حکوومەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حکوومەت یان میری (لە عەرەبییەوە: حکومة؛ بە واتای فەرمانڕەوایی دێتەوە[١][٢]) بە ڕێکخراوە یان بنکەیەک دەوترێت کە بەھۆیەوە یەکەی ڕامیاری بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بخاتە کار و دەست بگرێت بەسەر ڕامیاری ڕێژیی گشتیدا و زاڵ بێت بەسەر کردەوەی ئەندامان یان گوێڕایەڵان و بەرفەرمانانی خۆیدا.[٣][٤] وشەکانی حکوومەت و دەوڵەت زۆر بە یەکترین نزیکن، بەڵام چەمکی حکوومەت لە حاند دەوڵەتدا بەرھەستتر و بەرچاوترە. لە کۆمەڵگە سەرەتایییەکاندا ڕێکخراوە حکوومەتییەکان بەدی ناکرێن، بەڵام دەبینرێت کە لە جیھانی ئەمڕۆدا حکوومەت جیاوازە و ڕۆژبەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت.[٢]

ئەرکەکانی حکوومەت[دەستکاری]

بەگشتی، لە حکوومەتەکان چاوەڕوان دەکرێ ئەم ئەرکانە بەجێ بھێنن:

  • دانانی یاسا و پیادەکردنی
  • پاراستنی سامان کۆمەڵگە
  • دابینکردنی ئاسوودەیی و خۆشکردنی باری ژیان بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە.[٢]

جۆرەکانی حکوومەت[دەستکاری]

شێوەی حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیھاندا کە بە ڕەنگ نیشاندار کراون. بۆ ئەوەی بزانی مەبەست لە ھەر ڕەنگێک چ شێوازێکی فەرمانڕەوایییە، لەسەر ئەم وێنەیە کلیک بکە.
  • بشێوەخوازی یان ئانارکیزم - فەلسەفەیەکی سیاسی کە دەوڵەت بە ناپێویست، پڕزیان، یان لانی کەم بە نەخوازراو دەزانێ و ھۆگری کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەوتە.
  • دەسەڵاتخوازی - حکوومەتگەلی دەسەڵاتخواز جەخت لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت لە کۆمار یان کۆمەڵگە دەکەن. دەسەڵاتخوازی سیستەمێکی سیاسییە کە تێیدا فەرمانڕەواکان بەبێ ھەڵبژاردن دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، بەڵام زیاتر وایە کە ئەو فەرمانڕەوایانە ڕێگە بە ھەندێک لە ئازادییەکانی تاکەکەس دەدەن.
  • کۆمۆنیزم - پێکھاتەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتییە کە ھەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەت و بێچین دەدا کە ھەموو ئەندامانی ھاوبەش بن لە خاوەنایەتیی ساماندا.
  • پادشایی - تەنیا یەک کەس بە پێی میکانیسمی میراتبەری فەرمانڕەوایی دەکا کە ئەوەشی بە میرات پێ گەیشتووە و چاوەڕوان دەکرێ ئەویش بە میرات بیدا بە میراتبەرانی.
  • دیموکراسی - حکوومەت بە ھەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێ، ھەڵبژاردنێک کە زۆرینەی خەڵک بۆیان ھەبێ بەشداریی تێدا بکەن.
  • کۆماری دەستووری - حکوومەتێک کە بە دەنگی لانی کەم چەند بەشێک لە ئاپۆرەوە ھەڵبژێردرابێ و ھێز و تواناشی بەھۆی قانوون یان دەستوورەوە سنوودار کرابێتەوە.
  • دیکتاتۆری - حکوومەتی تاکەکەسێک کە زۆری بەسەر ھەموو وڵاتدا دەشکێ. دیکتاتۆر کە فەرمانی گرت بە دەستەوە، ئیتر بەری نادا و بە زەبر و زۆر لە دەستی خۆیدا ڕای دەگرێ.
  • ئۆلیگارشی - گرۆ یان تاقمێکی بچووک ھەوساری حکوومەتیان بە دەستەوەیە.
  • دینسالاری - پێشەوا ئایینییەکان حکوومەت دەکەن.

وتارە پێوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ فەرھەنگی فارسی بە کوردیی زانستگای کوردستان لە بەرامبەر وشەی حکومت‌دا وای نووسیوە: فەرمانڕەوایی، دەزگایەکی وڵات کە بەسەر وڵات یان ناوچەیەکدا فەرمان دەدا.
  2. ^ ئ ا ب ئەحمەد شەبانی، فەرھەنگی زانستی ڕامیاری، بڵاوگەی زانستگای کوردستان، ٢٠١٠، لاپەڕەکانی ١٠٩ و ١١٠
  3. ^ واتاکانی وشەی government (= حکوومەت) لە چەندین فەرھەنگی زمانی ئینگلیزیدا: dictionary.reference.com
  4. ^ سەروشەی "hikûmet" لە ویکیفەرھەنگی کوردیدا