بەختیار عەلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە به‌ختیار عه‌لیەوە)
Jump to navigation Jump to search
بەختیار عەلی
بەختیار عەلی
بەختیار عەلی لە شوباتی ٢٠١٩
لەدایکبوونبەختیار عەلی محەممەد
سلێمانی،  عێراق
پیشەنووسەر، شاعیر
نەتەوەکورد
ڕەگەزنێر
کارە دیارەکانکەشتیی فریشتەکان
دواھەمین ھەناری دونیا
چالاکی ساڵانی١٩٨٣ - ئێستا
ماڵپەڕی فەرمی
وێبگەی فەرمی

بەختیار عەلی ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیری کوردە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دوووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی "شێخ سەلام" لە سلێمانی تەواو کردووە و پاشان خوێندنی ناوەندی لە "ناوەندی ئەزمەڕ" و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی "ھەڵکەوت"ی کوڕان تەواو کردووە. پاشان لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین خوێندکاری کۆلیژی زانست بەشی زەویناسی دەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ھەولێر بریندار دەبێت و دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵدەگرێت و بە تەواوی خۆی بۆ کاری نووسین و ئەدەبیات یەکلا دەکاتەوە. لە ھەمان ساڵدا "قەسیدەی نیشتمان" کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەیەتی نوسیووە. دواتر لە دیوانی گوناھ و کەرنەڤالدا چاپ دەکرێت کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو کراوەتەوە. لە پاییزی ١٩٨٩دا یەکەم وتاری لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق دا بڵاو دەبێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سێمینار لە سلێمانی و ھەولێر پێشکەش دەکات. پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بە جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.

ژیانی ئەدەبی[دەستکاری]

یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیار عەلی قەسیدەی «نیشتیمان»ـە – کە قەسیدەیەکی دوورودرێژە. لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنووسێت، وەک «شار»، «گوناھ»، «کەرنەڤاڵ» و چەندانی تر، دەستنووسی یەکەم ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم»یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩دا، یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی «قسەکردن لە پەراوێزی بێدەنگی»دا لە ڕۆژنامەی «پاشکۆی عێراق»دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری تردا ژمارە یەکی «گۆڤاری ئازادی» دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٢دا، یەکەمین کۆمەڵە شیعری بەناوی «گوناھ و کەرنەڤاڵ» بەجۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم چاپ دەکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی لەبارەی ئەدەب و فەلسەفەوە پێشکەش دەکات و ئیشەکانی لە پاڵ ئیشی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی جیاواز بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا سەیردەکرێن.

دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلولی ١٩٩٤دا کوردستان بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە سووریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و تا ساڵی ١٩٩٩ لە فڕانکفورت نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٧یشدا دەست بە نووسینی ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» دەکات و لە ٦/١٠/١٩٩٧ تەواوی دەکات. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.

پاشان لە ساڵانی نەوەدەکان ھاوشانی «ڕێبین ھەردی»، «ڕێبوار سیوەیلی»، «مەریوان وریا قانع»، «فاروق ڕەفیق»، «ئاراس فەتاح»، «ھەڵکەوت عەبدوڵا» ناوەندی ڕەهەند دادەمەزرێنن، پاشان چەند ژمارەیەک لە گۆڤاری ڕەھەند بڵاو دەکەنەوە – کە گۆڤارێکی ئەدەبی و فیکری بووە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

دیوانە شیعرییەکان[دەستکاری]

  • گوناھ و کەرنەڤاڵ، ١٩٩٢.
  • بۆھیمی و ئەستێرەکان، ٢٠٠٠.
  • کۆی بەرھەمە شیعرییەکان، (١٩٨٣-١٩٩٨).
  • ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا، ٢٠٠٤.
  • تا ماتەمی گوڵ.. تا خوێنی فریشتە، کۆی بەرھەمە شیعرییەکان (١٩٨٣-٢٠٠٤).
  • ئەی بەندەری دۆست.. ئەی کەشتی دوژمن، ٢٠٠٩.
  • شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت، ٢٠١٩.

ڕۆمانەکان[دەستکاری]

ڕۆمانەکانی لە جۆری ڕاستیی جادوییــە

  • مەرگی تاقانەی دووەم، ١٩٩٧.
  • ئێوارەی پەروانە، ١٩٩٨.
  • دواھەمین ھەناری دونیا، ٢٠٠٢.
  • ئارەش سنجابی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی آخرین انار دنیا، ٢٠٠٩.
    • مەریوان ھەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی آخرین انار دنیا، ٢٠١٤.
    • ڕاوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرا لانگ واریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی بەناوی Der letzte Granatapfel، ٢٠١٦.
    • ئاڤێستا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی ھنارا داوی یا دنیایێ; Hinara Dawî ya Dinyayê، ٢٠١٧.
    • م. دیۆتالێڤی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیتاڵی بەناوی L'Ultimo Melograno، ٢٠١٧.
    • غەسان حەمدان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناوی آخرُ رمان الدنیا، ٢٠١٨.
    • ئیبراھیم خەلیل و عەبدوڵڵا شەیخۆ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناوی آخر رمَّانات العَالم، ٢٠١٩.
  • شاری مۆسیقارە سپییەکان، ٢٠٠٦.
    • پێشەوا فەتاح و ھانس ئولریچ مولەر شیوفێ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی بەناوی Die Stadt der weißen Musiker، ٢٠١٧.
  • غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ، ٢٠٠٨.
    • کەریم عەبدولڕەحمان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی بەناوی I Started at the Night of the City، ٢٠١٦
  • کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، ٢٠٠٩.
    • چاپی دووەم، ٢٠١٤،.[١]
    • ئاڤێستا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی قەسرا باڵندەیێن غەمگین; Qesra Balindeyên Xemgîn، ٢٠١٧.
  • جەمشید خانی مامم: کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، ٢٠١٠.
    • ئاڤێستا وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری کورمانجی بەناوی ئاپێ من جەمشید خان کو ھەرتم بێ ئەو ل بەر خوە دبر;Apê min Cemşîd xan kû hertim bê ew li ber xwe dibir، ٢٠١٢.
    • مەریوان ھەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەناوی جمشید خان عمویم کە ھمیشە باد او را با خو می برد، ٢٠١٦.
  • کەشتیی فریشتەکانبەرگی یەکەم، ٢٠١٢.
  • کەشتیی فریشتەکان – بەرگی دووەم، ٢٠١٣.
  • ھەورەکانی دانیال، ٢٠١٥.
  • کەشتیی فریشتەکان – بەرگی سێیەم، ٢٠١٧.
  • دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩.

بەرھەمە فیکرییەکان[دەستکاری]

  • وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی پرسیاردا، ١٣ چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر، ٢٠١٣.
  • ئیمان و جەنگاوەرانی، ٢٠٠٤.
  • خوێنەری کوشندە، ٢٠٠٥.
  • سێوی سێھەم، ٢٠٠٩
  • چێژی مەرگدۆستی، ٢٠١١.
  • لە دیارەوە بۆ نادیار، ٢٠١١.
  • وەک باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناکەکان، ٢٠١٢.
  • ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس، ٢٠١٤.
  • نەرسیسی کوژراو، ٢٠١٥.
  • ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی، ٢٠١٥.
  • جوانییەکانی ناڕێکی، ٢٠١٥.
  • یادەوەری و زەمەن، ٢٠١٥.
  • ناشوێن، ٢٠١٩.
  • خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی، دەربارەی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩.
  • ئایدۆلۆژیست، ٢٠١٩.

نمونەی شیعرەکانی[دەستکاری]

ستایشی من بۆ دەسەڵاتداران

ئێوە گەلەک شۆخن، بەیانیان وەک پاساری ڕیقنە بەسەر حەقیقەتدا دەکەن.
گەلەک مەزنن، شەوان وەک کوکوختی ڕیقنە بەسەر تریفەدا دەکەن
ئەمە دیاری ئێوەیە؛
میللەتێک بە سەد دەست لێتان ڕادەکات،
نەتەوەیەک ھەزار قاچ قەرز دەکات
و دەچێتە ناو ھەزار ئاگر و ھەزار باڵ دەخوازێت
و بە ھەزار نینۆک بە سەرزەمینی ھەزار بێگانەدا دەڕوات،
میللەتێک خۆی بە ھەزار ڕەشەبا و ھەزار جەنگەڵ و ھەزار دەریا دەبەخشێت،
گیرفانەکانی پڕ دەکات لە تووتڕکی ھەموو میللەتانی تر.
دەنوشتێتەوە بۆ ھەزار دەریاوان و دەلیل و ئەستێرەناسی تر.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار جەھەننەم لە بەھەشت جوانتر بێت.
دەریایەک خۆڵەمێشتان بۆ داناین و گوتتان ئەمەیە ڕوناکی،
لمتان بۆ کردینە کاس و گوتتان ئەمەیە شەڕاب،
شەیتانتان بۆ ڕازاندینەوە و گوتتان ئەمەیە خودا،
کینەتان دەرخوارداین و گوتتان ئەمەیە ئازادی.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت.
ئەمە خەڵاتی ئێوەیە، میللەتێک لە با دەپاڕێتەوە دەریای لێ نزیک بکاتەوە.
میللەتێک قیامەت بەکرێ دەگرێت،
مەحشەر زەخرەفەدەکات، تابووت دەژمێرێت،
کفن بەسەر ئێوارەکاندا دابەش دەکات،
بە تلیاکی ھەموو جەنگێک خۆشنوودە،
بە حەشیشی ھەموو کینەیەک ڕازیە.
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار شەیتان لە خودا جوانتربێت.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]