بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سادق شەرەفکەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی

لەدایکبوون١١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨
مەرگ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢(١٩٩٢-٠٩-١٧) (٥٤ ساڵ ژیاوە)
چێشتخانەی میکۆنوس لە شاری بەرلینی  ئەڵمانیا
ھۆکاری مەرگتیرۆر
شوێنی گۆڕ فەڕەنسا
پاریس، گۆڕستانی پێرلاشێز
نەتەوەکورد
پەروەردەدوکتورای کیمی ئانالیز
پیشەمامۆستای زانکۆ، بەڕێوبەری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
چالاکبوون١٩٧٣–١٩٩٢
کارسکرتێری گشتی
پێشعەبدولڕەحمان قاسملوو
حیزبی سیاسیحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەرامبەر(ەکان)ئێران کۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوی ئەوکەسانەی لە میکۆنۆس لەگەڵ شeڕەفکەندی دا شەھید کران، لە سەرەوەڕا
١- دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی
٢- فەتاح حەبدوولی
٣- ھۆمایون ئەردەڵان
٤- نووری دێھکۆردی

سادق شەرەفکەندی (١١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ لە بۆکان – ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢ لە بەرلین) مامۆستای کیمیا، خەباتکار، پێشمەرگە، سیاسییەتوانێکی کورد، و سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١٩٨٩ ھەتا ١٩٩٢ بوو. ئەو لە دوای تیرۆری عەبدولڕەحمان قاسملوو بووە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، بەڵام لە کارەساتی میکۆنۆسدا تیرۆر کرا. شەرەفکەندی برای مامۆستا ھەژار بوو.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

سادق شەرەفکەندی ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ی زایینی (٢١ی بەفرانباری ١٣١٦ی ھەتاوی) لە گوندی ترغە بۆکان لە دایک بوو. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەست دا و سەرپەرستییەکەی، کەوتە سەرشانی برا گەورەکەی، شاعیری گەورەی کوردستان مامۆستا ھەژار. سەردەمی منداڵی محەممەد سادق، ھاوکات بوو لەگەڵ پەرەستاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری کوردستان. پاش چە ند سال مالیان بە یە گجاری دیتە شاری بۆکان

خویندنی سەرەتایی لە بۆکان و ناوەندی و دەبیرستانی لە تەورێز تەواو کرد و ساڵی ١٩٥٩ (١٣٣٨) لە دانشسەرای عالیی تاران لیسانسی شیمیی وەرگرت.

شایانی سەرنجە کە لە ھەموو پلەکانی خویندندا یان خاوەنی پلەی یەکەم یان یەکێک لە باشترین قوتابیان و خوێندکاران بوو.

ھەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای دەرسی شیمی و ھەتا ساڵی ١٩٦٥ (١٣٤٤) لە شارەی ورمێ بە ئەرکی مامۆستایەتییەوە خەریک بوو. لەو ماوەیەدا وەک مامۆستایەکی شارەزا ناوی دەرکردبوو. سەرەنجام ساواک، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی ھاوبیر و ھاوکاری بۆ شارەکانی ئەراک و کەرەج و چەند شاری دیکەی دوور خستنەوە.

محەممەد سادق شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٠ (١٣٤٩ھەتاوی) بۆ زانستگای تربیت معلم نەقڵ کراو وەک یارمەتیدەری بەشی شیمی کاری پێ دەسپێردرا. پاش نیشاندانی لێوەشاوەیییەکی تەواو لەو ئەرکەدا، ساڵی ١٩٧٢ (١٣٥١ی ھەتاوی) بە کەڵک وەرگرتن لە بوورسی وەزارەتی علووم چوو بۆ فەڕنسا و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە توانی دوکتورای شیمی ئانالیز لە زانستگای ژمارە ٦ی پاریس وەربگرێ. دوکتور سادق شەرفکەندی ساڵی ١٩٧٦ (١٣٥٥) گەڕایەوە تاران و وەک استادیاری شیمی لە زانستگای تربیت معلم درێژەی بە کاری مامۆستایەتی دا کە لە بەجێھێنانی ئەو ئەرکەشدا بە تەواوی سەرکەوتوو بوو. ھەربۆیە بوو بە خۆشەویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئەو زانستگایە و وەک مامۆستایەکی دڵسوزو لە ھەمان کاتیشدا خەباتگێڕ ناوی دەرکرد.

ژیانی سیاسی[دەستکاری]

شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٣ (١٣٥٢) کاتێک لە پاریس دەورەی دوکتورای دەدیت، لە ڕێگای عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا بوو و داوای ئەندامەتی ئەو حیزبەی کرد. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بوو بە پەیوەندی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەندامانی کۆنی ڕێبەرایەتی حیزب. دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی ئێران و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) بوو بە ڕاوێژکاری کومیتەی ناوەندی.

شوباتی ١٩٨٠ (ڕەشەمێی ١٣٥٨) لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و بەرپرسایەتی کومیتەی حیزب لە تارانی پێ سپێردرا. سەرەتای ھاوینی ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن ڕێبەرایەتی حیزبەوە بۆ کاری تەواو وەخت بانگ کرایەوە کوردستان. لە پلینومی کومیتەی ناوەندی لە ھاوینی ١٩٨٠دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردرا. لە کۆنگرەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، ھەشتەم و نۆھەمی حیزبدا ھەموو جارێ بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و لە کومیتەی ناوەندیشدا ھەموو جارێ بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە.

سادق شەرفکەندی ماوەی بوونی لە ڕێبەرایەتی حیزبدا زۆرتر بەرپرسایەتی بەشی تەبلیغات (ڕادیۆ و چاپەمەنی)ی لە سەرشان بوو. لە ساڵی ١٣٦٥ەوە ھەتا کاتی تیرۆری قاسملوو ئەرکی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی بە ئەستووە بوو. شەرفکەندی لە یەکەم پلینومی دوای تیرۆری قاسملوودا بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتی حیزب ھەڵبژیردرا و لە کۆنگرەی نۆھەمی حیزبیشەوە تا کاتی تیرۆری، ئەرکی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەِرێوەدەبرد.

تیرۆر[دەستکاری]

لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢دا لە چێشتخانەی میکۆنوس لە شاری بەرلین کاتێ بەشداری کۆبوونەوەیەکی سەرانی گرووپەکانی دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، تێرۆر کرا. ھێندێ پلاندانانی ئەو تێرۆرە دەخەنە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە بە درۆخراوەتەو. دواتر دادگایەک لە شاری بەرلین دوای شیکردنەوەی ڕووداوەکانی کارەساتی میکۆنوس، نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار ناسی بۆ ئەنجامی ئەو تیرۆرە. عەلی خامنەیی (ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران)، ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی (سەرۆککۆماری کات) و عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کات)ی بۆ دادگا بانگێشت کران. بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئەڵمانیا کەسێک وێرای بێتە دادگاکە و شەھادەت بدات لەسەر ئەو ڕووداوە. لە دادگاکەدا گوتی کە ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعات بووە و سیستەمی پلان دانانی تیرۆرەکان بە باشی دەناسێ. بەو بەڵگانە دادگاکە کاربەدەستانی کاتی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار زانی لە ئەنجامی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا.

گۆڕی شەڕەفکەندی و عەبدولی و ئەردەلان لە گۆڕستانی پێر لاشێزی پاریس

سەرچاوەکان[دەستکاری]