بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئازەربایجان (ھەرێم)

تاوتوێکراو
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئازەربایجان
Azerbaijan
آذربایجان - Cənubi Azərbaycan
ھەرێمی ئازەربایجان لە ئێراندا
ھەرێمی ئازەربایجان لە ئێراندا
mapframe problems:
  • Attribute "latitude" has an invalid value
  • Attribute "longitude" has an invalid value
  • Attribute "zoom" has an invalid value
وڵات ئێران
پارێزگاپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیزکراوە
ڕووبەر
  سەرجەم١٠٠٬٨٦١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٨٬٩٤٣ میلی چوارگۆشە)
ژمارەی دانیشتووان
  سەرجەم٨٬٤٤٥٬٢٩١
زمان و ئایین
  زمانئازەری و کوردی
کەمینە: (تاتی، تاڵشی، ئەرمەنی و ئاشووری)
  ئایینشیعە و سوننە
کەمینە: یارسان و مەسیحی
  نەتەوەکورد، ئازەربایجانی، فارس، ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان، تاڵشەکان و تاتەکان
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
  ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٠٤٤١

ئازەربایجان (بە ئازەربایجانی: آذربایجان‎، بە پاڵەوی: ئاتورپاتەکان، ئازەربازەگان، ئازەربایەگان، بە سوریانی: ܐܕܘܪܒܝܓܐܢ‎). ناوی ھەرێمێکی جوگرافی و مێژوویییە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئێران، کە بە «سەری ئێران» ناسراوە.[١]

لەسەر بنەمای پەسنی مێژوونووسان و جوگرافیناسان، ئەم ھەرێمە دەکەوێتە ئەم سنوورەوە لە باکوورەوە ڕووباری ئاراس، کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە باشوورەوە پارێزگای کوردستان و پارێزگای زەنگان، لە ڕۆژھەڵاتەوە پارێزگای گێڵان و دەریای قەزوین، لە ڕۆژاواوە باکووری کوردستان و باشووری کوردستان. لەئێستادا سێ پارێزگا دەگرێتەوە ئەمانەن پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیزکراوە.[٢]

لە ڕابردوودا «ئازەربایجان» لە باکوورەوە بە خاکی (ئاران) و باشووری ڕۆژاوا بە (ئاشوور)، لە ڕۆژاواوە بە (ئەرمەنستان)، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە (موغان و گەیلان) سنوور درابوو، و پایتەختەکەی شاری «گەنزەک»(تەختی سلێمان) لە نزیک تیکاب بوو.[٣][٤]

وشەی ئازەربایجان لە وشەی «ئاترۆپات» ھاتووە یان «ساتراپ» فەرمانداری مادەکان یان لە سەردەمی ھێرشی ئەسکەندەری مەزن بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوین، پێی وتراوە «مادی بچوک». «ئاترۆپات» ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێرانی لە داگیرکاری ئەسکەندەری مەزن پاراست و دوای مردنیشی حکوومەتێکی سەربەخۆی لێ دامەزرا. واتای ناوی «ئاترۆپات» لە ئایینی زەردەشتیدا ڕەگی ھەیە و بە واتای ئاگر یان «پاسەوانی ئاگر». وشەی ئازەربایجان لە زمانی پاڵەوی کۆندا (Āturpātākān ئەتورپاتاکان) و لە شێوەی کۆنیدا (Ādharbādhgān ئازەربازەگان) و (Ādharbāygan ئازەربایەگان) وتراوە و ئەمڕۆ بە ئازەربایجان دەردەبڕێت. لە ڕاستیدا «ئازەر» ھەموارکراوی وشەی «ئاثەرە» واتا «ئاگر» و «بایجان» ھەموارکراوی «پاتگانە» واتا «پاسەوان» بە سەر یەکەوە واتا شوێنی «پاسەوانی ئاگر».

بەشێک لە ھەرێمی باکووری ڕووباری ئاراس کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئازەربایجان (کۆماری ئازەربایجان) لە کۆندا بە (ئەلبانیا و ئاران و شیروان) ناودەبرا. لە (پەیماننامەی تورکمانچای و گوڵستان) دا بەشی باکووری ڕووباری ئاراس بە «ئازەربایجان» ناوی نایەت. تەنھا لە سەدەی بیستەمدا ناوی ئازەربایجان و ئازەربایجانی وەکو ئیتنیک و نەتەوە کەوتە ناوانەوە.

لە ساڵی ١٩١٨دا ناوی ئازەربایجان لە کاتی «کۆنگرەی پارتی یەکسانی خوازدا» جێگەی ناوی ڕەسەن و مێژوویی (قەفقاز و ئاران و ئەلبانیا و شیروانی) گرتەوە. ئەم ناونانە بە ئامانجی جیاکردنەوە و لەتکردنی ھەرێمی ئازەربایجان بوو لە یەکتر. حکوومەتێک لە قەوقاز دامەزرا بەناوی کۆماری ئازەربایجان کە مەبەست لەم وڵاتە و بەو ناوەوە بۆ ئەوە بوو کەوا ھەرێمی ئازەربایجان بلکێندرێت بەم وڵاتەوە و فراوان بکرێت. لە ھەمان کاتدا دژایەتی دژی ناونانی ئازەربایجان ھەبوو، لەو ڕووەوە تەنانەت «مارکوارتی ئەڵمانی» ناڕەزاییان لەسەر ئەو ناونانە ھەبوو کە لە ڕۆژنامەی «ئێرانشار» دا بڵاوکرایەوە. (محەممەد خیابانی) بە شێوەیەکی کاتی «ئازادیستانی» لە بەرامبەر «ئازەربایجانی ئێران» ناوبرد بۆ جیاکردنەوەی لە «ئازەربایجانی سۆڤییەت».[٥]

ئاتۆرپاتکان و ئەرمەنستان لە ساڵەکانی ٩٥ تا ٦٦ی پێش زایین

دۆزینەوەی بەڵگەنامەیەکی ھاوسەرگیری لە شێوەی نەخشی سەر بەرد(Petroglyph)دا لە نزیکەی (١٣٥٠پ. ز) دا لە «باغازکۆی» لە ئەنادۆڵ، بە ئاماژەدان بەناوی پاشای ھیتییەکان و حاکمی میتانی کە فەرمانڕەوای ھەرێمەکان بوون کە خەڵک پەنا بۆ خوداوەندەکانی ھیندۆ-ئێرانی و میترە-ڤارونا، ئیندرا و ئاشڤینەکان دەبات و ئەوان دەپەرستن، دیارە دان بەھاتنی شەپۆلێکی ھۆزی ھیندۆ-ئێرانی بۆ باکووری ڕۆژاوای ئێران دەنێن.

پێش ھاتنی مادەکان بۆ ئازەربایجان دەکرێت ئاماژە بە حکوومەتی مانناکان بکرێت. زمانی ماننا ڕوون نییە، بەڵام ھەندێک لە ناوی فەرماندەکانیان ئاریایین، بەگشتی ھیچ زمانێکی تاک لە نێوان ماننا نەبووە؛ بەڵام مانناکان لەژێر کاریگەری ئێرانییەکاندا بوون و ناوی ئێرانییەکان وەک «دیاکۆ، بەغدادی، ئۆدکی و ئازا» ھەموویان ناوی ئێرانین لە ناویاندا. ھەروەھا دەکرێت ئاماژە بە حکوومەتی ئورارتوو بکرێت کە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای تیادا بوو.

لەگەڵ گەیشتنی ھۆزە ئارییەکان، مادەکان چوونە سەرتەختی ئێران، ھۆزە غەیرە ئارییەکان لەگەڵیان تێکەڵ بوون و بەشداری ھاوپەیمانییەکە بوون. ئەوان شانشینی مادیان دروست کرد. کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر مێژووی ھەرێمی ڕۆژاوای ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوین کرد کە گرنگترینیان لە ناوچوونی دەوڵەتی ئاشوور بوو. ماد لە دوو ھەرێم پێکھاتبوو مادی بچووک و مادی گەورە، کە مادی بچووک ھەمان ئەم ئازەربایجانەی ئەمڕۆیە و مادی گەورە بریتییە لە تاران، ئەسفەھان، کرماشان و ھەمەدان.

لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتیی ھەخامەنشیدا مادی بچووک (ئازەربیجان) لەلایەن یەکێک لە ساتراپەکان فرمانڕەوای دەکرا. لە کۆتایی دەسەڵاتی ھەخامەنشی و سەرەتای داگیرکاری ئەسکەندەری مەزندا بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوین ساتراپی مادی بچووک ناوی ئاتۆرپات (ئازەرباد) بوو، توانی ھەرێمەکە لە داگیرکاری ئەسکەندەری مەزن بپارێزێت. پاش ئەوە بە مادی بچووک دەوترا مادی ئاتۆرپات یا ئاتۆرپاتکان.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی سلووکی و ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیدا، ئازەربایجان خۆبەڕێوەبەرێتی(ئۆتۆنۆمی) ڕێژەیی ھەبوو، بێگومان بنەمای دەوڵەتی سلووکی ودواتر ئەشکانی لە سەربنەمای سەربەخۆی ڕێژەیی پارێزگاکان بوو. لە سەردەمی سلووکییەکان پێدەچێت بنەماڵەی ئاتۆرپاتکان بەردەوام بووبێتن لە فەرمانڕەوایی ئازەربایجان. لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا دۆخی حکوومەتی ئازەربایجان ڕوون نییە ھەرچۆنێک بێت دەکرێت وادابنێین کە وەک ھەرێمەکانی دیکەی ژێردەستیان بە کاریگەری و ملکەچی ئەشکانییەکان لەلایەن بنەماڵەی خاوەن زەوی (فیوداڵ)ەوە فەرمانڕەوای کرابن.

کێشەی ئازەربایجان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیدا ھێرشی ترسناکی ئەلانەکان و گورجستانیەکان بوو لە قەوقازەوە ئەمەش بووە ھۆی وێرانکاری و تاڵانی گەورە. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، ئازەربایجان گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆی دەبێت. یەکێک لە و سێ پەرستگای ئاگرانەی ساسانییەکان، (پەرستگای ئاگری ئازەرگوشناسب) لە تەختی سلێمان لە ئازەربایجانە. پاشاکانی ساسانی لەکاتی سەختی و ناھەمواری و نەھامەتیدا سەردانیان دەکرد و چەندین دیارییان پێشکەش دەکرد. پەرستگای ئاگر نیشانەی یەکگرتنی نێوان ئایین و حکوومەت بوو و ھێمای دەوڵەتی ساسانی بوو. لە (بیشابووری کازیروون) نوسراوێک ھەیە کە ناوی بنەماڵە خاوەن زەوی و یاسای سەرەتای ساسانی تێدا تۆمارکراوە، بۆ ئازەربایجان باس لە بنەماڵەیەک بەناوی (وراز Varaz) دەکات کەوا دیارە دەسەڵاتی بەسەر ئازەربایجان، ئاران و ئەرمەنستاندا ڕۆشتووە.

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا گەلانی تورک بە ڕەچەڵەک (کاسپی) چوونە ناو قەوقازەوە، قوبادی یەکەمی باوکی ئەنووشیروان بە زەحمەتێکی زۆر پاڵی پێوەنان. قەڵای بەھێز و پتەوی لە دەربەندەکانی قەوقاز دروست کرد بۆ ڕێگریکردن لە ھێرشەکانیان. ڕۆمەکانیش ھەموو ساڵێک پارەیان دەدا بە ساسانییەکان بۆ پاراستنی ئەو قەڵایانە. ھەروەھا لە سەردەمی ساسانییەکاندا شەڕی یەکلاکەرەوەی (بارامی چۆیین) و (خوسرۆ پەروێز) ڕوویدا لە ئازەربایجاندا کە بووە ھۆی شکستی بارامی چۆیین. ڕووداوە گەورەکانی کەی ئەم ماوەیە، (ھێراکلیوس) ئێمپراتۆری ڕۆمانی ھێرشی کردە سەر ئازەربایجان، کە بووە ھۆی لە ناوچوونی (پەرستگای ئاگری ئازەرگۆشاب).

یاقوت حەمەوی دەنووسێت؛ «ئیبن موقەفەع وتوویەتی ئازەر لە زمانی پاڵەویدا واتای ئاگر بووە و بایگان واتا پارێزەر (پاسەوان) کە پێکەوە مانای پەرستگای ئاگر یا پاسەوانی ئاگر دەبەخشێت و ڕاستە لەبەرئەوەی ئاگرێکی زۆر لەو ناوچەیەدا کراوەتەوە لە پەرستگاکاندا… خەڵکەکەی چاکن و ڕوومەتیان سوورە و پێستێکی ناسکیان ھەیە، زمانێکی تایبەتیان ھەیە و کە ئازەری پێدەوترێت و جگە لە خۆیان کەسی تر تێناگات».

شوێنی ئازەربایجان لە نەخشەی سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا
نەخشەی ئازەربایجان و ئاسیا لە دەوری ساڵی ٩٠٠زاییندا

سترابۆ جوگرافیناسێکی یۆنانییە لە پەڕاوی یازدەھەمی جوگرافیای خۆیدا باس لە ئەلبانیا (ئاران و شێروان)، ئاترۆپاتکان و ئەرمەنستان دەکات و دەڵێت ڕووباری ئاراس لە باشوور و ئەرمەنستان لە باکوور و سنووری «ئاترۆپاتکان» دەبەزێنێت. لە مێژووی «پلینیدا» باسی ئاترۆپاتکان بۆ ڕووباری ئاراس دەکرێت و ڕووباری ئاراس بە «ئاترۆپاتکان» و ئەرمەنستانی گەورەدا تێدەپەڕێت. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، «ئازەربایجان» ھەر بەناوە کۆنەکەی «ئاترۆپاتکان» ناو دەبرا. لە پەرتووکی «شاپووردا» ئەم ھەرێمە بە یەکێک لە پارێزگاکانی «ئێرانشار» دادەنرێت لە پاڵ ئەرمەنستان، ئیبریا(گورجستانی ئەمڕۆ)، ئەلبانیا (ئاران و شێروان) و «بالاشکان».

ئیبن فەقییەی ھەمەدانی لە پەرتووکی (بولدان) دا لە سەدەی نۆیەمی کۆچی دا، سنووری «ئازەربایجانی» ئاوھا باس کردووە؛ «ئازەربایجان لەلایەکەوە ڕووباری ئاراس و لەلایەکی ترەوە سنووری زەنگان و سنوورەکانی دیلمانستان و «تاڕم» و «گەیلان» دەگرێتەوە». ھەروەھا ئیبن ڕووستە لە پەرتووکی (العلاقة النفسیة) ئەمەی نووسیوە لە ھەمان سەدەدا دەربارەی ئازەربایجان بەم شێوەیە؛ «ئەردەوێڵ، مەرەند، باخروان، ورثان و مەراغە» دەگرێتەوە. ئیستەخەری جوگرافیناسی سەدەی سێیەمی کۆچی لە پەرتووکی (المسالک و الممالک) دا لەژێر ناونیشانی «ئەرمینیا و ئاران و ئازەربایجان» شارەکانی «ئازەربایجانی» ناو ھێناوە بەم شێوەیە؛ «ئەردەوێڵ، مەراغە، ورمێ، میانە، خونە، بروانان، دیرخقان، سەڵماس، مەرەند، بزند، ورثان، موقان، جابروان و شنۆ» بە بۆچوونی ئەو سنووری «ئازەربایجان» لە «تاڕم»ەوە تا زەنگان و «دینەوەر» و «حلوان» و شارەزوور و دیجلە و سنووری ئەرمەنستان دەڕوات.

ئیبن حەقول لە پەڕتووکی (صورة الارض) دا لە سەدەی چوارەمی کۆچی دا، شارەکانی «مەراغە، تەورێزورمێ، خۆی، سەڵماس، برکری، ئەردەوێڵ، داخرقان، شنۆ، میانج، مەرەند و برزند» بە شارە گرنگەکانی "ئازەربایجانی" ھێناوە. لە پەرتووکی (حدود العالم) دا کە لە ھەمان سەدەدا نووسراوە بە جیا ئاماژە بە ھەرێمەکانی "ئاران"، ئەرمەنستان و "ئازەربایجان" دەکات. محەممەد موقەدەسی جوگرافی ناسی سەدەی چوارەمی کۆچی، لەکاتێکدا جیاوازی ھەیە لە نێوان "ئاران"، "ئەرمەنستان" و "ئازەربایجان"، کەچی «سەڵماس، ورمێ، مەراغە و خۆی» بە ئەرمەنستان داناوە، ھەروەھا «"ڕوسبە"، تەورێز، "جابروان"، "خونج"، "میانج"، "سەرات"، "بەروی"، "ورثان"، "موقان"، "میمز" و "برزند"ی» بە "ئازەربایجان" داناوە.

زەکەریا قەزوینی لە سەدەی حەوتەمی کۆچی دا و لە پەرتووکی (آثار البلاد و اخبار العباد) دا ئازەربایجانی بە زەوییەکی فراوان لە نێوان «ئاران» و چیاکان دەزانێت و دەڵێت لە و خاکەدا چەندین گوند، شار، چیا و ڕووبار ھەیە. حەمدوڵڵا موستەوفی نزیک لە ھەمان سەدەدا خاکی ئازەربایجانی لە سەردەمی «ئیلیخانەکاندا» وەھا پەسن کردووە؛ «ئازەربایجان لە نۆ ناوچە و (٢٧)شار پێکھاتووە و ناوچەکانی ساردە و ھەندێ شوێنی ئارامی ھەیە. سنووری بە (ویلایەتی عێراقی عەجەم، موغان، گورجستان، ئەرمەنستان و کوردستانەوەیە. درێژی لە باکووەوە تا خڵخاڵ (٩٥)فەرسەخە، پانی لە بجروان تا سیپان (٥٥)فەرسەخە». یەکەم ناوچەی تەورێز پێکھاتووە لە:(تەورێز، ئوجان و تەسوج)، دووەم ناوچە ئەردەوێڵ پێکھاتووە لە:(ئەردەوێڵ و خڵخاڵ)، سێیەم ناوچە پیشگین پێکھاتووە لە:(پیشگین، خیاواوناد، ئەرجاق، ئەھور، تکفە و کەلئیر)، چوارەم ناوچە خۆی پێکھاتووە لە:(خۆی، سەڵماس، ورمێ و شنۆ)، پێنجەم ناوچە مەراغە پێکھاتووە لە:(مەراغە، دھخوارقان و نیلان)، حەوتەم ناوچە مەرەند پێکھاتووە لە:(مەرەند، دزمار، زنگیان، ڕیوز و گرکر)، ھەشتەم ناوچە نەخچوان پێکھاتووە لە:(نەخچوان، ئەردوباد، ئازاد و ماکۆ). لە پەرتووکی (البستان السیاحة) دا ھی نووسەر (زین العابدین شێروانی)دا سنووری ئازەربایجانی بەم شێوەیە باس کردووە «سنووری باکووری بە ویلایەتی موغان، شێروان و جبال ابرز، لە باشوورەوە عێراقی عەجەم و کوردستان، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە خڵخاڵ، گەیلان، تاڵش و دەیلەم، لە ڕۆژاواوە بە ئەرمەنستان و گورجستان».

لە پەرتووکی (یاقووت حەمەوی)دا لە سەدەی حەوتەمی کۆچی دا سنووری ئازەربایجانی ئاوھا دیاریکردووە، لە (ڕۆژھەڵاتەوە بردعە، لە ڕۆژاواوە زەنگان، لە باکوورەوە دەیلەم، گەیلان وتاڕم). و ھەرێمی ئازەربایجان خاکێکی فراوانی ھەیە و تەورێز مەڵبەندێتی و گەورەترین شارییەتی، شارە گرنگەکانی دیکەی ئەمانەن؛ (مەراغە، خۆی، سەڵماس، ورمێ، ئەردەوێڵ و مەرەندە). محەممەد جەواد موشکۆر پێیوایە کە یاقووت حەمەوی لە دیاریکردنی سنووری ئازەربایجان ھەڵەی کردووە و ئەم ڕاستی کردووەتەوە.

زەنگان ھەندێک جار بە ئازەربایجان دادەنرێت، حوسێن عەلیاری لە بارەی ئازەربایجانەوە لەسەر بنەمای نووسینەکانی جوگرافیزانان و گەڕیدانی ئیسلامی دەنووسێت؛ ئازەربایجان ئەم ڕووبەرە دەگرێتەوە:(تەورێز، ئەردەوێڵ، مەراغە، خنج، ورثان، سیر، میانج، برزە، ورمێ، جابروان، خۆی، مەرەند، گولسرە، برزند، سەڵماس، شیز، سڵق، نریز، سندبابا، سابرخاست، سراو، ماینمرج، بز، میمند، نیروزنجان).

سنووری ئازەربایجان لە ڕووی مێژوویییەوە لە ڕوانگەی جوگرافیناسان و گەڕیدەکانەوە جیاواز بووە. نەخشەکانی پێش سەددەی بیست، لە باشووری ڕووباری ئاراسەوە کێشراون. بە وتەی سیویچسکی لە سەرچاوە نوسراوەکاندا بە دەگمەن (ئاران) بە (ئازەربایجان) دادەنرێت. ھەندێک سەرچاوەش (ئاران)یان بە ئەرمەنستان ھەژمارکردووە. بە وتەی کۆمەڵێک زانا، ناوی ئازەربایجان ئاماژە بە حکومی دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان دەکات، کە ئەمە کارێکی سیاسییە و ناگونجێت و دوو ناوی جیاواز و دوو جوگرافیای مێژووی جیاوازن نابێت ئەم دوو ناوە تێکەڵ بکرێن.

بە وتەی بورنوتیان لە سەردەمی سەفەوییەکان بۆ باج سەندن، چەند زەوییەک لە باکووری ڕووباری ئاراس بە بەشێک لە ئازەربایجان دادەنرا؛ بەڵام ئەم نەریتە لە سەدەی (١٨ و ١٩)دا دیار نەما بۆ مێژوو نووسانی موسڵمانی قەوقاز وەک میرزا جەمال جەوانشیر و ئەدیگۆزلبەک و مێژوونوسانی دیکەی ھەرێمەکە، دەیان وت ئازەربایجان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراسەوە. ھەروەھا بەپێی قسەی مایکڵ کرۆسانت، ھەرێمەکانی (ئاران و شێروان) بەشێکن لە ئەرمەنستان.

ئەحمەد کسرەوی پێی وایە؛ لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلامدا تازییەکان لە ھەموو شوێنێکی ئێراندا مەیدانی فەرمانڕەواییان گرتبووە دەست، (ئاران) زیاتر ملکەچی (ئازەربایجان) بوو، ئەوەی وەک پارێزگار نێردرابوو بۆ شام یان بەغدا لە ئازەربایجان دادەنیشت. ھەندێ جار ئەرمەنستانیش لەژێر دەستی فەرمانڕەوایانی ئازەربایجان بوو….

دوای کۆچکردنی سەلجوقییەکان بۆ (ئازەربایجان و ئاران)، بوویە ھۆی لە دەستدانی زمانە ڕەسەنەکان، فراوان بوونی زمانی تورکی و بە دوایدا بڵاو بوونەوەی ئایینی شیعە لە دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس و لە ھەر دوو ھەرێمەکەدا زیاتر خەڵکی ئەم ھەرێمانە پەیوەست بوون پێوەی و ناوی (ئاران) کاریگەری لەسەر ناوی (ئازەربایجان) ھەبوو کە زیاتر بە ناوبانگ بوو. ڤاسیلی بارتڵت پێی وایە لەم کاتەدا، ئاران بەبێ نێوەندگیری چووە پاڵ ئازەربایجان.

بە وتەی چەند لێکۆڵەرێک لە ڕاستیدا لە سەدەکانی ڕابردوو و نەخشەکانی پێش ساڵی ١٩١٨دا، ھەرگیز ئەو بەشەی ئێستا پێی دەوترێت کۆماری ئازەربایجان، ناوی ئازەربایجان نییە و بەشی باشووری ڕووباری ئاراس کە ئێستا دەکەوێتە ئێرانەوە بە ئازەربایجان ناو دەبراو بەشی باکووری ڕۆژاوای ڕووباری ئاراس بە ئەلبانیا و بە شەکانی باکووری ڕۆژھەڵاتی ڕووباری ئاراس بە شێروان ناودەبران و لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەم ھەرێمانە ناونران (کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت).

لە جوگرافیای سەردەمی ئیسلامیدا، زۆربەی کات (ئاران و شێروان) دوو ھەرێمی جیابوون و ھەرێمی شێروان لە خەلافەتی عەباسییەوە تاوەکو سەردەمی سەفەوییەکان لەلایەن فەرمانڕەواکانی ھەرێمەکەوە بەڕێوە دەبران بەناوی (شێروان شاکان)ەوە. بەوتەی ڤلادیمیر مینۆرسکی، کۆماری ئازەربایجان لە مێژوودا بە ئەلبانیای قەوقاز ناونراوە و لە سەردەمی ئیسلامدا پێیان دەوترا ئاران.

ئیبن حەقول وێنەیەکی جیا لە سێ ھەرێمی ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ئاران پێشکەش دەکات، ڕووباری ئاراس بە سنووری نێوان (ئازەربایجان و ئاران) دادەنێت، شارەکانی (بارزا، جانزە، شەمکۆر، شەمخێ، شێروان، شابران، قیلبێ و شکی) خاکی ئاران دادەنێت، شارەکانی (ئەردەوێڵ، دەخرەقان، تەورێز، سەڵماس، خۆی، بێرکێری، ورمێ، مەراغە، ئاشنا، مینج، مەرەند، بۆرزاند) بە ئازەربایجان دادەنێت.

بە وتەی ڤاسیلی بارتڵت، ئازەربایجان بە ناوی ھەرێمەکانی قەوقازەوە ناونراوە، کەوا باوەڕ دەکرا کۆمارێکی نوێ بە ناوی ئازەربایجان دامەزرابێت. ئەو دەڵێت؛ «ناوی ئازەربایجان بۆ کۆماری ئازەربایجان ھەڵبژێردرا لەبەرئەوەی باوەڕی وابوو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان، ھەرێمی ئازەربایجان و کۆماری ئازەربایجان یەکن… ناوی ئازەربایجان لەو بارەیەوە ھەڵبژێردرا. ھەر کاتێک پێویست بکات ناوێک ھەڵبژێرێت کە بتوانێت تەواوی کۆماری ئازەربایجان بگرێتەوە و بگونجێت لەگەڵ مێژوو و جوگرافیایدا ئەوا پێویستە لەو حاڵەتەدا ناوی ئاران دابنرێت».

لەھەمان کاتدا دژایەتی لەو ناونانە ھەبوو لە ئێراندا، وەک تاک، میدیا، محەممەد خیابانی، ڕۆژنامەی جەنگەڵ و ڕۆشنبیرانی ھەرێمی ئازەربایجان، کاردانەوەی نەرێنیان ھەبوو بەرامبەر ناونانەکە. ڤلادیمیر مینۆرسکی دەڵێت؛ ناوی حکوومەتی یەکسانی خوازی کۆماری ئازەربایجان لە سەردەمی (نوری پاشا) دا ڕوویدا.

لەو بارەیەوە جۆزێف مارکوارت وتارێکی نووسی لە ڕۆژنامەی (ئێرانشار) دا بڵاوکرایەوە؛ «لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئەوەندە نەگۆڕنییە کە (ئازەربادگان یان ئازەربایجان)، کە لەلایەن عەرەبەکانی ئازەربایجانەوە نوسراوە، لە ھەموو سەردەمەکانی مێژوودا ئازەربایجان تاوەکو ڕووباری ئاراس بووە و لە سەرەتادا بەشێک بووە لە دەوڵەتی مادەکان. ئەم ھەرێمەی دەوڵەتی مادەکان لە سەردەمی داگیرکاری ئەسکەندەری مەزندا لەژێر ئیدارەی (ساتراپ) حاکمی ئەو سەردەمەی کە بە ئاتۆرپات (ئازەرباد) ناودەبرا. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە جێگرەکانی ئاتورپات، لە باکوور و باکووری ڕۆژاوایەوە حوکمی خۆی بۆ چیاکانی قەوقاز و گورجستان فراوان کرد، ئەم فراوان بوونە کاتی بوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەرمەنستان لەلایەن ئارتەکسی ئەو ھەرێمانە گەڕێنرایەوە بۆ ئەرمەنستان. بەڵام ئەو وڵاتەی کە لە باکووری ڕووباری ئاراس بوون ئەمڕۆ زۆرینەی تاتارن، لە سەردەمانی کۆندا بە ئەلبانیا ناو دەبرا، کە بە زمانی پاڵەوی و سریانی (ئاران)یان پێدەوت و لە پەرتووکی مێژوونووسانی عەرەبدا بە (الران) ھاتووە». ئەم لێکدانەوەیە لە مێژووی ژیانی شا ئیسماعیلی یەکەم و شەرەفخانی بەدلیسیدا ڕوویداوە. حکوومەتی ڕووسیا بە خراپی ئەم لێکدانەوەیەی مێژووی (ئاران)ی بەکارھێناوە، ھەر دوو ھەرێمی (ئازەربایجان و ئاران)، کە یەکەمیان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراس و دووەمیان دەکەوێتە باکووری، جگەلە گۆشەی ڕۆژھەڵات، (شێروان)ی ئەمڕۆ لە پەیوەندییە ڕەگەزییەکاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و تەواو جیاوازە، تا سەردەمی مەغۆلەکان لەگەڵ (ئاران) ھەریەکەیان مێژووی جیای خۆیان ھەبوو، بۆیە پێویستە ھەریەکەیان لێکۆڵینەوەی و پشکنینی خۆی لەسەر بکرێت.

ئەحمەد کەسرەوی لە (شاریارانی گومنام) دەنوسێت «جێگەی سەر سووڕمانە کە ئێستا ئاران بە ئازەربایجان ناودەبرێت، لەکاتێکدا (ئازەربایجان یان ئازەربایگان) ناوی خاکێکی ترە، لەبارەی ئاران گەورەتر و ناسراوترە لەوەی ھەیە و ئەو دوو خاکە ھەمیشە جیابوون و ھەرگیز ناوی ئازەربایجان لەسەر ئاران نەنراوە. ئێمە ھێشتا لەوە نەگەیشتووین کەبرا ئارانییەکانمان کە حکوومەتێکی ئازادیان بۆ خاکەکەیان دامەزراندوە و ویستوویانە ناوی بۆ دروست بکەن. ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە سەر ھەڵدانەکانی ئازەربایجان و زوڵم و ستەمی نیشتمانەکەمان دەھێڵینەوە، ئاخۆ ئازەربایجان بەم کارە زیانی پێنەگات، بەڵکو لەبەرئەوەی برایانی ئارانی ئێمە لە سەرەتای ژیانی نەتەوەیی و ئازادیان دا پشت لە مێژوو ڕابردووی خاکەکەیان ھەڵدەکەن و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە و دواتر لە مێژووی خۆیان بێبەش دەبن».

ھەروەھا محەممەد جەواد موشکۆر لەم بارەیەوە نوسیوێتی؛ «ویلایەتی ئاران کە لە سەردەمی ئیسلامیدا بەو ناوە دەناسرا، لە سەردەمانی تورکەکانی قەرەقۆینلۆ و ئاق قۆینلۆوە تا جەنگی جیھانی یەکەم ھەروا وتراوە. دوای شکست ھێنانی (ڕووسیای تزار)، خەڵکی ئەو ھەرێمە داوای سەر بەخۆییان دەکرد، لە ئەیلولی ١٩١٨دا حکوومەتێک بەناوی کۆماری ئازەربایجان لەژێر کاریگەری دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا. ناونانی ئەم ھەرێمە بۆلاوازی دەوڵەتی قاجاڕەکان دەگەڕایەوە. خەڵکی ھەرێمی ئازەربایجانی ئێرانی وەک خەڵکی قەرەباغ بە شێوەزاری تورکی قسەیان دەکرد و دەوڵەتی عوسمانی دەیوویست دەوڵەتی ئازەربایجان ھەر دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس بگرێتەوە، بەڵام بە شکستی دەوڵەتی عوسمانی ئەو دەوڵەتەش شکستی ھێنا.

  1. نەوشیروان مستەفا. «کورد و عەجەم» (PDF) (بە کوردیی ناوەندی).{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)[بەستەری مردوو] ھەڵەی ژێدەرەکان: پارامەتری نادروستی نێو تاگی <ref>
  2. لغتنامۀ دھخدا
  3. تیکابی ئەفشار، لاپەڕەی ٩٧
  4. http://whc.unesco.org/en/list/1077
  5. جەمیل ڕۆژبەیانی. «وڵاتەکەت بناسە» (بە کوردی).