ئەرەستوو

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئەرەستوو ، Aristotélēs
پەیکەری ئەرەستوو
پەیکەری ئەرەستوو
ناوەکانی تر ئەرەستوو
لەدایکبوون ئەریستۆتڵ
٣٨٤ پ.ز
ستاگیرا ، کالسیدیس
مردن ٣٢٢ پ.ز (٦١ یان ٦٢ ساڵ)
وابیە
نەتەوە یۆنانی
سەردەم فەلسەفەی کۆن
ناوچە فەلسەفەی ڕۆژاوایی
قوتابخانە فەلسەفەی ئەرەستوو
قوتابخانەی ئەرەستوو
بایەخی داوە بە فیزیا, مێتا فیزیا, هۆنراوە, شانۆ, مۆسیقا, ڕەوانبێژی, ڕامیاری, حکومەت, ڕەوشتناسی, زیندەزانی, زیندەوەرزانی
بیرۆکە گرنگەکان ڕێژەی زێڕین, هۆش, بیرسایی, پێوەری ڕەهایی, خۆشەویستی

ئەرەستوو (بە یۆنانی: Ἀριστοτέλης، ئاریستۆتێلیس؛ ٣٨٤ی پ.ز - ٣٢٢ی پ.ز)[١] فەیلەسووفێکی یۆنانی بوو؛ ئەو قوتابیی ئەفلاتوون و مامۆستای ئەسکەندەری مەزن بوو. نووسراوەکانی زۆر بابەتیان گرتۆتە خۆ، وەک فیزیک، مێتافیزیک، شیعر، شانۆ، مۆسیقا، لۆژیک، سیاسەت، حکوومەت، ئەخلاق، و ھتد. ھاوڕێ لەگەڵ ئەفلاتوون و سوقرات (مامۆستای ئەفلاتوون)، ئەرەستوو یەکێک لە گرنگترین بناغەداڕێژانی فەلسەفەی ڕۆژاوایییە.

ژیانی ئەرەستوو[دەستکاری]

وێنەی ئەرەستوو لە ئیسلامی کۆندا

ئەرەستوو یان بە ئینگلیزی (Aristotle) ئەرەستوو لە ساڵی ٣٨٤ پ.ز لە شاری ستاگیرا لە کەناری دەریای ئیجە لەدایکبووە[٢] و خێزانەکەی بە یەکێک لە بەناوباگترین خێزانەکانی یۆنان ناسرابوون‌ و بە خێزانە پزیشکەکە ناو دەبران.

باوکی ئەرەستوو کە ناوی نیقۆ ماخوس بوو، پزیشکی تایبەتی پاشایی مەقدۆنی فیلیپی ٢ کە دەبێتە باپیری ئەسکەندەری مەقدۆنی وە یەکێک بووە لە ھەرە پزیشکە سەرکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی خۆی، لەو ڕوانگەیەوە ئەرەستوو پەیوەندییەکی پتەو دروست دەکات لە نێوان خۆی‌ و پادشای مەقدۆنیدا و پاشا فیلیپی ٢ بانگێشتی دەکات بۆ لای خۆی و دەیکاتە پەروەردەکاری ئەسکەندەری مەقدۆنی کوڕەزای لە ساڵی ٣٤٣ پ.ز.[٣]

ئەرەستوو تەمەنی منداڵبوو کە باوکی لە دەستدا، دوا بە دوای مردنی باوکی یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆمەڵەی ئەسکیبیادسی پزیشکی، لە تەمەنی (١٨) ساڵیدا پەیوەندی دەکات بە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوون لە ئەسینای پایتەختی یۆنان[٤] و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەسەر سەرجەم ھاوڕێیانیدا سەرکەوتن بە دەست دەھێنبێت، ئەرەستوو بۆ ماوەی بیست ساڵ فێرخوازی ئەفلاتوون بوو، لە سەرەتادا بە کەسێکی زۆر زیرەک‌ و بیر فراوان ناسرا، ھاوکات لەبەر زیرەکی لێھاتوویی ئەرەستوو بووە مایەی سەرسووڕمان‌ و تێڕامانی مامۆستا بلیمەتەکەی کە ئەفلاتوون بوو، ھەر بۆیە لای ئەفلاتوون بە شۆڕشی ھەست‌ و شۆڕشی خوێندنەوە ناوبرا.

ئەم بیر فراوانە بلیمەتە ماوەی بیست ساڵ واتە تا ساڵی (٣٤٨/٤٧ پ.ز) وەک سەربازێک لە ئەکادیمیاکەی مامۆستای گەورەی بونگەرایەتی ئەفلاتوون مایەوە،[٥] چەندین زانیاری بەنرخ لەو ئەکادیمیایەوە فێربوو، تا ئەو کاتەی کە مامۆستای بیری نوێ‌ و زانست و بونگەرایەتی ئەفلاتوون گیانی لەدەستدا، ئیتر بۆ ھەمیشە ئەرەستوو ئەو ئەکادیمیایە جێ دەھێڵێت کە بە ماڵی خۆی دەزانی بڕیار دەدات کە ئەسینا جێبھێڵێت‌ و بەرەو ئاسیای بچووک بەڕێبکەوێت و دواجار بریاڕ دەدات.

پاش ماوەیەکی زۆر کەم ھاوسەری ژیانی دەستنیشان دەکات، ئەرەستوو دووجار ھاوسەر گێری کردووە کە لە ھی یەکەمیان کچێکی دەبێت لە ھی دووەمیان کورێکی دەبێت ئەرەستوو ژنە یەکەمەکی بە سک پریەوە مرد ئەرەستوو ھەرگیز عشقی ژنە یەکەمیەکی لەبیر نەدەکرد وە وەسیەتی کرد کە لە دوایی مردنی لە تەک پیتیاس بینێژن. لە ڕوانگەی لەش و لارەوە ئەرەستوو کورتە باڵا و لاواز بوو چاوەکانی بچووک بوون دەم و چاوێکی پانی ھەبوو ھەمیشە وا ئەھاتە بەر چاو کە بیردەکاتەوە جەستەی زڕ و مۆن بوو ھە میشە جل و بەرگی ڕێک بوو لە کاتی قسەکردندا زۆر شاعیرانە ئەدوا. بەڵام جار و بار دەمی ئەگیرا ئەرەستوو بە ئەزموون و سەیرکدنی لایەنی زانستی و پراکتیکیەکان زیاتر گرنگی بە زانست ئەدا لە کاتێک دا ئەفلاتوون ئایدیالیستئایدیالیستێکی پەتی بوو.

دوای چەند ساڵێک لە مانەوەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەسینای کانگای نوێگەرایەتی، ھەر لە ئەسینا قوتابخانەیەک لە یەکێک لە یاریگا وەرزشیەکاندا دادەمەزرێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتێکی زۆر ھەستیاربوو بۆ ئەرەستوو، چونکە پێداویستی دامەزردندنی وەھا قوتابخانەیەک ئەستەم بوو بۆ ئەو کاتەی ئەسینا، لەبەر ھەندێک فاکتەری گرنگی تر بڕیار دەدات لە پاڵ دیوارەکانی یاریگاکەوە، ھاوڕێیان‌ و قوتابیەکانی بە پێوە خوێندن بخوێنن‌ و پەرە بە خوێندن بدەن، دواتر لەبەر ئەوەی ڕێچکەی ڕێبازەکەی ئەرەستوو زۆر پەلی ھاویشت‌ و قوتابیەکانی زۆر کارا و بلیمەت بوون، ئەرەستوو دامەزرێنەری قوتابخانەی ڕێ پێوەکان بوو قوتابخانەکەی ئەرەستوو ناونرا فەلسەفەی خوێندن بەپێوە کە ناودەبرا بە لیسیۆم.


شۆڕشەکەی ئەرەستوو زۆری نەخایاند، کە لەلایەن خەڵکی ئەسیناوە بە بێباوەڕ ناوەزەد کرا، دواجار سزای مەرگی بۆ دەرچوو، ھەر بۆیە بۆ ئەوەی کە زیانی پێنەگات بڕیار دەدات قوتابخانەکەی ڕادەستی یەکێک لە قوتابیەکانی بکات کە ناوی پاوفرا ئەستۆس بوو، دوای ئەوەی ئەسینا بۆ جاری دووەم جێ دەھێڵێت لە شاری خلسیس کە دەکەوێتە نزیک یەکێک لە دوورگەکانی وڵاتی یۆنان کە ناوی ئوبایە نیشتەجێ دەبێت، تا دوا جار لە ساڵی (٣٢٢ پ.ز)، بەھۆی شێرپەنجەی سروشتییەوە کۆچی دوایکرد. پێش مردنی وەسیەتی کرد کە لە پاڵ ھاوسەرەکەیدا بینێژن.[٦]

پێناسەی فەلسەفە لای ئەرەستوو[دەستکاری]

ئەرەستووش بەم جۆرە پێناسەی فەلسەفەی کردووە، کە خۆشەویستی بێ بۆ دانایی. دیارە ئەرەستوو تەنھا لە ڕووی زمانەوانیی یۆنانییەوە توانیویەتی لێکدانەوە بۆ فەلسەفە بکا و پێناسەی بۆ بکا، چونکە لەو سەردەمەدا ئاستی زانستی و زانیاریی گریکەکان ھەر ئەوەندە بووە. بەڵام ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی زانست و زانیاریی زۆر لەو سەردەمەی ئەرەستوو زیاتر کەڵەکە بووە و کەوتۆتە بەردەست ئەو پێناسە کۆنە کۆن بووە و پێناسەی نوێ بۆ فەلسەفە دەبێ ھاوسەنگ بێ لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا، کە پڕ بووە لە رێباز‌ و یاسای بیرسایی و کەڵەکەی زانین‌ و زانیاری و زانستی‌ و ئەزموون‌ و پراکتیک‌ و تەکنۆلۆژیا. واتە ئەمڕۆ فەلسەفە لە بریی ئەوەی تەنھا خۆشەویستی بێ بۆ دانایی، دەبێ بەرھەمھێنانی دانایی بێ.

بە پێی قۆناغە یەک بە دوای یەکەکانی بەرەو پێشچوونی فەلسەفە، بابەتەکانی فەلسەفە بەم شێوەیە ھاتوون:

  1. گەوھەرو سەرچاوەی گەردوون.
  2. داھێنەرو داھێنراو.
  3. خەسڵەتەکانی داھێنەر.
  4. پرسیار لە مەبەستی بوونی مرۆڤ؟
  5. نیشانەکانی سەلماندنی بوونی داھێنەر.
  6. پرسیار لە بوون، لە بوونەوەر، لە ڕەوشت‌ و لە چاکە، لە زانین‌و لە جوانی‌ و لە ڕاستی؟
  7. خودی ڕاستی چییە؟
  8. چۆن‌ و بۆچی چاک لە خراپ، چاکە لە خراپە، ڕاست لە ناڕاست جیادەکەینەوە؟
  9. چۆن بیردەکەینەوە؟
  10. بیرکردنەوە چییەو دانایی چییە؟
  11. بە زانین ھەموو شت دەزانین؟
  12. چۆن دەزانین، کە دەزانین؟


دیارە ھەر لە کۆنەوە زۆربەی قوتابخانە فەلسەفییەکان، بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە یان ڕوانگەی ئایینییان ھەبووە، یاخود ڕوانگەی زانستی. بەڵام گرنگ ئەوەیە بە ھەر روانگەیەک بێ، فەیلەسووفەکان پرسیاری زۆر گەورە و گرانیان لە بارەی سروشتی ئەو بیر و بۆچوونانەوە ورووژاندووە و خستۆتە ڕوو.


پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پەروەردە لای ئەرەستوو[دەستکاری]

ئەرەستوو (لای ڕاست) - ئەفلاتوون (لای چەپ) کە مەبەست پێی قوتابخانەکانی یۆنانە

ئەرەستووش لە کتێبەکەیدا سیاسەت پەیوەندییە پتەوەکەی نێوان فەلسەفە و پەروەردەی روونکردۆتەوە ، کتێبەکە لە فەسڵە پەروەردەییەکانیدا پراکتیکی دیدە فەلسەفیەکەیەتی ئەرەستوو لە نوسینەکانی لە ژێر کاریگەری ئەفلاتووندا دەردەکەوێ ، ڕەنگە ئەوەش لەوەدا خۆی دەربخات کە ھەردووکیان وەک ئەرکێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت بۆ پەروەردە دەڕوانن ، لەبەر ئەوە دەبینین ھەردوکیان تووڕەن لە ئاست نەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی گشتی یەکگرتوو لە ئەسینادا، داوای ئەنجامدانی شۆڕشێکی گشتگیریان لە رێبازەکانی پەروەردەی نەوەی ئایندەی ئەسینیەکاندا کردووە .

ئەرەستوو وەک لقێک لە سیاسەت بۆ پەروەردە دەڕوانێ و بۆ سیاسەتیش وەک ھونەری ئاراستەکردنی کۆمەڵگە دەڕوانی بە شێوەیەک کە مەزنترین خێر بۆ مرۆڤایەتی بەرھەم بھێنێ ، تێبینیکراوەکە ئەرەستوو فەلسەفە دابەش دەکات بۆ (فەلسەفەی تیۆری و فەلسەفەی عەمەلی، سیاسەتیش کایەیەکە لە کایەکانی فەلسەفەی عەمەلی "کردەکی").

ئەرەستوو تێبنی ئەوەی کردووە کە سەرکەوتنی سیاسەتمەداران لە ھەوڵەکانیاندا لەسەر بوونی ئەو ماددە چاکە وەستاوە کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن ، واتە بوونی گەلێکی چاک بەمەش کار یەکەمی سیاسەتمەدار بووە بە ئامادەکردنی ھاوڵاتیان ئەرکی پەروەردەش پێگەیاندنی ئەم جۆرە کۆمەڵەیە لە ھاوڵاتیان.

پەروەردە بە تیۆرە فەلسەفیەکانی ئەرەستوو کاریگەر بووە، بەسوودمەندی دەزانین لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لەم شوێنەوارانە بکەین :

  • دیدی فەلسەفی ئەرەستوو دەربارەی مرۆڤ شوێنەواری لە پەروەردەدا بەجێھێشتووە ، بۆ ئەوە رۆیشتووە کە مرۆڤ لە دەروون و جەستە پێکھاتووە دەروونیش لە سێ ھێز پێکدێت : ڕووەکی و ئاژەڵی و عاقڵمەند ، مرۆڤیش بە عەقڵ لە ئاژەڵ جیادەبێتەوە. ئەم ئیمتیازەی ئەرەستوو بە مرۆڤی بەخشیوە ھانیداوە بۆ جەختکردنە سەر گەشەی فەزیڵەتە عەقڵیەکان، ئەوەش بەو پێیەی چەند بەھایەکی باڵای ڕەفتاری مرۆیین . لێرەوەیە گرنگیدان لە لایەنی عەقڵی لە پەروەردەدا لەبەر ئەوەی لایەنی گرنگی کەسێتی مرۆڤە.
  • ئەرەستوو بڕوای بە پرنسیپێکی فەلسەفی ھەیە کە پێی وایە بیرکردنەوە پڕۆسەیەکی چالاکانەیە و لەبن نایەت، لوتکەی ژیانی عەقڵیە و بەسەر بەخۆیی لە جەستە کاری خۆی دەکات، ئەم تێڕوانینە یاریدەی نەمرکردنی ئەو بیرۆکە فەلسەفیەی کرد کە قسە لە دوانەیی "پنائیەسروشتی مرۆیی دەکات ، واتە ئەوەی کە مرۆڤ لە عەقڵ و جەستە پێکھاتووە ، ئەم تێڕوانینە لە پەروەردەدا ڕەنگیداوەتەوە کە وایلێکردووە بەلای گرنگیدان بە لایەنی عەقڵیەکاندا بچێت.
  • فەلسەفەی ئەرەستوو ئامانجی گرنگیدان بە فەزیڵەت و چاکە بەشەریەتە جیاوازەکانە ، فەلسەفەکەی فەزیڵەی بەشێوەیەک دابەشکردووە کە ھاوبەرامبەری ھێزەکانی دەروونی مرۆییە و ئەم دابەشکارییە لە پەروەردەدا ڕەنگیداوەتەوە و لەبەر ئەوە دەبینین ئەرەستوو بڕوای وایە کە نەفسی رووەکیانە ھیچ فەزیڵەتێکی لێوە سەرچاوە ناگرێت و لەبەرامبەر ژیانی منداڵیدایە ، لێرەوە دەرک بەھۆکاری بیروباوەڕی ئەرەستوو دەکەین سەبارەت بەوەی پەروەردە لەرێگەی پێکھێنانی نەریتە چالاکەکانەوە ، دەبێ پێش پەروەردەی عەقڵ بکەوێ ، لەبەرئەوەی ئەو پەروەردەیە کە لەگەڵ منداڵاندا گونجاوە ، لەرێگەی نەریتەکانەوە بەھا باڵاکانی ژیان لەعەقڵی ئەو منداڵانەدا لەسەرەتاکانی منداڵیانەوە نەخش دەبێت . سەبارەت بە نەفسی ئاژەڵیانەش یەکێکی دیکەیە لەو نەفسانەی فەزیڵەی لێوە بەرھەم نایەت مەگەر لەژێر سەرپەرشتی و رابەرایەتی ئەو ھێزە قسەکەر و فەزیڵەتانەوە بەڕێوە بچێت کە لێوەی دەردەچی و بریتین لە جوامێری و فریاکەوتن و فەزیڵەتە عەقڵیەکان لە ھێزە قسەکەرەکانەوە سەرچاوە دەگرن .

ئەم دیدە فەلسەفیە کاریگەری لەسەر پەروەردە ھەبووە بەوەش بووە بە پەروەردەیەک کە عەقڵی مرۆڤ ی کردووە بە ئامانج و مەبەست و گەشە بە فەزیڵەتە عەقڵیەکانی دەدات و ئەم جۆرەش لەپەروەردە لای ئەرەستوو فەیلەسوفەکان دەگرێتەوە

ھاوڕێیەتی لای ئەرەستوو[دەستکاری]

ئەرەستوو ھاورێیەتی بۆ سێ بە شەوە پۆلین دەکرد :

  • ھاورێیەتی لەسەر بنەمایی بەرژەوندی کەسی.
  • ھاورێیەتی بۆ چێژ و ھونەر کاری.
  • ھاورێیەتی خاترخوازی ھاورێیانە ئەرەستوو بەلای ئەوە باشترین جۆری ھاورێیەتی جۆری سێھەمیانە کە زۆر دەگمەنە.

دادپەروەری لای ئەرەستوو[دەستکاری]

بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفان و لە ناویاندا ئەرەستوو، دادپەروەری بە گرنگترین بەشی ڕەوشت دەزانن، و لە ھەمان کاتدا ئەوان دڵنیامان دەکەنەوە کە مەیدانی ئەخلاق فراوانترە لە مەیدانی دادپەروەری. ئەفلاتوون و ئەرەستوو ھەردووکیان دادپەروەری بە چاکە (فەزیلەتێکی) تایبەتی دەناسێنن کە دەبێت لە چاکەی گشتی جیابکرێتەوە, ئەمەش ئەو جیاکاریەیە کە ئەمڕۆ لە فیکر‌و فەلسەفەدا دەبینرێت. بۆ نموونە, ئەگەر بڵێین ھەندێک کار وەکو کوشتن نادروست‌ و خراپە, ھەرچەندە ناڵێین کوشتن بێ ویژدانییە یان نا دادپەروەرییە, بەڵکو دەڵێین کوشتن خراپەیەکی ڕەھایە. سیستەمی ئەخلاقی دەبێت چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕەوشانەدا ھەبێت کە لە ناویاندا تووشی بەرژەوەندی ناکۆک یان دژ دەبین، بەڵام چارمان نییە و دەبێت وەڵامی تایبەتیمان بۆ ھەر پرسیارێک ھەبێت کە کەسەکان دەبێ چیبکەن. مەبەست لەو وەڵامانەیە کە دەکەونە ناو مەیدان‌ و پرسی دادپەروەرییەوە. چەمکی دادپەروەری ھەتا وردتر‌و ڕۆشن تر پێناسە بکرێت، سوودمەنتر دەبێت.

دوو جیاوازی بونیادی کە پەیوەندارە بە عەدالەتەوە, سنوورداری‌ و فراوانی ماناکەی دیاری دەکەن. یەکەمین جیاوازی بریتییە لەو جیاوازیەی کە ئەرەستوو لە دەفتەری پێنجەمی ئەخلاقی (چاکەدا) لە نێوان دادپەروەری دابەشکردن‌ و دادپەروەری قەرەبووکردنەوەدا باسی دەکات. دادپەروەری دابەشکردنی مەبەست لە دابەشکردنی دارایییە لە نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵدا. ئەرەستوو بڕوای بە بنەمای بڕیاردانی ئەو بیر‌وباوەڕە ھەیە کە دەبێت لەگەڵ بوونەوەری ھاوشێوەدا وەکو یەک ڕەفتاربکرێت، و دەڵێ دابەشکردنی دارایی‌ و کاڵاکان یان دەبێت بەپێی شایستەیی بێت یان بەپێی ھەق، ئەو کەسانەی کە شایستەی بەشی یەکسانن دەبێت بەشی یەکسانیان بەربکەوێ‌ و بە پێچەوانەشەوە, کەسانێک کە شایەنی بەشی نایەکسانن دەبێت بەشی نایەکسان، بەپێی شایستەیی ھەقی نایەکسان وەربگرن. عەدالەتی قەرەبووکردنەوە پەیوەندی بەو بابەتانەوە ھەیە کە لە ئەنجامی مامەڵەی نێوان خەڵک پەیدادەبێ, وەکو دانوستاندن لە بازاڕ یان لە شێوەکانی ئاڵوگۆڕی دوولایەنە و ھەموو پەیوەندی‌ و دەرگیریەکانی مەدەنی‌ و جەزایی (سزایی). دادپەروەری قەرەبووکردنەوە گرنگی دەدات بە یەکسان کردنی ئامانجی کاری بەویژدان‌ و کاری بێ ویژدان. مافناسی (ڕاستی ناسین)‌ و چاکە لە بەرامبەر چاکەدا بە لایەنە گرنگەکانی دادپەروەری قەرەبووکردنەوە دەژمێرێ.

دووەمین جیاکردنەوە پەیوەندی ھەیە بەو بابەتانەی (زەمینانەی) کە دادپەروەری تیا دەرکەوێ. دادپەروەری یان لە نێوان تاکەکاندایە, یان دەربارەی دام‌ودەزگا گشتی‌ و کۆمەڵایەتییەکانە, دادپەروەری بەشێکە لە فەزیلەت‌ و چاکەی تاک‌ و کاریگەری‌ و دڵنیایی لەسەر کار‌و ڕەفتاری کەسەکان دادەنێ. لە ئاستی گشتی‌ و دامەزراوەکانیشدا، دادپەروەری لە پێکھاتەی سەرەکی کۆمەڵگادا دەخرێتەڕوو، واتە لە نیھاد‌ و زەمینەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری‌ و سیاسی.

مەسەلەی دابەشکردنی سامان‌ و بەرژەوەندی‌ و ھەلەکان، زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگە سەبارەت بە دادپەروەری کە لە باس‌ و تیۆرەکانی ئەم سەردەمەدا بە زۆری ئامادەیی ھەیە. بەپێی ئەم ئاڕاستەیە پرسی دابەشکردن لە ئامانجی ھەر تیۆریەک دەربارەی دادپەروەری دەبێت بڕیاردانی بنەما‌ و یاسای وا لە خۆی بگرێت کە ھەر کەسێک بەھۆیانەوە بتوانێ بەھرەمەندی بەدەست بھێنی. لەبەر ئەوەی کە ئەم ئاڕاستەیە پەیوەندی بە شایستەیی دەروونی کەسەکانەوە ھەیە, بۆیە پرسی دشوار دەبێتە نادیار بوونی ئەو شتەی کە لە مامەڵەی کەسێکدا دەرئەکەوێ. بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم دژوارییەدا، فەیلەسوفان دەربارەی پێویست بوونی ھێنانەدی پرسی فەلسەفی (واتە چی بوونی ناوەڕۆکی عەدالەت) بەڕێکەوتن گەیشتوون.

لەدیدگای مێژووییدا بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت سوود لەدوو ئاراستەی جیاواز وەربگرین. یەکێک لەوان ھەوڵدانە بۆ پەیداکردنی وەڵامی مەبەست لە زەمینەی یاسا سروشتییەکاندا. وئاراستەی دووەم لە ھەلومەرجی دادپەروەریدا پەیدا دەبێت، کە داڤید ھیۆم گرنگی پێداوە. باس‌ و تیۆرەکانی ھاوچەرخ بۆ دادپەروەری لەم دوو ئاڕاستەیەدا (واتە مافی سروشتی، ھەلومەرجی دادپەروەری) پێشڕەوییان کردووە.

پرسی دانیشتوان لای ئەرەستوو[دەستکاری]

پەیکەری ئەرەستوو لە ساڵی ١٩١٥ لە زانکۆی فریبورگ

بەلای ئەرەستوووە دەوڵەتی نموونەیی ئەو دەوڵەتەیە کە ژمارەی دانیشتوانی گونجاوی ھەیە لەگەڵ ڕووبەرەکەی و خێزان ڕۆڵی سەرەکی لە پێگەیاندنی نەوەکانیدا دەبینێت بە پێچەوانەی ئەفلاتوون بۆ چۆنایەتی دانیشتوان بڕوای بە پەروەردەیی خێزانی نەبووە ،بەلای ئەرەستوووە تاک یەکەی بنچینەیی پێکھاتەی کۆمەڵگە نیە بەڵکو خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە چونکە تاک بە سروشت ئاژەڵێکی مەدەنیە لە بارەی چۆنایەتی دانیشتوانەوە پێی وابووە کە خێزانی ئاسایی بریتیە لە ژن و مێرد و مناڵەکانیان وکۆیلەکانیان، دەبێت پیاو سەرکردایەتی خێزان بکات چونکە پیاو خاوەنی ئەقڵی تەواوو ووردبینی وباشترین بۆچوونە لە رووی چەندایەتیشەوە ھەر ووڵاتێک ئەگەر لە قەبارەی ئاسایی خۆی دەرچوو خەسڵەتەکانی دەوڵەت لەدەست دەدات وە توانای خۆ بژێوی نابێت، ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگەش لە ژێر کاریگەری دوو ھۆکاردا تێکدەچێت کە بریتین لە زۆر بوونی گروپێک لە شاردا لە بەرامبەر کەمبوونەوەی گروپێکی مرۆیی تردا و ھۆکارەکەی تریش کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانە لە ناکاو بە ھەر ھۆیەکەوە بێت، ڕەنگە ئەم بۆچوونەی ئەرەستوو بە ھۆی ئەو جەنگ و نا ئارامی و شەڕ و بشێویە بووبێت لە سەردەمی ئەودا لە زۆربەی شارە یۆنانیەکاندا بەرپا بوو بوون ، بۆیە بەلای ئەرەستوووە دانانی دەستورێک بۆ رێکخستنی دانیشتوان یەکێکە لە پێویستیەکان ولەگەڵ ھەر گۆڕانێکیشدا بەلای ئەمەوە دەبوو دەستورەکە بگۆڕێت( ) ،بۆ نمونە بەلای ئەرەستوووە ھەتا رێگە لە ڕاپەرین و شۆڕش و نا ئارامی بگیرێت پێویستە بیر لە بەشکردنی خۆراک و داھاتی کۆمەڵگە بکرێتەوە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان و لە پێناو دەوڵەتێکی نموونەییدا پێی ڕەوابووە کە ئەم شتانە بکرێت :

  1. لەبار بردنی منداڵ پێش لە دایک بوون.
  2. کوشتنی منداڵ پاش لە دایک بوون ئەگەر کەم و کورتی ھەبوو.
  3. قەدەغە کردنی ھاوسەرگیری لە سەروی ٥٥ ساڵی.
  4. بۆ ھەر شارێکی نموونەیی دانیشتوانەکەی لە (١٠٠٠٠٠) سەد ھەزار کەس زیاتر نەبێ چونکە بوونی منداڵ و نەوەی نا تەندروست لەئەنجامی ھاوسەرگیری ناتەندروست بەگران لەسەر کۆمەڵگا ڕادەوەستێ ئەگەر وانەکرێت باری ھاوسەنگی ویەکسانی نێوان دانیشتوان و خۆراک درووست دەبێت وچینێکی برسی وھەژار پەیدا دەبێ ودەوڵەت ناتوانێت رێگەی شۆڕشیان لێ بگرێت بۆیە ئەرەستوو زۆر توند بووە لە دیاری کردنی ژمارەی دانیشتواندا لە ھەندێک باردا بە زۆر سەپاندوویەتی ،جگە لەوەی وەکو مامۆستاو رێپیشاندەرێکی ئەسکەندەریش ھاندەر بووە بۆ پەلاماردانی رۆژھەڵات وبە کۆیلە کردنی دانیشتوانەکەی ھەتا خزمەتی دەوڵەتە شارەکانی یۆنانی پێ بکەن وھەروەکو ئاماژەمان پێکرد کۆیلەشی بە بەشێک لە تەواوکەری خێزان داوەتە قەڵەم .

ئەدەب و بەھاکانی ئەدەب لای ئەرستو[دەستکاری]

تێڕوانینی ئەرەستوو بەرامبەر بە ئەدەب و بەھاکانی ئەدەب جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ تێڕوانینی فەیلەسووف و رەخنەگرانی سەردەمی خۆی، ئەوە گومانیش لەوە ناکرێت کە لەگەڵ ئەرەستوودا ڕەخنە بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکردوە، چونکە ئەرەستوو یەکەم کەس بووە کە کتێبێکی ڕەخنەیی نووسیوە، ھەربۆیەش بە یەکەم رەخنەگر دادەنرێت، دیدو تێڕوانینی ئەرەستوو بەرامبەر بە ئەدەب دید و تێڕوانینێکی ڕاستەقینەیە و ئەرەستوو پێی وایە کە ئەدەب گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ژیانی مرۆڤ ھەر ئەدەبیشە دەتوانێت گوزارشت لە ڕاستەقینەی مرۆڤ و دەوروبەری بکات، ھەروەھا لەدیدی ئەرەستوودا ئەدەب پڕیەتی لە شتە جوانەکان و راستەقینەییەکان و بەھا مرۆییەکان، کاتێکیش ئەرەستوو دەیەوێت وەڵامی ھەموو ئەوانە بداتەوە کە وا دەبینن ئەدەب سوودی بۆ مرڤ نییە و پێیانوایە ئەدەب تەنھا شتی خەیاڵییەو لاساییکردنەوە و چەند شتێکی تێدایە کە سودێکی ئەوتۆیان نییە، ئەرەستوو وەڵامی ھەموو ئەوانەی داوەتەوە ھەم وەک رەخنەگرێک و ھەم وەک فەیلەسوفێک دیدو تێڕوانینی خۆی لە ھەمبەر ئەدەب و گرنگیی ئەدەب دەربڕیوە.

تیۆرییەکانی ئەرەستوو لەسەر دیموکراتی[دەستکاری]

ھەڵبەتە ڕۆشنبیران و فەیلەسووفەکانی کۆن و نوێ ھەریەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان باسی دیموکراتی و بنەماکانی دەکات، ھەر بۆ نموونە ئەرەستوو ئەو پێی وابووە کە ئازادی گرنگترین فۆرمە بۆ دیموکراتی و ئەو دەڵێت کە ئازادی مافی ھەمووانە و ھەمووان دەبێت بەشداری لە تەواوی حوکم و دەسەڵاتدا بکەن و پۆستەکان ھی ھەمووان بێت و دەبێت ھەمووان حوکم لەو پۆستانەدا بکەن. تیۆرییەکانی ئەرەستوو خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە بۆ پێناسەی فۆرمی ئازادی کە ئەوانیش:

١. "ئەوتۆنۆمیا- Autonomid یان Autonomie" کە ئەویش حوکمی خۆیی یان بە حوکمی زاتی ناوزەد دەکرێت، کە دەڵێت: "ھەرکەسێک پشکی خۆی ھەیە لە یاسادا وەک زات و مافی ڕاستەوخۆ بەشداری ھەیە لە یاساکەدا".

٢. بەشێکی تری یا مەرجێکی تری ئەرەستوو بۆ ئازادی "ئەوتۆکتۆنیا- Autochtoind"یە بەو واتایە دێت کە گەل لە کۆنەوە لە شوێنێک دەژێت کە ئەویش خاکی خۆیەتی و لەسەری نیشتەجێیە و ھەر لەسەر ئەو خاکەش لەدایکبووە، بەواتای ئەوەی کە "ئەوتۆکتۆنیا"یەش بەشێکی تری تەواوکەری ئەو ئازادییەیە کە ئەرەستوو پێیوایە دەبێتە تەواوکەری دیموکراتی.

٣. مەرجێکی تری تەواوکەری ئازادییەکەی ئەرەستوو بە "ئەوتارکیا یان ئەوتارکی- Autarkie- Autarkia" ناسراوە کە ئەمەش دەبێتە تەواوکەرێکی تری دیموکراتی و بەواتای ئەوە دێت کە پێویستییەکانی گەل دەبێت خۆی خەمی بخوات و بە دەستی بھێنێت و خۆی پشت بەخۆی ببەستێ. ئەرەستوو دەڵێت: "ڕاستە لە سەرەتادا پشت بە کلتوور و شتەکانی خۆی نابەستێ و واز لە ھەمووی دەھێنێت، بەڵام بۆ بەدەستھێنانی ئازادی دەبێت بەتەواوی پشت بە خۆی ببەستێ و خۆی تەواوکەر و ھەوڵی بەدەستھێنانی پێداویستییەکانی بێت، بەمەش گەل مەرجێکی تری گرنگ بۆ بەدەستھێنانی ئازادییەکانی فەراھەم دەکات کە ئەوەش بە تەواوکەرێکی تری دیموکراتی لە قەڵەم دەدرێت. ئەو سێ خاڵەی سەرەوە بەشێکبوون لە تیۆرییەکانی فەیلەسوفی بەناوبانگ ئەرەستوو لەسەر دیموکراتی.

تیۆرییەکانی ئەرەستوو لەسەر دەستوورە سیاسییەکان[دەستکاری]

پەڕەیەک لە کتێبی سیاسەتی ئەرەستوو

ئەرەستوو لە کتێبی سیاسەتدا دەستوورە جیاوازەکانی باس دەکات و دەڵێت باشترین دەستوور ئەنجامی باشترین بۆ چوونە و لێک گەیشتن و بەختەوەریش لە باشترین بۆچوونەوەیە , باشترین بەختەوەریش باشترین مرۆڤی سیاسی بەرھەم دەھێنیت . وە بە سیاسی بوونی سروشتی مرۆڤ نابێت لە یاد بکرێت، چونکە مرۆڤ ھەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە سیاسی بووە مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە کە دەستوری داڕشتووە و حەزی لە بەختەوەری ،ئازادی , لە دۆزینەوەی نھێنی ،لە تێگەیشتن لە زانستەکان کردووە کە بە ھۆی ئەمانەوە ھەوڵی بە دەست ھێنانی فەزیلەتی داوە . بەڵام تا ئێستاش مرۆڤ لە بەشی سیاسییانەی خۆی نەگەیشتووە . بە ڕای ئەرەستوو ڕۆحی مرۆڤ لێپرسراوە لە ژیانی وە ڕۆحیش پێکھاتووە لە بەشی ئەقڵی و نا ئەقڵی بەشی عەقڵی توانا و ھزر وحیکمەت و پراکتیکە. نا ئە قڵانیەکەش سۆزوو ئارەزوو دەگرێتەوە، عەقڵانیەکەش کاریگەری ھەیە لە سەریان . ھەندێک جار بە ئاسانترین لێکۆڵینەوە لە سروشتی مرۆڤ تێ دەگەین کە لە کاتە نادرووستە کاندا سۆز ئیش لە مێشک دەکات (نا عەقڵی) وە لە کاتە درووستەکاندا عەقڵ بڕیار دەدات بەسەر سۆز و ئارەزوودا. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پەروەردە یەکی سیاسیانە ئەقڵێکی بە ئەزموون درووست دەکات (ھیچ شتێک لە عەقڵدا نی یە ئەگەر پێشتر ھەستی پێ نەکرابێت یا ئەزموون نەکرابێت).

کار و بەرھەمەکانی[دەستکاری]

نووسینەکانی ئەرەستوو سەدان بەرھەمن ھەندێ نوسەری دێرین پێیان وایە کە ئەرەستوو چوار سەد کتێبی داناوە ، وە ھەندێکی تر وای بۆ دەچن کە ھەزار کتێبی داناوە بەڵام ئەو بەرھەمانە بەش بەش ماونەتەوە، بەرھەمەکانی ئەرەستوو زیاتر لە چوار بواردا خۆی دەنوێنێ کە ئەمانەن:

  1. بەرھەمە لۆژیکیەکان: ئەویش خۆی لەم جۆرە بابەتانە دەنوێنێ (جۆرەکان، بابەتەکان، سەرەتا، ڕاڤەکردنی یەکەم، ژیربێژی، ھەڵەی سۆفیستەکان و ... ھتد)
  2. بەرھەمە زانستیەکانی (فیزیا، دەربارەی ئاسمان، گەشە و لەناوچوون، دیاردەی کەش و ھەوا، مێژووی سروشتی، دەربارەی ڕۆح ... و ھتد)
  3. بەرھەمە ئستاتیکیەکان (ھونەری وتاردان، ھونەری ھۆنراوە و ... ھتد)
  4. بەرھەمە فەلسەفیەکان (ئاکار ، ڕامیاری، مێتافیزیا)

یەکێک لەفەلسەفە زۆرگرنگەکانی ئەرەستوو ئەوەیە کە دەڵێت:" سروشت جێگیرەو گۆڕانی بەسەردا نایەت".


ئەم لیستەی خوارەوە تەواوی کارەکانی ئەرەستووە کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە دانراوە[٧] ئەم بەرھەمانە ھێشتا لەلایەن زانایانەوە بەکاردەھێنرێن. ھەروەھا ناوە لاتینییەکەشیان نووسراوە.

بیرسایی Organon[دەستکاری]

فیزیا (زانستی سروشت)[دەستکاری]

  • (859a) Problems* (or Problemata)
  • Minor works:

مێتا فیزیا[دەستکاری]

ڕەوشت و ڕامیاری[دەستکاری]

ڕەوانبێژی و ھۆنراوەیی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژوی ھزری سیاسی لە ڕۆژئاوا/ د.کمال پولادێی وەرگێڕانی سیروان جبار زندی و ئازاد وەڵەدبەگی/بەرگی یەکەم چاپی 2005 /چاپخانەی موکریانی.
  • بەسەرھاتی فەلسەفە سوکرات ، ئەفلاتون ، ئەرەستوو/ ویل دۆرانت / وەرگێڕانی عوسمان ئەحمەد /خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا .
  • سایتی شانۆ مەگەزین
  • مەکۆی خۆشەویستی بۆ کورد
  • سایتی شوانی
  • سایتی کورد پلەیس

پەراوێز[دەستکاری]

  1. That these undisputed dates (the first half of the Olympiad year 384/3, and in 322 shortly before the death of Demosthenes) are correct was shown already by August Boeckh (Kleine Schriften VI 195); for further discussion, see Felix Jacoby on FGrHist 244 F 38. Ingemar Düring, Aristotle in the Ancient Biographical Tradition, Göteborg, 1957, p. 253.
  2. Aristotle: The Great Philosophers/page 5
  3. Bertrand Russell, "A History of Western Philosophy", Simon & Schuster, 1972
  4. http://en.wikipedia.org/wiki/Aristotle#Life
  5. http://en.wikipedia.org/wiki/Aristotle#Life
  6. Aufstieg und Niedergang der römischen Welt by Hildegard Temporini, Wolfgang Haase Aristotle's Will
  7. The Complete Works of Aristotle, edited by Jonathan Barnes, 2 vols., Princeton University Press, 1984.