ھەژار
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی | |
---|---|
![]() | |
لەدایکبوون | مەھاباد[١] | ١٣ی نیسانی ١٩٢١
مەرگ | ٢١ی شوباتی ١٩٩١ کەرەج | (٦٩ ساڵ ژیاوە)
شوێنی دۆزینەوەی تەرم | مقبرةالشعرای مھاباد |
نەتەوە | کورد |
پیشە | نووسەر، ھۆنراوەوان و وەرگێڕ |
ئایین | ئیسلام، سوننی |
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (لەدایکبووی ١٣ی نیسانی ١٩٢١ لە مەھاباد، ئێران – مردووی ٢١ی شوباتی ١٩٩١ لە کەرەج، ئێران) نووسەر، ھەڵبەستوان و وەرگێڕێکی کورد بوو. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی، سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.[٢]
ژیان[دەستکاری]
«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لە بە دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە. بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.
ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لەلایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا مەجبوور بە جێھێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حکوومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستان (باغ فردوس) ی شاری مەھاباد نیژرا.
ژیاننامەی ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا[دەستکاری]
ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا کە ژیاننامەیەکی خۆیەتی کە بە دەستی خۆی نووسراوە، دەڵێ:
بۆ خۆم لە بیرم نییە کەنگێ بۆ یەکەم جار ھاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ی ھیجریی مانگی، بەری بەیانی کە ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە لە دایک بووم و بریا ھەر نەبووبام… وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بە گروو بووم، کەم وەختان ژیربوومەتەوە… ھەروەھا سەبارەت بە ھێمن دەڵێ: لە خانەقا دەگەڵ ھاوتەمەنیکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی «محەممەد ئەمینی شیخولئیسلام» و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنی و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و ھیچ فێر نەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. ھەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە ھەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی شێعری دەگوت و خۆی لە من بە ھونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شێعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغێڵیان گاڵتەم بە شێعرەکانی دەکرد. ئاخری ھەر وازی نەھێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی ھەرەبەرز و بە ناوی ھێمن ناوبانگی کرد. کاری ھەرە گرینگمان ڕاوە دووپشک، دزی باخان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و ھەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.
بەرھەمەکان[دەستکاری]
بە کوردی[دەستکاری]
- بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپیکردووە
- چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی
- ئاڵە کۆک، دیوانی شێعری سەردەمی کۆمارە
- بەیتی سەرە مەڕ، چیرۆکەشێعرێکی درێژە؛ ماکەکەی لە چیرۆکێکی کورتی سەباحەدین عەلی، نووسەری تورک وەرگرتووە.
- مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی
- بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار، ١٩٦٥
- فەرھەنگی وشەی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠
وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]
- شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
- چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
- مێژووی ئەردەڵان، گردوکۆ و وەرگێڕانە لە چەند سەرچاوەی فارسییەوە بۆ کوردی
- یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نامیلکەیەکی شێعریی نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
- دایە، باوە، کێ خراوە؟، نامیلکەیەکی عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی
٭ عیرفان، بەرامبەری، ئازادی؛ نامیلکەیەکی دوکتور عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی
- قورئان بە کوردی
- ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتییە کوردی
ساغکردنەوە[دەستکاری]
- دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری (مەلای جزیری)؛ دەق و مانا لێکدانەوە.
- شەرحی دیوانی مەلای جزیری
بە فارسی[دەستکاری]
- تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
- روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندییە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر)
- قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
- آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
نموونەی ھۆنراوەکانی ھەژار[دەستکاری]
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم | لە خاکی عەرەب لە ئێران و ڕۆم | |
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم | کۆشکم دەقات بێ وێرانە ماڵ بم | |
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان | یان زەنجیر لە مل لە سووچی زیندان | |
ساغ بم جحێل بم بگرم گوێ سوانان | یان زار و نزار لە نەخۆشخانان | |
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری | یان لە کۆڵانان بکەم ھەژاری | |
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان | سەرلەپێناوم گیان لەسەر دەستان | |
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم | بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم | |
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە | لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە |
ئەمانەش ببینە[دەستکاری]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ Iranica - HAŽĀR
- ^ "ئەمڕۆ 28مین ساڵڤەگەرێ کۆچی دوایی مامۆستا ھەژارە". راگەیاندنی گوڵان.
- ھەژار، بەشی ناودارانی سایتی خۆزگە
- چێشتی مجێور، مامۆستا ھەژار