ئیبن ئەلھەیسەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیبن ئەلھەیسەم

لەدایکبوون٩٦٥ز
مەرگ١٠٣٨ - ١٠٤٠
نەتەوەعەرەب یان فارس
ناوەکانی ترلە ئەورووپا Alhazen
پیشەفەیلەسووف
زانای فیزیک
زانای بیرکاری
پزیشک
زانستی دەروون
ئایینئیسلام

ئەبو عەلی حەسەن کوڕی حەسەنی کوڕی ھەیسەم (بە عەرەبی: ابن الهيثم، بە لاتینی: Alhacen، Alhazen)، ناسراو بە ئیبن ئەلھەیسەم، فەیلەسووف و زانای فیزیا و بیرکاری و پزیشکی و زانستی دەروونییە. لە ساڵی ٩٦٥ لە بەسرە لەدایک بووە و لەنێوان ساڵانی ١٠٣٨ ھەتا ١٠٤٠ لە شاری قاھیرە مردووە. چەندین بەرھەمی بە زمانی فارسی و عەرەبی نووسیوە.[١][٢] ھاوکات "ئیبن ئەلھەیسەم" بە باوکی وێنەدانەوە یاخود بینایی (Father of object) دادەنرێت. کەھەرخۆشی یەکەم کەسبووە کە کامێڕای دروستکردوە کە بە (dark room) دەناسرێت.

ژیانی[دەستکاری]

لە شاری بەسڕە لەدایکبووە و زانستەکانی سەردەمی خۆی خوێندووە و لە فەلسەفە و زانستەکانی سروشت و بیرکاری و پزیشکی، پاشان چووە بۆ میسر لە سەردەمی خەلیفەی فاتیمی (الحاکم بأمر اللە) دا، ئیبن ھەیسەم پرۆگرامی چاودێری کردن و خوێندنەوەی بەکاردەھێنا، ئەم زانایە لەسەر ڕووناکی لێکۆڵینەوەی کردووە، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن ڕووناکیزانی ھەندەسی (البصریات الھندسیة)، کە لە بەناوبانگترین کتێبەکانیدا کە بریتییە لە (کتاب المناضر) باسی لێوە کردووە، خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ دانراوە کە ٤٧ دانەیان لە بیرکاری و سروشتزانیدا بووە، و ئەوانی تری لە بوارە جۆراوجۆرە زانستییەکاندا تری داناوە.

زانستی ڕووناکی و ھاوێنەسازی[دەستکاری]

بیردۆزی ئیبن هەیسەم

گرنگترین بۆچوونەکانی ئەم زانایە لە بواری ھاوێنەسازی و ڕووناکیزانیدایە (علم البصریات)، کە لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر دیاردەی شکانەوەی ڕووناکی و گەڕانەوەی ڕووناکی لە ئاوێنەکانەوە، جا چ تەخت بن یان ئاوێنەی گۆیی (چاڵ و قۆقز) یان لوولەیی بن و چۆنێتی درووست بوونی وێنە تیایاندا، بۆچوونەکانی تا ئەمڕۆش لە ھەموو زانستەکاندا باکاردێن با تایبەتی لە بواری فەلەکدا، تەلیسکۆب و تەلیسکۆبی ئاسمانی ھابڵ (Hubble space telescope) و تەلیسکۆبی ئاسمانی ئەوروپی بۆچوونەکانی ئەویان بۆ بەکارھێنراوە لە بواری ھاوێنەسازیدا.

بۆچوونەکانی ئەم شۆڕشێکیان بەرپاکرد لە بواری بینین و ڕووناکیدا، کاتێک خەڵکی تا سەردەمی ئەو (بەتایبەتی زانایانی یۆنانی کۆن) وایاندەزانی کە بینین ڕوودەدات بەھۆی دەرچوونی ڕووناکی لە چاوەوە بۆ شتەکان و پاش گەڕانەوەی بۆ چاو جارێکی تر مرۆڤ دەتوانێت بیانبینێت، بەڵام ئەم بە پێچەوانەوە سەلماندی کە بینین بەھۆی دەرچوونی فاکتەرەکان لە چاوەوە نابێت بەڵکو بەھۆی ئەو ڕووناکییەوە دەبێت کە لە تەنەکان خۆیانەوە دەردەچێت و دەچێتە ناو چاوەوە، و ئەم بیردۆزە بە چەندین تاقیکردنەوەی کرداری لە کتێبی (المناضر) دا سەلماندووە (ساڵی ٤١١ک یان ١٠٢١ز ئەم کتێبەی تەواو کردووە) ئەم بۆچوونانەی ئیبن ھەیسەم بنەمابوون بۆ لێکۆڵینەوەکانی دواتر لە بواری بینیندا بە تایبەتی لێکۆڵینەوەکانی: ئەلبێرتی گەورە (١٢٨٠ز مردووە) و ڕۆجەر بیکۆن و زانایانی دوای ئەمان.

کتێبی ڕووناکییەکان[دەستکاری]

یەکێک لە ھەرە کتێبە بەنرخەکانی ئیبن ھەیسەم لەو حەوت بەرگە کتێبانەی کە دەربارەی زانستی ڕووناکی نووسیونی بریتییە لە (کتێبی ڕووناکییەکان-Book of Optics) کە لە نێوان ساڵانی (١٠١١-١٠٢١) نووسراوە.[٣]

بواری توێکاری[دەستکاری]

ھەروەھا وەسفی پێکھاتەی چاوی کردووە لە ڕووی: توێکاری وەسفی (بە وردی بەشەکانی چاو لە: دەماری چاو و بەشەکانی ناوەوە و ھاوێنە و ڕەشێنەی شیکردووەتەوە لەگەڵ کێشانی وێنەی ورد لەم بوارەدا) و توێکاری وەزیفی (کارەکانی بەشەکانی چاو)، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە ئەو وێنانەی چاو دروستی دەکەن لەسەر تۆڕی چاو (الشبکیة) چاپ دەبێت. لە زانا ناودارەکانی تر لە بواری توێکاری و کاری چاوەکان (الرازی) بووە کە گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی: کاری ڕەشێنەی چاو میکانیزمێکی تایبەتی ھەیە بۆ ڕێکخستنی چوونە ناوەوەی ڕووناکی بۆ چاوەکان و پاشان بینینی شتەکان.

خێرایی ڕووناکی[دەستکاری]

ھەروەھا ئیبن ھەیسەم زانیویەتی کە ڕووناکی خێرایی ھەیە و ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ ئەوەشدا ڕووناکی زۆر بە خێرایی دەڕوات بەڵام پێویستی بە ماوەیەک ھەیە بۆ ئەوەی لە شوێنێکەوە بچێت بۆ شوێنێکی تر، لە مێژووی ھاوێنەسازی و ڕووناکیدا بابەتێک ھەیە بە ناوی ئەمەوە ناونراوە لە بواری تیشدانەوەدا، ئەم زانایە لە ڕۆژاوا زیاتر بەناوبانگ بووە وەک لە ڕۆژھەڵات، و لە نزیکەی حەوت سەدە پێش ئێستاوە ناسراوە.

وێنەی دوو کەڵەکە زانای جیهان کە وێنەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوانیش: ئیبن هەیسەم و گالیلێو گالیلەین

ڕەخنەکانی[دەستکاری]

ھەروەھا ڕەخنەی زۆری لە بۆچوونە ھەڵەکانی (بەتلیمۆسیۆنانی گرتووە لە بواری فەلەکدا، و زۆر شتی نادیاری ڕوون کردووەتەوە و بۆی ڕاستکردۆتەوە بە تایبەتی لە کتێبێکیدا بەناوی (الشکوک علی بطلیموس)، (جۆرج سارتۆن) لە کتێبەکەیدا کە بەناوی (زانستی کۆن و مەدەنیەتی نوێ)یە دەربارەی (ئیبن ھەیسەم) دەڵێت: بریتییە لە گەورەترین زانای سروشتزانی موسوڵمان، و یەکێکە لە گەورەترین ئەو زانایانەی کە بە ڕووناکیزانییەوە خەریک بووە لە ھەموو سەردەمەکاندا، بنەمای ڕەوشتی لای (ئیبن ھەیسەم) بریتیی بووە لە پێشخستنی ھەق و ڕاستی نەک دواکەوتنی ھەوا و ئارەزووەکان، کە ئەمە بریتییە لە ڕەوشتی زانای پایەدار و ڕێزدار، ئەمڕۆ ئەم زانایە بە نموونە دادەنرێت لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئیبن ھەیسەم خاوەنی چەندەھا کتێب و بەرھەمی جۆراوجۆرە لەوانە:

  • پەرتووکی مەناضر
  • جووڵەی مانگ
  • گەردوونی نموونەیی
  • چەند پەرتووکێ دەربارەی ئەندزیاری
  • جوانی ھەسارەکان
  • مقالة في کیفیة الأرصاد
  • مقالة في ضوء القمر
  • مقالة في قوس قزح و الھالة
  • مقالة في رویة الکواکب
  • مقالة في السمت
  • مقالة في الصورة الکسوف

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ (Child, Shuter & Taylor ١٩٩٢, p. ٧٠)
    (Dessel, Nehrich & Voran ١٩٧٣, p. ١٦٤)
    (Samuelson & Crookes, p. ٤٩٧)
    Understanding History by John Child, Paul Shuter, David Taylor - Page 70.
  2. ^ Science and Human Destiny by Norman F. Dessel, Richard B. Nehrich, Glenn I. Voran - Page 164.
    The Journal of Science, and Annals of Astronomy, Biology, Geology by James Samuelson, William Crookes - Page 497.
  3. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/Ibn_Haitham

سەرچاوەکان[دەستکاری]