توور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تووری سوور

توور (ناوی زانستی: Raphanus Sativus) وە بە (ئینگلیزی:Radish) گیایەکی تەمەن یەک ساڵەیە و لاسکەکەی کە تۆو دەگرێت تا یەک مەتر بەرز دەبێتەوە و گەڵاکانی پان و گەورە و زبرە (دڕە) و ساف نیە، ڕیشەکەی کە وەک پیاز لە ژێر خاکدا سەلک (سەرک) دەکات و گەورە دەبێت، وە بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆری ھەیە (سپی و ڕەش و سوور) کە سوورەکەیان لە کوردستاندا زۆرە و زۆری لێ دەخورێت و بە (تورە وردە)ش ناسراوە.

زێدی ڕەسەنی توور ئاسیایە بەتایبەتی چین و ژاپۆن وە لە سەردەمی فیرعەونەکاندا لە میسر چێندراوە، ئەم گیایە سوودی زۆری ھەیە و سەرەڕای سوودەکانیشی نرخەکەی زۆر ھەرازانە ھەر وەک لە کوردەواریدا ئەگەر ھەوڵ بدەن شتێک بێ نرخ بکەن دەڵێن (توورێکی قوڕاویی ناھێنێت)، وە لەم دواییانەشدا دوای ئاشکرابوونی سوودەکانی توور بەتایبەتی بۆ ھەرس کردن و یارمەتیدانی گەدە لە ساڵەکانی نەوەت بەدواوە وتەیەکی تر لەناو خەلکیدا بڵاوبویەوە لەسەر توور و خەلک دەیانووت: (توور سیتۆی کوردییە). (سیتۆ خواردنەوەیەکی گازی بوو وەکو پیپسی و یارمەتی ھەرس کردنی خواردنی دەدا).

بۆ خواردنیشی باشتر وایە توێکڵەکەی بە ئاو خاوێن بکرێتەوە و پاک نەکرێت (نەڕندرێت) چونکە وەکو ھەموو سەوزە و میوەکانی تر توێکڵی تووریش سوودی زۆری ھەیە.

توور لە کاتی گەشەکردنی دا لە ناو گێلگە

پێکھاتەکانی[دەستکاری]

لە (١٠٠) گرام تووری خاودا ئەم ڕێژەیە ھەیە لە ماددەکان:-

  1. ئاو ٩٤ گرام
  2. پڕۆتین ١ گرام
  3. چەوری ٠.١ گرام
  4. نیشاستە ٣.٥ گرام
  5. کالیسیۆم ٣٠ میلی گرام
  6. فۆسفۆر ٣٠ میلی گرام
  7. ئاسن ١ میلی گرام
  8. پۆتاسیۆم ٣٣٠ میلی گرام
  9. سۆدیۆم ١٨ میلی گرام
  10. ڤیتامین A ١٠ میلی گرام
  11. ڤیتامین B1 ٠.٠٣ میلی گرام
  12. ڤیتامین B2 ٠.٠٣ میلی گرام
  13. ڤیتامین B3 ٠،٠٣ میلی گرام
  14. ڤیتامین C ٢٥ میلی گرام

ھەرەھا بە ڕێژەیەکی زۆر کەم کلۆڕۆفیل و ماددەی (ئەنتی بایۆتیک)ی تێدایە.

تووری سپی و تووری سوور

سوودەکانی[دەستکاری]

  1. بایەخێکی گەورەی ھەیە لە کەم کردنەوەی نەزۆکی لە پیاوان و ئافرەتاندا بەتایبەتی بۆ کچانی گەنج پێش ھاوسەرگیری سوودێکی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی ئەگەری ناڕێکی و ناتەواوی کۆرپەلەکانیان لە ئاییندەدا کەم بکاتەوە.
  2. بۆ لەناو بردن و نەھێشتنی بەردی زراو و گورچیلە بە سوودە، بۆ ئەم مەبەستەش توور و گەڵاکانی دەگوشرێت و رۆژانە ٣٠ خولەک بەر لە نان خواردن ٢-٣ کەوچکی لێ دەخورێت.
  3. مرۆڤ بە توور بژ و با دەکات بەڵام تۆوی توور دژە با کردنە.
  4. ئاوی گەڵاکەی چاو بەھێز دەکات و بۆ کۆکە و نەرم کردنەوەی سینگیش زۆر بەسوودە.
  5. خواردنی توور بەتایبەتی ئاوەکەی گەدە بەھێز دەکات.
  6. ئاوی توور گرفتەکانی جگەر (جەرگ) و سپڵ چارەسەر دەکات بەتایبەتی زەردویی (زەرتک)، بۆ دەرکردنی زەرداو (٢٥٠) گرام ئاوی گەڵاتوور بە شەکرەوە بخۆ چەند جارێک سوودی لێ وەردەگریت.
  7. ئارەزوی خواردن زیاد دەکات.
  8. ڕیشەکانی توور بۆ ئازاری جومگەکان بەسوودن.
  9. بۆ برین، تووری کوتراو لەگەڵ ھەنگوین لێ ببەستە زوو چاک دەبێتەوە، ھەروەھا ئازارشکێنە بۆ شوێنی لێدران و کوتراو کە دوای خاوێن کردنەوەی شوێنەکە لەسەری دابنرێت.
  10. توور زۆر گرنگە بۆ چارەسەر کردن و ڕێگرتن لە خەست بوونەوەی خوێن.
  11. میزھێنەرە و بۆ ژنان شیر زیاد دەکات و سوڕی مانگانەیان دەکاتەوە، ھەروەھا ڕێژەی شەکر لە خوێندا ھاوسەنگ دەکات و یارمەتی پەنکریاس دەدات.
  12. ئەوانەی کاریان لە زەلکاو و زۆنگاوەکانە بە ئاوی توور خۆیان چەور بکەن مێشوولە و پێشکە نایان گەزێت و ژەھردارەکانیش بەھەمان شێوە پێیانەوە نادەن و نزیکیان ناکەون. جگە لەوەش ئاوی توور دووپشک کوژە و لەبەری ڕادەکات بۆیە شوێنێک دووپشکی زۆر بێت دەبێ توور زۆر بەکاربێنن و ھەفتەی جارێک بە ئاوی توور ماڵ بڕشێنن.
  13. توور جەستە خاوێن دەکاتەوە لە ژەھر و میکڕۆب و ھەروەھا شلەی زیادەی ناو لەش دەردەدات.
  14. خواردنی توور ڕەبگی ڕوخسار دەکاتەوە و سوور و گەشی دەکات، ھەروەھا ئەگەر پێستی پێ چەور بکەی پەڵەی سپی و ڕەشی سەر پێست کەم دەکاتەوە.
  15. تووری کوڵاو بۆ سکچوونی خوێناوی باشە.
  16. بۆ گرێی مەمک مەڵحەمی تۆوی تووری لێ ببەستی چوار شەو تا بەیانی دوو شەوی تریش لەگەڵ گوڵی کەلەرم و نیسکی خڕ بەیەکەوە بکوڵێ و ڵێی ببەستە چارەسەرە.
  17. توور بۆ گیرانی بۆڕییەکانی ھەناسە بەسوودە و بەڵغەم دەتوێنێتەوە، لە کاتی ھەڵامەتیشدا خواردنی زۆر بەسوودە بۆ دەردانە دەرەوەی چڵم.
  18. دەوترێت قوتدانی پارچەیەکی زۆر بچووکی توور بەبێ جوین بەشێوەیەکی ڕۆژانە و بۆ ماوەی یەک مانگ بەسوودە بۆ چارەسەری باداری (ڕۆماتیزم)، ئەم کارەش ھیچ زیانێکت پێ ناگەیەنێت و لەوانەشە سوودی لێ وەربگریت و تاقیبکەیتەوە.

زیانەکانی[دەستکاری]

زیانی نیە بۆ ھیچ کەسێک تەنھا ئەوە نەبێت زۆر خواردنی دەبێتە ھۆی بژ و با کردنی سک.


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • پەرتووکی (سروشت و تەندروستی)، نووسین و ئامادەکردنی «صالح عبداللە ابراھیم»
  • پەرتووکی (سروشت دەرمانە)، نووسین و ئامادەکردنی «باست حەمە غەریب»