گازی سروشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەرھێنانی گازی سروشتی لەلایەن وڵاتان، بە مەتری سێجا لە ساڵێکدا.
سووتانی گازی سروشتی لەسەر سۆبەی گاز

گازی سروشتی سەرچاوەیەکی وزەی بەبەردبووە کە بە قوڵایییەکی زۆر لەژێر ڕووی زەوی دروست دەبێت. گازی سروشتی چەندین جۆری جیاوازی ئاوێتەی تێدایە. باوترین جۆری گازە سروشتییەکان، گازی میثانە CH4 کە ئاوێتەیە کە لە ١ گەردیلەی کاربۆن لەگەڵ ٤ گەردیلەی هایدرۆجین پێک هاتووە و هەندێک لە گازە سروشتییەکان شلن وەک LNG کە شلەیەکی گازە کاربۆنییەکانە.

چۆنێتیی دروستبوون[دەستکاری]

سووتانی گازی سروشتی کە لە زەوییەوە دێتە دەرەوە لە تایوان

هاوشێوەی نەوت، گازی سروشتی بەرهەمی ماددەی ئەندامی شیبوەوەیە، بەتایبەتی لەو زیندەوەرە بچووکە دێرینانەی لە ژینگەی ئاوی سوێردا دەژین و دوای تێپەڕبوونی ٥٥٠ میلیۆن ساڵ نیشتوون. دواتر ئەم ماددە ئەندامییانە لەگەڵ قوڕ و لم و قوم و لیتەی بنکی زەریاکاندا تێکەڵاوبوون و بەرەبەرە بە تێپەڕبوونی کات لە ژینگەیەکی بێ ئۆکسجینی داخراودا قەتیس بوون.

ئەو شوێنانەی گازی سروشتیی تێدایە[دەستکاری]

لە هەندێک شوێندا گازە سروشتییەکان دەڕۆنە ناو درزە گەورەکان و بۆشایییەکانی نێوان چینە بەردینەکانەوە. ئەو گازە سروشتییانەی کە بەم شێوەیە دەدۆزرێنەوە هەندێک جار پێیان دەگوترێت گازە سروشتییە ئاسایییەکان. هەروەها، گازە سروشتییەکان لەگەڵ نیشتووی نەوتی خاویش هەن و پێیان دەگوترێت گازی سروشتیی ئاوێتە. نیشتووی گازە سروشتییەکان لەسەر وشکانی دەبینرێن و هەندێکیان لە قەراخ و بنکی زەریاکانن. جۆری ئەو گازە سروشتییەی کە لە نیشتووی خەڵووزی بەردیندا دۆزراوەتەوە پێی دەگوترێت میسانی چینی خەڵووزە بەردینەکان.

چۆنێتیی دۆزینەوە[دەستکاری]

ئەو زەویناسانەی کە لە پێکهاتە و دۆخی زەویدا دەخوێنن یەکەم کەس بوون دەستیان کرد بە گەڕان بۆ گازە سروشتییەکان. ئەوان ئەو جۆرە پێکهاتە زەوییانەیان دیاری دەکەن کە دەشێت نیشتووی گازی سروشتیی تێدا بێت. زەویناسان لە سەر زەوی و لە دەریاکانیشدا بەزۆری شەپۆلی دەنگ بۆ دۆزینەوەی شوێنی گازی سروشتی و بیرە نەوتەکان بەکار دەهێنن.


ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەی بیرێک ئەوەی نیشان دا کە پێکهاتەی زەوییەکە بڕێکی باش گازی سروشتیی تێدایە، یەک یان زیاتر لە یەک بیری بەرهەمهێنانی تێدا هەڵدەکۆڵرێت. بیری گازە سروشتییەکان بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی هەڵدەکۆڵرێت. لەدوای هەڵکۆڵین، نیشتوو یاخود پاشماوەی گازە سروشتییەکە لە زەویدا دەمێنێتەوە و گازە سروشتییەکە بەئاسانی بە بیرەکەدا سەردەکەوێتە سەر ڕووی زەوی.

ئەو گازە سروشتییەی کە لە بیری گازی سروشتی یاخود بیری نەوتی خاو دەردەهێنرێت پێی دەگوترێت گازی سروشتیی تەڕ چونکە شانبەشانی گازی میثان، بە زۆری ئیسین-NGL، پڕۆپان، بیوتان، پێنتان و هەڵمی ئاویشی لەگەڵدایە. گازی سروشتی لەوانەیە لە سەرچاوەکەوە ماددە نا-هایدرۆکاربۆنییەکانی وەک گۆگرد، هیلیۆم، نایترۆجین، گۆگردی هایدرۆجین، و کاربۆن دایۆکسایدی تێدا بێت؛ ئەم ماددانە، پێش ئەوەی بە بەکارهێنەران بفرۆشرێن، دەبێت لە گازە سروشتییەکە جیا بکرێنەوە و لاببرێن. کاتێک گازی سروشتی لە سەرچاوەکەوە بۆ بنکەی پاڵاوتن دەنێررێت، هەڵمی ئاو و ئاوێتە نا- هایدرۆکاربۆنیەکان لادەبرێن و NGL جیا دەکرێتەوە لە گازە تەڕەکان و بەجیا دەفرۆشرێن. لەم پڕۆسەیەدا زۆرجار گازی ئیسین وەک پاشماوەیەک دەمێنێتەوە. (NGL)ە جیاکراوەکە پێی دەگوترێت شلەی پاڵێوراوی گازی سروشتی(NGPL) و گازە سروشتییە بەرهەمهێنراوەکە پێی دەگوترێت گازی سروشتیی ناو بۆرییەکان. گازی سروشتیی بەکارهێنان، یان گازی سروشتیی وشک، هەندێک سەرچاوەی گازی سروشتین و ئەوەندە وشکن کە دەگونجێن بۆئەوەی بەبێ پاڵاوتن بە هێڵی بۆرییەکاندا بنێررێن. دواتر بەهەمان شێوەی گازە سروشتییەکانی تر، ماددەی کیمیاییی بۆندار بۆ گازە سروشتییەکە زیاد دەکرێت تاوەکوو لە کاتی لێچووندا هەستی پێ بکرێت. پاشان گازە سروشتییە وشکەکە بە هێڵی بۆرییەکاندا بۆ کۆگاکانی ژێرزەوی یاخود بۆ کۆمپانیاکانی دابەشکردن دەنێررێت و دواتر بە بەکارهێنەران دەگەیەنرێت.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Natural gas explained - U.S. Energy Information Administration (EIA)". www.eia.gov. Retrieved 2022-08-13.