شاکر فەتاح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شاکر فەتاح ئەحمەد

لەدایکبوون١٩١٤ز
مەرگ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٨
ھۆکاری مەرگگوللە بارانکراوە بە دەست حکوومەتی بەعس
نیشتەجێیباشووری کوردستان
نەتەوەکورد
پەروەردەماستەر لە ماف
پیشەنووسەر، وەرگێڕ و قایمقام


شاکر فەتاح ئەحمەد نووسەر، وەرگێڕ و قایمقامێکی کورد بوو. لە ساڵی ١٩١٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٨ لەلایەن حکوومەتی بەعس گوللە بارانکراوە.

ژیان[دەستکاری]

لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار پەروەردەکراوە لە سەرەتایی منداڵیدا چووەتە بەر خوێندن لە حوجرەی فەقێیان. سەردەمی منداڵی گوندەکانی شارباژێڕ و شاری سلێمانی بەسەربردووە و خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواوکردووە. خوێندنی دواناوەندی و کۆلێژی مافی لە بەغدا تەواوکردوە. دوای ئەمە ماوەیەک لە لوبنان و فەڵەستین ماوەتەوە، ئینجا گەڕاوەتەوە بەغدا و لەوێ کۆلێژی مافی تەواو کردووە. لە دوای سێ مانگ بووەتە مووچەخۆری میری و لە گەلێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان خزمەتی کردووە، تا گەیشتووەتە پلەی سەرۆکی شارەوانی و قایمقامیەتی.
لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا (١٩٧٥) کە ئاواتەکانی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ی کورد بەدی نەھاتن، دەسەڵاتی بەغدا یەک لایی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراقی دامەزراند و ھەولێر کرا بەناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق. شاکر فەتاح لەم دامودەزگایەدا بەشداری کرد. دوا کاری لێرەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان بوو. لە یادی ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازار ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی ئازاری ١٩٨٨ لە ھەولێر سیمینارێک بەناوی (سیمینارێکی زانستی لە بابەت کوردەوە لە بیری سەرکردە سەدام حوسێن)دا ساز کرا. شاکر فەتاح بەئاشکرا لەناو سیمینارەکەدا ووتی:

باشترین چارەسەر بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کورد ئەوەیە دەسەڵاتی دەوڵەت لەگەڵ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاری کورد لە عێراق ڕووبەڕوو دابنیشێ و بکەوێتەوە وتووێژەوە، بەمە نەبێ چاک نابێ، چەک و سیلاح مەسەلەکە ناگەیێنێتە ئەنجام.

ئیتر لە دوای کۆتایی ھاتنی سیمینارەکە ھۆڵەکەی بەجێھێشت و گەڕایەوە سلێمانی پاش ھەفتەیەک شاکر فەتاح گیراوە و ھێناویانە ئەمنی ھەولێر، دوای سێ مانگ ئەشکەنجەدان کوشتویانە.[١]

نووسەری[دەستکاری]

شاکر فەتاح ئەمەی لە پشتکەکەی‌دا نووسیوە: ١٩٣٢/١/٢ بابە گیان، دایە گیان، ئەمەم حەلێک گرتووە کە لە بەغدا خەریکی ڕۆیین بووم بۆ سەفەر. من لە ناوەڕاستدام، ئیسماعیل ئەفەندی لەلای ڕاستمەوەیە، قادر ئەفەندیی حاجی فەتاحیش لەلای چەپمەوەیە. ئەوا بۆ دڵ‌ڕووناککردنتان پێشکەشم‌کردن.

شاکر فەتاح یەکێکە لە نووسەرە ناسراو و ناودارەکانی گەلی کورد، بەردەوام قەڵەمەکەی بۆ مەبەستی وشیارکردنەوەی میللەتەی خستووەتە کار. یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بەھۆی بەرھەمەکانییەوە وای کردوە بچێتە ڕیزی پێشەنگی ئەو نووسەرانەی کە بەرھەمیان زۆرە، محەممەد ئەمین زەکی و تۆفیق وەھبی و حوسێن حوزنی موکریانی جێ پەنجەیان لەسەر کەسێتی شاکر فەتاح دیارە و ھەروەھا ھۆنراوەکانی حاجی قادری کۆیی زۆر کاریان تێکردوە٫ لە ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، ئومێدی ئیستقلال و بانگی ھەق کاری نووسەر بووە، لە لای پیرەمێرد فێری خوێندن و نووسینی کوردی بووە. وەکو قایمقام لە شارۆچکەکانی کوردستان خەریکی دەرکردنی ڕۆژنامە و شانۆگەری و کردنەوەی کتێبخانە بووە، کتێب نزیکترین ھاوڕێی بووە.

نووسینەکان[دەستکاری]

شاکر فەتاح لە گەلێ بواردا بەرھەمی ئەدەبی ھەبووە لەوانە

  • ھۆنراوە :- زۆربەی ھۆنراوەکانی مەبەست بوە لە کۆمەڵایەتی و وەسف و نامەی شیعری و وەسفی سروشتی کوردستان و ژن و بە شێوەیەکی دیار لە ھۆنراوەکانیدا ڕەنگدەداتەوە.
  • وتار :- وتارەکانی بە زۆری کۆمەڵایەتی بووە و گرنگی بە وتاری ئەدەبی داوە و ھەندێک وتاری سیاسیشی نووسیوە.
  • چیڕۆک :- لە چیرۆکەکانیدا باسی کێشەی کۆمەڵایەتی و دواکەتنی کۆمەڵگای کردوە.
  • چیڕۆک بۆ منداڵان
  • گەشتنامە :- گەلێک گەشتنامەی نوسیوە وەک گەشتی پێنجوێن و گەشتی شارباژێر و گەشتی سرۆچک و گەشتی ھەڵەبجە و ھەورامان.
  • لێکۆڵینەوەی ئەدەبی :- لە بەرھەمی شاعیرانی کۆڵیوەتەوە.
  • وەڕگێران :- گەلێک کتێبی نووسەرە ناودارەکانی جیھانی وەرگێراەتە سەر زمانی کوردی.

نموونەیەک لە پەخشانی شاکر فەتاح (بەرخەکە)

مردن[دەستکاری]

شاکر بەھۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی بەعس لە بەھاری ١٩٨٨ فڕێندراو و لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٨ گوللەبارانکرا، و تەرمەکەی بەمردوویی درایەوە دەست خێزانەکەی.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

https://www.youtube.com/watch?v=WYAUK2s2WZM

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "پەنجەمۆر- سەباح حەمدانی رائیدی پێشووی ئەمن لە حیزبی بەعس". Youtube. RUDAW.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٢٥٧ تا ٢٦١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.