بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناحیەی سەنگاو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناحیەی سەنگاو
بە عەرەبی: ناحیة سنکاو
بە ئینگلیزی: Sangao Sub-District
نەخشەی سەرەوە
نەخشەی کارگێڕی ناحیەی سەنگاو
نەخشەی خوارەوە
نەخشەی ناحیەی سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵ
(مۆری تۆخ)
Map
ناحیەی سەنگاو
پۆتانەکان: 35°17′10″N 45°10′37″E / 35.28599°N 45.17684°E / 35.28599; 45.17684پۆتانەکان: 35°17′10″N 45°10′37″E / 35.28599°N 45.17684°E / 35.28599; 45.17684
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای چەمچەماڵ
مەڵبەندسەنگاو
ژمارەی گوندەکان١٠١
بوون بە ناحیە١٨٧٥
دەسەڵات
 • بەڕێوەبەرئارام مەعروف
ڕووبەر
 • ناحیە٨٩٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٤٦ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٨٣٣ مەتر (٢٬٧٣٣ پێ)
بەرزترین بەرزایی
١٨٤٦ مەتر (٦٬٠٥٦ پێ)
نزمترین بەرزایی
٤٦٤ مەتر (١٬٥٢٢ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • ناحیە٧٣٩٥
 • چڕی٨٫٢٦ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢١٫٤ کەس لە میلی چوارگۆشە)
 • شاری
١٩٦٦
 • لادێیی
٥٤٢٩
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

ناحیەی سەنگاو یەکێکە لە حەوت ناحیەی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارەدێی سەنگاوە.[٢] ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی سەنگاو لە ساڵی ٢٠٢٠دا (٧٬٣٩٥)کەسە.[٣]

ناحیەی سەنگاو سەرجەمی دانیشتووانەکەی کوردە، وەیەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق، لە سەرەتادا لەگەڵ قەزای چەمچەماڵدا سەر بە سنجاقی سلێمانی بوو، بەڵام لەگەڵ داگیرکاری ئینگلیز و درووستکردنی دەوڵەتی عێراق بۆ کەم کردنەوەی لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، قەزای چەمچەماڵ خرایە سەر پارێزگای کەرکووک، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و پاکتاوکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو لە ساڵی ١٩٧٦دا قەزای چەمچەماڵ خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا چارەنووسی ئەم ناحیەیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی (ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق) دەکات.[٤]

لە شاڵاوی ئەنفالدا ئەم ناحیەیە لەسەر ئاستی ناحیەکانی باشووری کوردستان زۆرترین قوربانی داوە لە دوای ناحیەی قادرکەرەم.[٥]

ناو[دەستکاری]

ناحیەی سەنگاو ناوەکەی لە ناوەندەکەیەوە وەرگرتووە کە ئەویش شارەدێی سەنگاوە.

  • وشەی سەنگاو لێکدراوی دوو وشەی(سەنگ+ئاو)، سەنگ بە واتای بەرد، ئەو جێگایەی شارەدێی سەنگاوی لێ درووستکراوە بەسروشتی خۆی بەردی زۆری لێیە تەنانەت تەواوی ناحیەکەش ھۆکاری زیاتری ئەوەیە کەوتووتە دامێنی چیاوە، ھەروەھا سەرچاوەی ئاوی زۆری ھەیە، ئەم دوو وشەیە لێکدراوە و بووەتە سەنگاو.
  • وشەی سەنگاو بە واتای (گۆلاو) دێت، شوێنێک کە ئاوی بارانی لێ کۆ دەبێتەوە.[٦]

جوگرافیا[دەستکاری]

ناحیەی سەنگاو ھاوسنوورە لەگەڵ؛

مێژوو[دەستکاری]

سەردەمی عوسمانی[دەستکاری]

  • لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩)

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. سیستەمی کارگێڕی ئەم ماوەیەی دەسەڵاتی عوسمانی لە سنجاق و قەزا پێکھاتبوو.

    • لەم ماوەیەدا ناحیەی سەنگاو قەزا بووە و سەر بە سنجاقی سلێمانی بووە و ناوی (مەحال دەھلۆ(دەلۆ)) کە بەناوی ھۆزی دەلۆوە ناونراوە لە ناوچەکەدا ھۆزی دەلۆ باڵادەست بوون پێش ئەوەی ئەم ھۆزە ڕابگوێزرێن بۆ قەزای کفری لە لایەن عوسمانییەکانەوە، ناوەندەکەشی شارەدێی سەنگاو بووە.[٩]
  • لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو.
  2. گۆڕینی ناوی (قەزای دەلۆ) بۆ قەزای سەنگاو ھۆکارەکەشی لەوانەیە بۆ گواستنەوەی زۆرەملێی (ھۆزی دەلۆ) بۆ ناوچەی کفری بێت.[١٠]
  3. لەم ماوەیەدا لیوای سلێمانی لە ١٦ قەزا پێکھاتبوو کە یەکێکیان قەزای سەنگاو بوو.
نەخشەی لیوای سلێمانی لە ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)
  • لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا

لەم ماوەیەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە.

    • (قەزای سەنگاو) و (قەزای زەنگەنە) بچووک کرانەوە و بوونە ناحیە و خرانە سەر قەزای قەرەداغ.
    • لیوای سلێمانی لەم ماوەیەدا پێکھاتبوو لە ٦ قەزا.[١١]
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٧٥دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٨٩٤دا
نەخشەی سنجاغی(پارێزگا) سلێمانی لە ساڵی ١٩١٢دا

لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨)[دەستکاری]

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی(٥) ئەندام وەکو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقدا(المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نیوان عێراق - تورکیا لە سەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی ١٩٢٥ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق،[١٢]

نەخشەی کارگێڕی لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٦دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦ - ١٩٥٨)دا

لەم ماوەیەدا قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە سێ ناحیە پێکھاتبوو ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر، وەھیچ گۆڕانکارییەک لە کەرتەکان و یەکە کارگێڕییەکانیدا نەکرا.

نەخشەی کەرتەکانی ناحیەی سەنگاو لە ساڵی ۱۹٤۷دا

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا[دەستکاری]

ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم قەزایە تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٤]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨ - ١٩٧٥)دا

قەزای چەمچەماڵ لەم ماوەیەدا سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو لە ڕووی کارگێڕییەوە ھیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا لە کەرت و ناحیە و گوندەکانیدا.

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٥ - ١٩٨٦)دا
  1. دابڕانی ھەردوو قەزای کەلار و قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک و بەستنەوەیان بە پارێزگای سلێمانییەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٠٨) لە ٦\١١\١٩٧٥دا.
  2. دابڕانی (٦) کەرت لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لکاندنیان بە ناحیەی قەرەحەسەنی سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢) لە ٢٤\١\١٩٧٦دا.
  3. دابڕاندنی کەرتێک لە قەزای چەمچەماڵ و لکاندنی بە ناحیەی قەرەھەنجیری سەر بە قەزای کەرکووک بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٣) لە ٦\٥\١٩٧٩دا.
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹۷٥دا
نەخشەی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧دا.jpg
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٧ - ١٩٩٠)دا
  1. لەگەڵ پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس ھەستا بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی زۆرەملێ بە ناوی (موجەمەعی شۆڕش) لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی گوندە خاپوورکراوەکانی ئەم قەزایە. لەو ماوەیەدا بە فەرمانی کۆماری لە ١٢\٥\١٩٨٧دا ھەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و ناحیەی سەنگاو ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانیان لکێندران بە ناوەندی قەزاکەوە.
  2. ڕژێمی بەعس چۆن ئامانجی لە دابڕاندنی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای کەرکووک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک بوو ھەمان کرداری لە سەر قەزای دووزخورماتوو جێبەجێکرد، بە فەرمانی ژمارە(٣٦٨) لە ٣٠\٦\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی لە قەزای دووزخورماتوو دابڕاند و لکاندی بە قەزای چەمچەماڵە.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٠٨) لە ٣\٨\١٩٨٧دا ناحیەی قادرکەرەمی ھەڵوەشاندەوە و ھەموو کەرتەکانی لکاند بە ناوەندی قەزای چەمچەماڵەوە.[١٥]
نەخشەی کارگێڕی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا
نەخشەی قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ۱۹٨۷دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٦]
  2. قەزای چەمچەماڵ دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەر.
  3. ھێنانە کایەی ھەردوو ناحیەی شۆڕش و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند لەساڵی ٢٠٠٠دا بە دابڕانیان لە کەرتەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی ئاغجەلەر بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  • لە ماوەی ساڵانی(٢٠٠٣ - ٢٠١٥)دا:
  1. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ناحیەی قادرکەرەم ئاوەدان کرایەوە لەگەڵ گوندەکانی و ناحیەیەکە وەک یەکەی کارگێڕی گەڕایەوە سەر قەزای چەمچەماڵ.
  2. ھێنانە کایەی ناحیەی تەکیەی جەباری بە دابڕانی لە کەرتەکانی ناحیەی قادرکەرەم لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(ئیدارەی سلێمانی).
  3. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئیدارییەش ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە رۆژی ٦/٨/٢٠٠٦ ئیدارەی گەرمیانی پێکھێنا کە ناوەندەکەی شارۆچکەی کەلار بوو، قەزای چەمچەماڵ یەکێک بوو لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان.
  4. بە بڕیاری لە ساڵی ٢٠١٤دا قەزای چەمچەماڵ لە ئیدارەی گەرمیان دابڕاو خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی.

شاڵاوی ئەنفال[دەستکاری]

ئەوەی لە شاڵاوی ئەنفالدا ڕوویدا تەنھا ھەوڵێک نەبوو بۆ لەناوبردن و کوشتنی تاکی کوردی، بەڵکو ھەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆرکی نەتەواویەتی گەلی کورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەکەی دابەشکردبوو بەسەر (٨)قۆناغدا و لە (٦) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوو لە ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات.

قۆناغەکانی ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بۆ ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨. (٨)قۆناغ لە (٦) ناوچەی جوگرافیادا:

  1. قۆناغی یەکەم بۆ سەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی.
  2. قۆناغی دووەم بۆ سەر قەزای قەرەداغ.
  3. قۆناغی سێیەم بۆ سەر ناوچەی گەرمیان.
  4. قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوکە و دۆڵی زێی بچووک.
  5. قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆ سەر ناوچەکانی قەزای شەقڵاوە و قەزای ڕەواندز.
  6. قۆناغی ھەشتەم و کۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان.

سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی باشووری کوردستان کۆتایی ھات .

قۆناغی سێیەمی ئەنفال(٧/٤ تا ٢٠/٤/١٩٨٨)[دەستکاری]

ئەم قۆناغە لە ٧ی نیسان بەبۆنەی جەژنی شومی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە دەستی پێکرد ئەم ھێرشە بەکاریگەرترین و کوشندەترین و بەزیانترین ھەڵمەت دادەنرێت بۆ سەر ناوچەکانی (قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو، ناحیەی قادرکەرەم، قەزای دووزخورماتوو، قەزای کفری، قەزای کەلار، ناحیەی پێباز، ناحیەی ڕزگاری)، ئەم ناوچانە سەر بە ھەر سێ پارێزگای (پارێزگای کەرکووک، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای دیالە)بوون، ئەمەش فراوانترین ھێرشی ئەنفال بوو کە پتر لە (٥٠٠)گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختکردنی (٤) ناحیە.

  • زیانەکانی ئەم قۆناغە
  1. نزیکەی (٥٠٠) گوندی گەرمیان وێران کرا.
  2. پتر لە (٣٠٬٠٠٠) گەنج و ژن و مناڵ وپیری بێسەروشوێن کرد.
  3. سنووری قەزای چەمچەماڵ (٥٬٦٤٥)کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  4. ناحیەی قادرکەرەم (١٤٬٨٦٣) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  5. قەزای کەلار (٤٬٥٦٧) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  6. ناحیەی سەنگاو (٤٬٩٢٢) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  7. ناحیەی ڕزگاری (٣٬٦٨٠) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.
  8. ناحیەی پێباز (٤٤٢٠) کەسی بێسەرو شوێن کراوە.[١٧]

کارگێڕی[دەستکاری]

ئەم ناحیەیە لە ١٠١ گوند پێکھاتووە:[١٨]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  4. ^ http://www.com140.com/paper.php?source=akbar&mlf=copy&sid=5
  5. ^ https://web.archive.org/web/20170611001206/http://uk.gov.krd/articles/detail.aspx?lngnr=12&anr=36742
  6. ^ https://lex.vejin.net/ck/search/?t=سەنگاو
  7. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11068391
  8. ^ https://www.geonames.org/99237/republic-of-iraq.html
  9. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  10. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  11. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  12. ^ محمود فھمی درویش. الدلیل العراقی الرسمی لسنة ١٩٣٦(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ د.عثمان علی. الکورد فی الوثائق البریطانیة(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ https://uomustansiriyah.edu.iq/books/94357.html
  16. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  17. ^ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=369
  18. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.