فارابی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فارابی

لەدایکبوون٨٧٠ز
فاراب
مەرگ٩٥٠ز
نەتەوەفارس
پیشەزانا ، فەلەک ناس ، مۆسیقا ، فیزیک ، فەلسەفە ، کۆمەڵناس
ئایینئیسلام

ناوی ئەبو ناسر موحەمەد کوڕی فەرخ فارابی ە لە گوندێکی بچووک بە ناوی " واسیج " لە نزیک فاراب لە ساڵی ٢٥٩ە "٨٧٠ز" لە دایک بووە . باوک و دایکی بە ڕەگەز فارسن بەڵام بنەماڵەکەیان پێش ئەوان، زۆر زوو کۆچیان کرد بۆ تورکستان. لە ئورووپادا بە"Alfarabius" ناسراوە.

ژیان[دەستکاری]

فارابی کوڕی پیاوێکی سەرباز بوو. لە سەرەتادا لە فاراب و بوخارا دەستی کردووە بە خوێندن و بەڵام دواتر بۆ خوێندنی زیاتر و بەدەستھێنانی پلەی بەرزتر ڕووی کردۆتە بەغداد و بۆ ماوەیەکی زۆر لەساڵی" ٩٠١- ٩٤٢ز" لەوێ ماوەتەوە و خەریکی خوێندن بووە . لەو ماوەیەدا پسپۆڕی لە چەند زمانێکی جیاواز و چەند بابەتێکی زانستی جیاوازدا بەدەست ھێناوە. لە ماوەی مانەوەیدا لە "بەغداد"دا دەسەڵاتی شەش خەلیفەی عەباسی تێپەراندووە. وەک فەیلەسوف و زانایەک دەبێتە شارەزایەکی زۆر باش لەبەشە جیاوازەکانی فێرکردن و زمانە جیاوازەکاندا.

فارابی بەمەبەستی خوێندن و زانست سەفەری بۆ زۆر شوێن کردووە . بۆ ماوەیەک لە میسر و دیمەشقدا خەریکی خوێندن بووەو سەردانی دادگای "سیف الدولە"ی لە حەلەب کردووە لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام و ناوبەناو سەردانی بەغدادی کردۆتەوە. بە سەردانەکانی بۆ دادگای حەلەب دەبێتە یەکێک لە ھاریکارەکانی مەلیک. ئیتر لێرەوە و لە حەڵەبەوە ناوبانگی بە دونیادا بڵاو دەبێتەوە. لە سەرەتاکانی تەمەنیدا وەک قازی کاریکردووە و بەڵام دواتر لە بواری پسپۆڕی خۆیدا دەستیکردووە بە وانە وتنەوە، لە ماوەی کۆرس و دەرسەکانیدا توشی زۆر ناڕەحەتی و دەردەسەری دەبێت و بۆ ماوەیەکیش سەرپەرشتی باخچەیەک دەکات بۆ خۆی. بەڵام پێش ئەوەی ژن بھێنێت لە ساڵی ٣٣٩ە "٩٥٠ز"لە تەمەنی "٨٠" ساڵیدا و لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.

زانستەکان[دەستکاری]

فارابی لە بوارەکانی زانست و فەلسەفە و لۆژیک و کۆمەڵناسی و پزیشکی و بیرکاری و مۆسیقادا بەشداریەکی بەرچاوی ھەبووە، بەڵام دەور و پسپۆڕی سەرەکی خۆی لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی و لۆژیک دا بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە وەک ئینسیکلۆپیدیایەک سەیرکراوە. فارابی لە یەکەمین بیریارە ئیسلامیەکانە کە ھەوڵی گواستنەوەی فیکر و بۆچوونەکانی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆی داوە بۆ ناو جیھانی ئیسلامی، لێرەوە کاریگەری لەسەر زۆر فەیلەسوفی گەورەتری ئیسلامی دانا وەک ئیبن سینا و ئیبن روشد.وەک فەیلەسوف زۆر کات وەک ئەفڵاتۆنیەکی نوێ دادەنرێت کە ھەوڵی داوە بۆچوونەکانی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ لەگەڵ ئاییندا بسازێنێت و لێدوانی زۆر دەوڵەمەندی لەسەر فیزیک و کەشناسی و لۆژیکی ئەرستۆ نووسیوە، زیاد لەوانەش ژمارەیەکی زۆر کتێبیشی لەسەر چەند بابەتێکی جیاوازی فەلسەفی نووسیوە کە پیشاندەری دەوری فارابین لە فەلسەفەدا و ھەر بەمانەشە لە فەلسەفەدا بە مامۆستای دووەم ناسراوە، "لە فەلسەفەدا ئەرستۆ بە مامۆستای یەکەم ناسراوە". یەکێک لە بەشداریە گرنگەکانی فارابی ئەوە بوو کە لێکۆڵینەوەی لە لۆژیک دا ئاسان کرد بە دابەشکردنی لۆژیک بۆ دوو جۆر ئەوانیش، بۆچوون "تخیول" و سەلماندن "پبوت". فارابی لە ھەموو فەیلەسوفە ئیسلامیەکانی تر زیاتر ھۆش و ئاگای خۆی تایبەت کردووە بە تیۆ ریای سیاسەتەوە، لە کتێبی "شارە کامڵەکە"دا ھەوڵی گونجاندنی سیستەمی ئەفڵاتۆنی "وەک ئەوەی کە لە کۆمار و یاساکەی ئەفڵاتۆندا ھاتووە" داوە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی مسوڵماناندا.

دیکەی زانستەکان[دەستکاری]

لە کۆمەڵناسیشدا چەند کتێبێکی گرنگی نووسیوە لەوانە "ارا‌و اھل المدینە الفاچیلە" کە لە رێیەوە ناوبانگێکی گەورەی پەیداکرد. کتێبەکانی دیکەشی لەسەر دەروونناسی و میتافیزیک بە شێوەیەکی گشتی بە پشت بەستن بە بۆچوون و کارەکانی خۆی نووسیونی . ھەروەھا کتێبێکیشی نووسیوە لەسەر مۆسیقا بەناوی " کتاب الموسیقا" . فارابی پسپۆرێکی گەورە بوو لە ھونەر و زانستی مۆسیقادا. چەند ئامیرێکی مۆسیقیشی داھێنا و لەگەڵ ئەوەشدا لە زانستی نۆتەی مۆسیقادا بەشداریەکی باشی ھەبوو. لەچەندین سەرچاوەدا ئاماژە بەوەکراوە کە توانیویەتی ھەموو ئامێرە موسیقیەکانی بژەنێت و بە ویستی خۆی خەڵک بخاتە گریان یان پێکەنین. لە بواری فیزیکیشدا توانیویەتی بوونی بۆشایی بدۆزێتەوە.

کتێبەکان[دەستکاری]

ھەرچەندە ھەندێک لە کتێبەکانی لە ناو چوون و نەماون بەڵام ئەوەندەی کە ماون "١١٧" کتێبن. "٤٣" دانەیان لەبواری لۆژیک ، "١١" دانەیانلە بواری میتافیزیک ، "٧" دانەیان لەبارەی ئەخلاقەوە نووسراون ، "٧" دانەیان لە بارەی زانستی سیاسەتەوە ، "١٧" دانەی دیکەیان لەبارەی مۆسیقا و پزیشکی و کۆمەڵناسیەوەیە و"١١" دانە دیکەش لێدوانەکانی فارابین لەسەر کتێبی دیکە. یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی بەناوی" فێول الحکمە"یە کە بۆ ماوەی چەند سەدەیەک لە ناوەندە جیاوازەکانی فێرکردندا بوو بوو بە کتێبێکی گرنگی فەلسەفی و تائێستاش لە ھەندێک لە ناوەندەکانی رۆژئاواشدا دەخوێنرێت. لە کتێبی "کتاب الاحێا‌و العلوم" دا بە شێوەیەکی زۆر تایبەت و بەسوود بنچینە و دابەشکاریەکانی یاساکانی زانستی موناقەشە کردووە. یەکەمین مسوڵمانە کە ھەوڵیداوە زانینی مرۆڤ رێکبخات بە پێی سیستەم.. کتێبی" اراْ اھل المدینە الفاچیلە " بەشداریەکی گرنگی فارابیە لە زانستی کۆمەڵناسی و زانستی سیاسیدا .

کاریگەری[دەستکاری]

فارابی بۆ ماوەی چەند سەدەیەک کاریگەریەکی باشی ھەبووە لە سەر زانست و زانین . بەداخەوە کە کتێبی "ئایینناسی ئەرستوو" کە لەو کاتەدا بەردەستی کەوتووە، بە کتێبێکی ناوازەو دەگمەنی ئەرستۆی زانیوە ، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو کتێبە لە نوسینی ھەندێک لە ئەفڵاتۆنیە نوێیەکان بووە نەک ئەرستۆ. لە گەڵ ئەوەشدا فارابی لە فەلەسەفەدا بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بە مامۆستای دووەم ناسرابوو. لە ڕێگەی کارەکانیشیەوە کاری لەسەر سازاندنی فەلسەفە و سۆفیزم کردووە بەیەکەوە.