مەلا عەبدولکەریم مودەریس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلا عەبدولکەریم مودەریس

مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس
لەدایکبوون١٩٠١
مەرگ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥
نەتەوەکورد
پیشەموفتی، شاعیر و وەرگێڕ ، نووسەر ، متصوف
ئایینئیسلام


مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (لەدایکبووی ١٩٠١ لە گوندی گوێزەکوێرەی، مەریوان، ئێران – مردووی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە بەغدا، عێراق) نووسەر، زانای ئایینی، شاعیر و موفتیی کوردی سەدەی بیستەمە. ئەو زیاتر لە ٦٠ پەرتووکی ئایینی، مێژوویی و وێژەیی بڵاو کردووەتەوە. ھەروەھا تەفسیری قورئانی بە زمانی کوردی و عەرەبی ھەیە. ساغکردنەوە و شیکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری کلاسیکی کوردی لە کارە گرنگەکانی تری ئەم کەسایەتییەیە. نموونەی ئەو شاعیرانە بریتین لە مەولەوی، نالی، مەحوی، فەقێ قادری ھەمەوەندی.

ژیاننامە[دەستکاری]

ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن لە دێی تەکیەی ناوچەی خورماڵ لەدایکبووە،[١] بەڵام لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٩ تا ١٩٠١دا لە گوندی گوێزەکوێرەی سەر بەشاری مەریوان ھاتووەتە دنیاوە[٢][٣] و ناوی تەواویشی عەبدولکەریم کوڕی محەممەد کوڕی فەتاح کوڕی سلێمان کوڕی مستەفا کوڕی محەممەد خەجێ لە عەشیرەتی قازییە.[٤] سەرەتا خوێندنیشی بە قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان دەست پێکردووە و گوندەکانی بەیەڵە و بالک و کانی سانان و دەرەتفێ و دووڕۆ گەڕاوە. لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانیشدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەممەد ئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی ١٩٢٤ یشدا لە ئاھەنگێکی فراواندا لە شاری سلێمانی مۆڵەی مەلایەتی لەسەر دەستی زانای ئایینی شێخ عومەری ئیبن قەرەداغی وەرگرتووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی نێرگسەجار تا لەسەر داوای حەزرەتی شێخ عەلائەددین نەقشبەندی دێتە بیارە کە بە ئەزھەری کوردستان ناسراوە و ڕۆژانە سەدان کەس سەردانیان کردووە. لە ڕاستیدا نازناوی مودەڕڕیس بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ وانەبێژی خانەقای بیارە کە لەوێ بە ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی زانست و فەرھەنگی کوردی کردووە.

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە ساڵی ١٩٦٠ لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناونیشانی «مودەریس» دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لەسەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە، ھەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەی و عەرەبییەکاندا. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرھەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شیعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و «شێخ عوسمان و سەراجەدین»ی بڵاوکردووتەوە، ھەروەھا چەندین شیعریشی لەژێر نازناوی «نامی» دا بڵاوکردووەتەوە، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە بەکوردی کردنی فیقھی ئیسلامی و تەفیسری قورئان و تەجویدەکەیدا.

خەمڵاندن[دەستکاری]

مەجلیسی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسراو بووە و خاوەنی توانای فتوای ئایینی بووە، بۆیە چەندین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی «کۆمەڵەی زانایانی عێراق»ی بەدەستەوە گرتبوو، لەوەش گرنگتر لەم ساڵانەی دوایی ٣ ھەزار زانای ئایینی سوننی ڕێڕە و کە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق ھاتبوون و لە بەغدا کۆبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداری خۆی جەنابی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بە سەرۆکی (الامانە العلیا للافتاو و التدریس و البحوپ و التێوف) ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیربوو ئەو پۆستەی ڕەتکردبووەوە. وێڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق-دەستەی کورد بووە، ھەروەھا باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاری وڵاتی ئەردەنیش بوو. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەتەمەنی ١٠٤ ساڵیدا و لە کاتژمێر ١٢ی شەو لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە شاری بەغدا کۆچی داویی کرد.

ھەندێک لەبەرھەمەکان[دەستکاری]

مەلا عەبدولکەریم ژمارەیەک زۆر بەرھەمی بە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی ھەیە. بڕێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە.[١]

بەرھەمەکان بە زمانی کوردی[دەستکاری]

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و کۆمەڵێک زانای ئایینی
  1. باخچەی گوڵان
  2. بارانی ڕەحمەت
  3. بەھار و گوڵزار
  4. بنەماڵەی زانیاران
  5. شەرحی تەسریفی زنجانی
  6. تەفسیری نامی (لە چەند بەرگێکدا)
  7. سەناو سکاڵا
  8. حەج نامە
  9. خوڵاسەی تەفسیری نامی
  10. دوو ڕشتە
  11. ڕۆژگاری ژیانم
  12. ڕۆژگای بەھەشت
  13. ڕێگای پێغەمبەر
  14. سەرچاوەی ئایین
  15. سۆسەنی کۆسار
  16. شەریعەتی ئیسلام - لە ٤ بەرگدا
  17. شەمامەی بۆندار
  18. شەوچەرەی دڵدار
  19. کەراماتی حەزرەتی ضیاء الدین «قدس سرە»
  20. لیمۆی مەزەدار
  21. مەولودنامە و میعراجنامە
  22. مەکتووبات کاک ئەحمەدی شێخ
  23. نامەی بەختیار
  24. نامەی ھۆشیار
  25. شەمامەی بۆندار
  26. نووری ئیسلام
  27. نووری قورئان
  28. وەنەوەشەی نازدار
  29. وتاری ئایینی بۆ ڕۆژانی ھەینی
  30. یادی مەردان (دوو بەرگ)

وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]

  1. تەرجەمەی بەھارستانی جامی (چاپ نەکراوە)

ساغکردنەوە[دەستکاری]

  1. عەقیدەی مرضیةی مەولەوی
  2. (الفضيلة)ی مەولەوی (الوسيلة في شرح الفضيلة)
  3. دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند
  4. دیوانی مەحوی
  5. دیوانی مەولەوی
  6. دیوانی نالی

بەرھەمەکان بە زمانی فارسی[دەستکاری]

  1. فوائد (الفوائح)ی مەولەوی
  2. رسالە شمشیرکاری

بەرھەمەکان بە زمانی عەرەبی[دەستکاری]

  1. علماءنا فی خدمة علم و الدین
  2. الصرف الواضخ للمبتدئین
  3. الإسلام

نموونەی شیعری[دەستکاری]

ئەی پێغەمبەری ڕەھبەری ئیسلامبڕژێ بەسەرتا سەڵات و سەلام
ئەی یادگاری نەتەوەی ئادەمبۆ تۆ بوو دنیا دەرچوو لە عەدەم
دڵێ بە یادی تۆ نوورانی بێلەگەڵ فریشتە ئەبێ بە ھاودەم
چاوێ بڕوانێ بۆ ناو چاوانتوەرئەگرێ نووری بارەگای قیدەم
ئەی پێغەمبەری ڕەھبەری ئیسلامبڕژێ بەسەرتا سەلات و سەلام
ئەی پێغەمبەری شیرین ڕەنگ و بۆدەستی ھانامان بە دامانی تۆ
دونیای ڕووناکم لێ بووە بە شەومەینەت لە سەرم جەم بووە کۆ کۆ
سایە شک نابەم لە گەرمای دەردامەگەر سێبەری کاڵای ئاڵای تۆ
خۆت زویر مەکە لە بێ شەرمیمانلا بکەرەوە ئەمجارەش لە نۆ
ئەی پێغەمبەری ڕەھبەری ئیسلامبڕژێ بەسەرتا سەڵات و سەلام[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "إعداد/يوسف بن عبد الرحمن المرعشلي. (2006). نثر الجواهر والدرر في علماء القرن الرابع عشر وبذيله عقد الجوهر في علماء الربع الأول من القرن الخامس عشر-مج1". ٦ی ئازاری ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ ھەورامانی، عەبدولدائیم مەعرووف، سەدەیەک تەمەنی نوورین: مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس بە پێنووسی خۆی بناسە، تیشک.
  3. ^ "مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، زانای تاقانەی سەردەم: دۆکیۆمەنتەرییەکی کەناڵی پەیام دەربارەی ژیانی مەلا عەبدولکەریم".
  4. ^ سەدەیەک تەمەنی نوورین – مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس بە پێنووسی خۆی بناسە.
  5. ^ لە پەرتووکی مەولودنامە و میعراجنامە

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]