موسلیم کوڕی حەجاج
ئیمامی موسلیم | |
---|---|
ناو: | ئیمامی موسلیم |
ناوی تەواو: | موسلیم کوڕی حەجاج |
ڕێکەوتی لەدایکبوون: | ٨٢١ز |
شوێنی لەدایکبوون: | نیساپور |
ڕێکەوتی مردن: | ٨٧٥ز |
شوێنی مردن: | نیشابوور، ![]() |
بیروباوەڕ: | سوننە |
بواری کردوکۆش: | زانستی فەرموودە |
ئەبووحوسەین موسلیم کوڕی حەجاج کوڕی موسلیم، لە نێوان ساڵانی ٨٢١ تا ٨٧٥ ژیاوە، لە ناودارترین زانایانی فەرموودەیە، و دانەری کتێبی سەحیحی موسلیمە، کە بە دووەم کتێبی ڕاستی فەرموودە دادەنرێت لە دوای سەحیحی بوخاری.
کورتەی ژیانی[دەستکاری]
لە نیشابوور لەدایکبووە. ئەو شارە دێرینەی ناسراوە بە زانستی فەرموودە و گێڕانەوە، لە خێزانێکی عەرەبی نەژاد لە ساڵی ٢٠٦ک بەرامبەر ٨٢١ز، لە خێزانێکی بەڕێزدا پەروەردە بوو لەسەر زانست و چاکە، باوکی لەوانە بوو کە لە پێشەوەی زنجیرەکانی زانستدا بوو لەبەرئەوە بایەخی دا بە پەروەردە و فێرکردنی کوڕەکەی، ئەمەش بوو بەهۆی پەروەردەبوونی بە زانست و خۆشەویستی بۆ فەرمودە، یەکەم گوێگرتنی لە فەرمودە لە ساڵی ٢١٨ک دا بوو، پاشان سەردانی چەندین وڵاتی ئیسلامی کرد، گەشتی کرد بۆ عێراق و شام و حیجاز و میسر.
ئیمام موسلیم لە بازرگانییدا ئیشی کردووە، خاوەنی موڵک بووە کە ئەمەش کاتی داوەتێ بۆ زانست و بۆ هەستان بە گەشتی فراوان بۆ لای ئەو زانایانەی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلامییدا بڵاوبوو بوونەوە.
کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ٢٦١ک لە نەسڕئاباد نزیک نیساپور.
مامۆستا و خوێندکارەکانی[دەستکاری]
موسلیم گوێی گرتووە لە چەندین زانای ئایینی لە سەردەمی خۆیدا لەوانە؛ یەحیا کوری یەحیا نیساپوری، و قتیبە کوڕی سەعید، و محەمەد کوڕی عەبدول وەهاب فەڕا، و ئیسحاق کوڕی ڕاهویە، و ئیبراهیم کوری موسا فەڕا، و عەلی کوڕی جعد، و ئەحمەد کوڕی حەنبەل، و عوبەیدوڵڵا قەواریری، و خەلف کوڕی هیشام ... و ئەوانی تر.
لەوانەی فەرموودەیان لە موسلیمەوە گێڕاوەتەوە، تورمزی و ئەبوفەزڵ ئەحمەد کوڕی سەلەمە، و ئیبراهیم کوڕی ئەبی تالیب، و ئیبن خەزیمە و مامۆستاکەی محەمەد کوڕی عەبدول وەهاب فەڕا، و ئەبومحەمەد کوڕی ئەبی حاتم ڕازی، و ئیبراهیم کوڕی محەمەد کوڕی سوفیان، و ئەبوحامید ئەعمەشی و ئەوانی تر.
وتەی زانایان دەربارەی[دەستکاری]
زۆربەی زانایانی ئیسلام و فەرموودە ستایشی ڕۆڵ و جێگەی موسلیمییان کردووە، لەوانە؛
- ئەبووبەکر جاوەردی ئەڵێ؛ موسلیم فەرموودەی بۆ گێڕاینەوە، خۆی سەرچاوەی فەرموودە بوو.
- ئیبنو ئەبی حاتەم ئەڵێت؛ فەرموودەم لە موسلیمەوە گێڕاوەتەوە، ئەو جێی متمانە بوو، حافزی فەرموودە بوو، شارەزاییەکی چاکی لە فەرموودەوانیدا هەبوو، کە دەربارەی ئەو لە باوکمیان پرسی ووتی؛ ڕاستگۆیە.
- مەسلەمەی کوڕی قاسم ئەڵێت؛ موسلیم جێی متمانەیە، بەڕێزە، یەکێکە لە پێشەوایان.
دانراوە چاپکراوەکانی[دەستکاری]
موسلیم چەندین دانراوی هەیە کە زۆریان لێ چاپکراوە وهەندێکیان تا ئێستا هەر بە دەستنووسی ماونەتەوە، و هەروەها هەندێک لە دانراوەکانی فەوتاوە و نەگەیشتۆتە ئێستا.
زۆربەی دانراوەکانی لەسەر فەرموودەیە و ناودارترینیان سەحیحی موسلیمە. کە لە دوای سەحیحی بوخاری بە ڕاسترین کتێب دادەنرێت لە فەرموودەدا.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- شەش پێشەواکەی فەرموودە، نوسینی/نەجمەددین فەرەج ئەحمەد.
- ویکی عەرەبی