە) |
• ب پ م(٢٠١٧) | ٠٫٧٠٦[١] بەرز · ٢ەم بۆ ١٧ |
ناوچەی کاتی | UTC+٣ (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+٣ (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٩٦٤+ |
وێبگە | http://www.slemani.gov.krd/ku/ |
ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ یەکێکە لە پێنج ناحیەی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارەدێی چوارتایە.[٢] ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ٢٠١٩دا (٩٬٩٥٧)کەسە.[٣]
ناو
[دەستکاری]ناوی ئەم ناحیەیە لە قەزای شارباژێڕەوە وەرگیراوە، کە ئەویش لە ناوی ناوچەی شارباژێڕەوە وەری گرتووە.
دەربارەی ناوی شارباژێڕ بۆچوونی جیاواز خراونەتەڕوو، گومانی تێدانییە کە ئەم ناوە ناوێکی زۆر دێرین نییە، واتە ناوەکە پەیوەندی بە بنەچەی ئەو ناوانەوە نییە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەلی دێرینی لۆلۆبیەکان کە ھەر لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە ھەتا سەردەمی مادەکان لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین شارباژێڕ بەشێکی گرنگ و ناوجەرگەی نیشتیمانی ئەم لۆلۆبیەکانی پێک دەھێنا.[٤]
لەبنەچەدا ناوی شارباژێڕ نابێت لەسەردەمی دوای مادەکان کۆنتربێت، و بەتایبەتی تر ئەم ناوە لەوانەیە لەسەردەمی ساسانییەکانەوە برەوی سەندبێت. پسپۆڕی بواری زمانە دێرینەکانی کوردستان (کۆزاد محەممەد ئەحمەد) دەڵێت ھەموو ئەو لێکدانەوانەی بۆ ناوی شارباژێڕ کراون کە گوایە ناوەکە لە دوو بڕگە پێکھاتووە (شار+باژێڕ) و ھەردووکیشیان ھەر بە واتای (شار) دێن، یەکێکیان بە سۆرانی و ئەوانی تریش بە کرمانجی، لایەنگرانی ئەم لێکدانەوەیە تەواو نەیانپێکاوە و «تاڕادەیەک جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە».[٥] لەبەرئەوەی کۆنی و ڕیشەی سەدان و ھەزاران ساڵەکەی لەبەرچاونەگیراوە و، تەنھا بە پێوەری زمان و فەرھەنگی ئەم سەردەمە لەو ناوە کۆنانە دەڕوانن، کۆزاد محەممەد پێی وایە کە بەشی دووەمی ناوەکە (باژێڕ) بە واتای (بازاڕ) دێت نەک (شار)، بۆ ئەم مەبەستەش کۆزاد محەممەد ئاماژە بە ناوی سەرکردەیەکی سەربازی باڵای سەردەمی پاشای ساسانی کیسرا ئەنۆشیروان(٥٣١–٥٧٩ز) دەکات کە ناوی (شەھروەڕاز) بووە واتە (بەرازی دەوڵەت)، ھەروەھا پەیوەندی وشەی (شار) بە وشەی خشاثرای میدییەوە کە بە واتای (پاشا) دێت و کۆزاد ئەحمەد بە وشەیەکی فارسی داناوە، ئەو پێی وایە کە وشەی (شار) لە زمانی کوردیدا لە سەردەمەکانی پێشوودا بە واتای (دەوڵەت)یش ھاتووە، ھەتا ئەو کاتەی کە وشەی (دولة) لە جێگەی وشەی (شار) بۆ دەوڵەت بەکارھێندراوە، لەبەرئەوە کۆزاد محەممەد دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە (شارباژێڕ) لە کۆندا واتای (دەوڵەتە شار)یان (شارە دەوڵەت)ی داوە، لەبەرئەوەی لەسەردەمە دێرینەکاندا دەوڵەتۆکەی بچووک ھەبوون کە تەنھا یەک شار و دۆڵ و دەشتەکانی دەوروبەرەکەی چەقی دەسەڵات و سنووری فەرمانڕەواییان بووە.[٦]
ناوی (شارباژێڕ)تەنھا لەم پێنجەسەد ساڵەی ڕابردوودا لە تۆمارەکاندا ناوی ھاتووە، و تەنھا لەسەردەمی میرنشینی بابان و عوسمانییەکاندا ناوەکە بە شێوەی (شھربازاڕ) تۆمارکراوە و ئەم شێوازە تۆمارکردنەش ھەتا ئێستا لە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری کەسێتی دا ھەر دەنووسرێت (شھربازار) و لە زاری خەڵکی ناوچەکەشەوە ھەر بە شێوەی (شارباژێڕ) گۆ دەکرێت. جێی ئاماژەیە ئەم ناوە لە زمانی تورکی عوسمانیشدا ھەر بەمانای شوێنی بازارکردن دێت، لەبەرئەوە تورکەکان کێشەیەکیان نەبووە لە تۆمارکردنی ناوەکە بە شێوەیەک کە نزیکە لە ناوی شارباژێڕەوە و بە (شھربازار/شھرپازار) تۆماریان کردووە، و بۆ دەوڵەتی سەفەویش ئەم ناوە شێوەیەکی فارسی داوە و کێشەی لەگەڵ نەبووە، و دواتریش دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش (شھربازار)ەکەیان لە کوردییە ڕەسەنەکەی (شارباژێڕ) پێ باشتربووە و تا ئێستاش ھەر لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەو شێوەیە تۆماری دەکەن.
جوگرافیا
[دەستکاری]ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ ھاوسنوورە لەگەڵ، لە باکوورەوە ناحیەی سیوەیل و ناحیەی ناوەندی قەزای ماوەت، لە باشوورەوە ناحیەی سیتەک، لە ڕۆژھەڵاتەوە ناحیەی زەلان، لە ڕۆژاواوە ناحیەی ناوەندی قەزای ماوەت و ناحیەی سیتەک.[٧]
- ڕووبەری ئەم ناحیەیە (١٦٥کم٢)ە لە (١٣٫٦٪) قەزای شارباژێڕ پێکدەھێنێت، و لە (١٫١٧٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
- لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (پێنجەمە) لە پێنج ناحیەی قەزای شارباژێڕدا.
- لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (یەکەمە) لە پێنج ناحیەی قەزای شارباژێڕ.[٨]
مێژوو
[دەستکاری]سەردەمی عوسمانی
[دەستکاری]دوای ڕووخاندنی میرنشینی بابان، تەواوی ناوچەی شارباژێڕ بووە بەشێک لە قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان، ئەمانیش کردیانە ژێر یەکەی کارگێڕی خۆیانەوە، سەرەتا شارباژێڕ سنجاقێکی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور بوو، دوتر لە ڕکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکاندا بووە قەزایەکی سەر بە سنجاخی سلێمانی لە ویلایەتی مووسڵ، لەم مێژووانەدا یەکە کارگێڕییەکانی عوسمانی ناحیەی تیادا نەبووە. ناوەندی قەزای شارباژێڕ گوندی شیوەکەڵ بوو.
- لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣–١٨٩٠)دا:
لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی (مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز) دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو ڕێکەوتە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. لەم ماوەیەدا ناوەندی قەزای شارباژێڕ شارەدێی سیتەک بوو؛ و ھەروەھا ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕیش دروستکرا.
- لە نێوان ساڵانی(١٨٩٠–١٨٩٤)دا:
قەزای شارباژێڕ لەم ماوەیەدا ناحیەی ماوەتی تێدا دروستکرا؛ و ناوەندی قەزاش ھەر شارەدێی سیتەک بوو؛ و ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕیشی ھەبوو، واتا قەزای شارباژێڕ لە دوو ناحیە پێکھاتبوو.
- لە نێوان ساڵانی(١٩٠٧–١٩١٢)دا:
قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە و ناوەندەکەشی شارەدێی سیتەک بوو، ھەردوو ناحیەی ماوەت و ناحیەی ناوەندیشی ھەبوو.[٩]
سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی
[دەستکاری]لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژووکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا.[١٠]
- لە نێوان ساڵانی(١٩١٨–١٩٣٦)دا:
- ھەڵوەشانەوەی قەزای مەعمورە و لکاندنی ھەردوو ناحیەی (پشدەری ١) و (پشدەری ٢) بە قەزای شارباژێڕەوە.
- لکاندنی ناحیەی سرۆچک بە قەزای شارباژێڕەوە پاش دابڕانی لە قەزای گوڵعەنبەر.
- گواستنەوەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە شارەدێی سیتەکەوە بۆ شارۆچکەی چوارتا.
لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ لە (٥) ناحیەی پێکھاتبوو، ناحیەی قەزای ناوەند(چوارتا)، ناحیەی ماوەت(ماوەت)، ناحیەی سرۆچک(گێڵدەرە تا ١٩٣١ - بەرزنجە)، ناحیەی پشدەری ١(قەڵادزێ)، ناحیەی پشدەری ٢(مەرگە).
- لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦–١٩٤٧)دا:
حکوومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ قەزای پشدەری ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە قەزای شارباژێڕ. لە پڕۆسەی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا زانیاری ورد و تایبەت بە ڕەوشی کارگێڕی لیواکانی عێراق تۆمارکرا، وەکو یەکە کارگێڕییەکان، ڕووبەر و دانیشتووانەکەی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیترەوە پێویستی یەکە کارگێڕییەکان لە دوای تەواو بوونی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی مافی زەوییەکانی ھەریەک لەلایەن فەرمانگەکانی تەسوییەوە کێشرا.
- لە نێوان ساڵان(١٩٤٧–١٩٥٨)دا:
- ھێنانە کایەی ناحیەی سیوەیل لە سنووری قەزای شارباژێڕ و ناوەندەکەشی لە گوندی مڕانێ، بەپێی ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٨٥٧) لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥دا.
- بەمەش ژمارەی ناحیەکانی قەزای شارباژێڕ بووە (٤) ناحیە.
سەردەمی کۆماری
[دەستکاری]ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨–١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩–٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.[١١]
- لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨–١٩٦٥)دا:
- دابڕانی (٧) کەرت و گوندی ناحیەی سیوەیل و لکاندنی بە ناوەندی قەزای شارباژێڕەوە بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٦٠دا.[١٢]
- لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە کە لە (٥) ناحیە پێکھاتبوو.
- لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥–١٩٧٧)دا
- لەم ماوەیەدا ھیچ گۆڕانکارییەک لە قەزای شارباژێڕدا نەکرا.
- لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧–١٩٨٦)دا:
- (أ) گۆڕینی ناوی ناحیەی ماوەت بۆ (ناحیەی کارێزە) و گواستنەوەی ناوەندەکە لە گوندی ماوەتەوە بۆ گوندی کارێزە (موجەمەعی کارێزە) و لکاندنی (٦) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە (ناحیەی کارێزە) و بەپێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(٢٤٣٣٥)ی ساڵی ١٩٧٩، (ب) گۆڕینی ناوی ناحیەی سیوەیل بۆ (ناحیەی کەناروێ) و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی باسنێوە بۆ گوندی کەناروێ (موجەمەعی کەناروێ) و لکاندنی (١٢) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ بە ناحیەی کەناروێوە بە بەپێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی (٢٤٣٩٦)ی ساڵی ١٩٧٩.
- دابڕانی (١٤) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێنەوە بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٢١) لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩دا.[١٣]
- دابڕانی (٢) کەرت لە ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای شارباژێڕ و لکاندنیان بە ناحیەی شارەزووری سەر بە قەزای ھەڵەبجەوە.
- گواستنەوەی ناوەندی (ناحیەی کارێزە) لە جێکەوتی ئێستای بۆ ناوەندی قەزای شارباژێڕ بەپێی فەرمانی وەزارەتی حکومی مەحەلی ژمارە(٧٨١) لە ساڵی ١٩٨٦دا.[١٤]
- قەزای شارباژێڕ لەم ماوەیەدا بووە (٤) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزا(چوارتا)، ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە)، ناحیەی کەناروێ(کەناروێ)، ناحیەی کارێزە(کارێزە).
- لە نێوان ساڵانی(١٩٨٨–١٩٩٠)دا:
- ھەڵوەشاندنەوەی قەزای شارباژێڕ و بەستنەوەی ھەموو کەرتەکانی بە قەزای سلێمانییەوە.[١٥]
سەردەمی حکوومەتی ھەرێم
[دەستکاری]- لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١–١٩٩٢)دا:
لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.
- لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢–٢٠٠٣)دا:
- لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ی ئەیلوولی ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٦]
- لە ساڵی ١٩٩٢دا قەزای شارباژێڕ لە ناوەندی قەزا(چوارتا) و ناحیەی ماوەت(ماوەت) و ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە) و ناحیەی سیوەیل(باسنێ) پێکھێنرایەوە.[١٧]
- لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣–٢٠١٩)دا:
- لە ساڵی (٢٠٠٥)دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی کارگێڕی لە سنووری قەزای شارباژێڕدا، (٣) ناحیە دروستکران بە ناوەکانی ناحیەی سیتەک(سیتەک)، ناحیەی زەلان(زەلان) و ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن). بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٥٥٤٦) لە (٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٤).
- دابڕانی ناحیەی سرۆچک بە ھەموو گوندەکانی لە قەزای شارباژێڕ و لکاندنی بە قەزای سەید سادقەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٣١٠٨) لە (٢ی ئایاری ٢٠٠٧).
- دروستکردنی قەزای ماوەت و دابڕانی ناحیەی ماوەت و ھەموو گوندەکانی و خستنە سەر قەزا تازەکە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٢١٨١) لە (٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨)دا.
- لە ئێستادا قەزای شارباژێڕ پێکھاتووە لە ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ(چوارتا)، ناحیەی زەلان(زەلان)، ناحیەی سیوەیل(باسنێ)، ناحیەی سیتەک(سیتەک) و ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن).
مێژووی ناحیەکە لە چەند نەخشەیەکدا
[دەستکاری]-
نەخشەی ناحییەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ١٩٤٧دا
-
نەخشەی ناحییەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ١٩٥٠دا
-
نەخشەی ناحییەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ١٩٦٠دا
-
نەخشەی ناحییەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ١٩٧٩دا
-
نەخشەی ناحییەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ لە ساڵی ١٩٨٧دا
کارگێڕی
[دەستکاری]ئەم ناحیەیە لە ٣١ گوند پێکھاتووە:[١٨]
- چوارتا (ناوەند)
- ئاژگە
- ئەستێرک
- باخی ئاشی
- بەردەزەرد، شارباژێڕ
- بناویلەی چوارتا
- بەیانان
- بزورگی
- بێتوات
- تازەدێ، چوارتا
- جوبرەئیل، شارباژێڕ
- چنارەی چوارتا
- خمانێ
- خێوەتە، شارباژێڕ
- دڕەڵەی حاجی
- دێگەڵ
- سامان، شارباژێڕ
- ساڵانان
- سنجەڵێ
- سنکێ
- سەرسیر
- شەمساوا
- قەڵاچوالان
- قشڵاغ، شارباژێڕ
- قوتابیان
- کەناروێ
- کیسەڵاوا
- گەنکێ
- گردەزبێر
- مێکۆکان
- واژە
- وەڕاز
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab». hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). لە 2018-09-13 ھێنراوە.
- ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
- ^ پێشبینی دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
- ^ Louis D. , Geographical Levine, ; 84-8ii 4: 0.101.1RIMA II A. ;78-15; 75b-RIMA III A.0.102.2: ii 10Studies in the Neo-Assyrian Zagros: I, Iran, Vol. 11 (1973), pp. 1-27.
- ^ د. کۆزاد محەممەد ئەحمەد. گرفتی ناوی شارباژێڕ(گۆڤاری بابان) (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
- ^ د. کۆزاد محەممەد ئەحمەد. گرفتی ناوی شارباژێڕ(گۆڤاری بابان) (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
- ^ https://www.openstreetmap.org/#map=11/35.7164/45.5569
- ^ https://www.geonames.org/99237/republic-of-iraq.html
- ^ ساڵنامەی عوسمانی ١٣٩٤–١٣٩٨ (تورکی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
- ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦ (عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
- ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
- ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/25.html
- ^ https://moj.gov.iq/upload/pdf/4617.pdf
- ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/6829.html
- ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
- ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
- ^ گۆڤاری پەرلەمان ژمارە(٢) تیشرینی یەکەم١٩٩٢، بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢) پاشکۆی(١)
- ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند (کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.