غەزالی
باوکی حامد محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی ئەحمەدی تووسی شافعی غەززالی (بە عەرەبی: أبو حامد محمد ابن محمد ابن محمد ابن أحمد الطوسي الشافعي الغزَّالي)[١] یەکێکە لە دیارترین بیرمەند و خواناس و زانایانی ئیسلام، فەلسەفە و، سۆفیگەریی سەدەی پێنجەمی کۆچی: سەدەکانی ناوەڕاست.[٢] لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لە شاری (تووس) لەدایک بووە. نازناوی "حجة الإسلام/بەڵگەی ئیسلام"ی پێ دراوە لەلایەن چەند زانایەک، ھەروەھا جەلالەدینی سیوتی بە یەکێک لە نوێکەرەوەکانی ئایینی ھەژمار کردووە،[٣] خاوەنی چەندەھا نووسین و پەرتووکە، لە بەناوبانگترین پەرتووکەکانی ژیاندنەوەی زانستەکانی ئایین (احیاء علوم الدین)ـە.
ژیان
[دەستکاری]مێژووناسانی دوایی موسڵمانان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەڵێن محەممەدی غەزالی لە ساڵی ١٠٥٨ یان ١٠٥٩ز بەرامبەر ٤٥٠ یان ٤٥١ی کۆچی لەدایک بووە لە تەبەڕان - تووس (کە شارێکە ١٥ میل لە باکوری شاری مەشھەدی ئێستا لە ئێران).[٤] سەرەتا لە شارەکەی خۆی ھەر لە تەمەنی بچووکییەوە بنەما و یاساکانی ئیسلامی وەرگرت، پاشان چوو بۆ گورگان (یان جورجان) ئینجا چوو بۆ نەیشابوور لەگەڵ چەند قوتابییەک، لای جوەینی مایەوە و بە ماوەیەکی کەم شارەزا بوو لە فیقھ و کەلام و گفتوگۆ،[٥][١] پاش مردنی مامۆستاکەی (جوەینی)، لە ساڵی ١٠٨٥ز چوو بەرەو ئیسفەھان بۆ دادگای نیزامولمولک (وەزیری بەناوبانگی سوڵتانی ئیمپراتۆریەتیی سەلجووقی) کە ناسراو بوو بە کارەکانی لە دامەزراندنی ناوەندی فێربوون و زانست، ئەمیش بە بوونی ئەو دڵخۆش بوو، لای ئەو چاوپێکەوتنی لەگەڵ گەورە زانایان کرد، ئەویش پێی سەرسام بوو، غەزالیی کرد بە مامۆستایەکی سەرەکی لە قوتابخانەی نیزامییە لە بەغدا ساڵی ١٠٩١.[١][٢][٤][٦]
لە ساڵی ١٠٩٥ غەزالی بەرەنگاری تەنگەژەیەکی دەروونی بوویەوە و دەستی بە گومانکردن کرد لە نیەتەکانی لە وانە وتنەوە، ھەروەھا لە ژیاننامەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی «بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە پاکی بۆ خودا نەبوو، بەڵکو ھاندرا و پاڵنەرەکەی ناوبانگ و پلەی فراوان بوو.» جا وەک دڵنیایییەک بۆ ئەمە، وازی لە پۆستەکەی ھێنا لە نیزامییە و چوو بۆ دیمەشق و قودس و سەردانی بەیتولمەقدیسیشی کرد، ھەروەھا حیجاز، لە کاتی گەشتەکانی دا خۆی خەریک کرد بە (تەزکیە) و پاککردنەوەی ڕۆحی و نووسینی پەرتووکی (ئیحیا) و (القسطاس) و (الأربعین) و (محك النظر). لە کۆتاییدا ھاتەوە بۆ بەغدا ساڵی ١١٠٦ز و دەستی کردەوە بە وانەوتنەوە، گەشتەکانی و گەڕانەکانی بەدوای ڕێگاکانی پاککردنەوەی دەروون کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر ڕۆڵە گشتییەکەی، ھەندێکجاریش دەگەیشتە گفتووگۆ و مشت و مڕ لە کاتی نیشتەجێبوونی لە بەغدا. پاش ئەنجامدانی فەریزەی حەج غەززالی لەڕێگەی دیمەشق و بەغداوە گەڕایەوە بۆ شوێنی لەدایک بوونی بۆ شاری تووس و لەوێ قوتابخانەیەکی بچووکی (خانەقا )یەکی دامەزراند، پاشان چوو بۆ قوتابخانەی نیزامییەی نەیشابوور، و لە ساڵی ٥٠٥کـ/١١١١ز کۆچی دواییی کرد.[٢][٤][٦]
بەرھەمەکانی غەزالی
[دەستکاری]غەززالی بەرھەم و دانراوی زۆری ھەیە، لەوانە:[٧]
- (الاقتصاد في الاعتقاد)
- (احیاء علوم الدین) کە لەلایەن عەبدولکەریم فەتاح کراوە بە کوردی، ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن نوسینگەی تەفسیر چاپکراوە
- (میزان العمل)
- (تھافت الفلاسفة)
- (کیمیاء السعادة)
- (أیھا الولد)
- (الأربعین في أصول الدین)
- (بدایة الھدایة)
- (منھاج العابدین إلى جنة رب العالمین)
- (المستصفى في أصول الفقە)
- (الوسيط في المذهب)
- (البسيط في المذهب )
- (الوجيز في المذهب )
- (القسطاس المستقیم)
- (لباب النظر)
- (شفاء الغلیل في القیاس والتعلیل)
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب سیر أعلام النبلاء - بەرگی ١٩ - لاپەڕە ٣٢٢.
- ^ ئ ا ب MuslimPhilosophy.com - al-ghazali.
- ^ شبکة الألوکة.
- ^ ئ ا ب Stanford Encyclopedia Of Philosophy - Al - Ghazali.
- ^ پەرتووک: تھافت الفلاسفة - غەززالی.
- ^ ئ ا «Lostislamicstory.com - Al-Ghazali». لە ڕەسەنەکە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ھێنراوە.
- ^ موضوع - أبو حامد الغزالی.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە غەزالی تێدایە. |