مەدھۆش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

حەمە عەلی کوڕی محەمەدی حاجی مستەفای قوربانی(١٩١٩–١٩٩٤)، شاعیری کوردە کە بە ناسناوی ئەدەبی مەدھۆش ناسراوە. ساڵی ١٩١٩ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە. باوکی وەفاتی کردووە پێش لەدایکبوونی. مەدھۆش، لەبەر گوزەرانی سەختی بنەماڵەکەی نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات. مەدھۆش ھێشتا لاو بووە کە بەھرە‌ی شیعری تیا دەرکەوتووەو لەژێر کاریگەریی گەورە رۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمەدا چووەتە دونیای ئەدەب‌و نووسینەوە. زمانی فارسی و عەرەبی زانیوەو چەند ھۆنراوەیەکی لە فارسی وەرگێڕاوە بۆ کوردی. لە ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی بیستەم لەسەر نیشتمان پەروەری چەند جارێک توشی بەندیخانە بووە، لە کۆمەڵەی ژ.ک. و پارتی شۆڕش کاری کردووە و لەدامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. بەھۆی سەختی ژیانەوە لە ساڵی ١٩٦٩ چووەتە بەغدا تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٠ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.[١]

پیشە[دەستکاری]

لەتەمەنی منداڵیدا شاگرد خەیات بووە[١] و زۆربەی تەمەنی لەو کارەدا بەسەر برد.

مەدھۆش یەکەم کەس بوو کە دورینی جل و بەرگی مۆدەی ئافرەتانی ھێنایە سلێمانی لە ساڵانی سەرەتای پەنجاکاندا، یەکەم کەس بوو کە دوکانەکەی بووبو بە کارگەیەکی جل و بەرگ کە زیاتر ٢٠ شاگردی کوڕ و کچی لابوو کە لەسەر ٢٠ مەکینەی خەیاتی کاریان ئەکرد. شاگردەکانی ھەموو مافێکی کرێکاریان ھەبوو. (لەوانە شەیدا، کەمالی، عوسمان و فایەق، نەجمەدین، ئەمین ئیبراھیم، ماجد عەبدوڵڵا، نایب عەبدوڵڵا، قادر ڕەسوڵ، عبدوڵلای حاجی سەعید، وەستا قادر، عەلی حەلاو، حەمەی شێخ عەلی، عومەری سەیدبایز، خالەحاجی، نەوشیروان مستەفا، مستەفای سەید مەجید، عەلی حاجی قادری حەڵواچی، ھونەرمەند حەمەی نێرگز، جگە لە چەند ئافرەتێک… ھتد) و زۆری تریش شاگردی مەدھۆش بوون و لە قوتابخانەی مەدھۆش فێری خەیاتی بوون ھەندێکیشیان وازیان لە خەیاتی ھێنا و بوون بە پێشمەرگە وەک نەوشیروان مستەفا، خاڵە حاجی)

لە ھەمان کات دا دوکانی مەدھۆش بوو بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی شاعیران و ئەدیبان و شیعر دۆستان لە کوڕ و کچی گەنجی ئەو زەمانە، دایم ئەت گوت کۆڕی شیعرو ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبییە (لەوانە مامۆستایان کاکەی فەللاچ، ئەحمەد ھەردی، ع.ح.ب. ع. ع. شەونم، ساجد ئاوارە، حسین عارف، جەمال شارباژێڕی، دڵشاد مەریوانی، مستەفا صالح کەریم، کاکەی ڕێبوار، شێرکۆ بێکەس، جەمال بابان و زۆر شاعیر و نووسەری تر کە ئێستە لەیادم نەماون.

لەسەرو ئەمانەشەوە مەدھۆش یەکەم کەس بوو کە شیعری بە ناوی ئافرەتەوە داناوە و لە دڵی کچان و کوڕانەوە زۆر بە ڕاشکاوی و سەربەستی ھۆنراوەی داناوە کە زۆر جار بەراورد ئەکرێت لەگەڵ شاعیری گەورەی عەرەب نزار قەبانی.

لەڕاستییدا مەدھۆش لەھەموو بۆنەیەک لەبیر کراوە، ئەوەش ھۆیەکەی ئەوەیە کە مەدھۆش قەت حەزی لە خۆ دەرخستن و خۆبردنە پێشەوە نەبووە.

سەرەتای بەھرە[دەستکاری]

ساڵی ١٩٣٩ یەکەمین شیعری بڵاو کردەوە، رۆژنامە‌و گۆڤارە کوردییە کان لەو قۆناغەدا پڕن لە شیعری جوان و بەرھەمی بەپێزی ئەم شاعیرە بەھرەدارە. سروشتی کوردستان‌و داکۆکیکردن لە مەسەلە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکان دوو جەمسەری گەورەی بەرھەمەکانی مەدھۆشن.

شێوە‌ی شیعری مەدھۆش، شێوەیەکی تایبەتە کە ھاوکات لەگەڵ ساکارییەکەیدا خەیاڵی قوڵ‌و وێنە‌ی جوانیان تیایە.

بەرھەمەکانی[دەستکاری]

حەمە عەلی مەدھۆش تەنیا لەبواری شیعر نووسیندا قەڵەمێکی بەپڕشت نەبووە، بەڵکو چیرۆک نووسێکی سەرکەوتووش بووە، کتێبخانەی کوردی بە ١٠ بەرھەمی چاپکراو ڕازاوەتەوە.[٢]

١. ھەمیشەبەھار -چیرۆکی ھۆنراوە - ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٨٢ شەش جار چاپکراوەتەوە

٢. دڵ و گوڵ -کورتە چیرۆک- لە ساڵی ١٩٥٩دا چاپکراوە

٣. سەرگوڵ -کورتە چیرۆک - ساڵی ١٩٦١ چاپکراوە

٤. دیوانی شیرین - ساڵی ١٩٦٢ چاپکراوە

٥. دیوانی دڵی کچان - ساڵی ١٩٦٧ چاپکراوە

٦. چیرۆکی نەریمان چی لێھات - ساڵی ١٩٦٨ چاپکراوە

٧. دیوانی دڵی کوڕان - ساڵی ١٩٧٢ چاپکراوە

٨. دیوانی یانەی دڵان (بەرگی یەکەم) - ساڵی ١٩٨٢ چاپکراوە و لە ساڵی ٢٠٠٤ چاپی دووەم کراوە و لە سالێ ٢٠٠٦ چاپی سێیەم کراوە.

٩. دیوانی یانەی دڵان (بەرگی دووەم) - ساڵی ٢٠٠٤ چاپکراوە

١٠. بەرەو پایزەبەھارێکی تر -کورتە چیرۆک - ١٩٨٨

١١. دڵی پێشمەرگە (یان دڵداری و نیشتیمان پەروەری) چیرۆکی ھۆنراوەیە کە تائێستا لە چاپ نەدراوە.

شاعیر لە شیعرێکدا زۆر بە ڕوونی باس لە ژیانی خۆی دەکاو دەڵێ:

ئەوەندە دەردی دەرونم دیوە

ئەوەندەش خۆشیم بۆخۆم دزیوە

گەردوون چەند دەوری بەسەرما داوە

ھەرگیز بێزاریم پیشان نەداوە

ئەم ژیانەی خۆم بەژین زانیوە

شیرینیم لەناو تاڵی نۆشیوە

شاعیر لە ھۆنراوەیەکی تریدا بەناوی (خامە) بەراوردیَکی فەلسەفیانە لەنێوان (چەک و پارە و خامە) دا دەکات، دەریدەخات کە ڕۆژی ڕووناک و گەش ھەر بۆخامە (قەڵەمە)، خامە دەکاتە زمانحاڵ و دەمڕاستی میللەت و لەسەردەمی شارستانییەتی و پێشکەوتندا ڕوودەکاتە (چەک و پارە) و پێَیان دەڵێت:

ئەگەر دەمڕاستی گەل پارە و تفەنگ بێت

ئەبێ ژێردەست و نۆکەربێ بەپەنگ بێ

لەکاتێکا عیلم ژێرپێ نراوە

تفەنگ فەرمانڕەوایەو پارە پیاوە

بەڵام ڕۆژێ قەڵەم ھەردێتە سەرکار

تفەنگ‌و پارە بۆگەل دێنە ژێربار[٢]

کۆچ[دەستکاری]

مەدھۆش لە ٢٦ی شوباتی ١٩٩٤ کۆچی دووایی کرد.[٣]

بیرەوەری[دەستکاری]

بیرەوەرییەکی نایب عەبدوڵڵا سەبارەت بە ھەردوو شاعیر مەدھۆش‌و ئەحمە ھەردی:

ڕۆژێکیان چەند برادەرێک بووین لە لۆکاڵەکەی کوردەکانی ھودیکسڤاڵ دانیشتبووین باسی شیعرو شاعیرانمان دەکرد، لە دواییدا باس ھاتە سەر مامۆستا ئەحمەد ھەردی‌و شیعرە بەناوبانگەکەی: ست فاتیمە. بەشێک لە برادەران وایان دەردەبڕی کە گوایە ئەو شیعرە خەیاڵی یە و، ست فاتیمەش ناوی کەسێک نییە سەرنجی ھەردی ڕاکێشابێ بۆ ئەم شیعرە. منیش بە باشی‌و ڕاستی کە ئاگاداری دانانی ئەو شیعرەبووم، بە کورتی بۆم گێڕانەوە. لە دواییدا ھاوڕێی خۆشەویستم کاک ھێرش داوای لێکردم کە ئەو ڕووداوە بخەمە سەر کاغەزو پێشکەشی بکەم. ئەمەش ڕووداوەکەیە: لە سەرەتای ساڵەکانی پەنجادا من شاگردی «حەمە عەلی مەدھۆش» ی خەیات بووم. بەھۆی ئەوەی مەدھۆش شاعیر بوو، پەیوەندیی شیعرو برایانەی زۆر لەگەڵ ھەردی دا ھەبوو. لەو سەردەمەدا، ڕۆژ نەبوو ھەردی نەیەتە دوکانی مەدھۆش. ھەردووکیان زۆربەی کات ھەر باسی شیعریان دەکرد، ئێمەش ٧–٨ شاگرد بووین‌و گوێمان لێدەگرتن‌و پێمانخۆشبوو، بەتایبەتی مامۆستا ھەردی زۆر بە جوانی شیعری دەخوێندەوە، ئێمە لەززەتمان زیاتر لە شێوەی خوێندنەوەکەی وەردەگرت، وەکوو دەڵێن ڕۆحی دەکرد بە بەر ئەو شیعرەدا کە دەیخوێندەوە. زۆر باش لە یادم ماوە ساڵی ١٩٥٠ لە کاتی بەھاردابوو، ھەردی ھەموو بەیانییەک زوو لەوکاتەی مامۆستاو قوتابیان دەچوون بۆ قوتابخانە، ھەردی لە سەرووی دوکانەکەمانەوە، کە ئەودەم بە تەنیشت (مەکتەبەی گەلاوێژ - جادەی مەولەوی) ەوە بوو، لەسەر ڕێگەیان ڕادەوەستا، کە مامۆستا ئافرەتەکان تێپەڕدەبوون، ئەویش دەھاتەوە دوکانی مەدھۆش‌و ھەندێجار دەیگوت ئەمڕۆش ئەم بەیتانەم بۆ ھات، بۆ مەدھۆش-ی دەخوێندەوە.. ماوەیەک ئەم کارەی ھەردی بەردەوام بوو. ئیتر ئێمەش ھەموومان زانیمان‌و گوێشمان لێبوو کە ئافرەتێکی مامۆستا ھەیەو ناوی «فاتیمە» یەو سەرنجی ئەم -ھەردی- ی ڕاکێشاوە و، بە ماوەیەکی زۆرو بەو شێوەیە ئەو شیعرەی تەواوکرد. جا بەوەدا کە ھەردی ھەموو ڕۆژێک لەسەر ڕێگایدا ڕادەوەستا تا تەماشای بەژن‌و باڵاو چاوەکانی بکات.. دیاربوو پەیوەندییان نەبووە پێکەوە، تەنیا دووربەدوور یان لە مناسەباتدا سەرنجی ڕاکێشاوە.. بەڵام دوابەدوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە ھەرچی بووبێ من ئاگام لێ نەبووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کوردیپێدیا، Kurdipedia-. "مەدھۆش - حەمە عەلی خەیات". Kurdipedia.org (بە زمانی عەرەبیی جەزائیری). لە ڕێکەوتی 17ی ئەیلوولی 2020 ھێنراوە. 
  2. ^ "مەدھۆش". www.khaktv.net. ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک. لە ڕێکەوتی 17ی ئەیلوولی 2020 ھێنراوە. 
  3. ^ شارەزا، کەریم. ")مەدھۆش (و ملمالنێی) تفەنگ (و) پارە (و) خامە(!!" (PDF). رۆژنامەی خەبات. لە ڕێکەوتی 17ی ئەیلوولی 2020 ھێنراوە.