ئیمام شافعی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە ئیمامی شافعی نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە شافعی (ڕوونکردنەوە).



ئیمام شافعی
ناو: ئیمام شافعی
ناوی تەواو: موحەممەدی کوڕی ئیدریسی شافعی
ڕێکەوتی لەدایکبوون: ١٥٠ی کۆچی، ٧٦٦ی زایینی
شوێنی لەدایکبوون: غەززە،  فەلەستین
ڕێکەوتی مردن: ٢٠٤ی کۆچی، ٨٢٠ی زایینی
شوێنی مردن: قاھیرە،  میسر
بیروباوەڕ: سوننە
بواری کردوکۆش: فەرموودە، زمانی عەرەبی
شوێنەواگری: مالیکی کوڕی ئەنەس
کارتێکەری: ئەحمەد کوڕی حەنبەل، بوەیتی، مەزنی

ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد کوڕی ئیدریس شافعییە، ساڵی ١٥٠ک/٧٦٦ز لە دایکبووە، یەکێکە لە دیارترین پێشەواکانی سوننە لە ڕێڕەوی مێژوودا، و خاوەنی فیقهی شافعییە لە زانستی فیقهی ئیسلامیدا، هەروەک بە دامەرێنەری زانستی ئوسوڵ دادەنرێت و یەکەم کەسە لەو بوارەدا کتێبی نووسیوە و ناویناوە (الرسالة)، نوێکەرەوەی ئیسلام بوو لە سەدەی دووەمی کۆچیی و هەروەک ئەحمەد کوری حەنبەل ئاماژەی پێکردووە لە مژدەدانێکی پێغەمبەری ئیسلامدا لە ووتەیەکیدا دەفەرموێت؛ لا تسبوا قريشاً فإن عالمها يملأ الأرض علماً واتە؛ قسە بە قوڕەیش مەڵێن زانایەکیان تیا هەلدەکەوێت زەوی پڕدەکات لە زانست. و ئەبوونەعیم ئیسفرایینی ئەڵێت؛ ئەم فەرموودەیە لەسەر هیچ کەس نایەتەدی تەنها شافعی نەبێت.

و ئەم زانایە کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی ٢٠٤ک/٨٢٠ز.

نەژادی[دەستکاری]

ناوی موحەمەدە نازناوەکەی ئەبوو عەبدوڵڵایە، کوڕی ئیدریسی کوڕی عەباسی کوڕی عوسمانی کوڕی شافیعی کوڕی سائیبی کوڕی عوبەیدی کوڕی عەبد یەزیدی کوڕی ھاشمی کوڕی موتەلیبی کوڕی عەبدول مەنافە، دایکیشی لە عەشیرەتی (ئەزد)ە ناوی فاتمەیە.

لە دایکبوونی[دەستکاری]

بەشێکە لە زنجیرەیەک

ئیسلامی سوننە


بیروباوەڕ

پایەکانی ئیسلام · پایەکانی باوەڕ
پێشینەکان · فەرموودەی پێغەمبەر

خەلیفەکانی ڕاشدین

ئەبووبەکری سدیق
عومەری کوڕی خەتاب
عوسمانی کوڕی عەفان
عەلی کوڕی ئەبووتالیب

چوار پێشەواکە

ئەحمەد کوڕی حەنبەل
ئەبووحەنیفە
مالیکی کوڕی ئەنەس
محەمەد شافعی

سەرمەزهەبەکان

حەنبەلیحەنەفیشافعیمالیکیزاهیری

کتێبە سەحیحەکان

سەحیحی بوخاری
سەحیحی موسلیم
سونەنی نەسائی
سونەنی ئەبوداوود
سونەنی ترمزی
سونەنی دارمی
سونەنی ئیبن ماجە
مۆتەی مالیک

لە غەززە لە مانگی ڕەجەبی ساڵی ١٥٠ی کۆچی بەرامبەر ٧٦٦ی زاینی لەدایکبووە ھەمان ساڵە کە ئەبووحەنیفە کۆچی دوایی کردووە، باوکی پیاوێکی ھەژاری خەڵکی حیجاز عەرەبستانی سەعوودی بووە، پێش لەدایک بوونی ئیمامی شافیعی چووە بۆ فەلەستین ولە (عەسقلان) و (غەززە) ماوەتەوە و جێگیر بووە، دوای لەدایک بوونی ئیمامی شافیعی بەماوەیەکی کورت مردوە، و دایکی بردویەتیەوە بۆ سعوودیە بۆ ئەوەی نەژادی وون نەبێت.

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی لە ساڵی ١٧٩ کۆچی دا ئافرەتێکی ھێناوە بە ناوی (حەمیدەی کچی نافیع) کە نەسەبی دەچێتەوە سەرخەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان. ئەم ژن ھێنانەشی دوای وەفاتی ئیمام مالیکی مامۆستای بووە لەو کاتەدا تەمەنی ئیمام شافیعی ٢٩ ساڵ بووە لەم خێزانەی کوڕێکی ھەبووە بەناوی (ئەبوعوسمان محەمەد) کە چەندین پلەی ھەبووە لە دەوڵەتی ئیسلامی دا تا بۆتە قازی حەلەب، وە دووکچیشی ھەبووە بە ناوی (فاتمە و زەینەب).

ڕەوشت و ئاکارەکانی[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی باڵای بەرز بووە ھەروەھا زۆر ڕەوشت بەرز بووە و خۆشەویست بووە لە ناو خەڵکدا وزمانێکی عەرەبی پاراوی زانیوە، خاوەن کەسایەتییەکی بەھێز و سەخاوەت وچاکەکردن بووە لەگەڵ خەڵکدا، ڕیش و سەری بەڕەنگی سوور ڕەنگ ئەکرد وەک لە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتووە، خاوەنی دەنگێکی خۆش بووە لە قورئان خوێندن دا بەڕادەیەک ئەگەر خەڵکی مەککە بیان ویستبایە بگرین لە ترسی خوا کۆ دەبونەوە وگوێیان لێ ئەگرت وھەموویان دەستیان ئەکرد بە گریان، وە زۆر ئازا بووە وە تیرئەندازێکی باشیش بووە ھەروەھا دەستی شیعریشی ھەبووە.

خوێندنی[دەستکاری]

کاتێک باوکی وەفات ئەکات لە فەلەستین، شافعی تەمەنی ئەگاتە دوو ساڵ دایکی ئەیھێنێتەوە بۆ مەککە لە گەڕەکێک نزیک کەعبە کە ناوی (شعب الخیف) جێگیر دەبن دوای ئەوەی ھەندێک گەورە دەبێت دایکی دەینێرێت بۆ فێربوونی قورئان بەڵام لەبەر کەم دەرامەتی دایکی ناتوانێت پێداویستی قورئانخوێندنی بۆ دابین بکات مامۆستا وەری ناگرێت، بەڵام ھەر ئەڕوات گوێ ئەگرێت لە مامۆستا، ئەو وانانەی کە مامۆستا لەسەر قورئان بە قوتابیەکانی دەڵێت ئەم لەبەری ئەکات بەھۆی خوێندنەوەی مامۆستا، پاشان مامۆستا کە ئەبینێت ئەوەندە زیرەکە وەری دەگرێت، کە تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ ھەموو قورئان لەبەر ئەکات، و لەگەڵ ئەمەشدا دەست بە خوێندنی زانستی عەرەبی دەکات لە مزگەوتی حەرامدا تا لەھەموو عیلمەکاندا زۆر شارەزا دەبێت و لە ھەموو دیالێکتەکانی زمانی عەرەبی شارەزا ئەبێت بەھۆی وەرگرتنی ئەو دیالێکتانە لەو خێڵە دەشتەکیانەی عەرەبەوە، دواتریش دەست بەخوێندنی زانستی قورئان و زانستی فەرموودە و فیقھـ دەکات، خۆی بۆ تەرخان دەکات و زۆر سەرکەوتوانە تەواویان دەکات.

گەڕان بە دوای زانستدا[دەستکاری]

دوای ئەوەی لای ھەرچی مامۆستای شارەزای مەککە ھەیە خوێندن تەواو دەکات پاشان ئەڕوات بۆ مەدینە بۆ خزمەتی پێشەوا مالیکی کوڕی ئەنەس، ماوەیەک لای ئەمێنێتەوە و مۆتە (الموطأ)ی لەلا ئەخوێنێت کە یەکێکە لە کتێبە ناودارەکانی ئیمامی مالک پاشان ئیمام مالیک داوای لێ ئەکات لەجێگای خۆی مۆتە بڵێتەوە بە قوتابیەکانی، ھەشت مانگ لەوێ ئەمێنێتەوە و پاشان ئەڕوات بۆ کووفە لەگەڵ ئەو حاجیانەی لە عێراقەوە ھاتبوون بۆ حەج، دوای پرس کردن بە ئیمام مالیک وئیجازەی ڕۆیشتنی ئەداتێ ودوای ٢٤ ڕۆژ ئەگەنە کووفە ولەگەڵ ھەردوو زانای کووفە (محەمەدی کوڕی حەسەن و ئەبویوسف) یەکتر ئەبینن و باس و گفتوگۆی زانستی زۆر دەکەن و ئیمام محەمەدی کوڕی حەسەن زۆر ڕێزی ئیمام شافیعی دەگرێت. لەو ماوەیەدا ئیمامی شافیعی زۆر شتی لە ئیمام محەمەد وەر دەگرێت، پاشان گەڕاوە بە وڵاتی ئێران و بەغدا و کوردستانی عێراق و تا تورکیا کە ماوەیەک لە حەران ماوەتەوە، پاشان چووە بۆ فەلەستین لە (ڕامەڵە ماوەتەوە)، ئەم سەفەرەی دوو ساڵی پێ چووە لە ساڵی ١٧٢ی کۆچی تا ساڵی ١٧٤ کۆچی، شارەزای زۆری لەو سەفەرەی دا وەرگرتوە و خوو ڕەوشت و تەقالیدی باو نەریتی ئەو وولاتانەی گەڕاوە شارەزا بووە، جارێکی تر لە راملەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە لەکاتی نوێژی عەسردا کە ئیمام مالیک دەرسی ھەیە ھەموو قوتابیەکانی دادەنیشن و ئیمام شافیعیش لەدواوە دادەنیشێت بێ ئەوەی ئیمام مالیک بزانێت، ئیمام مالیک دەست دەکات بە پرسیار کردن لە قوتابیەکان دەربارەی بریندار کردنی دەست بە ئەنقەست چی لەسەرە بیدات بەو کەسەی برینداری کردوە ھیچ قوتابیەک نازانێت، ئیمام شافیعی بە قوتابیەک دەڵێت کە لەپاڵی دایە: ئەوە وەلامەکەیەتی، ئەویش ھەموو وەڵامەکە دەداتەوە، ئیمام مالیک دەڵێ چۆن ئەو وەڵامانە دەزانیت؟ ئەویش دەڵێ کوڕێکی گەنجم لەلایە ئەو پێم دەڵێ، ئیمام مالیک ئەو گەنجە بانگ دەکات بزانێ کێ یە کە سەیر دەکات شافیعی یە لە کورسی یەکەی دێتە خوارەوە و باوەشی پێدا دەکات و بە ئیمام شافیعی دەڵێت تۆ ئەم باسەیان بۆ تەواو بکە وپێیان بڵێ لەباتی من ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە خزمەتی ئیمام مالیک دا دەمێنێتەوە تا لەساڵی ١٧٩ ی کۆچی دا ئیمام مالیک وەفات دەکات.

ڕۆشتنی بۆ یەمەن[دەستکاری]

دوای مردنی ئیمام مالیکی کوڕی ئەنەس شافعی ئەگەڕێتەوە بۆ مەککە وئەمەش ھاوکات دەبێت لەگەڵ ھاتنی والی یەمەندا بۆ مەککە و شافعی داوای لێدەکات لەگەڵیدا بروات تا لە نەجران لە یەمەن ئیش بکات ئەڕوات لەگەڵ و ئەبێتە والی نەجران، بە دادپەروەری حوکمی تیا ئەکات بەڵام ناڕەزایی بۆ دروست دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەی ئیرەیی پێدەبەن و ستەمی لێدەکەن بەوەی بە خەلیفەی عەبباسی ھارونە ڕەشید ئەڵێن ئەیەوێت ببێت بە خەلیفە، و کاتێک خەلیفە بانگی شافعی دەکات بۆ بەغدا و شافعی بە زمانێکی عەرەبی ڕوون بەرگری لە خۆی دەکات و بە بەڵگەی زۆر بەھیز و خەلیفە سەرسام دەبێت پێی و ئازادی ئەکات.

گەڕانەوە بۆ مەککە[دەستکاری]

دوای ڕزگار بوونی لەم زەحمەتە دەگەڕێتەوە بۆ مەککە لە ساڵی (١٨١)ی کۆچی ئەگاتە مەککە خەڵکی لەقەراغی شاردا پێشوازیەکی گەرمی لێ دەکەن وحەڤدە ساڵ لە مەککە دەمێنێتەوە خزمەتی مسوڵمانان دەکات و مەزھەبەکەی لەناو ئەو حاجیانەی دێن بۆ حەج بڵاو دەکاتەوە و ئەوانیش ئەیبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

گەڕانەوە بۆ عێراق[دەستکاری]

لەو ماوەیەدا ئیمام ئەبو یوسف وەفات دەکات لە ساڵی ١٨٢ ی کۆچی دا و لەساڵی ١٨٨ ی کۆچی دا ئیمام محەمەدی کوڕی حەسەنیش وەفات دەکات و ھەروەھا ھارونە ڕەشیدیش وەفات دەکات و بەیعەت دەدرێت بە مەئمون و دەبێت بە خەلیفە و لەو کاتەدا ئیمامی شافیعی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و یەک مانگ لەوێ ئەبێت وە لەمزگەوتی گەورەی بەغدا وانەیەک دادەنێت کەلە بیست وانەی زانستی زیاتری تیا بوو.

دووای وانە دانانەکەی ئەم ئەبێت بە سێ وانە و ھەموویان دێن بۆ وانەکەی ئیمامی شافیعی.

ڕۆشتنی بۆ میسر[دەستکاری]

لەو کاتەدا کە ئیمامی شافیعی لە بەغداد بوو، خەلیفە مەئمونی عەبباسی، عەباسی کوڕی موسای کرد بە والی میسر، ئیمامی شافیعیش لەگەڵیدا ڕۆیشت بۆ میسر، وە خەڵکی بەغدا لەشار چوونە دەرەوە بۆ خواحافیزی لە ئیمامی شافیعی لە ناویاندا ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلی تێدا بوو، وە ئیمامی شافیعی دەستی ئیمامی ئەحمەدی گرت و دوو بەیت شیعری خوێندەوە، ئیمامی ئەحمەد و شافیعی و خەڵکەکەش دەستیان کرد بە گریان، لە ٢٨ ی شوالی ساڵی ١٩٨ی کۆچی لەگەڵ عەباسی کوڕی موسا گەیشتە میسر وە بەگەیشتنی ھەموو زانایانی میسر ھاتن بۆ خزمەتی کۆمەڵ کۆمەڵ لەوانە: (عبداللە ی کوڕی حەکەم) کە زانای بەناوبانگی میسر بوو چوار ھەزار دیناری دا بە ئیمامی شافیعی، لە میسر دەستی کرد بە وانە ووتنەوە لە مزگەوتی (عەمری کوڕی عاس) لەدوای نوێژی بەیانی تا نیوەڕۆ.

لە ووتەکانی ئیمامی شافعی[دەستکاری]

  • پێویستە بەوپەڕی تواناوە ھەوڵ بدەن بۆ بەدەست ھێنانی زانست کەم تەرخەمی نەکەن ئارام بگرن لەسەر ھەموو کۆسپ و ناڕەحەتیەک خاوەنی دڵسۆزی و نیەتێکی پاک بن ھەردەم داوای یارمەتی لە خودا بکەن چونکە بەبێ کۆمەکی خوای گەورە ھیچ خێر و چاکەیەک دەستگیرنابێت
  • شارەزابون لە ئەحکامەکانی خودا و بڵاو کردنەوە و کارکردن بەو ئەحکامانە ئیماندار بە بەبەرزی دین و دنیا دەگەیت شک و گومانی تیا نامێنێت دڵی بێ گومان ڕوناک دەبێتەوە شایانی ئەوەیش دەبێت کە پێشەوایەتی ئیماندارانی پێ ببخەخشرێت
  • ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات کە خۆشەویستی دونیا و دروستکەرەکەی لە دلیدا کۆکردۆتەوە درۆ ئەکات.
  • پرسیاری لێ دەکرێت لەسەر باسێک، بێدەنگ ئەبەێت، ئەڵێن وەڵام نادەیتەوە؟، ئەویش ئەڵێت ئەمەوێت بزانم باشترە بێدەنگ بم یان وەلام بدەمەوە.

دەربارەی ئیمامی شافعی ووتراوە[دەستکاری]

زانایان دەربارەی ئیمامی شافعی زۆر لێدوانیان داوە بە کورتی ھەندێک لەو ووتانەی لەسەر شافعی ووتراون ئەمانەی خوارەوەن؛

  • ئیمام مالیک دەڵێت: ھیچ قوڕەیشییەک نەھاتوە بۆ لام بخوێنێت بەقەدە محەمەدی کوڕی ئیدریس (شافیعی) زیرەک بوو بێت.
  • سوفیانی سەوری ئەگەر پرسیاری تەفسیری قورئان یان شەرعیان لێ بکردایە لای دەکردەوە بەلای ئیمامی شافیعی دا و دەیوت لەم پرسیار بکەن.
  • موسلیمی کوڕی خالد کە مامۆستای بووە لە کاتێکدا کەتەمەنی پانزە ساڵ بووە پێ ی ووت کاتی ئەوەت ھاتوە کە فەتوا بدەی.
  • ئیمامی ئەحمەد و یەحیای کوڕی سەعید ئەیانوت (ئێمە چل ساڵە لە نوێژەکانماندا داوای خێرو داوای لێ خۆش بوون بۆ ئیمامی شافیعی دەکەین وە ئەبو یوسف دەڵێت؛ تۆ شایستەی کتێب دانانیت.
  • خەلیفەی مەئمون کوڕی ھارونە ڕەشید ئەڵێت؛ خوای گەورە محەمەدی کوڕی ئیدریس شافعی تایبەتمەند کردووە بە زانست و ڕەوانبێژی و ئەدەب و چاکە و ئایین.
  • ئیبن عەساکر وەسفی ئەکات بەوەی (پێشەوای سەردەمەکەی و تاکی زەمانەکەیەتی).

لە شیعرەکانی[دەستکاری]

شافعی کۆمەڵیک شیعری زۆر جوانی ھەیە بۆ نمونە لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەم شێوەیەی خوارەوە ئامۆژگاری زانستخوازان ئەکات؛

اخی لن تنال العلم الا بستّة‌

سأنبیك عن تفصیلها ببیان

ذکاء،حرص،واجتیهاد،وبلغه‌

وصحبة‌ استاذ،وطول الزمان

واتە: برام بە شەش ھۆکار نەبێت زانست بە دەست ناھێنی منیش واڕوونیان دەکەمەوە بۆت زیرەکی و سوور بوون و کۆشش،و ھێندەش خەرجیت ھەبێت بێ نیازت بکات. ھاوڕێیەتی مامۆستا و بوونی کاتی پێویست.

وەفاتکردنی[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی پێنج ساڵ و نۆ مانگ ماوەتەوە لە میسر، و ھەر لەو ماوەیەدا نەخۆش کەوتووە و لە شەوی ھەینی مانگی ڕەجەبی ٢٠٤ک دوای نوێژی خەوتن کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە میسر نیژراوە، و لەسەر گۆڕەکەی قوبەیەک ھەیە کە سەلاحەددینی ئەییووبی نوێی کردەوە لە ساڵی ٥٧٤ک.

دانراوەکانی[دەستکاری]

ئیمام شافعی ئەم کتێبانەی داناوە:

  • الزعفران: باسی حوکمی سەھو دەکات لە نوێژدا وە ئەم کتێبە ناویش دەبرێت بە (الحجە)
  • الرسالە: دەربارەی اێول الفقە لە میسر نوسیویەتی.
  • جماع العلم: باسی سوننەت و بەڵگەی سوننەت دەکات بۆ حوکمی شەرعی.
  • الأم : کەکتێبێکی فقھی یە.
  • الأملاء الصغیر.
  • الأمالی الکبری.
  • مختصر المزنی.
  • مختصر البویکی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵپەری سێبەر
  • ماڵپەری رۆژێکی نوێ
  • تھذیب التھذیب/ بن حجر العسقلانی.
  • الأئمة الأربعة/ د. مصطفی الشعکة.
  • أعمدة الفقە الأربعة فی الإسلام/ مھدی صالح محمد أمین.
  • تأریخ المذاھب/ محمد ابو زھرة.
  • تنویر البصائر المقلدین فی المناقب الأئمة والمجتھدین/ مرعی بن یوسف الحنبلی.
  • وێکی عەرەبی