بۆ ناوەڕۆک بازبدە

قەزای سیدەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەزای سیدەکان
Map
قەزای سیدەکان
وڵات کوردستان
 عێراق
ھەرێمھەرێمی کوردستان
پارێزگاپارێزگای ھەولێر
مەڵبەندسیدەکان
بوون بە قەزا٢٠٢٢
دەسەڵات
 • قایمقامئیحسان چەلەبی
ڕووبەر
 • سەرجەم١٦١٦ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٢٤ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٩٨٣ مەتر (٣٬٢٢٥ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٣٣٦٥ مەتر (١١٬٠٤٠ پێ)
نزمترین بەرزایی
٥٧٨ مەتر (١٬٨٩٦ پێ)
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠،٧٥٨[١]
بەرز · ٢٦مین
ناوچەی کاتیUTC+3:30 (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+4:30 (ھاوین)
تەلەفۆن٠٠٩٦٤

قەزای سیدەکان (بە عەرەبی: قضاء سیدکان، بە ئینگلیزی: Sidakan District) یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ھەولێر، ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی سیدەکانە.[٢] [٣]

قەزای سیدەکان لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە شارۆچکەی سیدەکانە.

  • وشەی سیدەکان، وشەیەکی کۆیە، بنەچەی وشە ھی زمانی عەرەبییە، لە وشەی سەید(السید) وەرگیراوە و ئامڕازی ناسین(ەکە) و ئامڕازی کۆی(ان) زمانی کوردی چووەتە سەر، (سەید + ەکە + ان)، لە زمانی کوردیدا دوو بزوێن بەدوای یەکدا نایەن، بۆ یە بزوێنی ناسینەکە لاچووە و وشەکە بووەتە(سەیدەکان)، وە بە پێی کات سواوە و بووەتە سیدەکان، بۆیە وتوویانە سەیدەکان لە بەرئەوەی سەیدەکان(شێخەکان)ی لۆلان لێرەدا نیشتەجێبوون و خانەقایان ھەبووە، لە شێخە ناودارەکانیان شێخ ڕەشیدی لۆلانە.
  • لە سەرەتادا کە ناحیە بوو ناوی ناحیەی برادۆست بوو، ئەویش بە ھۆی ھۆزی برادۆست کە لەم دەڤەرەدا نیشتەجێن ناونرابوو.[٤]

جوگرافیا

[دەستکاری]

قەزای سیدەکان ھاوسنووری ئەم قەزایانەیە:

ناوچەکە بە گشتی ھاوینان فێنک و مەیلە و گەرمە و زستانیشی ساردو بەفراویە. ڕێژەی بارانبارینی لە چاو ناوچەکانی تر بەرزترەو و بەفر لە کێوە سەرکەژەکانیدا دەمێنێت. ‏

  • رووبارەکان: گادەر و بۆگەن و ھاجیبەگ و نزاری و زەنا ھەر لە سیدەکانەوە سەرچاوە دەگرن. ڕێرەوی گادەر بەرەو شنۆ دەشتی سندووسە تا دەریاچەی ورمێ و ھاجیبەگ دەڕژێتە زێی گەورە لە ڕێزان و نزارێ و زەنا تێکەڵی ئاوی ڕووباری قەلەندەر دەبنەوە و دەڕژێتە ڕووباری ڕەواندز و تێکەڵی ئاوی زێی گەورە ‏دەبێتەوە
  • بێرم: لە کۆپکی زۆزانەکانی برادۆست، چەند گۆمی مەزن ھەن کە جێماوەی بورکانین و بە بێرم دەناسرێن. گرینگترینیان بێرمی دیندارانە. لەنێوان گوندی بیرکم و کێلەشین. ‏
  • چیاکان: بەرزترین چیای باشووری کوردستان حەسارۆست و کۆپکەکەی (ھەڵگورد) کەوتووەتە ڕۆژھەڵاتی سیدەکان. چیاکانی تر بریتین لە(چیای حەسەنبەگ (ھەنداو دیانا)‏، چیای ڕەبەنۆک و سەری بەردی گۆشینە (لە ھەنداو شارۆچکەی سیدەکان)‏، چیای بۆڵێ، چیای بەربزین، چیای قەلەندەر‏، چیای شەکیو، چیای ئاودەلکی و سیاکۆ شەماشە ھاجەر، چیاکانی خواکوڕک و بەرازگر)).
  • دەشتەکان: گرینترین دەشتایی ناوچەی سیدەکانی برادۆست: بریتین لە دەشتی ھێرت و دەشتی بەرازگر.[٦]

مێژوو

[دەستکاری]
  • بنکەی خۆرپەرستی ڕۆژگاری ئورارتوو لە نزیک ئەم شارۆچکەیە بووە و بە (مساسر یان موصاصڕ) دەناسرا کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی لە گوندی مجێسەردا ماون. شای ئاشوورییەکان، (سەرگۆنی دووەم) لە ٧١٤ پێش زایین ھێرشێکی لە ناکاوی بردۆتە سەر پاشای موساسر ئورزانا و بەزاندوویەتی و پەرستگای پیرۆزی مساسری خاپوور کردووە و تاڵانی زێڕ و زیوو و و سەر و ماڵاتی دەڤەرەکەی خەڵکەکەی گواستۆتەوە بۆ نەینەوای پایتەختی ئاشووریەکان. تۆمارەکانی خرسابادی نینەوا باس لەم ھێرشەی شای ئاشوور دەکەن.
  • نووسراوەی کێلەشین و نووسراوەی سەر کێلی تۆپزاوا دوو شایەتحاڵی گرینگی مێژووی کەونارای سیدەکانن.
  • لە دوای شەڕی دمدم نەوەکانی خانی لەپ زێڕین میرایەتی سیدەکان و بەرازگریان پێدرا و تا لە ڕۆژگاری میری ڕەواندز(پاشای گەورە ١٨٢٠) دووبارە خرایەوە ژێر کۆنترۆڵی میرنشینی سۆرانەوە.
  • لە ساڵی (١٨٥٠)دا لە سەردەمی عوسمانیدا قەزا بووە لە لیوای ڕەواندز، تاوەکوو ساڵی (١٨٧٣) وەک قەزا مایەوە، لەو بەروارە بەدواوە بووە ناحیە و لیوای ڕەواندز ھەڵوەشێنرا و بووە قەزایەکی سەر بە لیوای شارەزوور، ناحیەی سیدەکانیش خرایە سەر قەزای ڕەواندز.
  • کاتێک سمکۆ پەنای بردە بەر سیدەکان لە گوندی ژووژیلەی بناری چیای بۆڵێ گیرسایەوەو لەشکری شکاک بە ناوچەکەدا بڵاوببوون تا ساڵی ١٩٣٠ کاتێک سمکۆ گەڕایەوە ئێران و لە شنۆ شەھیدکرا. ھەر لەو ساتەدا لە لۆلان خانەقای شێخ ڕەشید ناوبانگی دەرکرد و موریدێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. پاشان لە سییەکان لەگەڵ دراوسێکانی لە بارزان دووچاری کیشە و ناکۆکی بوون.
  • لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ناوچەکە نائارامییەکی زۆری بەخۆوە بینی و لە ساڵی ١٩٧٨ پاش پەیدابوونی مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە ھەکاری و خواکوڕک. ناوچە سنووریەکانی چۆلکران و خەڵکەکەی ڕاگوازرانەوە ھەولێر و لە کۆمەڵگەکانی کەسنەزان و دێگەڵە و تۆپزاوە نیشتەجێکران. لە پاش ساڵی ١٩٨٤ سیدەکان بەرەیەکی گرنگی شەڕی ئێران و عێراق بوو.
  • لە دوای راپەرینە مەزنەکەی بەھاری سالی ١٩٩١ خەلکی کوردستان و ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سالی ١٩٩٢پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ، لە سالی (١٩٩٦) ناحیەی سیدەکان گەرایەوە.
  • بە پێی بەیانی ژمارە(٢٤)ی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرواری ٠٢\١١\٢٠٢٢دا بڕیاریدا بە ھێنانەکایەی قەزای سیدەکان لە پارێزگای ھەولێر. بە دابڕانی ناحیەی سیدەکان و ھێنانە کایەی ناحیەی بەرمیزە لە قەزای سۆران لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.[٧]
  • قایمقامی قەزای سیدەکان دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٧وە بەھۆی جموجۆڵی پەکەکە، نزیکەی ٤٦٪ی رووبەری قەزاکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا. دەشڵێت: ئێستا بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنووری ناوچەکەوە ھاتووەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان.[٨]

کارگێڕی

[دەستکاری]

ئەم قەزایە لە دوو ناحیەی ناوەندی قەزای سیدەکان و ناحیەی بەرمیزە پێکھاتووە لەگەڵ (٢٥١) گوند کە لە ئێستادا (١٤٩) گوندی ئاوەدانە.[٩]

دانیشتووان

[دەستکاری]

تەواوی دانیشتوانی ئەم قەزایە لە نەتەوەی کوردن.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab». hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  2. ^ «سیدەکان» (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  3. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. «یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان» (PDF) (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  4. ^ جەمال بابان. «أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول» (PDF) (بە عەرەبی). لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  5. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11078985
  6. ^ https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=201002251715513725&lng=1#SourceTag_3725_1
  7. ^ بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ. «بەیانی ژمارە(٢٤)ی ساڵی ٢٠٢٢» (بە کوردی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
  8. ^ https://manage.rudaw.net/sorani/kurdistan/1207202410
  9. ^ https://www.hawlergov.org/app/node/409