با

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
یەکێک لەھەرە کۆنترین پێوەرەکانی با.

با بریتیە لە جموجۆڵ و جولانەوە و ھاتوچۆی ھەوا،[١]، با بەھۆی جیاوازی لە پەستانی کەش دروست دەبێت، کەتیایدا ھەوایەکە بە خێراییەک لەناوچەی پاڵەپەستۆی بەرزەوە بۆناوچەی پاڵەپەستۆی نزمەوە جولە دەکات، جگە لە سوڕانەوەی ھەسارەی زەوی کە ڕۆڵی ھەیە لەبڕ و جۆڕ و شێوەی بایەکە، بەگوێڕەی کاریگەریەکانی کۆڕیۆلیس پەیوەندیەکی تەواو ھەیە لەنێوان بایەکان و پەستانی کەش ، تەنھا لەناوچەکانی ھێلی کەمەرەیی نەبێت، ئەم پەیوەندیە بە پەیوەندی جیۆسترۆفیە ناوزەند دەکرێت،[٢] بە بەیەکگەیاندنی ھێلەیەکسانەکانی پەستانەکە، بەمە بەخێراییەکی زۆر جولە دەکات، ئەم ھێلانە بەھێلەیەکسانەکانی پەستان بانگ دەکرێن، کە ئەگەر ھاتوو لەیەک نزیک بوونەوە ئەوا خێرایی بایەکە زۆڕ زیاد دەکات بەپێچەوانەوە خێرایی کەم دەبێت، سەبارەت بە ئاراستەکانی با ئەوە پەیوەندی بە ناوچەی پەستانی بەرز و نزمی کەش ھەیە، کە لەناوچە پاڵەپەستۆبەرزەکانەوە بەرەو ناوچەپاڵەپەستۆ نزمەکانەوە جولە دەکەن زۆڕینەی ئاڕاستەکانیش بەپێچەوانی میلی کاتژمێڕە.[٢]

گەشەکردنی با و تایبەتمەندیەکانی[دەستکاری]

سەرچاوەی سەرەکی ووزەی با بریتیە لە ووزەی خۆڕ، کەلە٪١ ئەو تیشکە ھەڵدەمژێت کەبەر ڕووی زەوی دەکەوێت، وە ئەم ووزەیە دەگۆڕێت بۆ ووزەی با، بەم ھۆیانەی خواڕەوە:

  • جیاوازی پلەی گەرمی زەوی لەناوچەکەمەرەییەکان و جەمسەریەکان  ناوچەی کەمەرەیی بەھۆی ئەوەی بڕێکی زۆڕ لەتیشکی خۆڕی بەردەکەوێت بە ستونی پلەی گەرمیەکەی بەرزترە بە بەراورد بەناوچەکانی جەمسەری باکور و باشوری زەوی، بەھۆی ئەم گەرمیەوە ھەوایەکە بەرەو بەرزایی ھەڵدەکشێت بەڵام لەجەمسەرەکان بەھۆی نزمی پلەی گەرمیەوە ھەوایەکەی بەرەو ژێڕ نزم دەبێتەوە، لەئەنجامی ئەمە لەناوچەی کەمەرەیی پەستانی نزم دروست دەبێت وە لەجەمسەرەکانی باکور و باشوری زەویش پەستانی بەرز دروست دەبێت بەمە ھەوایەکە لە جەمسەرەکانەوە بەرەو ناوچەی کەمەرەیی جولەدەکەن و لەوێشەوە بەھۆی بەرزی پلەی گەرما بۆ چینەبەرزەکانی کەش جولە دەکەن بەم جۆرە سوڕێکی با لەھەردوو نیوەگۆی زەوی بە پێچەوانەی یەکتر دروست دەبێت.
  • جیاوازی پلەی گەرما لەنێوان ناوچە ووشکانیەکان و دەریا و زەریاکان  ووشکانی لەکاتی ڕۆژ بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی خۆڕبەدەرەوەیە پلەی گەرمی بەرزە بەھۆی ئەوەی بەخێرایی گەرمی وەردەگرێت بە پێچەوانەوە ئاوی دەریاو زەریاکان پێویستیان بەکاتی زیاترە بۆ گەرم بوون، بەمە ئەو ھەوایەی دەوری ووشکانیەکانی داوە گەرمتر دەبێت لەو ھەوایەی لەدەوری دەریا و زەریاکان داھەیە، بەمە ھەوای سەر ووشکانیەکان پەستانی بەرز دروست دەکات و ھەوای سەردەریاکانیش پەستانی نزم، بەڵام دەبینین لەوەرزە جیاوازەکاندا یان لەکاتی شەودا پێچەوانە دەبێتەوە بەھۆی ئەوەی ووشکانی کە بەخێرایی کەرمی وەردەگرێت بەخێراییش گەرمی دەداتەوە لەم کاتەدا ھاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە.[٣] وە ھەروەھا ڕووبەری ووشکانیەکان و دەریاکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لەم بارەدا کە جۆڕی جیاواز دروست دەکات کە بە شنەبای دەریا و شنەبای ووشکانیەکان دەناسرێن.
  • جیاوازی پلەی گەرما لەنێوان دۆڵ و تەپۆڵکە و چیاکان  ھەروەک بارەکانی پێشوتر پەیوەندی بە پلەی گەرماوە ھەیە کە لەناوچە بەرز و نزیکەکانی خۆڕ پلەی گەرما بەرزە بەمە پەستانی بەرزە، بۆیە ئاراستەی بایەکان دەبینین لەچیاکانەوە بەرەو کەندەڵانەکان دێن، بەڵام لەکاتی شەو پێچەوانە دەبێتەوە، جگە پێگەی تۆپۆگرافی ناوچەکە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بەئاراستەبردنی بایەکان.
  • سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆی دا، زەوی کاتێک بەدەوری خۆی خول دەخوا ناوچە جەمسەریەکان لەشوێنی خۆیانن واتە لەیەک بازنەی بچوکی نەگۆڕ دان، بەڵام ناوچەکەمەرەییەکەی دەبینین لە خێرایی ١٦٠٠ کم/کاتژمێر دەخولێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی ئاڕاستە و خێرایی بایەکان بەرزدەبێتەوە بەبەرزبونەوەی ناوچە جوگرافیەکەی، بەڵام ھەندێ باری پێچەوانەش ھەن ئەمەش بەھۆی پێک ھاتەی خاکە بەرزەکەوەیە.

پۆڵێن کردن[دەستکاری]

توانایی[دەستکاری]

توانای بایەکان بەگوێرەی پلەی توندی بایەکان دەگۆڕێت، کە بۆ ھەر بارێکی خێرایی ناوێکی تایبەتی لێنڕاوە بەتایبەت لەزمانی کوردی وەک:

  • سروە:کزەبایەکی نزمە بەزۆڕی لە بەیانیانی زووی وەرزی ھاوین و کۆتایی بەھار ھەستی پێ دەکرێت.
  • شنەبا:بایەکی تۆزێک بەجولە ترە لە بەرەبەیانێکی درەنگ ھەستی پێ دەکرێت .
  • ڕەشەبا:بایەکی توندە توانای ھەڵگرتنی پوش و پەڵاشی ھەیە بەزۆڕی لەوەرزی پایز و سەرەتای وەرزی سەرما دەبینرێت.
  • زڕیان:جۆڕە بایەکی توندە ھەروەک ڕەشەبا بەڵام دڵۆپە باڕانی لەگەڵ دایە پایزان و سەرەتای زستان ھەستی پێ دەکرێت، لەگەڵ ماوە ماوەی بەھاران.
  • گەردەلول:جۆڕەبایەکی توند و خولێنەرە، بەجۆڕێک ھەموو شتێک لەگەڵ خۆی ڕاپێچ دەکات، ئەوگەردەلولانەی لەکوردستان سەرھەڵدەدات تواناکەی کەمترە لەھەندێ ناوچەی تری زەوی ئەمیش بەھۆی پێک ھاتەی جوگرافی کوردستانەوەیە کە شاخاویە، بەڵام لەکۆتا باشوری کوردستان دەتوانڕێت ھەستی پێبکرێت بەھۆی دەشتەنی تەختی خاکەکەی.
  • باھۆز:بایەکی زۆڕ توند و بەھێزە بەجۆڕێک توانای ھەڵگرتنی ئاو و کەلوپەڵی زۆڕ قورسی ھەیە کیشوەری ئەمەریکا لەناوچەھەرەبەناوبانگەکانی جیھانە بۆبینینی ئەم دیاردەیە.

کاتی سەرھەڵدانی[دەستکاری]

لەھەندێ ناوچەی زەوی بایەکان لەکاتی دیاریکراو سەرھەڵدەدەن، کە بای ھەمیشەیین یاخود وەرزین، وەلەنیوەگۆی باکوری زەوی دەبینین بایەکان ھەمیشەیین و بە ئاڕاستەی میللی کاتژمێڕ ڕێ دەکەن، بەڵام لەنیوە گۆی باشوری زەوی دەبینین بەپێچەوانەی ئاڕاستەی میللی کاتژمێڕ ڕێ دەکەن.

جۆڕە سەرەکیەکانی با[دەستکاری]

  1. بای ھەمیشەیی: کە سێ جۆڕی ھەیە بای بازرگانی و بای سەربازی و بای جەمسەری.
  2. بای وەرزی: دوو جۆڕی ھەیە بای زستانە و بای ھاوینە.
  3. بای ناوچەیی: سێ جۆڕی ھەیە بای باکور و بای ژەھڕاوی و بای بازنەیی.
  4. بای ڕۆژانە: دوو جۆڕی سەرەکی ھەی: شنەبای دەریایی و شنەبای ووشکانی یاخود شنەبای چیاو کەندەڵانەکان.

بەکارھێنان و سودەکانی با[دەستکاری]

ئاشێکی بایی.

بەدڕێژایی مێژوو مڕۆڤ بای بۆ زۆڕ شت بەکارھێناوە وەک:

  • سەرچاوەی ووزە:
    •  بۆ جولەو خولانەوەی ئاش و ھاڕین.
    • بۆ بەدەست ھێنانی ووزەی کارەبا .
  • وەک توانای پاڵنان و پەستان:
    • بۆ پاڵنانی کەشتی چاڕۆکەدار.
    • بۆ پەستان وبەرزکردنەوەی فڕۆکە.

ھەروەھا بۆ بوارە جۆڕبەجۆڕەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی جیاواز سودی لێ بینیوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Wikipedia, the free encyclopedia. 2011.
  2. ^ ئ ا دار المعارف - مصر. 1979. علم الأرصاد الجوية. موسوعة التكنولوجيا، موسوعة علمية أبجدية مصورة. الجزء الرابع، 1979. ص1761
  3. ^ David A.Spera, Editor, Wind Turbine Tehnology, Fundamental concepts of Wind Turbin Engineering, ASME Press, New York, USA, 1994