میتانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میاتانییەکان لە تەوراتدا بە (ئارام - ناهارام) ناویان هاتووە.میتانیەکان لەهۆزی )هۆری) یاخۆرین.پایتەختى میتانییەکان شارى(واشۆکانى) بووە.میتانییەکان بەکارى بەخێوکردنى ئەسپ و دروستکردنى گالیسکەى سەربازییەوە خەریکبوون. یەکەم پاشاى میتانییەکان ناوى (کیرتا) بووەو بەدامەزرێنەرى دەوڵەتى میتانى دانراوە. دواتر کوڕەکەى بە ناوى (شوتتارناى یەکەم) بووە بە پاشا. دواى ئەویش (پاراتارناى یەکەم١٤٨٠-١٤٤٠پ.ز) لەو ماوەیەدا فەرمانڕەواى وڵاتى میتانى بووە. پاشان (پارساتاتار١٤٤٠-١٤٣٠پ.ز)یەکێکی تر بووە لە فەرمانڕەواى میتانى.[١]سنوری میتانیەکان پاڵی دا وڵاتی میسرەوە.

شوێنیدەسەڵاتی میتانی
{{{دەوڵەت}}}
دروشم
{{{دروشم}}}
زانیاریی گشتی
پایتەخت واشۆکانی
زمانی فەڕمی کوردیکۆن.هۆری، میاتانییەکانی
جۆری حوکم پادشایەتی
مێژووى دامەزراندن 1500 پ.ز
مێژووى ڕوخان 1250 پ.ز
نەخشە

شاوشتاری یەکەم[دەستکاری]

شاوشتارى یەکەم (١٤٣٠-١٤٢٠پ.ز) کوڕى پارساتاتارى پاشاى پێشووترى میتانى بووە، دواى باوکى شوێنى گرتۆتەوە. ئەو پاشایە زۆر بەناوبانگ و لێهاتوو بووە، سنوورى وڵاتەکەى لەهەموو لایەکەوە فراوانکردوە. بەتایبەت لەخۆرئاواوە گەیاندویەتە کەنارەکانى دەریاى ناوەڕاست، هەروەها بەهاوکارى میسرییەکان دەوڵەتى ئاشوورو ئارابخاشى خستۆتە سەر ئیمپڕاتۆرییەتەکەى. دواتر ئەو پاشایە لە پێناو دۆستایەتى و هاوپەیمانێتیان کچى خۆى پێشکەشى(ئاموون حوتپى دووەم (١٤٢٨-١٤٠٥پ.ز)ى پاشاى میسر کردوە.[٢]

پارتارنای دووەم[دەستکاری]

پاراتارناى دووەم(١٤٢٠-١٤٠٠پ.ز) دواى شاوشتار بووە بەپاشاى میتانییەکان. لە کاتى فەرمانڕەوایى ئەو پاشایەدا پەیوەندییەکانى وڵاتى میتانى و میسر لەگەڵ(ئاموون حوتپى دووەم (١٤٢٨-١٤٠٥پ.ز) لە پێناو داگیرکردنى خاکى وڵاتى سووریاى ئەمڕۆ بەرەو ئاڵۆزى چووە. دواتر(ئارتاتاماى یەکەم١٤٠٠-١٣٨٠پ.ز) بووە بە پاشاى میتانى. شوتارناى دووەم(١٣٨٠-١٣٦٠پ.ز) دواى ئارتاتاماى باوکى بوو بەپاشاى میتانییەکان. شوتارناش وەکو پاشایانى پێشووترى میتانى دۆستایەتییەکى بەهێزى لەگەڵ فیرعەونى ئەوکاتەى میسردا هەبووە. هەربۆیە کاتیک (ئاموون حوتپى سێیەم١٤٠٥-١٣٥٣پ.ز)ى پاشاى میسر توشى ئازارى کلۆربوونى ددان هاتووە، بەپەلە پەیکەرى خواوەند(شاوشکا)ى ناردوە بۆ میسر، بەمەبەستى چاک بوونەوەى پاشا لەنەخۆشییەکەى، چونکە ئەو خواوەندە ناوبانگێکى باشى هەبووە لە چاککردنەوەى مرۆڤ لە نەخۆشیدا، هەروەها شوتارنا بە مەبەستى درێژەدان بەهاوپەیمانێتى وڵاتەکەى لەگەڵ میسرییەکان، کچەکەى خۆى بەناوى(کیلوو خیپا)لەگەڵ(٣١٧) کارەکەر و نۆکەر بە دیارى و بە مەبەستى هاوسەرگیریکردن لەگەڵیدا بۆ ئاموون حوتپ ناردوە بۆ میسر. دواتر لەو شازادە میتانییە(ئاموون حوتپى چوارەم ١٣٥٣-١٣٣٦پ.ز)کە دواتر بە (ئەخناتوون) ناسراوە لەدایکبووە. ئەرتەشومرا(١٣٦٠پ.ز) دواى مردنى شوتارناى دووەم بووە بەجێنشینى، بەڵام دواتر پیاوێک بەناوى(ئوو تخى) کە لە بنەماڵەى پاشایان نەبووە، بە پیلانى هیتییەکان ئەرتەشومراى کوشتووەو برا گچکەکەى بەناوى (توو شراتتا) لە شوێنى داناوە. توو شراتتا(١٣٦٠-١٣٤٠پ.ز) دواتر توو شراتتا، ئوو تخى لە تۆڵەى براکەى کوشتووە. پاشان بۆ دووبارە گێڕانەوەى پەیوەندیەکانى ولڵاتەکەى لەگەڵ فیرعەونەکانى میسر، کچێکى خۆى بەدیارى بە ناوى(تادوو خیپا) کە دواتر بە(نفر تى تى)ناسراوە بە مەبەستى هاوسەرگیریکردن لەگەڵیدا بەتایبەت بۆ(ئاموون حوتپى سێیەم١٤٠٥-١٣٥٣پ.ز)ى پاشى میسر ناردوە لەگەڵ نامەیەکى(٦٥٠٠)دێڕى بەو شێوەیەى خوارەوە:

نامە[دەستکاری]

"بۆ نیممۆرییا، بۆ پاشاى میسر، بۆ برام، بۆ ئەو زاوایەى کە خۆشم دەوێت، ئەوەى کە منى خۆش دەوێت. پێت دەڵێم توو شراتتا پاشاى شانشینى میتانى، خەزوورت کە تۆى زۆر خۆش دەوێت، برات، بەوجۆرە پێت دەڵێم تەندروستى من باشە. هیوادارم کە تەندروستى تۆش بەهەمان شێوە باش بێت. ئەى زاواکەم، هیوادارم تەندروستى هاوسەرەکانت و کچەکانت و کاهینەکانت و ئەسپەکانت و گالیسکە سەربازییەکانت و هێزە شەڕکەرەکانت و وڵاتەکەت و سەروەت و سامانەکەت باشبێت. براکەم داواى ژنێکى بۆ خۆى کردبوو، ئێستا من پێم دا. وا بەرەو لاى براکەم بەڕێکەوت، ئێستا من ژنێکم بەبراکەم دا، وا بەرەو لاى براکەم هات. کاتێک دەگات و براکەم دەیبینێت، کچەکەشم زۆر دڵخۆشە بەبراکەم و گونجاوە بۆ ئارەزووەکانى دڵى برام. براکەم جارێکى تر مارەییەکە وەردەگرێت. کاتێ خێزانى براکەم دەگات و خۆى بەبراکەم پیشان دەدات، ئەوکاتە دیارییەکەم دەردەکەوێت. دەخوازم کە براکەم هەستێت بەکۆکردنەوەى گشت خەڵکى وڵاتەکەى و نوێنەرانى گشت وڵاتەکانی تر، دەخوازم گشت نێردراوەکان ئامادەبن. ئینجا مارەییەکەى پێشکەش بکات بەبراکەم. دەخوازم هەموو شتێک لەبەرچاوى براکەم جێگەى خۆشى و شادمانى بێت. دەخوازم مارەییەکە جێگەى شادى بێت. دەخوازم کە خانمیش بەهەمان شێوە دڵخۆش بێت. ئێستا ئەوەتا کچى باوکم، خوشکى من لە میسرە، ئەو تۆمارەى کە مارەییەکەى تێدا نووسراوە لەوێیە. ئەوەتا کچى باپیرم، خوشکى باوکم ئەویش لەوێیە. ئەو تۆمارە نووسراوەى کە مارەییەکەى تێدا نووسراوە ئەویش بەهەمان شێوە لە میسرە. هیوادارم برام داواى تۆمارى نووسراوى هەردووکیان بکات، پاشان گوێ لە خوێندنەوەى ناوەڕۆکەکەى هەردوو نووسراوەکە بگرێت. هیوادارم داواى تۆمارە نووسراوەکەى من بکات، تۆمارى نووسراو دەربارەى ئەو مارەییەى کە لە لایەن منەوە پێشکەشکراوە، دەخوازم کە بزانێت ئەومارەییە زۆر گەورەیەو جوانەو شایستەیە بۆ برام. دەمەوێت شتێکى تر بەبراکەم بڵێم هیوادارم براکەم گوێیى لێبێت. ئەوشتانەى کە ئەرتاتاماى باپیرم جێبەجێى کردوە بۆ باوکت بریتییە لە..........، منیش زۆر زیاترم کردوە لەوەى کە باپیرم ناردویەتى کە دە جار لەهى باپیرم زیاترە. هیوادارم براکەم دەوڵەمەندم بکات لەبەرچاوى وڵاتەکەم، هیوادارم براکەم دڵم نەشکێنێت. بۆیە داوا لە براکەم دەکەم کە پەیکەرێکى کچەکەم لەزێڕ بۆ بنێرێت. من دەزانم کە براکەم لە قوڵایى دڵیەوە منى زۆر زۆر خۆشدەوێت، هەروەها دەزانم کە لەوڵاتى براکەم زێڕێکى زۆر هەیە. لەلایەکى ترەوە، هیوادارم براکەم پەیکەرێکى دروستکراو لە(عاج)پێشکەشم بکات. هیوادارم ئەوانەم گوێ لێ بێت، ئەو پەیکەرەى کە لەزێڕ دروستکراوە پەیکەرى(تادوو خیپا)یە کچى توو شراتتا گەورەى میتانییەکان. کە ئەو کچەشى پێشکەشکردوە بە ئەمموریا گەورەى میسر. ئەمموریا پەیکەرێکى لەزێڕى بۆ دروستکردوە، زۆر بەخۆشەویستییەوە پێشکەشى بەتوو شراتتاى کردوە. لەبەر هەموو ئەوانە ئێمە یەکترمان خۆشدەوێت، بەشێوەیەکى زۆر زۆر گەورە. ئاشتى باڵى کێشاوە بەسەر وڵاتى هەردووکماندا. هیوادارم هیچ دوژمنێک نەبێت بۆ براکەم، بەڵام ئەگەر دوژمن پەلى هاویشت بۆ ناو وڵاتى براکەم با ئاگادارم بکاتەوە، تاوەکو وڵاتى خوورییەکان و زرێپۆشەکان و چەکەکان و .....هەتا دوایى لەژێر فەرمانى براکەم دابێت بۆ بەرەنگار بوونەوەى دوژمن. لەلایەکى ترەوە، ئەگەر دوژمنێک سەریهەڵدا بۆم. هیوادارم سەر هەڵنەدات. ئەوا برام ئاگادار دەکەمەوە، تاوەکو براکەم وڵاتى میسرییەکان و زرێپۆشەکان و چەکەکان و.....هەتا دوایى لەوانەى کە تایبەتن بەبرام لەژێر فەرمانى منى دابنێت. ئەگەر یەکێک وشەیەکى ناشیرین و ناڕێک بەبرام بڵێت بەناوى من یان بەناوى وڵاتى من، ئەوا دەخوازم لەبرام کە باوەڕ بەهیچ وشەیەک نەکات ئەگەر لەدەمى(مانى و گیلیا)نەگووترابێت، بەڵام ئەو وشانەى کە مانى و گیلیا دەربارەى من و وڵاتەکەم دەیڵێن، ئەوە ڕاست و دروستن. هیوادارم براکەم بڕوایان پێ بکات. لەلایەکى ترەوە ئەگەر هەرکەسێک شتێک دەربارەى براکەم یان وڵاتى براکەم بەمن بڵێت ئەوا بڕواى پێ ناکەم ئەگەر مانى و گیلیا بەمن نەڵێن، بەڵام ئەوەى مانى و گیلیا بەمنى دەڵێن دەربارەى براکەم یان وڵاتى براکەم ئەوا ڕاست و دروستە گومانى تێدا نییە، منیش باوەڕیان پێ دەکەم. ئێستا ئەوەى براکەم داواى کردوە بۆم جێبەجێ کردوەو دە ئەوەندەى جاران زیادم کردوە بۆى و پەرۆشى نەڕەنجاندنى دڵى براکەم بووم بەهەر نرخێک بووبێت و ژنێکم بەبراکەم داوە بۆ ئەوەى دڵى خۆشبکات، هەڵساوم بەناردنى نوێنەرى براکەم(مانى)هەروەک نوێنەرەکانى خۆم(گیلیا، ئەرتیششوپ و ئەسەللى)کە گیلیا لەگەورە پیاوانە، بەڵام ئەسەللى نووسەرى تۆمارەکانە.

زۆر جوان و نەرم و نیان بۆ براکەم ناردووە هەروەک براکەم دەیانبینێت. دەخوازم براکەم نوێنەرەکانم ڕانەگرێت، دەخوازم براکەم ڕێگەیان پێبدات بەخێرایى بێنەوە، چونکە من دەمەوێت لەحاڵى تەندروستى باشى براکەم دڵنیا ببمەوەو زۆر دڵخۆش دەبم بەسەلامەتى براکەم. ڕەنگە براکەم بڵێت تۆ خۆت نوێنەرى منت ڕاگرتووە، نەخێر ڕام نەگرتووە. دەخوازم لەبراکەم کە ڕێگە بەنێردراوەکانى من بدات بەخێرایى بگەڕێنەوە. پێویستە ئێستا دەرچووبن لەلاى. هەروەک دەخوازم کە براکەم مانى لەگەڵیان بنێرێت و لەگەڵ نێردراوەکانم بۆ لام دەربچێت. هیوادارم براکەم نێردراوێکى تر ڕەوانە نەکات بۆ لام. ئەگەر براکەم مانى ڕەوانە نەکات، بەڵکو کەسێکیتر ڕەوانە بکات، ئەوا من ئەو کەسەم ناوێت. هیوادارم براکەم بزانێت، بۆیە هیوادارم براکەم مانى بنێرێت. من لەدڵەوە زۆر حەزدەکەم و هەوڵدەدەم کە لەگەڵ براکەم باش بم و نەرم و نیانى نێوانمان پەرەپێبدەین. هەروەک هیوادارم براکەشم ئەو دڵسۆزییەى بپارێزێت، چونکە من دەمەوێت ئێمە لەگەڵ یەکترى باشبین و لەدڵەوە حەزدەکەم کە ئێمە لەدڵەوە یەکترمان خۆش بوێت. هەروەک خواوەندى(شیررى)و خواوەندى تۆ ژیان و چارەنووسمان دیارى دەکات، خۆزگە ئەو خواوەندانە دەبوونە نوێنەریان لەلایەن هەردوو خواوەند(تیشۆپ)و خواوەند(ئەمانۆ)کە گەورەى ئێمەو باوکى ئێمەن، تاوەکو پارێزراوبین. یەکترمان خۆش بوێت بەشێوەیەکى برایانە. هەروەک چۆن مرۆظ خواوەندى خۆرى خۆش دەوێت. بەوشێوەیە دەمەوێت یەکترمان خۆش بوێت. گیلیاى برام لە تۆوە نامەیەکى بۆ هێنام، کە خوێندمەوە زۆر خۆشحاڵ بووم. بەخۆمم گووت تەنانەت ئەگەر دۆستایەتیشمان نەمێنێت ئەو نامەیە ئەوەندە کاریگەر دەبێت کە هەمیشە تۆم خۆش بوێت. بۆم نووسیبووى کە من خۆشەویسترین هاوڕێ و دڵسۆزترین دۆستت دەبم. گووتبووم دەبێت دۆستایەتى ئێمە دە هێندەى سەردەمى باوکمان قوڵتر بێت و تۆ زیاتر ڕێز بۆ من دابنێیت. برا ئەو زێڕەى کە ئەمڕۆ بۆم دەنێریت، دەبێت لەهى سەردەمى باوکم پتربێت. تۆ بۆ باوکم نامخار بەئەندازەى یەک کیرو زێڕت دەنارد، بەڵام ئەو زێڕەى بۆ منت ناردوە بەمس زەرد کراوە. لەبەرئەوە دەمەوێت زێڕى زۆرترم بۆ بنێریت، چونکە لەوڵاتى ئێوەدا زێڕ زۆرە). لەو نامەیەوە دەردەکەوێت کە پەیوەندى هەردوو وڵات زۆر بەهێزو دۆستانە بووە."

ئاکام[دەستکاری]

بەپێیى سەرچاوە مێژووییەکان، ئاڵوگۆڕى نامەکانى توو شراتتاى پاشاى میتانى لەگەڵ فیرعەونەکانى میسردا زیاتر لە دە ساڵ درێژەى هەبووە، واتە: لە سەردەمى فەرمانڕەوایى(ئاموون حوتپى سێیەم١٤٠٥-١٣٥٣ پ.ز)هەتا سەرەتاى فەرمانڕەوایى(ئاموون حوتپى چوارەم١٣٥٣-١٣٣٦ پ.ز). پاشان شێواوى ناوخۆى دەوڵەتى میتانى بووەتە هۆى کوشتنى توو شراتتا لە ناو کۆشکەکەى خۆیدا لە لایەن کەسێکەوە بەناوى(ئەکیت تیشۆپ). ٦-ئەو نامە(٥٠٠)دێڕییە کە بەنامەى(میتانى)ناسراوەو بەزمانى خووریى نووسراوە، لەکنەو پشکنینەکانى ساڵى(١٨٨٧ز)ى کەلاوەکانى(تل عمارنە)ى پارێزگاى(مینا)ى میسر دۆزراوەتەوە، ئەو شوێنە لەوکاتەدا شارى(ئەخت ئاتوون)یان(ئاسۆى ئاتوون)ى پایتەختى(ئاموون حوتپى چوارەم-ئەخناتوون١٣٥٣-١٣٣٦پ.ز)بووە.

هیتییەکان و دواتریش پەلامارە یەک لەدواى یەکەکانى(ئەدەد نیرارى یەکەم١٣٠٧-١٢٧٥پ.ز)ى پاشاى ئەوکاتەى ئاشووریى، بەشێک لەوڵاتەکەیان کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتى ئاشوورییەکان. بەپێیى تۆمارێکى ئەدەد نیرار لەو شەڕەدا ئارتاتاماى پاشاى میتانى و خێزانەکەى و کوڕو زۆرێک لەخەڵکى وڵاتەکەى بەدیلکراوى بردون بۆ پایتەختى ئاشوور. سەرئەنجام میتانییەکان بەهۆى ئەو داگیرکارییانەوە دەسەڵاتیان تەنها بەسەر ناوچەیەکى بچووکى دەورووبەرى ڕووبارى خاپووردا هەبووەو لەوکاتەدا دەوڵەتەکەیان ناوى(خانى گاڵبات)بووە. دواجار میتانییەکان لەلایەن پاشاى ئاشووریى(شەلمانسەرى سێیەم٨٥٩-٨٢٤پ.ز)بەیەکجارى کۆتایى بە دەسەڵاتیان هاتووە.[٣]


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کتێبی "تۆمارەکانی مێژوو و بەسەرهاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣"
  2. ^ کتێبی "تۆمارەکانی مێژوو و بەسەرهاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣" لاپەڕەی ٧٩
  3. ^ کتێبی "تۆمارەکانی مێژوو و بەسەرهاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣" لاپەڕەی ٧٩-٨٧
4.کتێبی کوردکێیە نوسەر سۆران حەمەڕەش، بەشی هۆریەکان
{{{دەوڵەت}}}
دروشم
{{{دروشم}}}
زانیاریی گشتی
پایتەخت واشۆکانی
زمانی فەڕمی کوردی کۆن
جۆری حوکم پادشایەتی
مێژووى دامەزراندن 1500 پ.ز
مێژووى ڕوخان {{{مێژووى ڕوخان}}}
نەخشە