گەنم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گووڵە گەنم
فەردە گەنم

گەنم، گەندم، گەنەم، گەنمێ خەلە یان غەلە (بە ناوی زانستی Tritticum Spp) لە خێزانی گیایییە بەناوی Poaceae، گیای ئاڵێکی بە ساقەتەی گرێ گرێ و ھڵۆڵ، گەڵای درێژ و بەری زەردی بچووکەوەیە. ھەروەھا بە دەنکی ئەو گیایە دەگۆترێت کە دەیھاڕن و ئاردەکەی دەکەنە نان و بژیوی مرۆڤە. بە جاڕی گەنم گەنمەجاڕ، گەنمزار یان مەزرای گەنم دەگۆترێت.[١]

پێکھاتەو مێژووچەیەکی گەنم[دەستکاری]

وا باوەڕە کە گەنمی ئارد لە سێ جۆری خۆرسک پێکھاتبێ و نیشتمانی ڕاستەقینەشی کوردستانە، لێکۆڵەرەوە مێژوویەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە بەر لە ھەموو شوێنێک مرۆڤی کوردستان ئاشناییان لەگەڵ گەنم ھەبووە و بۆ خۆراکی خۆیان بە کاریان ھێناوە، ھەروەک لە گوندی چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ و ھەزار مێردی نزیک سولەیمانی و گوندی عەلی قوش لە کوردستانی ڕۆژھەڵات دۆزرایەوە، کە لەو ھەڵکۆڵراوەی لەسەر گردی چەرمۆ و دەرکەوتووە کە (١٠–١٦) ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا مرۆڤ لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووە و ھەر لەو کاتییەوە گەنمیان بۆ خۆراک بەکار ھێناوە. لەدوایش بەرە بەرە بۆ ۆلاتانی تری ئاسیا و ئەفریقیا و ئنجا بۆ ئەورووپا بڵاو بووەتەوە، ھەموو بەڵگە مێژوویییەکانیش ئەوە دەردەخەن کە شارستانییەتی لە میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە) لەسەر بنچینەی بەروبوومی گەنم بووە.

گرنگی ئابووری گەنم[دەستکاری]

لەبەر ئەوەی گەنم بە بەروبوومێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ خۆراکی مرۆڤ بۆیە پایەکی بەرزی ھەیە لە ئابووری ھەموو وڵاتێکدا و ھەر لە چاخەکانی پێش مێژووەوە خۆراکی مرۆڤ بووە سەرەتا بە برژاوی خواردوویانە، ئنجا دوایی کردوویانەتە ئارد و ھەویر و تاکوو توانیویانە نانی لێ دروستبکەن. چونکە لە ناو دەنکی گەنمی ورددا جۆرێک لە گلۆتین لەناو پڕۆتین دا ھەیە کە شێوەیەکی لاستیکی ھەیە و بە ئاسانی دەبێتە نان و سەموون، بەڵام جۆرێک لە گەنمی ورد ھەیە گڵۆتینەکەی زۆر لاستیکی نییە بۆیە ئەو جۆرانە بۆ دروستکردنی کێک و بسکویت بەکار دەھێنرێن، بەڵام گەنمی درشت کە گڵۆتینی ڕەقە و لاستیکی نییە بۆ بەرھەمھێنانی ھەڕشتە و ساوار بەکار دەھێنرێت. ئاردی گەنم (١٢–١٧٪) پڕۆتینە و (٧٥٪) کاربۆھیدراتە و (١٫٥٪) ڕۆنە ھەروەھا ڤیتامینی B1, B1 خوێیە کانزایییەکانی وەک کالسیۆم و مەگنسیۆم و فۆسفۆر و ئاسنی تێدایە.

بە کورتی دەتوانین گرنگی ئابووری گەنم لەم خاڵانە چڕبکەینەوە:

  1. بەکارھێنانی دەنکی گەنمی ورد بۆ نان و سەموون.
  2. بەکارھێنانی دەنکی گەنمی درشت بۆ ساوار و گەنمە کوتا و ھەڕشتە.
  3. لە پیشەسازی شیرینەمەنی و ھەویرکاری وەک کێک و بسکویت بەکار دێت.
  4. دەنکی گەنم وەک ئالیک دەدرێتە ئاژەڵ.
  5. قەد و گەڵای بە سەوزی و قرشە و کایەکەشی بە وشکی وەک ئالیک دەدرێتە ئاژەڵ.

ناوەندەکانی بەرھەمھێنان[دەستکاری]

دەکرێ گەنم لەزۆربەی ناوچەکانی جیھان بچێنرێ، بەڵام بەرێژەی (٧٥٪) لە باکووری گۆی زەوی دەچێنرێت، لە ناوچە دەشتایییەکانی یەکسان لەگەڵ ئاستی ڕووی دەریا ھەتا بەرزایی (٤٥٠٠) م دەچێنرێ، و (٧٪) چاندنی گەنم بەشێوەی دێمەکارییە واتە پشت بە باران دەبەستێت، وەک بەروبوومێکی زستانە دەناسرێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم وەک بەھارە دەچێنرێت بە تایبەتی لە ناوچە زۆر ساردەکان.

گرنگترین ئەو وڵاتانەی کەگەنم بەشێوەیەکی فراوان دەچێنن و ھەناردەی دەرەوەی دەکەن، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین و ڕووسیا و ئوسترالیا و ھند. لە عێراقیش گەنم بە ڕێژەی ھەرە زۆری لە کوردستان دەچێنرێ، بە تایبەتی گەنمی درشت، وەک لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دھۆک و مووسڵ و ھەروەھا لە دیالە و تکریت و کوت.

ژینگەی گونجاو[دەستکاری]

گەنم زیاتر حەز بە کەش و ھەوای فێنک دەکات بۆیە لە کوردستان بە تایبەتی لە پێدەشتەکان بە بەرفراوانی دەچێنرێ بە ئاوی باران، لە ناوەراست و خوارووی عێراق زیاتر بە ئاودێری دەچێنرێ، ژینگەی گونجاوی گەنم زیاتر دەکرێ لەم خاڵانەی خوارەو کۆ بکرێتەوە:

  • ا باران:- ڕادەی بارانبارینی پێویست بۆ بەرھەمھێنانی گەنم (٤٠٠–٩٠٠) ملم دەبێ بەڵام لەو ناوچانەی تا (٢٥٠) ملمیش ببارێت بەرھەم دەدات بەڵام بەرھەمێکی کەم و دەنکی تۆوەکان بچووک دەبێت و قەد و گەڵای لاواز و کەم دەبێت، زۆری بارانبارین و بەرزی پلەی گەرما لە کاتی گوڵکردن دەبێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشی ژەنگ و کوورک (خەڵووزە)، بەڵام کەمی باران و وشکی ئاووھەوا دەبێتە بچووکی دەنکەکان و لاوازی قەد و گەڵاکانی گەنم.
  • ب پلەی گەرما:- پلەی گەرمای نموونەیی بۆچاندن (٢٥) س◦ و نزمترین پلەی گەرما (٣–٤) س◦ بەڵام بەرزترین پلە (٣٠–٣٢) س◦، لەکاتی گوڵکردن بای بەھێزی وشک و بەرزی پلەی گەرما زیان بە گوڵەکەی دەگەیەنێت، بەگشتی پلەی گەرما بەگوێرەی جۆری گەنمەکە و قۆناغی سەوزبوونەکەی دەگۆڕێت، کە بەم شێوەیەیە:

قۆناغ پلەی گەرما

سەوزبوون ٣–٤ س◦

لق وچڵ دەرکردن ١٣–١٤ س◦

پێگەیشتن ٢٣ س◦

  • ج خاکی گونجاو:-پێویستی بە خاکی بەپیتی مام ناوەندی تا قورسیش ھەیە بە مەرجێ ئاوەرۆ باش بێت، لە خاکی تێکەڵاو باشترین بەرھەم دەدات، بەڵام خاکی لمی باش نییە چونکە شێی زوو ون دەکات، باشترین پلەی ترشێتی خاکیش بۆ گەنم pH (٦–٦٫٥) بەڵام خاکی لمی و تفت و سوێر گونجاو نییە بۆ چاندنی گەنم.

پۆلەکانی گەنم: گەنم بەگوێرەی جۆری ئاردەکەی دەبێتە دووپۆل:

  • آ- گەنمی ورد:- ئەم جۆرەیان دەنکی وردە و بۆ نانکردن بە کار دێت چونکە گڵۆتینی ناو پرۆتینەکەی شێوەیەکی لاستیکی ھەیە، ئەو پۆلانەی لە کوردستاندا زۆر باون (مەکسیباک. شام٦، ڕزگاری، تموز٢، ئەبوغریب).
  • ب- گەنمی درشت:- دەنکیان لە ھی پێشوو گەورەترە، گلۆتینیان شێوەی لاستیکی نییە بۆیە بە تەنھا بۆ نانکردن بە کار نایێ، زیاتر بۆ ساوار و بروێش و ھەرشتە بە کار دێت، وەک (ڕەشگوڵ، شام٥ و شام٣ و ئەکساد٦٥، سمیتۆ, ڕزگاری).

بەگوێرەی وەرزی چاندنیش گەنم دەکرێ بە دوو جۆر:

  • ا- گەنمی زستانە: کە لە سەرەتای زستان دەچێرێ و لە سەرەتای ھاوین کۆتایی بەتەمەنی دێت، واتە تەمەنی (٦–٨) مانگ دەبێت، ئەو جۆرە گەنمە زیاتر لەگەڵ ئاووھەوای کوردستان دەگونجێت واتە ئاووھەوای دەریای سپی ناوەراست.
  • ب- گەنمی بەھارە: کە لە سەرەتای بەھار دەچێنرێ و لەسەرەتای پاییز دەدورێتەوە واتە تەمەنی (٤–٦) مانگە، زیاتر لەو ناوچانە دەچێنرێ کە ئاووھەوایان زۆر ساردە وەک دەشتەکانی کەنەدا و ڕۆژاوای سیبریا و باکووری وڵاتە یەکگرتووەکان لە دۆڵی ڕووباری دانوب لە ئەورووپا.

کاتی چاندنی گەنم[دەستکاری]

چونکە گەنم لە کوردستان بۆ چاندن پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، بۆیە کاتی چاندنی دەوەستێتە سەر کاتی بارانبارین لە کوردستان لە ١٥/١٠ تاکو ١٥/١٢ دەچێنرێ دەشکرێ درەنگتریش بچێنرێ، بەڵام بەرھەمی کەم دەبێت.

بڕی تۆو بۆ چاندن: دەوەستێتە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

  1. جۆری خاک
  2. ڕێگای چاندن
  3. ڕێگای ئاودان
  4. پۆلی گەنمەکە
  5. ڕێگەی سەوزبوونی لە تاقیگەدا، ھەروەک لەم خشتەیە دیاریمان کردووە:-

گەنمی ورد (مەکسیباک) بڕی تۆو گەنمی درشت (ڕەشگوڵ) بڕی تۆو ناوچەی دێمی (باران) ٣٠ کگم/دۆنم ناوچەی دێمی (باران) ٣٥ کگم/دۆنم ناوچەی بەراو (ئاوی) ٢٥ کگم/دۆنم ناوچەی بەراو (ئاوی) ٣٠ کگم/دۆنم

کردارە خزمەتگوزارییەکانی خاک و بەروبووم[دەستکاری]

لە کوردستان وا باشە لەدوای دروێنەی بەروبوومی زستانە کێڵانێکی بەقووڵی (١٢–١٥) سم بکرێ ئەمەش چەند سوودێکی دەبێت :-

  1. بەپیت کردنی زەوییەکە، ئەویش بە ھەڵگێڕانەوەی پاشماوەی بەروبوومە کۆنەکە و شاردنەوەی لە ناوەوەی خاکەکە تاکو شی بێتەوە.
  2. شێداری زەوییەکە دەپارێزێ، بەوەی ڕێچکەی ئاوی موولوولەی ناو خاک تێدەدات بەمەش ئاوەکە ون نابێت.

زیاتر لە کوردستان بەھاوینان زەوی بە بەیار دەمێنێتەوە بە تایبەتی لە ناوچە دێمەکارییەکان ئنجا لە پاییز کێڵانی بۆ دەکرێتەوە، دەبێت خاکەکە بە قووڵی (٥ – ٧٫٥) سم نەرم و شل بکرێتەوە، لە خاکی بەپیت و تێکەڵ کێڵانی ڕووکار بە گونجاوتر دادەنرێ لە ھی قووڵ، و لێکۆڵینەوەکانیش سەلماندوویانە کێڵانی بەھارە زۆر پێویستە لە پێش ھی پاییزە بکرێت. کردارەکانیش ئەمانەن:-

  1. ئامادەکردنی زەوی:- واباشە خاکی قوڕی تێکەڵاوی ئاوەڕۆ باشی بێ گژوگیا بێت ئنجا کێڵانی بە قووڵی (١٢) سم بۆ دەکەین، دەبێ لەو کاتانەش کێڵان بکەین کە خاکەکە بە ئاسانی شی ببێتەوە، نە زۆر شێدار بێت و نە زۆر وشک بێت، لە ناوچەی باراناوی لە دوای بارینی بارانێکی پێویست دەکرێ چاندنی گەنم ئەنجام بدرێت، لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێ کێڵان ئەستوون بێت لەسەر لێژایی زەوییەکە.
  2. خولی کشتوکاڵی:- لە کوردستان لەو شوێنانەی بارانیان مسۆگەرە خولی کشتوکاڵی دوانەیی بە کار دێت، بەچاندنی ڕوەکێکی پاقلەیی وەک نیسک یان نۆک بە شێوەی جێگۆڕکێ لەگەڵ گەنم، یان خولی سێیانە بە شێوەی بەیار –نیسک- گەنم. بەڵام لە ناوچە دێمییەکان کە ڕادەی بارانبارین کەمترە لە (٤٥٠) ملم لە ساڵێکدا ئەوە گەنمەکە دەکرێ بە دوو بەش گەنم – بەیار ساڵی دوایی جێگۆڕکێی بۆ دەکەین، لە ناوچە بەراوەکان گەنم لەدوای لۆکە یان گەنمەشامی دەچێنرێ.
  3. پەیین پێدان:- گەنم یەکێکە لەو بەروبوومانەی بەپیتی زەوی کەم دەکاتەوە، بۆیە وا باشە ھاوینان شوێنی زەوییەکە بە بەیار بھێڵرێتەوە و ساڵانەش لەگەڵ چاندندا پەینی پێدا بکرێت، بە تایبەتی پەینی کیمیاوی نایترۆجین و فۆسفات، لەدوا کێڵاندا دەکرێ ھەر دوو جۆرە پەین بە زەوییەکە دابکرێت، بەڵام وا پێویستە لەو حاڵاتانەدا پەینی پێدا بکەین
  • لەو ناوچانەی بارانیان مسۆگەرە لە (٥٠٠) ملم بەسەرەوە.
  • لەکاتی چاندنی گەنمی باڵاکورتی قەد ئەستووردا.
  • لەکاتی چاندنی لە ناوچە ئاوییەکان.

بڕی پەینی پێویست[دەستکاری]

  1. جۆری خاک و بەپیتییەکەی.
  2. جۆر و پۆلی گەنمەکە.
  3. ھەبوونی ئاوی ئاودێری، یان باران.

لە کوردستان لەو شوێنانەی بڕی بارانبارین لە (٥٠٠) ملم دەبێت لە ساڵێکدا (٦٦) کگم/دۆنم یۆریا، (٤٤) کگم/دۆنم سۆپەر فۆسفاتی کالسیۆمی سیانەیە، بەڵام لەو ناوچانەی بڕی بارانبارین لە خوار (٤٥٠) ملم بێت پێویستی بە (٢٢) کگم یۆریا و (٢٢) کگم سۆپەر فۆسفاتی کالسیۆمی سێیانەیە بۆ یەک دۆنم، لە ھەر دوو حاڵەتدا نیوەی نایترۆجین (یۆریا) کە و ھەموو فۆسفاتەکە لە وەختی چاندنەکە واتە لە دواکێڵان بە زەوییەکە دادەکرێت، بەڵام نیوەکەی تری نایترۆجینەکە (یۆریا) دوای ئەوەی بەرزی گەنمەکە دەگاتە(٣٠–٤٠)سم یان (٣–٤) گەڵای دەکات ئنجا پێی دادەکرێت، و لە کاتی جاری دووەمیش پێویستە زەوییەکە شێدار بێت تا زوو یۆریاکە بتوێتەوە، ٤- ڕێگای چاندن:- بە دوو ڕێگا دەکرێ بچێنرێ:-

أ- بە ئامێری تۆدەر: ڕێگایەکی زانستیانەو سەرکەوتووە پێویستە دووری نێوان ھێڵەکان (١٥)سم بێت، قووڵی چاندنیش(٥–٧)سم بێت لە زەوی لماوی پێویستە قووڵی کێڵان زۆربێت لە چاو زەوی قورس. ب- بە دەست وەشاندن: ڕێگایەکی کۆنە و دووری نێوان ڕوەکەکان یەکسان نابێت، لێرەدا جووتیار بە دەست تۆوەکە دەوەشێنی، بەڵام نابێ لە کاتی ھەڵکردنی با دابکرێت.

کارە خزمەتگوزارییەکان پاش چاندن[دەستکاری]

گەنم لە دوای چاندن ئەوەندە پێویستی بە کاری خزمەتگوزاری نییە تەنھا ئاودان و پەینکردن و لەناوبردنی مێروو و گژوگیای زیانبەخشە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ فەرھەنگی زانکۆی کوردستان (فارسی-کوردی)، بە سەرپەرشتیی ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، سنە: زانکۆی کوردستان، ٢٠٠٦: پ ٢٠١٤.

kshtwkal.info