ئیبن سینا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئیبن سینا (ابن سینا)
Pūr Sīnā (پور سینا)
Avicenna
لێدوان=
ئیبن سینا
لەدایکبوون ٩٨٠ز
ئەفشانا نزیک بوخارا - ئوزبەکستانی ئێستا
مردن ١٠٣٧ز
ھەمەدان، ئێران
سەردەم سەردەمی زێڕینی ئیسلام
نەتەوە فارس
بواری زانستی دارمان، فەلسەفە، لۆجیک، زانستی کەلام (لە ئیسلامدا)، فیزیا، ھۆنراوە، زانست
شوێنی کار خۆراسانی گەورە، خەوارزم، جورجان، وڵاتی فارس
ناسراو بە ھۆی باوکی دەرمانی نوێ یان مۆدێرن
کتێبی چارەسەر (الکتاب الشفاء)، کتێبی یاسا لە پزیشکیدا (القانون فی الطب)
کاریگەر بووە بە قورئان, موحەممەد, جەعفەر کوڕی موحەممەد سادق, ھیپۆکرات, سوشروتا, چاراکا, ئەرستۆ, گالەن, ئەفلاتوون, ئەفڵاتوونیزمی نوێ, بیرکاری ھیندی, واسل کوڕی عەتا, ئەلکیندی, فارابی, ئەبوبەکر ڕازی, بیرونی, جۆن فیلۆپۆنوس
کاریگەری بووە لەسەر بیرونی, غەزالی, عومەر خەییام, فەخرەددین ڕازی, ئیبن توفەیل, ئیبن روشد, شەبابەددین سوھرەوەردی, نەسیرەددینی توسی, ئیبن نەفیس, قوتابخانەی فەلسەفە, ئەلبێرتوس ماگنوس, دونس سکۆتوس, تۆماس ئەکویناس, گیامباتیستا بەنەدیتی, ویلیام ھارڤی, موسا کوڕی مەیمون, ئەبووعوبەید جوزجانی
تێبینییەکان
سەرچاوە لە[١]

ئیبن سینا (بە ئینگلیزی: Ibn Sīnā، بە لاتینی: Avicenna، بە عەرەبی: ابن سینا، بە فارسی: پورسینا) یان (کوڕی سینا) زانایەکی گەورەی موسوڵمانی فارسی بوو.[٢][٣][٤][٥] ناوی تەواوی (ئەبو عەلی حسێن کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی سینا) یە، لە ڕۆژئاوادا بە (Avicenna) ناسراوە، لە ساڵی ٩٨٠ز لە شاری ئەفشانش لە نزیک شاری بوخارا (ئوزبەکستانی ئێستا) لە دایکبووە.[٦][٧] زمانی دایکی ئبین سینا فارسی بووە. خوێندنی سەرەتایی لە بوخارادا بووە. لە ھەموو تەمەنێکیدا بلیمەتی ناو بلیمەتەکان بووە.

ئیبن سینا، ئەو فارسەی کە تەواوی ژیانی لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئێران بەسەربرد، لە بوخارا لەدایکبووە، لەو شوێنەی کە سەرەتایترین خوێندنی تێیدا وەرگرت لە ژێر چاودێری باوکیدا. ھەر لەبەر ئەوەی ماڵی باوکی شوێنێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی پیاوە ڕۆشنبیرەکان، ئیبن سینا ھەر لە سەرەتای منداڵییەوە توانی سوود وەربگرێت لە ھاوڕێیەتی کردنی مامۆستا دەرکەوتووەکانی ڕۆژگاری خۆی. منداڵێکی پێگەیشتوو بوو بە بیرێکی دەگمەنەوە، کە بە درێژایی ژیانی پارێزگاری لێکرد.[٨]

ژیانی[دەستکاری]

سەردەمی منداڵی و گەورەبوون[دەستکاری]

ئەمیری دەوڵەتی سامانی (نوح کوڕی مەنسوور) کاتێ عەبدوڵای کردە والی شاری بوخارا، عەبدوڵاش خۆی و خێزانی چوونە ئەوێ کە ئەوکات ئیبن سینا تەمەنی ٥ ساڵان بوو،[٩] لەوێ لە نێو کۆشکێ لە کۆشکەکانی ئەمیر نوح نیشتەجێ بوون. ئەوکات بوخارا شارێکی زۆر جوان و دڵگیر و کراوە و خۆش بووە، ناسراو بوو بە زۆری بینا و کۆشک و مزگەوت و کێڵگە و باخچەی ڕازاوە. کوڕەکەی عەبدوڵا، ئیبن سینا بنیاتی سەرەتاکانی زانستی خۆی لەو کۆشکە دەست پێکرد، بەوەی ھەموو شەوێ لە دوای نوێژی عیشا پۆلی زانایان و زمانزانان و فەقیھو قوتابیان کۆدەبونەوە لە ماڵی عەبدوڵا و ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی زانستی خۆیان دەکرد تا درەنگانێکی شەو بە چەندین گفتوگۆی زانستی زمان و گەردوون و ژیری کە ئەم جۆرە دانیشتنانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بیری ئیبن سینا دانا کە ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی بیرکردنەوە و تێڕامان بێتەوە لەسەر کەسەکان و ھەڵسوکەوتیان و بیریان و تێرابمێنێ لە سروشت و دەوروبەرەکەی و گیانداران و ڕووەک. تاکو کۆمەڵێک پرسیاری لا گەڵاڵە بێت و بە شوێنیانا عەوداڵ بێت، ھەروەھا ئەمە ھەلێک بوو تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بەشێک لەو پرسیارانەی کە مێشکیدا دەھاتن وەڵامەکەیانی دەست بکەوێت و بەمەش بیر و فیکری بەرەو پرسیاری قوڵتر و قوڵتر بڕوات. خاڵێکی تر لەو سوودانەی کە ئیبن سینا بە دەستی ھێنا لەم جۆرە گفتوگۆی شەوانەیە ئەوەبوو کە زیاتر ھەوڵی فێربوونی زانست بدات و فێری شێوازی قسەکردن بێت لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە فێری چۆیەتی پرسیارکردن بێت.[١٠]

پێگەیشتن و سەردەمی لاوێتی[دەستکاری]

ھەر لە منداڵیەوە زیرەکی و لێھاتوویی خۆی پیشانداوە و لە تەمەنی دە ساڵیدا شارەزاییەکی زۆر باشی لە قورئان و زمانی عەرەبیدا پەیداکردووە. لە ماوەی شەش ساڵی داھاتوی تەمەنیدا ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ (شەریعەتی ئیسلامی، فەلسەفە، زانستە سروشتیەکان و لۆجیک). بەخوێندنەوەی بەرھەمی فەلسەفە یۆنانیەکان و موسوڵمانان و سەرچاوەی تری فەلسەفی دەستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی کردووە. ھەروەھا بابەتی لۆجیک و چەند بابەتێکی تری جیاوازی لە لای ئەبو عەبدوڵڵا ناتیلا فەیلەسوفی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی خوێندووە. لە بابەتی لۆجیکدا بە ڕادەیەک بلیمەت بووە، توانیویەتی ئەو بابەتە بۆ مامۆستاکەی ڕوون بکاتەوە. لە زانستی سروشتی و پزیشکیشدا مامۆستای نەبووە. لە کاتێکدا ھێشتا لاو بوو، ئەوەندە شارەزایی لە بابەتی پزیشکیدا پەیدا کردبوو کە ناوبانگی بە ھەموو لایەکدا بڵاوبووبویەوە. کاتێک تەمەنی شازدە ساڵ بووە گەلێک لە پزیشکە بە ناوبانگەکان لە ژێر ئاڕاستەی ئەودا کارەکانیان ئەنجامداوە. لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا توانی چارەسەری نەخۆشیەکی پاشای بوخارا نوح ئیبن مەنسور بکات،[١١] نەخۆشیەک بوو کە ھەرچی پزیشکە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو لە چارەسەرکردنی بێ ھیوا بوون. لە دوای چارەسەرەکەی، پاشا ویستی پاداشتی بداتەوە، بەڵام ئەو پزیشکە لاوە ھەموو داواکارییەکی ئەوە بوو ڕێگەی پێبدات کتێبخانە تایبەتیەکەی پاشا بەکاربھێنێت کە گەلێک کتێبی زۆر دەگمەن و تایبەتی تێدا بوو.

مردنی باوکی[دەستکاری]

لە دوای مردنی باوکی، ئەبو عەلی شاری بوخارای بەجێھێشت و ڕووی کردە شاری جورجان و لەوێ شای خەوارزم پێشوازی لێ کرد. لەوێ چاوی کەوت بە ئەبو ڕەیحانی بیرونی کە کەسایەتیەکی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی بوو. دواتر ڕۆشت بەرەو ڕەی لە ئێران و لەوێشەوە بەڕێکەوت بۆ شاری ھەمەدان، کە لەوێ کتێبە بەناوبانگەکەی یاسا لە پزیشکیدا (القانون فی الطب) ی نووسی. لە ھەمەدان توانی چارەسەری نەخۆشیەکی پاشای ھەمەدان شەمس دەولە بکات.

کار و بەرھەمەکانی[دەستکاری]

کتێبی القانون في الطب لە ساڵی ١٥٩٧ز

ئیبن سینا بەناوبانگترین پزیشک و فەیلەسووف و ئینسایکلۆپیدیست و بیرکاریناس و گەردوونناسی سەردەمی خۆی بووە. بەشداری سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی قانون (القانون فی الطب) کە لە ڕۆژئاوادا بە (The Canon of Medicine) ناسراوە کە ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٠٢٥ دا تەواوکردووە، ھەروەھا ئەم کتێبە پێکھاتووە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی دەرمان لە پێنج کتێبدا.[١٢] نوسخەی عەرەبی کتێبی (القانون) لە ڕۆما دا لە ساڵی ١٥٩٣ز لە چاپدراوە و بەمەش یەکێکە لە سەرتاییترین ئەو کتێبە عەرەبیانەی کە بە چاپگەیەنراوە.[١٣] ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا وەرگێردراوەتە سەر زمانی لاتینی. تاوەکو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زایینی ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بە چاپ گەیەنراوە. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لە سەدەی دوازدە تا حەڤدە کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکی پزیشکی بەکارھێنراوە، وەک باسیش دەکرێت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.

کتێنی "قانوون لە پزشکیدا" لە کتێبخانەی مەقبەرەی ئیبنی سینا لە ھەمەدان

القیفتی ووتویەتی ئیبن سینا (٢١) کتێبی سەرەکی و (٢٤) کتێبی لاوەکی لەسەر بوارەکانی فەلسەفە، پزیشکی، ئایینناسی، ئەندازەزانی و گەردوونناسی و سەرجەم بوارەکانی تر نوسیوە. بەڵام لە سەرچاوەیەکی تردا برۆکل مان پێی وایە ئیبن سینا (٩٩) کتێبی ھەیە، (١٦) کتێبیان لەسەر پزیشکی، (٦٨) یان لەسەر ئایینناسی و مێتافیزیک، (١١) یان لەسەر گەردوونناسی و چواری دیکەیان لەسەر شیعرن. زۆرترینی کتێبەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە.

کتێبی یاسا لە پزیشکیدا[دەستکاری]

دکتۆر ویلیام ئۆسلەر لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: "کتێبێکی زۆر بەنرخی پزیشکیە و ماوەی مانەوەی وەک کتێبێکی سەرەکی لە ھەموو کتیبێکی تری پزیشکی زیاتر بووە." (القانون فی الطب) ئینسایکڵۆپیدیایەکی زۆر گەورەیە کە زیاد لە میلیۆنێک ووشەی لە خۆگرتووە. ئەو کتێبە زۆرینەی زانیارییە پزیشکیە کۆنەکان و سەرچاوە ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمەی پاراستووە. بەھۆی لێکۆڵینەوەی سیستەماتیکی کتێبەکە و کامڵی و نرخ و گەورەییەوە، القانون توانی شوێنی کتێبەکانی (ئەبوبەکر ڕازی و عەلی کوڕی عەبباس مەجوسی و تەنانەت کارەکانی گالین)یش بگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش سەدەش بە باڵاترین کتێبی پزیشکی بمێنێتەوە.[١٤] لەگەڵ ئەوەی ھەموو زانین و زانیاریە پزیشکیە بەردەسەکانی ئەو کاتەی پێکەوە کۆکردووەتەوە، کتێبەکەی بە کردار و داھێنانە تایبەتیەکانی خۆی دەوڵەمەند کردووە. ناسینەوە و ناساندنی سروشتی ھەندێ نەخۆشی درمی وەک دەردەباریکە و سیل، دابەشکردنی نەخۆشی بە پێی توشبونیان لە ڕێگەی ئاو و خاکەوە و ھەروەھا کاریگەری سایکۆلۆجیا و تەندروستی لەسەر یەکتری لە کردار و داھێنانە ڕەسەنەکانی ئیبن سینان.

سەڕەڕای ئەوەی کە کتێبەکەی شێوازەکانی زانستی دەرمانسازی باسکردووە، زیاد لە (٧٦٠) جۆر دەرمانی باسکردووە و ناساندوونی و باسی شێوازی بەکارھێنانیان و کاریگەریەکانیشی کردوون. کتێبەکەش بووەتە باشترین و ڕاسترین سەرچاوەی پزیشکی ئەو سەردەمە. ھەروەھا ئیبن سینا یەکەمین کەسە کە باسی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشکی کردووە و بەشداریەکی گەورەشی لە بابەتی توێکاری (زانستی پێکھاتنی لەش) و نەخۆشی ژنان و تەندروستی منداڵاندا کردووە. ئیبن سینا پێی وابووە پەیوەندیەکی زۆر نزیک لە نێوان ھەستەکان و بارودۆخی فیزیکیماندا ھەیە و ھەستی بەوە کردووە کە مۆسیقا کاریگەریەکی بێ ئەندازەی لەسەر لایەنی دەروونی و فیزیکی مرۆڤی نەخۆش ھەیە.

ئیبن سینا لەم کتێبەدا (القانون فی الطب) دا لە بەشی پێنجەم بە ناوی (کرمەکانی ڕیخۆڵە) باسێکی دوور و درێژی لە بارەی ھۆکارەکانی دروستبونی کرمی لول پێچەوە (بە عەرەبی: الدوده المستديره) نوسیوە، کە لە زانستی ئێستادا بە الإنکلستوما دێت. مامۆستا دکتۆر محەممەد خەلیل عەبدولخالق لە بارەی ئەم کتێبە و گرنگیەکەی لە گۆڤاری الرسالەدا نوسیویەتی:(ئەوەی ئیبن سینا باسی لێوە کردووە لە بارەی کرمی لول پێچەوە و زانستی ئێستا پێی دەڵێن (الإنکلستوما)، لە ڕۆژاوا ٧٠٠ ساڵ دوای ئیبن سینا لەلایەن (دوبینی) پزیشکی ئیتاڵیەوە ساڵی ١٨٣٨ز دۆزرایەوە، کەوا جۆرە کرمێک لە ڕیخۆڵەدا دەژی...)، پاشان بەردەوام دەبێت و دەنوسێ: "دامەزراوەی روکلفری ئەمریکی ھەستا بە کۆکردنەوەی ھەموو ئەو کتێبانەی کە لەبارەی نەخۆشیەکانەوە نوسراون، پاش پۆلێن کردنیان و سەیرکردنیان بەپێی باسکردنی زۆرترین نەخۆشی کتێبەکانیان ڕیز کرد و یەکەمی ئەم ڕیزبەندیەش کتێبەکەی ئیبن سینا بوو کە زۆرترین نەخۆشی تێدا دەست نیشانکرابوو لە نێو ھەموو ئەو کتێبانەی کەلە جیھاندا لەبارەی زانستی پزیشکیەوە نوسراون".[١٥][١٦][١٧]

کتێبی شیفا[دەستکاری]

ئینسایکڵۆپیدیا فەلسەفیەکەی ئیبن سینا کە ناوی کتێبی شیفا (کتاب الشفا) بە ئینگلیزی (The Book of Healing) یە کارێکی عەقڵی زۆر گەورە و کاریگەرە کە ڕووبەرێکی گەورەی لە مەعریفە گرتووەتەوە ھەر لە فەلسەفەوە تا دەگات بە زانستە ئەزموونی یەکان. ئەو ئەو ڕووبەرە گەورەیەی بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش کردووە:

ئایدیا و بۆچوونە فەلسەفیەکانی ئبین سینا لە کەلتوری ئەرستۆیی و ئایدیای نیۆ ئەفلاتوونیەکان و فەلسەفە و ئایینناسی ئیسلامی پێک ھاتووە.

بوارەکانی تری زانست[دەستکاری]

وێنەی ئیبن سینا لەسەر دراوی سامانی تاجیکی

ھەروەھا ئیبن سینا لە بوارەکانی بیرکاری، فیزیا، مۆسیقا و چەند بوارێکی تردا بەشداریەکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە. ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی گەردوونناسی ئەنجام داوە و ئامێرێکی وردکاری داھێنا بۆ ئەوەی وردکاری و دەقیقی ئامێری خوێندنەوەکان زیاد بکات.

بواری فیزیا[دەستکاری]

لە بواری فیزیاشدا بەشداری و داھێنانەکانی لە لێکۆڵینەوە لە جۆر و شکڵە جیاوازەکانی وزە، گەرمی، ڕووناکی و میکانیک، و ھەندێ چەمکی وەک ھێز، بۆشایی و بێ سنوری پێکھاتووە. ھەروەھا پەیوەندی نێوان جوڵە و کاتی ڕونکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەشی لە سەر ھێزی کێشکردن کردووە.

بواری مۆسیقا[دەستکاری]

ئامێرێکی مۆسیقا کە بە داهێنراوی ئیبن سینا لە قەڵەم دەدرێت.

لە بواری مۆسیقاشدا بەشداریەکانی بریتی بوو لە بەرەو پێش بردنی کارەکانی فارابی، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریەکانی زۆر لە پێشتریش بووە لەو زانیاریانەی لەو کاتەدا لە شوێنەکانی تر لەسەر ئەو بابەتە ھەبووە.

بواری کیمیا[دەستکاری]

لە بواری کیمیاشدا باوەڕی بە گونجاوی (شیان) ی گۆڕانە کیمیاییەکان نییە چونکە باوەڕی وابوو ماددەکان لە کرۆک و بنەڕەتیان دا جیاوازن. ئەم بۆ چوونەشی بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونە باوەکانی ئەو کاتەی خۆی بووە. لێکۆڵینەوە نوسراوەکانی لەسەر کانزاکان سەرچاوەیەکی زۆر سەرەکی بوون بۆ ئینسایکڵۆپیدیای زەویناسی مەسیحییەکانی سەدەی سیازدەیەم.

ئیبن سینا گرنگی زۆری داوە بە زانستی کیمیا، بە سوود وەرگرتن لەو پێشینانەی کە ھەبوون لە زانایانی کۆنی عەجەمی و زانایانی شارستانیەتی ئیسلامی لەوانە بۆ نموونە جابیر کوڕی حەییان. بۆ ئەو مەبەستەش ھەستا بە تێکەڵکردن و کارلێک کردنی ماددە جیاوازەکان و دروستکردنی ماددەیەکی سوودبەخش لێیان. ئیبن سینا زیاتر کاری کیمیایی بۆ بوارەپزیشکییەکەی بەکاردەھێنا تاوەکو لەو ڕێگایەوە گیراوەیەکی باش و ماددەیەکی باش بەرھەم بھێنێت و چارەسەری نەخۆشییەکانی پێ بکات، بەھۆی ئەمەشەوە شارەزاییەکی باشی ھەبوو لە کاری (دڵۆپاندن و کارلێک کردن و سەرخستن و لێکدان و پاڵاوتن) ھەروەھا ڕێگایەکی نوێشی تاقیکردەوە لە بەرھەم ھێنانی زێو و زێڕ.[١٨]

فەلسەفە[دەستکاری]

ئیبن سینا یەکێکە لە بەرزترین فەیلەسووفە باوەڕدارەکان و لە ھەموو کەس زیاتر لە فارابی دەچێت سەبارەت بە فەلسەفەی بوون، گرنگترین دانراوێکیش لەم بوارەدا نووسینی پەیامی (حی بن یقضان) واتە (زیندووی بێدار) بە نووسەری یەکەمی ئەم بیرۆکەیە دادەنرێت، جگە لەمەش خاوەنی داڕشتنی تیۆری زانین (المعرفة) یە.

تیۆریەکەی بە (بوون) دەست پێ دەکات. بەپێی ڕای ئیبن سینا (وجود) یان (بوون) یان (Existence) لە عەقڵی کارای سەرەتا و یەکەمەوە (خودا) دەست پێدەکات، پاشان قۆناغەکانی تری بوون بە دوایدا دێن بە ڕادەیەک ھەر قۆناغێک لە خوار پلە و پایەی قۆناغی پێش خۆیەوە دێت. یەکەم پلەی بوون فریشتەکانن، ئینجا تەنەکانی ئاسمان دێن و ھەندێکیان لە ھەندێکی تریان بەرزترن، دواتر جیھانی ماددی دێت کە توانای لێبوونەوە و تیاچوونیان ھەیە، پاشان ڕەگەزەکان دێن، ئینجا کانزا ڕووتەکان و دواجاریش بوونەوەرە زیندووەکان. پێشکەوتووترین بوونەوەری زیندووش بریتیە لە مرۆڤ یان ئادەمیزاد کە پێویستی بە مانەوە و بەگەڕخستنی تواناکانیەتی تا بژی بە شێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ. ژیانیش لەگەڵ خەڵکیدا پێویستی بە بوونی یاسایەک ھەیە نیگای تێدابێ بۆی. ئەو یاسا (نیگا) یەش مرۆڤ لە عەقڵی یەکەمیش دەستوور و یاسای خۆی دەنێرێ بۆ عەقڵی وەرگر کە لە ڕیزی پێشکەوتووترین نەوەکانی مرۆڤدایە. ئەوانەش بریتین لە پێغەمبەران و فەیلەسووفەکان. جیاوازیش لە نێوان ئەم دوو بەرەیە ئەوەیە پێغەمبەر لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و بە عەقڵی یەکەمەوە وەردەگرێ و بێ فێرکردن چونکە ھێزە عەقڵیەکانی بە تواناترە لە عەقڵی خەڵکانی تر.

بەڵام فەیلەسووف توانا عەقڵیەکانی بە دەست دەھێنێت لە ڕێگای فێربوون و ھەوڵی بەردەوامە ئینجا یاساکە (نیگا) کە وەردەگرێ لە عەقڵی کاریگەرەوە کە خودایە. بەم پێودانگەش مەنتیق دەیسەلمێنێ کەوا چ پێغەمبەران و چ فەیلەسووفان کاریان ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا و ھۆشیارکردنەوەیانە، ھەر بۆیە مادام پێغەمبەران تەواوبوون تاکە کەسێک بۆ ئەم ڕابەرایەتی کردنە فەیلەسووفەکانن. ھۆکاری کەوتنە ناو ئەم ھەڵەیەشەوە زانایان بۆ ئەو بۆشاییە گەورەیە دەیگێڕنەوە کە جیھانی ئیسلامی لەو کاتەدا تێی کەوتبوو لە دۆگمایی و پەرتەوازەیی و مەزھەبگەرایی و لە بەرامبەریشدا بوونی ئەو ھەموو کتێبە فەلسەفیانەی کە باسیان لە گەورەیی و عەقڵگەرایی بیری مرۆڤ دەکرد، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە تیۆرەکەی ھیچ سوودێکی نەبێت، بەڵکو دەتوانرێت سوودی باشی لێوەربگیرێ لە ڕووی گرنگی بیرمەندان و فەیلەسووفان بۆ بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کردنی وڵات بەڵام نەک تەنھا لە ڕوانگەی بیری عەقڵی خۆیانەوە بەڵکو لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرموودەی خواییەوە.[١٩]

ھۆنراوە[دەستکاری]

زیاتر لە نیوەی کار و بەرھەمەکانی ئیبن سینا براون و کراون بە ھی کەسانی دیکە.[٢٠] ھۆنراوەکانی وا دەردەکەوێت کە بە ھەردوو زمانی فارسی و عەرەبی نووسرابن. نموونەیەک لەوانە کە ئێدوارد گرانڤیڵ برۆون پێی کە ھەندێک لە ھۆنراوە فارسییەکانی بە ھەڵە کراون بە ھی عومەر خەییام کە لە ڕاستیدا ئیبن سینا نووسیونی[٢١]:

از قعر گل سیاە تا اوج زحل
کردم ھمە مشکلات گیتی را حل
بیرون جستم زقید ھر مکر و حیل
ھر بند گشادە شد مگر بند اجل

کاریگەری لەسەر ڕۆژاوا[دەستکاری]

سەڕەڕای ئەو کاریگەری و کارە گرنگانەی، ئێستا لە ڕۆژئاوادا ئیبن سینایان زۆر بە کەمی لە بیرە و بەشداریە گرنگەکانی لە بواری پزیشکی و ھەستانەوەی ئەوروپادا بەشێوەیەکی گشتی نازانرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە مۆزەخانەی بوخارا، شوێنێک ھەیە بۆ پیشاندانی ھەندێک لە نوسین و ئامێرەکانی نەشتەرگەریکردن تابلۆی دەستی لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا. لەدەرەوەی مۆزەخانەکشدا یادپەیکەرێکی زۆر گەورە بۆ ژیان و کارەکانی ئەو کەسەی کە بە "دکتۆری دکتۆرەکان" ناسرابوو دانراوە. ھەروەھا لە ھۆڵی بەشی پزیشکی زانکۆی پاریس وێنەکەی بە دیواری ھۆڵەکەدا ھەڵواسراوە.

مردن[دەستکاری]

وێنەی قەوری ئیبنی سینا لە شاری ھەمەدان

لە ھەمەدانیشەوە سەفەری بەرەو ئەسفەھان کرد، ئەو شارەی کە زۆربەی نووسینە کاریگەر و بەناوبانگەکانی تێدا نووسی. سەڕەرای ھەموو ئەمانە تا لە ژیاندا بوو لە ھەوڵەکانی بەردەوام بوو بەڵام سەفەر و ھەوڵە عەقلانیەکانی و پشێوی سیاسیی بە تەواوی باری تەندروستیان تێکدا بوو، تا لە کۆتاییدا گەڕایەوە بۆ ھەمەدان و لەوێ لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا واتە لە ساڵی (١٠٣٧ز) و لە مانگی ڕەمەزان دا کۆچی دوایی کرد و تا ئێستاش گۆڕەکەی پارێزراوە. پێش مردنی لەسەر جێگەی مردن سامانەکەی بەخشی بە ھەژاران، کۆیلەکانی ئازاد کرد و بە درێژایی سێ ڕۆژ پێش مردنی قورئانی دەخوێند.[٢٢]

دانراوەکانی[دەستکاری]

لە بواری بیرکاری و فیزیکدا[دەستکاری]

  1. رسالة الزاویة (پەیامی گۆشە)
  2. مختصر إقلیدس (پوختەی ئیقلیدس)
  3. مختصر الإرتماطیقی (پوختەی ژمارەناسی)
  4. مختصر علم الھیئة (پوختەی زاستی ڕوو)
  5. مختصر المجستی
  6. رسالة فی بیان علە قیام الأرض فی وسط السماء (پەیامێک دەربارەی سەرسامی زەوی لە ناوەڕاستی ئاسماندا)

- ئەم کتێبانە ھەموویان بە یەکەوە لە بەرگێکدا چاپکراون بە ناوی (الجامع البدائع/کۆی داھێنانەکان) لە قاھیرە لە ساڵی ١٩١٧.

لە بواری سروشت و گەردوونناسیدا[دەستکاری]

  1. رسالة فی إبطال إحکام النجوم (پەیامێک دەربارەی یاسا بنەڕەتییەکانی ئەستێرەکانەوە)
  2. رسالة فی الأجرام العلویة (پەیامێک لە بارەی تەنە ئاسمانییەکان)
  3. أسباب البرق و الرعد (ھۆکاری دروستبوونی چەخماخە و ھەورە بروسکە)
  4. رسالة فی الفضاء (پەیامێک لە بارەی بۆشایی ئاسمانەوە)
  5. رسالة فی النبات و الحیوان (پەیامێک دەربارەی ڕووەک و ئاژەڵەوە)

لە بواری پزیشکیدا[دەستکاری]

  1. القانون فی الطب (یاساکانی پزیشکی)[٢٣][٢٤]: کە بریتییە لە ئینسایکلۆپیدیایەکی پزیشکی و ژمارەی وشەکانی نزیکەی ١ میلیۆن وشەیە، لە ڕۆما لە ساڵی ١٥٩٣ز

بڵاوکرایەوە لە پێنج بەرگ پێکھاتووە:

  • پزیشکی گشتی و کارئەندامزانی.
  • زانستی تەندروستی و دەرمانەکان.
  • زانستی نەخۆشییەکانی ھەموو ئەندامەکان.
  • ئەو نەخۆشیانەی کە تایبەت نین بە ئەندامێکەوە و ھەموو لەش دەگرنەوە.
  • زانستی ماددە پزیشکییەکان و دەرمانەکان و ئامادەکردنیان و پۆلێن کردنیان.[٢٥]
  1. أدویة القلبیة.
  2. دفع المضار الکلیة من الأبدان الإنسانیة.
  3. القولنج (کۆڵنج)
  4. رسالة فی السیاسة البدن و فضائل الشراب (پەیامێک لە بارەی ڕامیاری لاشە و چاکییەکانی شەراب)
  5. رسالة فی تشرح الأعضاء (پەیامێک لە بارەی توێکاری جەستەوە)
  6. رسالة فی الفصد (پەیامێک دەربارەی خوێن پژان)
  7. رسالة فی الأغنیة و الأدویة (پەیامێک لە بارەی خۆراک و چارەسەر)
  • چەند کورتە باسێکیشی نووسیوە لە بارەی:
  1. التشریح (توێکاری)
  2. المجریات فی الطب (ئەزموونەکانی پزیشکی)
  3. الألفیة الطبیة المشھورة (ھەزارەی پزیشکی بەناوبانگ)

بواری مۆسیقا[دەستکاری]

لەم بوارەدا تەنھا یەک مەقالەی ھەیە بە ناوی (مقالة جوامع علم- کۆکراوەی وانەکانی زانست)

کتێبەکانی[دەستکاری]

  1. المجموع (بە کوردی: کۆکراوەکان)
  2. الحاصل و المحصول (بە کوردی: ئەنجامە بەدەست ھاتووەکان) (١٠ بەرگ)
  3. البر و الأثم (بە کوردی: چاکە و تاوان) (٢ بەرگ)
  4. الشفاء (بە کوردی: چارەسەر) (١٨ بەرگ)[٢٦]
  5. الإرصاد الکلیة (بە کوردی: ڕوانگە گشتییەکان)
  6. النجاة (بە کوردی: ڕزگاربوون) (٣ بەرگ)[٢٧]
  7. الھدایة (بە کوردی: ڕێنمونی)
  8. لسان العرب (بە کوردی: زمانی عەرەب) (١٠ بەرگ)
  9. الأدویة القلبیة (بە کوردی: چارەسەری دڵەکوتێ)
  10. الموجز (بە کوردی: کورتە)
  11. بیان زوات الجھة (بە کوردی: ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی گۆشەلاکان)
  12. المعاد (بە کوردی: سەرئەنجام)
  13. المبدأ و المعاد (بە کوردی: سەرەتا و کۆتایی)
  14. المباحات (بە کوردی: شتە شیاوەکان)

پەیامەکانی[دەستکاری]

ئیبن ئەبی ئەصیبعەی قوتابی لە (عیون الأنباء) دا ناوی ھەندێک لە پەیامەکانی ھێناوە، بەم شێوەیە:

  1. القضاء و القدر (بە کوردی: قەدەر و قەزا)
  2. الإلە الرصدیة (بە کوردی: ھەڵسوڕێنەری گەردوون)
  3. المنطق بالشعر (بە کوردی: مەنتیق لە شیعردا)
  4. القصائد فی العضمة (بە کوردی: بەیتە مەزنەکان)
  5. الحکمة فی الحروف (بە کوردی: دانایی لە پیتەکاندا)
  6. تعقب المواضیع الجدلیة (بە کوردی: ئەنجامی بابەتە مشتومڕەکان)
  7. مختصر النبض بالعجمیة (بە کوردی: پوختەی لێدانە نادیارەکانی دڵ)
  8. الحدود (بە کوردی: سنورەکان)
  9. الإشارة إلی علم المنطق (بە کوردی: تیشکێک دەربارەی زانستی مەنتیق)
  10. أقسام الحکمة (بە کوردی: بەشەکانی دانایی)
  11. حی بن یقضان (بە کوردی: زیندووی بێدار)
  12. فی أن أبعاد الجسم غیر ذاتیة لە (بە کوردی: لە ناو ئەو لایەنانەی ماددەدا کە سەر بە خودی ماددە نین)
  13. الکلام فی الھند (بە کوردی: کەلام لە ھیند)
  14. الأجرام السماویة (بە کوردی: تەنە ئاسمانییەکان)

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ ویکیپیدیای ئینگلیزی-ئیبن سینا
  2. ^ Paul Strathern (٢٠٠٥). A brief history of medicine: from Hippocrates to gene therapy. Running Press. پەڕە ٥٨. ISBN 978-0-7867-1525-1.  [بەستەری مردوو]
  3. ^ Brian Duignan (٢٠١٠). Medieval Philosophy. The Rosen Publishing Group. پەڕە ٨٩. ISBN 978-1-61530-244-4. 
  4. ^ Michael Kort (2004). Central Asian republics. Infobase Publishing. پەڕە ٢٤. ISBN 978-0-8160-5074-1. 
  5. ^
    • Ibn Sina ("Avicenna") Encyclopedia of Islam. 2nd edition. Edited by P. Berman, Th. Bianquis, C.E. Bosworth, E. van Donzel and W.P. Henrichs. Brill 2009. Accessed through Brill online: www.encislam.brill.nl (2009) Quote: "He was born in 370/980 in Afshana, his mother's home, near Bukhara. His native language was Persian."
    • A.J. Arberry, "Avicenna on Theology", KAZI PUBN INC, 1995. excerpt: "Avicenna was the greatest of all Persian thinkers; as physician and metaphysician"&fp=dcce4d829681fc6c&biw=1824&bih=966
    • Henry Corbin, "The Voyage and the messenger: Iran and Philosophy", North Atlantic Books, 1998. pg 74:"Whereas the name of Avicenna (Ibn sinda, died 1037) is generally listed as chronologically first among noteworthy Iranian philosophers, recent evidence has revealed previous existence of Ismaili philosophical systems with a structure no less complete than of Avicenna". [١]
  6. ^ Soheil M. Afnan, Avicenna: His Life and Works (1958), a classic biography for the general reader
  7. ^ Lenn E. Goodman, Avicenna (1992, updated 2005)
  8. ^ ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا. ئیبن سینا(ئینگلیزی). Encyclopædia Britannica, Inc.. سەردان لە ڕێکەوتی ٦ی کانوونی یەکەم ٢٠١٣.
  9. ^ د. أرشید یوسف بن أرشید: الحضارة الإسلامیة، ص ٢٥٧.
  10. ^ محمد فتحی صبری، الشیخ الرئیس إبن سینا، لاپەڕە ٣-٤
  11. ^ Ibn Sina's first appointment was that of physician to the emir, who owed him his recovery from a dangerous illness (997wikipedia english
  12. ^ Finger، Stanley (١٩٩٤)، Origins of Neuroscience: A History of Explorations Into Brain Function، Oxford University Press، پەڕە ٧٠، ISBN 0-19-514694-8 
  13. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/Ibn_Sina#The Canon of Medicine
  14. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/Ibn_Sina#The Canon of Medicine
  15. ^ أحمد فۆاد باشا: التراث العلمی للحضارە الإسلامیە ومکانتە فی تأریخ والحضارە، ص١٨٠-١٨١.
  16. ^ ٢. فوأد حمدو الدقس: الشیخ الرئیس إبن سینا، ص١٥.
  17. ^ د. راغب السرجانی: قصە العلوم الطبیة فی الحضارة الاسلامیة، ص١٨٣.
  18. ^ عبدالنعم الھاشمی، العلماء و عباقرة المسلمون، لاپەڕە ٢١٨.
  19. ^ کتێبی: ئیبن سینا و ھەرەسھێنان بەپزیشکێتی کۆن، نووسینی: جھاد خاوەری، لاپەڕە ٢٩.
  20. ^ E.G. Browne, Islamic Medicine (sometimes also printed under the title Arabian medicine), 2002, Goodword Pub. , ISBN 81-87570-19-9, p61
  21. ^ E.G. Browne, Islamic Medicine (sometimes also printed under the title Arabian medicine), 2002, Goodword Pub. , ISBN 81-87570-19-9, p60-61)
  22. ^ The Evolution Of Modern Medicine/page 72
  23. ^ 1597
  24. ^ http://www.wdl.org/en/item/9718
  25. ^ (الأقربانین) (الشیخ الرئیس إبن سینا، فؤاد حمدو الدقس، لاپەڕە ١٣-١٤)
  26. ^ http://www.muslimphilosophy.com/sina/art/ibn%20Sina-REP.htm#islw
  27. ^ Kitab al-Najat (The Book of Salvation), trans. F. Rahman, Avicenna's Psychology: An English Translation of Kitab al-Najat, Book II, Chapter VI with Historical-philosophical Notes and Textual Improvements on the Cairo Edition, Oxford: Oxford University Press, 1952. (The psychology of al-Shifa'.)

سەرچاوە[دەستکاری]