سمایل سەردەشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

سمایل سەردەشتی گۆرانیبێژێکی خۆوێژ و بەندبێژێکی لەزەبری کورد بوو.

سمایل سەردەشتی
لەدایکبووی ١٩٧٤/٤/٢٤
قەڵادزێ، باشووری کوردستان
مردووی ٢٠٠٨/١/٨
ڕانیە
پیشەکان گۆرانیبێژ

ژیان[دەستکاری]

١٩٧٤/٤/٢٤ لە شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. ھەر لە نەوەدە کانەوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە، لە کوردستانی ئێران بە ھۆی وتنی گۆرانی سیاسی دەستگیر دەکرێ و ساڵی ٢٠٠٥ دێتە کوردستانی عێراق. سەردەشتی خاوەنی ٤ منداڵ بووە بە ناوەکانی [کەیوان، کۆمار، شیما، شیلا]

شێوازی وتن[دەستکاری]

سەرەشتی خاوەن تۆناژێکی تایبەتی دەنگ و شێوازێکی وتنی تایبەت بە خۆی بوو. زۆر کەس دواتر لاساییان کردۆتەوە، بەڵام بۆخۆی لاسای کەسی نەکردۆتەوە. ھەرچەند جاروبار گۆرانیی ھونەرمەندانی تریشی وتۆتەوە. ھەمیشە ڕێزێکی تایبەتیی بۆ ھونەرمەندانی گەورەی کورد وەکوو ناسر ڕەزازی و شوان پەروەر و بەندبێژانی وەک عەلی خەندان و سەید عەلی سەردەشتی داناوە و لە بەندەکانیدا ناوی بە بەرزی ھێناون. زۆر جار ناوئاخنی بەندەکەکانی بە باسی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی خاک و کورد ڕازاندۆتەوە و ھەر ئەوەش بۆتە ھۆی ئەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە چەند جار دەستبەسەر کرێ و دواجاریش ناچار بە جێھێشتنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو و لە باشوور گیرسایەوە. ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی کوردستان لە سەر سەردەشتی کاریگەر بوون و دڵی پێیان خۆش و ناخۆش دەبوو و لە ئاواز و بەندەکانیدا ڕەنگی دەدایەوە. بۆ نموونە لێک نزیک بوونەوەی حیزبەکانی باشووری کوردستان لە سەردەمی پاش ڕووخانی سەددامدا دڵی ئەوی خۆش کرد و گەلێک بەندی پێدا ھەڵگوتن و ھیوای سەربەرزی بۆ خاک و نیشتمان لێ خواستن. لە لایەکی ترەوە کاتێک کوێرەمووشە دژە نەتەوەکان لە سابڵاغ شەوێک کێلی شاعیران و گەورەپیاوانی وەک مامۆستا ھێمن و ھەژاریان شکاند، دەنگی سەردەشتی لە ھەموو کەس بەرزتر بەرپەرچی ئەم ڕووداوە ناخۆشەی داوە. لە بەشێکی گۆرانییەکی درێژدا کە بۆ ئەم ڕووداوەی داناوە، دەڵێ:

شەوگارێکی نەنووستم ھەتا سیواتی داوە

ھەر لە فکری واندا بووم بۆچی کێلیان شکاوە

ساتێک لەوێ ڕادەبری ھۆی گەڕیدەی ئەو ناوە

لە جیات دەستەگوڵ بەری بۆ ئەو دو شێرەپیاوە

لە جیات فاتیحە بخوێنی کە زەحمەتیان کێشاوە

دەچی کێلیان دەشکێنی قەت نافەوتن ئەو ناوە

ڕەبی ئەو دەستە بشکێ لە کێلی وانت داوە

ھەنگاوی لاقت ورد بێ بەرەو وێت ھەڵێناوە

چۆن دڵت بڕوا دەدا و کێ تۆی وا دەرس داوە

کوڕی چ حەرامزادێکی لێت پیرۆز بێ ئەو ناوە

کۆچی دوایی[دەستکاری]

سەردەشتی ڕۆژی ٢٠٠٨/٨/١ لە سەر ڕێگای سەنگەسەر-ڕانیە تووشی ڕوداوی ھاتووچۆ دەبێ و دەست بەجێ گیان لە دەست دەدا. پێشتر ھەم بە بەند و ھەمیش بە قسە وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی لە ئاڵای کوردستان بپێچرێ. وەسیەتی بە جێ ھێنرا و لە کاتی بە خاک ئەسپاردنیدا تەرمەکەیان بە تابووتەوە بە ئاڵای کوردستان ڕازاندەوە و جەماعەتێکی زۆر لە خەڵک و خۆشەویستانی خۆی و خاکی کوردستان بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون. مامۆستای تەڵقیندەر بە ھێنانەوەی بەڵگەی شەرعی بۆ ئەو کەسانەی لە سەر خۆشەویستیی نیشتمان لە خاک و زێدی خۆیان تەرە دەکرێن بە شەھیدی لە قەڵەم دا و مامۆستا مەلا عەوڵا حەسەنزادە ئەدیب و وەرگێڕ و سیاسیی ناسراوی ڕۆژھەڵات کە لەوێ حازر بوو وەک پێشمەرگەیەکی کورد ڕێزی لێ گرت و باسی کرد.