قالەمەڕە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قالەمەڕە
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونقادر عەبدوڵڵا زادە
ھەروەھا ناسراوە بەقالەمەڕە
لەدایکبووی (١٩٢٥-١٠-٢٣) ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٥
گوندی کولیجە
مردووی٢١ی ئایاری ٢٠٠٩(٢٠٠٩-٠٥-٢١) (٨٣ ساڵ ژیاوە)
بۆکان
چەشنەکانمۆسیقای کلاسیکیی کوردی
ئامێرەکانشمشاڵ (نەی)
ساڵانی چالاکبوون؟ –٢٠٠٩

قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندێکی شمشاڵژەنی کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندی شمشاڵ ژەن ساڵی ١٩٢٥ (١ی سەرماوەزی ١٣٠٤ کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان ھاتە دنیا. ناوی باوکی ناوی محەممەد بووە و لەلایەن شێخ محەممەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆری خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی پێبەخشرا. لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سحراوی و ئاسمانی و بەربڵاوی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری موزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە ھێنایە گۆڕەپانی ھونەرییەوە.

لە منداڵیدا شوان بووە و باسی ئەم جارەش بووە کە بە ڕێکەوت دەستی پێکردووە بە ژەنینی شمشاڵ کەم باس لەوە دەکات کە منداڵییەکەی چەند سەخت بوو. ئەم شمشاڵ ژەنە ھەر خۆشەویست و ڕێزدار نەبوو بەڵکو مۆسیقاژەنێکی کارەکەی گەیشتە باری ئەفسانەیی.

دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانای کورد حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا. قالەمەڕە باوکی نەبینیووە و دایکیشی لە تەمەنی ٦ ساڵانیدا کۆچی دوایی دەکا. ھەر وەک خۆی دەڵێ تەواوی ژیانی بە نارەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە. ساڵی ١٩٤٥–١٩٤٦ پەیوەندی بە کۆماری مەھابادەوە گرتووە و دۆستایەتییەکی نزیکیشی لە گەڵ نەمران ھەژار و ھێمن موکریانی دا ھەبووە. لە دوای لەسێدارەدرانی قازی محەممەدی سەرۆک کۆمار، قاچاغ دەبێ و ھانا دەباتە ئەشکەوتی گوڵاڵە، یان پەنای دەباتە ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە. ساڵانی ١٩٦٧–١٩٦٨ بووەتە ھاوڕێی مەلا ئاوارە و مەلا مەحموودی زەنگەنە و سولەیمانی موعینی. ھەر لەو سەروبەندەدا ماڵیان دەچێتە دەڤەری بۆکان. تا ساڵی ١٩٨٥ ھەر بە سەڵتی ژیاوە و خێزانی پێکنەھێناوە. ھونەرمەند قالەمەڕە ھەمیشە لە خەباتی کورددا بەشداری کردووە و ھاوڕێ و ھاوشانی تێکۆشەران بووە. تا سەردەمای شۆرشی گەلانی ئێران واتە ساڵی ١٩٧٨ بە نھێنی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد . ھونەرمەندی موزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردستان قالەمەڕە خاوەنی چەندین بەرھەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە کە ھەموویان مۆرکی تایبەتی ئەم ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی ھونەری موزیکی دەوڵەمەندی کوردین و بۆ ھەمیشە دەمێننەوە. بابەتی زۆربەی بەرھەمەکانی حەماسی و مێژوویی و عاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و ھەر کامەو بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوەو لە دەزگا جۆراوجۆرەکاندا زۆر بە جوانی پێشکەشی کردوون.

لە نێو ھونەرمەندانی موزیکزانی وڵاتی ئێران و لە فیستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکانی ھونەری موزیک لە ئێران ھونەرمەند قادر عەبدوڵڵازادە بە نازناوی «گنج متحرک» ناسراوە واتە «گەنجینەیەک کە دەگەڕێت» ناسرابوو، ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە ئەم بلیمەتە وەکوو گەنجینەیەکە کە پڕە لە موزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری ھونەری موزیکی دەوڵەمەند و ڕەنگین و جوانی کوردستان.

ھونەری موزیک و گۆرانی و شمشاڵی کوردستان بێگومان مرۆڤ وەبیر ھونەرمەند قالەمەڕە دەخاتەوە. چونکە ئەم ھونەرمەندە بێ ھاوتایە لە بواری ژەنینی بەیت و حەیران و لاوک و مەقام و گۆرانی و سەرجەم ئاوازەکانی جۆراوجۆری موزیکی کوردستاندا توانایەکی لە ڕادەبەدەر و شارەزایییەکی تەواوی ھەبوو.

لە لایەکی دیکەوە ھونەرمەند قالەمەڕە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لەسەر بانگھێشتی خوێندکارانی کورد لە زۆربەی ھەرە زۆری ڕێوڕەسمی ساڵوەگەری کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە زانکۆکانی جۆراوجۆری وڵاتی ئێران ئامادە بووە و بە دەنگی بەسۆز و سحراوی شمشاڵەکەی کۆڕەکەی ڕازاندووەتەوە.

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک لە وڵاتی ئێران لەوانە فیستیڤاڵی موزیکی فەجر لە تاران، فیستیڤاڵی موزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فیستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان و لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە. ھەروەھا لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانە تابلۆی سوپاس و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.

بیروڕای پسپۆڕان[دەستکاری]

بەشێکی شمشاڵی قالەمەڕە

گرینگی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێک دایە کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەتەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە ھونەرەکەی لادەن بەڵکوو تەنانەت وەک بلیمەتێک باسی قالەمەڕ دەکەن. بۆ نموونە مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی سەبارەت بە قالەمەڕە دەڵێ: پەنجەکانی مامەقالە پەنجەیەکی کورتی ڕەسەن، پەنجەیەکە کەوا ئێمە کەم کەس ھەیە بەم شێوازە بتوانین دەستی بۆ درێژ بکەین زۆر پێویستە ئێمە بەو پەڕی ڕێزەوە بەو پەڕی گەورەیییەوە بڕوانینە مامە قالە تەجرەبەی ژیانی ئەو بکەینە نووسراوێک لە کتێبەکاندا بڵاوی بکەینەوە، نەوەکانی داھاتوومان دەیان ماجستەرنامە و دکتۆرا نامەی لە سەری بنووسن.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

ھونەرمەندی میللی و شمشاڵ ژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالە مەڕە، شەوی پێنجشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٠٩ لە کاتژمێر ٢٢:١٥ بە کاتی ھەولێر، لە کاتژمێر ٢٢:٤٥ بە کاتی تاران لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھێمن لە کۆڵانی لاچین ١٥ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دواتر واتە ھەینی ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٩ بەشداری ھەزاران کەس لە گەلی بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەرمی پیرۆزی بەپێی وەسێتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک بە داوێنی دایکی نیشتمان سپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

"قالە مەڕە" ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Ghader Abdollahzadeh»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠.