ئەسیری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئەسیری

لەدایکبوون١٨٩٥
مەرگ١٩٦٢
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر

عەبدولخالق کوڕی سەید حوسێن ئەفەندی مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندی شاعیری نەتەوەیی ناوداری کورد ناسراو بە ئەسیری (لەدایکبووی ١٨٩٥ لە کەرکووک، عێراق – مردووی ١٨ی حوزەیرانی ١٩٦٢ لە کەرکووک). لە بنەماڵەیەکی ئایینیی زانست پەروەردەدا ژیاوە. لە گەشتی خوێندنی مەلایەتیدا گەلێک شاری باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان گەڕاوە، لە کۆتاییی گەشتەکەیدا بەڵگەنامەی زانستی لە کەرکووک لە مەلا عەلی حیکمەت سیامەنسووری وەرگرتووە. ناوبراو جگە لە زمانی کوردیی، شارەزایی ھەریەک لە زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبیشدا ھەبووە.

ژیان[دەستکاری]

سەرەتای خوێندنی لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد ئاغای مستەفا ئاغا لای مەلا محەممەدی وەستا فەتاح بووە. بۆ تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئایینی لە ساڵی ١٩١٣ ڕووی کردووەتە ھەڵەبجە، ناوچەی جوانڕۆ، بانە، سەقز، سنە و چوڕ. لە دواییدا گەڕاوەتەوە کەرکووک و لای مەلا عەلی حیکمەت دوا قۆناغی خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دوازدە زانستییەکەی ئایینی ئیسلامی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٢٠ چووە بۆ ئەستەمبوڵ و لەم گەشتەیدا بەیرووت و ئیزمیری بینیوە. لە گەشتی ئەستەمبوڵی چاوی بە نەجمەدین ئەفەندی برا بچووکی و شێخ عەبدولقادری شەمزینی کەوتووە کە خەریکی خەباتی کوردایەتی بوون، و لەسەر دەستی ئەوان وانەی خەباتی نەتەوەیی فێربووە، بۆیە کە لە ساڵی ١٩٢١ گەڕاوەتەوە کەرکووک و دەستی بە خەباتی کوردایەتی کردووە و شیعری نەتەوەیی ھۆنیوەتەوە، تاکو بووەتە شاعیرێکی ناسراوی کورد و لەگەڵ شاعیرانی وەک ئەحمەد موختار جاف، فایەق بێکەس و مەلای گەورەی کۆیە جێی حاجی قادری کۆییان لە ھۆنینەوەی شیعری نەتەوەیی گرتووەتەوە.

ئەسیری لە ساڵی ١٩٣٥ بە مووچەخۆر لە دادگای شەرعی کەرکووک دامەزراوە، لە پاشاندا لە ساڵی ١٩٤٣ بووە بە باشکاتبی کارگێڕی ماڵی قاسیرین لە کەرکووک تا ساڵی ١٩٥١. لەو ساڵەوە بۆ جاری دووەم گەڕاوەتەوە دادگای شەرعی. لەم کارەیدا ماوەتەوە تا ساڵی ١٩٥٨ خانەنشین کراوە. ئەسیری ژنی نەھێناوە، ماڵی لە ناو خانەقا بچووکەکەی بووە لە گەڕەکی ئەخی حوسێن لە کەرکووک. لەو کاتەی مووچەخۆری میری بووە کاری کشتوکاڵیشی کردووە.

مردن[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٦٠ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە لە قوڕگی تا لە ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ١٩٦٢ لە تەمەنی ٧٢ ساڵی لە شاری کەرکووک کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ محیەدین نێژراوە.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

ئەسیری لە شیعری وەسفدا گەلێک سەرنج تیژبووە، بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەو ھۆنراوە سەرکەوتووەیەتی کە لەسەر وەسفی کوردستانی داناوە و لە گەشتەکەی خوێندنی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان چاوی بەو دیمەنە جوانانەی نیشتمانەکەی خۆی کەوتووە، ھۆنراوەکەشی بەناوی بێرە کوردستانە و لە سەرەتاکەیدا دەڵێ:

بێرە کوردستان عەزیزم، گەر تۆ سەیرانت دەوێ بتبەمە قەندیل، ئەگەر گوڵزاری کوێستانت دەوێ
سەیری ئەو خێڵاتەکە، نشتووتە دامێنی چیا بابچینە ماڵە گەورە، قەوم و خزمانت دەوێ
دەتبەمە سەر پیرەمەگروون و کاژاو و شەرا بێ ڕەسەد سەیری مەھو بورجیس و کەیوانت دەوێ
بتبەمە پای تاقی لای سەر پێل و سەرمێل و کرند پێت نیشاندەم چەن ھەزار ئاساری ساسانت دەوێ
ئاوی ڕوونی ڕەوشەنی چەشمانی دامێنی چیا لێی بنۆشە دەم بەدەم گەر ئاوی حەیوانت دەوێ
ھەڵسە گەشتی لالە وو گوڵزاری کوردستان بکە گەر لەبۆ دەردی کوشندەت داو و دەرمانت دەوێ
لاوی کوردی من لە بەرکە، شاڵی زاخۆ و ئامەدی گەر ئەتۆ چاتر لە کاری شاڵی کرمانت دەوێ
گیان و ماڵت بەخشی ڕێگەی میللەتت کە چاوەکەم گەر لە خوا ئازادی وو بەخشین و ئیحسانت دەوێ
ئەی ئەسیری ھێندە عەشقی میللەتی کوردت ھەیە بمریشی لام وایە گۆڕی گردی سەیوانت دەوێ

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی ئەسیری، ئامادەکردن و پێشەکی: د. کوردستان موکریانی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  • شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، ڕەفیق حیلمی، لاپەڕە ٤٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠١٠.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، نووسینی:سدیق بۆرەکەیی (سەفی زادە)، ھەولێر:٢٠٠٨.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٠١ تا ٣٠٧، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  • مێژووی ناودارانی کورد، بەرگی دووەم، بابەشێخی مەردۆخ ڕۆحانی، لاپەڕە ٧٥٩، چاپی یەکەم:٢٠١١.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]