بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناحیەی ناوەندی قەزای بازیان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ناحیەی بازیانەوە ڕەوانە کراوە)
ناحیەی ناوەندی قەزای بازیان
بە عەرەبی: ناحیة مرکز قضاء بازیان
بە ئینگلیزی: Central Bazyan County Sub-District
نەخشەی کارگێڕی ناحیەی ناوەندی قەزای بازیان
Map
ناحیەی بازیان
پۆتانەکان: 35°35′32″N 45°08′38″E / 35.59235°N 45.14387°E / 35.59235; 45.14387پۆتانەکان: 35°35′32″N 45°08′38″E / 35.59235°N 45.14387°E / 35.59235; 45.14387
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
قەزاقەزای بازیان
مەڵبەندبازیان
ژمارەی گوندەکان٥٩
بوون بە ناحیە١٩٢٧
دەسەڵات
 • بەڕێوەبەرئیسماعیل محەممەد
ڕووبەر
 • سەرجەم٣٦٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٤٢ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٨١٣ مەتر (٢٬٦٦٧ پێ)
بەرزترین بەرزایی
١٣٣٤ مەتر (٤٬٣٧٧ پێ)
نزمترین بەرزایی
٦٧٨ مەتر (٢٬٢٢٤ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٥٠٨٣٣
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

ناحیەی بازیان یەکێکە لە سێ ناحیەی قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارەدێی بازیانە.[٢] [٣][٤]

ناحیەی بازیان دەکەوێتە باکووری خۆرھەڵاتی "عێراق"ەوە، ھەروەھا ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان و باشووری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی، ھەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژھەڵاتی بە زنجیرە (چیای تاسڵوجە) و بەشی خۆرئاوای بە (زنجیرە چیای ھەنجیرە) دەورە دراوە، لە باکوورەوە (چیای توکمە)، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- کەرکووک) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتوانەوە.

ئەگەر زیاتر وردی بکەینەوە ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت حەوزی بازیان، لەبەرئەوەی بە زنجیرە شاخێک دەورە دراوە، (شاخی بەرانان) کە لە بەرانانەوە دەست پێدەکات لە (شاخی تۆکمە) کۆتایی دێت، لێرەشەوە بۆ (دەربەند بازیان) بەرەوە خۆرئاوا  درێژ دەبێتەوە، پێی دەوترێت زنجیرە (شاخی کوونە گورگ و خەربەنەلوو)، لە دەربەندی بازیانەوە کە ناسراوە بە بەردە قارەمان تاسەر بەندەری باسەڕە کە پێکەوە ناسراون بە زنجیرە (شاخی ھەنجیرە و دەربەندی بازیان) لەوێشەوە بە (زنجیرە شاخی قەڵای پەخش و ڕێحانە)، زنجیرە شاخێکە کە دەشتی بازیان دەکات بە دووبەشەوە ، دەشتی ھەیاس، دەشتی کۆیک.[٥]

  • مامۆستا مەسعوود محەممەد نووسەر پێیوایە، کە بازیان لە (باجیان)ەوە ھاتووە ئەوەش بەھۆی ئەوەی دەربەندەکە یاخود ناوچەکە شوێنێک بووە بۆ وەرگرتنی باج لە خەڵک.
  • مامۆستا کەریم زەند و جەمیل ڕۆژبەیانی پێیانوایە بازیان لە (باسیان)ەوە یان سیانەوە ھاتووە کە ناوی دوو ھۆزی کۆنی کوردن پێش ھۆزەکانی ھەمەوەند و کافرۆش لەناوچەکەدا جێگیربوون پاشان کۆچیان کردووە بەرەو یەمەن و دوورگەی عەرەبی".[٦]
  • مامۆستا شاکر فەتاحی مێژوونوس، پێیوایە بازیان لە (بێت زیان)ەوە ھاتووە، ئەوەش ناوێکی سریانییە، وەک چەند ناوێکی دیکەی سریانییمان ھەیە باعەزرا (بێت عەزرا)، باتۆڤا (بێت تۆڤا).
  • ھەروەھا لە کتێبی مورشیدیشدا ناوی بازیان لە (زیان)ەوە ھاتووە، لەبەرئەوەی بەشێک لە مێژوونووسان پێیانوایە ئێرە شوێنێک بووە بۆ کوردەکان تووشی زیان و دۆڕاندن بوونەتەوە، ھەروەھا دەربەندی بازیان چەندین ناوی دیکەشی پێوتراوە وەک (دەربەندە وشکە) و (دەربەندە ڕووتە).
  • بەڵام ئەو بۆچوونەی کە زۆر نزیکە لە ڕاستییەوە (باز) بەواتای (ھەڵۆ) یان بەواتای (ھێلانە) دێت کە واتا ئێرە شوێنی یاخود ھێلانەی ھەڵۆ بووە و کاتی خۆی بوونیان ھەبووە.
  • مامۆستا تۆفیق وەھبی بەگ پێیوایە ئاماژەیەکی کۆن کە پێی کرابێت لە کتێبی (نزھة لقلوب) ئێرە بە (دەربەند خەلیفە) ناسێرنراوە، ئەوەش ناوێکی باتن-ییە و ئاماژەیەکە بۆ ئیماندار".[٧]

جوگرافیا

[دەستکاری]

ناحیەی بازیان لە باکورەوە ھاوسنورە لەگەڵ ناحیەی پیرەمەگروون لە باشورەوە لەگەڵ ناحیەی سەنگاو و لەڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ناحیەی بەکرەجۆ و لەڕۆژاواوە لەگەڵ ناحیەی تەکیەی کاکەمەند .[٨][٩]

ڕووبەر

[دەستکاری]

ڕووبەری ئەم ناحیەیە پێکھاتووە لە (١٤٧١٤٧) دۆنم کە دەکاتە (٣٦٨)کم٢، ھەروەھا بەرزیەکەی بە تێکڕا (٥٥٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە.

پێکھاتە جیۆلۆجیەکانی خاکی ناوچەکە

[دەستکاری]
  1. پێکھاتەی کولۆش
  2. پێکھاتەی سنجار
  3. پێکھاتەی چەرکەس
  4. پێکھاتەی پیلاسپی
  5. پێکھاتەی فەتحە
  6. پێکھاتەی ئیجانە
  7. نیشتەنیە نوێیەکان

دووان لە پێکھاتانەی خاکی ناوچەکە زۆرگرنگن کە بریتین لە پێکھاتەی سنجار، کە ئەم پێکھاتەیە بەسەرچاوەی گرنگی  بەردی چەو دادەنرێت، بەشە سەرەکیەکەی ئەم پێکھاتەیە  لەدەروبەری شاری سلێمانی دەردەکەوێت، کە ئەم پێکھاتەیە لە ئەستوریەکەی لە بازیان (٤٠٠ -١٠٠٠ )م٣، کە ئەم پێکھاتەیە لە دورگەی مەرجانی و قەوزییەکاندا نیشتووە پاشماوەی بە بەرد بووی زۆر لە ناویدا دەبینرێت و بەردەکەی لە ڕووی ئابووریەوە سوودی ھەیە بۆ چەندین کارگەی چیمەنتۆ کە لەناوچەکە دروستکراوە، ھەروەھا خاکی نیشتەنیە نوێیەکان کە ئەم پێکھاتانە ناوچەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی دەگرێتەوە لە باکووری ناوچەکە.

ئاو  و ھەوا

[دەستکاری]

ئاو ھەوای ناوچەکە تاڕادەیەک ھاوشێوەی پارێزگای سلێمانیە، لەگەڵ ئەوەی تابەرە و باکوور بڕۆین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، پلەی گەرما لەمانگەکانی ھاویندا لەناوچەکە بەرزدەبێتەوە، مانگەکانی بەگەرمترین مانگ دادەنرێن ھەردوو وەرزی بەھار و پایز بە ڕاگوزەر نادەبرین کە پلەی گەرما تاڕادەیەک ھاوسەنگە، مانگەکانی زستانیش نزمترین پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت. ھەروھا شێ و دابارین لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پیدەکات تا سەرەتای ئایار، خێرای با بە بڕی جیاواز  و بە پیی جیاوازی وەرزەکان لە ناوچەکە بوونی ھەیە.

سەرچاوەکانی ئاو

[دەستکاری]
  • ئاوی سەرزەوی:

لەسنوری ناحیەی بازیان سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی پێکدێت لە چەندین چەم کە ئەوانیش بریتین لە (چەمی لازیان، چەمی گۆپاڵە، چەمی دەرگەزێنی بابە علی و ھەمەوەند، چەمی تەیناڵ، چەمی ھەیاس، چەمی خاڵدان، چەمی ھۆرمزیار و چەمی ھەرکین).

  • ئاوی ژێر زەوی:
    • کانی: شوێنێکە ئاوی ژێر زەوی لێ دێتە دەرەوە بە پێی سیستەمی ئاوی ژێر زەوی گەنجینەی ئازاد کە لە شوێنێکدا توێکڵی زەوەی  دەبڕێت و دێتە سەرزەوی، بەشێوەیەکی گشتی کانیاوەکان لە کەناری جۆگە و دەریاچەکان و لە نزمایی ناوچە تۆبۆگرافیە جیاوازەکان دێنە دەرەوە. لە سنوری ناحیەی بازیان (١٧٣) کانی تێدایە کە نزیکەی (٧٥)یان وشکی کردوە (٨٣)کانی کەمی کردوە و تەنھا (١٥) کانی ئاوی باشی ھەیە.
    • کارێزەکان: ئەمیش دانیشتوان ھەر لە کۆنەوە بەکاریان ھێناوە بۆ دەرھێنانی ئاوی ژێر زەوی کە بریتیە لە لێدانی کۆمەڵێک بیر بە قوڵای جیاواز  و بەستنی بنکەی بیرەکان بەیەکەوە لە سنوری بازیان  نزیکەی (١٤)کارێزبوونی ھەیە لەم ژمارەیە (٦) کارێزیان وشکی کردوە (٧)کارێزیان کەمی کردوە  تەنھا (١) کارێزیان ئاوەکەی باشە، ئەم ڕێژانە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە ھۆی جیاوازی لە بڕیی دابارین لە ناوچەکە.
  • بیرەکانی ناوچەکە
    • بیرە کەم قوڵەکان: ئەم بیرانە قوڵی دەگاتە (٣٥ )مەتر کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (٧٠)ی لەم شێوەیە بوونی ھەیە، کە (٤١)یان وشکی کردوە (٢٩)یان ماوەتەوە کە ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی باران و لێدانی بیری ئیرتیوازی.
    • بیرە قولەکان: ئەم بیرانە قوڵی لە (٣٥) مەتر زیاترە، کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (٩١)ی لەم شێوەیە بوونی ھەیە، کە (٢٨)یان وشکی کردووە (٦٣)یان ماوەتەوە ، ئاوی باشی ھەیە.

دەشتی بازیان

[دەستکاری]

ئەم دەشتە کەوتۆتە کەوتۆتە نزمایی بازیانەوە، کە لەوڕگا و کێڵگەی بەپیتی تێدایە، ھەرچەندە لەبەشی خۆرئاواوە ڕێرەوە ئاوە سەرەکیەکان زەلکاوی دروستبووە، بەڵام بەشە بەرزیەکەی خاکی بەپیتی ھەیە، درێژی دەشتی بازیان نزیکە(١٥)کم و پانیەکەی (١٠)کم، ئاوی بازیان و سەرچاوەکانی تر ئاودێری دەکەن.

دارستانەکان

[دەستکاری]

بازیان نزیکەی (٢٣٨٣٩)دۆنم کە دەکاتە (١١٪)ی رووبەری دارستانی قەزای سلێمانی، بەڵام ئەم ڕێژەیە کەمی کردووە بۆ (١٨٦٦٣) لەساڵی (٢٠١٠)دا کە ئەمەش ھۆکاری سەرەکی دەگرێتەوە بۆ ساڵانی دوای راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان کە بەھۆی دۆخی خراپی ئابوری خەڵک دارستانەکانی دەبڕیەوە بەمەبەستی خۆپارێزی لە سەرما یاخود بۆ فرۆشتن، کە دارستانەکانیش پێیان دەگوترێت (دارستانە کراوەکان، دارستانە مامناوەندە کەم چڕەکان، دارستانە چرەکان).

رووەکی سروشتی

[دەستکاری]

پشتێنەی گژوگیای کورت ( لەوڕگا) گژوگیای ئەم ناوچەیە بە ئەستێپسی شێدار دادەنرێت، کە پشت دەبەستێت بە ڕادەی باران بارین ساڵانە لە نێوان (٤٠٠-١٠٠٠)ملم دایە، وە ئەم ناوچەیە زیاتر لەوەڕگای  سروشتی بەکاردەھێنێت بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن، تێکڕای ڕووبەری گژوگیای گەرمەسیر لەناوچەکەدا بریتیە لە (٦٢٦٩٨) دۆنم، کە لە کاتەکانی پایزدا دەڕوێت و لەکاتەکانی ھاویندا  لەکاتی نەمانی  باران وشک دەکات.

کشتوکاڵ

[دەستکاری]
  • بە ھۆی ئەوەی ناوچەی بازیان زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ کردن و  بەرھەم ھێنانی دانەوێڵە ساڵانە بەبەردەوامی جوتیارانی سنورەکە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن کە بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراکە، لەرووی بوونی (بەیت) خانووی پلاسیکیەوە کشتوکاڵی بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ (٢٣٩٢)خانووی پلاسیکی بوونی ھەبووە لە ناحیەی بازیان کە ئەم ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ (٨٥٠٠)خانووی پلاسیکی بۆ ساڵی ٢٠١٨ و زیاتر لە (١٠٠٠٠)خانووی پلاسیکی بەرزبۆتەوە لە ئێستادا.
  • ھەروەھا ڕووبەری چینراو بۆ بەروبوومی دانەوێلە لە ساڵی ٢٠١٤ بریتیبووە لە (٣٣٤١٠)دۆنم کە جۆری دانەوێڵەکە بریتی بوو لە گەنم و جۆ ، توور و شێلم، نۆک، نیسک، پاقلە، سڵق و سەوزەی زستانە.

پەلەوەر و ئاژەڵداری

[دەستکاری]

ناحیەی بازیان بەھۆی بوونی لەوەڕگای زۆر و کێڵگەی بەپیتەوە دانیشتوانی گوندەکانی بەردەوامن لەسەر  ئاژەڵداری لەناوچەکە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠١٤ دا (٢٧) کێڵگەی پەلەوەر و (٤١) ھۆڵ بوونی ھەبووە، ھەروەھا ھەر لە ھەمان ساڵدا (٤٥٨٥٣)سەر مەڕ (٧٨١٤)سەر بزن (٧٤٠٠)مانگا بوونی ھەبووە، ئەمە جگە لە بوونی (١٠١) ھەنگەوان و کۆلی کۆن (٤٨٤)بوونی ھەیە.[١٠]

کارگێڕی

[دەستکاری]

ئەم ناحیەیە سەر بە پارێزگای سلێمانیە، لە ئێستادا ناحیەکە لە (٥٩) گوندی بوونی ھەیە کە (٤٦) گوندیان ئاوەدانە (١٣) گوندیش چۆڵە ناحیەکە لە(٥) شارەدێ پێکھاتووە، کە ئەمانەن (گۆپاڵە، بەردەقارەمان، ئەڵایی، تەیناڵی تازە، بازیان) کە لە ڕێگای سێ دەربەندەوە بەناوچەکانی ترەوە دەبەسترێنەوە کەوانیش (دەربەندی  تاسڵوجە لە خۆرھەڵات ، بازیان لە خۆرئاوا و باسەڕە لەباشوری خۆرھەڵات) کە ئەمەی کۆتایی بازیان بە ناوچەی گەرمیان دەبەستێتەوە.[١١]

ناوی گوندەکان

[دەستکاری]

مێژوو

[دەستکاری]
  • یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویەکانی بازیان دەربەندی بازیانە کە میژوویەکی کۆنی ھەیە دەبێت بگەڕێیینەوە بۆ ئەو نوسینە بزمارییانەی کە مێژووی پێنوسراوەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت لە ساڵانی ٨٠٤- ٨٠٥ پێش زایین، (ئاشوور ناسر پاڵی دووەم) ھێرشی ھێناوە بۆ سەر مەملەکەتی زاموا و ١٤٦٠ کەسیان لە خەڵکی ئەو مەملەکەتە کوشتووە، لەناوچەکە ١٠٠ گوند بوونیان ھەبووە.

 

  • لەسەردەمی سوڵتان سولەیمان قانوونی، کاتێک ھێرشیان ھێناوە بۆ سەر بەغدا و بەو دەربەندەدا تێپەڕیوون، لەسەردەمی نادر شای ئێران لە ٩ی تشرینی دوومی ساڵی ١٧٣٤دا کاتێک لەشکرکێشی کردووە بۆ سەر ئەم ناوچەیە، لێرە سوپای جەمشید پاشا بەرەنگاری بووەتەوە، دیارە سوپای تۆباڵ عوسمان پاشا ١٢ ھەزار چەکدارەوە ھاتووە بۆ ناوچەکە و دەربەندەکەی بە دەربەندی سپی ناوبردووە، وەک دیاریشە چواردەوری دەربەندەکە بەردەکانی سپین.
  • لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا قەزا بووە و گوندی چەمچەماڵ ناوەندی بووە، ھەموو گوندەکانی قەزای چەمچەماڵی لەخۆدەگرت. بازیان لەگەڵ چەمچەماڵ و نورە و ھۆزی ھەمەوەند قەزایەکیان لە سنووری لیوای سلێمانی پێکدەھێنا، لەدوای چاکسازییەکەی (مەدحەت پاشا)وە لە ساڵی ١٨٦٩دا بازیان ھەر بە قەزایی مایەوە، لە قۆناغی دووەمی چاسازیەکەدا ھەندێ قەزای لیوای سلێمانی کرانە ناحیە لەوانە (ناحیەی قەڵاسێوکە) خرایە سەر ئەم قەزایە و دوای ئەوەی قەزای قەرەداغ کرایە ناحیە، ناحیەی سەنگاو خرایە سەر قەزای بازیان، ئەم ڕەوشە تاوکو کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانی بەردەوام بوو. ناوەندی قەزاکە لەگەڵ ھەردوو ناحیەکەی ١٥٩ گوندی لە خۆ دەگرت. لە بیستەکانی سەدەی بیستدا پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی سنووری ھەردوو لیوای کەرکووک و لیوای سلێمانی ئەنجام دراو ئەم قەزایە دابەشکرا، قەزای چەمچەماڵ درووستکرا و بە ھەردوو ناحیەی سەنگاو و ناحیەی ئاغجەلەرەوە خرایە سەر لیوای کەرکووک. ناحیەی بازیان کەتا ١\١٢\١٩٢٦ لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە ئیدارە دەدرا خرایە سەر لیوای سلێمانی. لە ھەردوو سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھات.[١٢]

شوورای دەربەندی بازیان

[دەستکاری]

لەساڵی ١٨٠٥ بەدواوە، (عەبدولڕەحمان پاشای بابانە، کاتێک سلێمان پاشای مەمالیک لە بەغدا دێتە سەر تەخت و دەسەڵات دەگرێتە دەست، عەبدولڕەحمان پاشای بابان پیرۆزبایی لێناکات، بۆیە ئەویش بە سوپاوە ھێرش دەکاتە سەری، لەبەر ئەوە پاشای بابان بڕیاری دروستکردنی ئەو دیوارە دەدات لەنێو دەربەندی بازیان، بەڵام بەھۆی ئەوەی سوپای مەمالیک زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھێزی بابانییەکان ٢٠٠ ھەزار چەکدار دەبن، ھەرچەندە لەسەرەتاوە سوپای مەمالیک تێک دەشکێت، بەڵام دواجار بەھۆی چاوساغی خەڵکی ناوچەکەوە، سوپای بابانییەکان تێکدەشکێن و عەبدولڕەحمان پاشای بابان پەنا دەباتە بەر ئێران.

شەڕی دەربەند بازیان

[دەستکاری]

لە ١٧ی مایسی ساڵی ١٩١٩ کاتێک (ژەنەراڵ فرایزەری ئینگلیز) پەلاماری شێخ مەحموودی حەفیدیان داوە و شەڕێک لەنێوانیان ڕوودەدات، شێخ بە دیلی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و شێخ ڕەوانەی ھیندستان دەکرێت، ئەوەش بەھۆی نابەرانبەری ھێز و چەک و ژمارەی سوپا لەلایەک و ناکۆکی لە نێوانی سەرۆک ھۆزەکان بۆ نموونە (بابەکر ئاغای پشدەری) لە ناوچەی پشدەر و عادیلە خانمی جاف لە ھەڵەبجە و تاڵەبانیەکان لە لیوای کەرکووک و تەنانەت کەسایەتی دیاری ھۆزی ھەمەوەند (مشیر حەمەی سڵیمان) کە لە نەیارەکانی شێخ مەحموود ھەژمار دەکرا ھۆکاربووە بۆ بەدەستەوەدانی شێخ مەحموود، ئەمەش واتای ھەڵەی ئەوکەسانە نیە بەڵکو ھەریەکەیان خاوەنی پێگەی خۆی بووە لە ناو ھۆزەکەیدا، بەڵام ناکۆکیان لەگەڵ شێخ مەحموود ھەبووە لەسەر دەسەڵاتداری باشووری کوردستان، جیاوازیان ھەبووە بۆ سیاسەت و تێروانینیان بۆ مامەڵەکردن  لەگەڵ ئینگلیزەکان.

لە ساڵی ٢٠١٣ دەربەندی بازیان نوێ کرایەوە کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە و بە سێ قوناغ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بنیادنرا و دروستکرایەوە وەک شوێنێکی گەشتیاری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەناحیە بوونی بازیان

[دەستکاری]

لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانین بڵیین میژوویەکی دێرینی ھەیە و تەنانەت لەلایەنی کارگێڕیەوە لە ساڵی ١٩٢٦وە بووەتە ناحیە و سەرەتا شارەدێی تەیناڵی کۆن ناوەندی ناحیەی سنورەکە بووە، بەڵام ھەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە مێژووی بوون بە ناحیەی بازیان لەوە کۆنترە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بابانەکان و دواتر لە سەردەمی شیخ مەحمودیشدا ھەر ناحیە بووە و سەر بە قەزای سلێمانی بووە و پاشان  لەسالی ١٩٢٨ دا بەڕیوەبەرایەتی ناحیە لە گوندی مۆرتکەی نزیک تەیناڵی کۆن دانرا و ( محمود فەقێ محمد ھەمەوەندی) کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیە و بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی ناحیە لە تەیناڵدا دامەزراوە وبەردەوام بووە دواتر کاتێک کە ڕژێمی بەعس لە نیوان ساڵانی (١٩٨٧- ١٩٨٨)دا چەند کۆمەڵگایەکی زۆرەملێی  لە سنوری بازیاندا دروست کرد و دانیشتوانی گوندەکانی لەچەند شوێنێکی جیاوازەوە ڕاگوێزا بۆ ئەو کۆمەڵگایانە، ئیتر گۆڕانکاری بەسەر یەکەی ئیداری ناوچەکەدا ھات و لە سالی (١٩٨٨) بە فەرمانی حکومەتی عێراق  شارۆچکەی بازیان کراوە بە مەرکەزی ناحیە بۆ سنورەکە و تائیستاش ھەر بەو شێوەیە.

خەڵکی ناحیەی بازیان لە ٦/٣/١٩٩١ وەک دووەم شوێن دوای قەزای ڕانیە راپەڕینی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری حیزبی بەعس و سەددام حوسێنی دیکتاتۆر ئەنجامدا و ناوچەکەیان  بەیارمەتی ھێزی پێشمەرگە لە ھێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کردنەوە و ناوچەکەیان ئازادکرد.

نەخشەی ناحیەی بازیان و کەرتەکانی

دانیشتوان

[دەستکاری]

بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی  ١٩٥٧ دانیشتوانەکەی بریتیبووە لە (٥٤٧٩) کەس لەساڵی ١٩٦٥ دانیشتوانەکەی گەشەی کردووە بۆ (٨٤٤٧) لەساڵی ١٩٧٧ دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١٠٦٠٦)کەس، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١١٥٤٦) کە مەش نیشانەی کەمی گەشەکردنی دانیشتوانە بەراورد بەسەرژمێری دە ساڵی پێشوو تر کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری سیاسی وەک شەڕی ئێران و عێراق، ھەروەھا سیاسەتی ڕەگەز پەرستی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن دژی گەلی کورد کەوای کردبوو چەندین کەس بێ سەروشوێن بن.[١٤]

بەڵام بە گوێرەی ئەو خەمڵاندانەی کە لەساڵی ٢٠٠٩ کراوە ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە (٣٦٧٢٣) کەس، بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی کردویەتی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بازیان(ھەر پێنج شارۆچکەکەی) دەکاتە (٤٩٩١٥)کەس ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی دەکاتە (٥٠٨٣٣) کەس.[١٥]

پیشەسازی

[دەستکاری]

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە ناوچەی بازیان بەتەواوەی سیمای گۆڕاوە و بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی کە لە ئێستادا ڕێژەی (٣٠٪)پیشەسازی عێراق لەم ناوچەیە کە خۆی لەدامەزراندنی چەندین کارگە دەبینێتەوە کە بەھۆی بوونی کەرەستەی خاو و ئاو و ھەوای گونجاو شوێنی جوگرافی لەبار وپاڵپشتی  حکومەت بۆ سەرمایەدارەکان بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەم ناوچەیە و سەرمایە گوزاری بکەن چەندین پرۆژەی پیشەسازی لە ناوچەکەدا بنیات بنێن، لە ئیستادا  نزیکەی (٢٠٠)پرۆژەی ئابووری جۆراو جۆر لە سنوری بازیاندا ھەیە، کە ھەندێکیان پرۆژەی عیملاقی گەورەن و شایەنی ئەوەن تیشکیان بخریتە سەر لەوانەش زیاتر لە (٣٠)کارگەی جۆراو جۆرن وەک:

  1. چوار کارگەی چیمەنتۆی گەورە بە ناوەکانی ( ماس، بازیان، وڵوبڵاخ و گاسن)
  2. پاڵاوگەی نەوتی بازیان کە رۆژانە بڕێکی باش لە نەوت لەم پاڵێوگەیەدا دەپاڵێوریت.
  3. دوو کارگەی درووستکردنی گازی شل بە ناوەکانی: کارگەی گازی سروشتی ( ساتیار  و بازیان).
  4. سێ کارگەی دروستکردنی بیبسی و ئاوی کانزایی.
  5. دوو کارگەی گەورەی ئاسن.
  6. کارگەیەکی گەورە بۆ دروستکردنی (کێبڵی کارەبایی و سۆندەی ئاو و بۆری ئاو).
  7. کارگەیەک بۆ دروستکردنی ستیل بەناوی کارگەی (سوپەر ستیل).
  8. کارگەی دروستکردنی دەرمان.
  9. کارگەی بەرھەمھێنانی قیر.
  10. کارگەی دروستکردنی ئارد.
  11. کارگەی دروستکردنی کیسی چیمەنتۆ بەناوی کارگەی مۆند کاسۆ.
  12. کارگەی دروستکردنی بەردی مەرمەڕ.
  13. کارگەی کلکان بۆ دروستکردنی خانووی پلاستیکی. 
  14. دوو کارگەی دروستکردنی سەھۆل.
  15. شەش کارگەی دروستکردنی بلۆک.
  16. کارگەیەکی دروستکردنی کەلەبستۆن.
  17. کارگەی خویی یۆد.
  18. کارگەی سەربرینی مریشک.
  19. کارگەی ھەڵکەندنی کانەبەرد لەبەر ئەوەی بەردی بەشێکی زۆری شاخەکان زۆر گەنجاون بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ ھەر بۆیە چوار کارگەی گەورەی چیمەتۆ دەست بەکارن و لەبەرنامەشدایە کارگەی تری چیمەنتۆ لە سنورەکەدا بکریتەوە.

ئەمانە لەگرنگترینەکانن بەڵام جگە لەمانە ژمارەیەکی زۆری کارگە و پرۆژەی بچووک لە سنوری بازیاندا خەریکی بەرھەمھێنان بەشێکی کەمی ئەم کارگەو پرۆژانە پرۆژەیی حکومین و بەشی ھەرە زۆیان سەربەکەرتی تایبەتن. کە لەم کارگانەدا زیاتر لە  ٥٠٠٠ھەزار کەس وەک کارمەند لە کارگەکانی سنورەکە کاردەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ھەزار کەسی دانیشتووی سنووری بازیانە.[١٦]

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab». hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  2. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ھێنراوە. ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ https://ckb.wikipedia.org/wiki/
  4. ^ http://krso.net/Default.aspx?page=article&id=836&l=3
  5. ^ http://www.chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=16970&Jor=49&Jor2=4153 ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ جەمیل ڕۆژبەیانی. وڵاتەکەت-باشتر-بناسە/ «ووڵاتەکەت بناسە» (PDF) (بە کوردی). {{cite web}}: نرخی |ناونیشان= بپشکنە (یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)[بەستەری مردوو]
  7. ^ جەمال بابان. «أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول» (PDF) (بە عەرەبی). لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  8. ^ http://wikimapia.org/
  9. ^ http://www.krso.net/ ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ http://sulamar.com/ku/publications.php?cat_id=1 ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  11. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. «یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند» (PDF) (بە کوردی). لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  12. ^ شەهید مامۆستا سوهەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. «ئەتڵەسی باشووری کوردستان» (بە کوردی). لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  13. ^ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/january/سەرۆکی-حکومەتی-ھەرێم-فەرمانی-بەقەزابوونی-بۆ-سێ-ناحیە-دەرکرد/
  14. ^ د.عەبدوڵا غەفور. «گوندەکانی کوردستان لەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا» (PDF) (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  15. ^ http://sulamar.com/ku/pageDetail.php?secID=3 ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  16. ^ https://mewdamedia.com/articles/3589