ھەژار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە عەبدوڕڕەحمان شەرەفکەندیەوە)
Jump to navigation Jump to search
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی
لەدایکبوون (١٩٢١-0٤-١٣) ١٣ی نیسانی ١٩٢١
مەھاباد[١]
مەرگ٢١ی شوباتی ١٩٩١(١٩٩١-02-٢١) (٦٩ ساڵ ژیاوە)
کەرەج
شوێنی دۆزینەوەی تەرممقبرةالشعرای مھاباد
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر، ھۆنراوەوان و وەرگێڕ
ئایینئیسلام، سوننی

عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (١٣ی نیسانی ١٩٢١، مەھاباد – ٢١ی شوباتی ١٩٩١، کەرەج) یەکێکە لە نووسەرە ھەرە گەورەکان، ھەڵبەستوان، و وەرگێڕێکی کورد بووە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.[٢]

ژیان[دەستکاری]

«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لە بە دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینیەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە. بەڵام بە پێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتیەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لە سەر ھەستی بووە.

ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ. ک. بووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لە لایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا مەجبوور بە جێ‌ھێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حکومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سوریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.

لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستان (باغ فردوس) ی شاری مەھاباد نیژرا.

ژیاننامەی ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا[دەستکاری]

ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا کە ژیاننامەیەکی خۆیەتی کە بە دەستی خۆی نووسراوە، دەڵێ:

بۆ خۆم لە بیرم نییە کەنگێ بۆ یەکەم جار ھاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ی ھیجریی مانگی، بەری بەیانی کە ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە لە دایک بووم و بریا ھەر نەبووبام... وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بە گروو بووم، کەم وەختان ژیربوومەتەوە... ھەروەھا سەبارەت بە ھێمن دەڵێ: لە خانەقا دەگەڵ ھاوتەمەنیکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی "محەمەد ئەمینی شیخولئیسلام" و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنی و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و ھیچ فێر نەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. ھەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە ھەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی شێعری دەگوت و خۆی لە من بە ھونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شێعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغێڵیان گاڵتەم بە شێعرەکانی دەکرد. ئاخری ھەر وازی نەھێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی ھەرەبەرز و بە ناوی ھێمن ناوبانگی کرد. کاری ھەرە گرینگمان ڕاوە دووپشک، دزی باخان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و ھەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

بە کوردی[دەستکاری]

٭ عیرفان، بەرانبەری، ئازادی؛ نامیلکەیەکی دوکتور عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی

بە فارسی[دەستکاری]

  • تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
  • روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندیە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر)
  • قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
  • آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی

نموونەی ھۆنراوەکانی ھەژار[دەستکاری]

ھەر کوردم
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم لە خاکی عەرەب لە ئێران و ڕۆم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم کۆشکم دەقات بێ وێرانە ماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان یان زەنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێل بم بگرم گوێ سوانان یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لە سەر تەختی خونکاری یان لە کۆڵانان بکەم ھەژاری
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان سەرلەپێناوم گیان لە سەر دەستان
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە



ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]