سەردەمی زێڕینی ئیسلام

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
درهەمێکی زیوی ئیسلامی لە ساڵی ٧٢٩ز
دراوی دەوڵەتی عەبباسی، بەغدا، عێراق، ٧٦٥ - پارێزراوە لە مۆزەخانەی بەریتانیا.

سەردەمی زێڕینی ئیسلام (بە عەرەبی: العصر الذهبي للإسلام ، بە ئینگلیزی: Islamic Golden Age) بە ساڵانی نێوان (٧٥٠-١٢٥٨) زایینی دەوترێت. لەم سەردەمەدا شارستانی ئیسلامی پێشڕەو بووە لە زانستەکانی : پزیشکی و ڤێرتێرنەری و دەرمانسازی و توێکاری و سرووشتزانی و ئەندازیاری و بیرکاری و گەردوونزانی و کشتوکاڵ و زەویناسی و ئابووری و ڕامیاری...و هتد. لە سەرەمە ئیسلامیەکاندا زانستی میکانیک پێی دەووترا (علم الحیل) ، زانستی جوگرافیاش پێی دەوترا ڕۆژمێری وڵاتان (تقویم البلدان) ، و زانستی کۆمەڵناسی پێی دەوترا ئاوەندانییەکان (العمرانیات) ، زانستی (زەویناسی) یان (جیۆلۆجی) پێی دەوترا (زانستی بەرد و چینەکانی زەوی) ، و زانستی فیزیاش پێی دەوترا (علم الطبیعة) سرووشتزانی ، موسوڵمانان پێشەنگ بوون لەم زانستانەدا.[١]

زانا (هۆوارد تورنەر) لە کتێبێکیدا لەسەر زانا موسوڵمانەکان نووسیویەتی : "زانا و هونەرمەند و میر و کرێکارە موسوڵمانەکان هەموو بەیەکەوە کلتوورێکی بێ هاوتایان درووستکرد و بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەیان لەسەر هەموو کیشوەرەکانی جیهان درووستکرد." [٢]

فراوانبوونی جیهانی ئیسلامی (٦٢٢-٧٥٠ز) (قاوەیی ٦٢٢-٦٣٢ز ، پرتەقاڵی تۆخ ٦٣٢-٦٦١ز ، پرتەقاڵی کاڵ ٦٦١-٧٥٠ز)

بیرکاری[دەستکاری]

بیرکاری بناغە و بنەڕەتی زۆرێک لە زانستەکانە و ، لەم بوارەدا چەندین کەسی بەناوبانگیان تێدا پەیدابوو وەک : (خەواریزمی و سابتی کوڕی قوڕە و بەتتانی و خازینی بەسری و عومەری کوڕی ئیبراهیم خەیام) و هەروەها لە ئەندەلوسیش (موسەلەمە مەجریتی یان مەدریدی) پەیدا بوو لە قوتابیەکانیشی (ئیبن سەمح و عامر سەففار قورتبی و کەرامانی و ئومەییەی کوڕی ئەبی سەڵت) و غەیری ئەمانیش هەبوون هەروەها (ئیبن تاهیر بەغدادی) خاوەنی کتێبی (التکملة فی الحساب) و (یەحیای کوڕی یەعیش ئومەوی) کە خەڵکی ئەندەلوسە و لە دیمەشق ژیاوە و لە سەدەی چواردەیەمی زایینیدا و خاوەنی کتێبی (مراسم الإنتساب فی علوم الحساب)ە و (ئەلکاشی) خاوەنی کتێبی (مفتاح الحساب).

موسوڵمانان ژمارە هیندییەکانیان وەرگرت و ڕێکیان خستن و ژمارە (سفر)یشیان داهێنا و ، لەمانەوە بۆ هەموو جیهان گوێزرایەوە و تا ئەمڕۆش ماوە ،[٣][٤][٥][٦] ئاسانکردنی ئەم سیستمی ژمارنە بۆ کردارە بیرکارییەکان لە بەراورد کردنی ئەمدا لەگەڵ سیستمی ژماردنی ڕۆمانیدا زۆری جیاوازی هەیە کردارە بیرکارییەکان دەتوانرێن زۆر بە ئاسانی شیکار بکرێن ، چونکە لەم سیستمە نوێیەی ژمارەکاندا کە ئەوروپا لە موسوڵمانانەوە فێری بوون دەتوانرێت نرخی هەر ژمارەیەک تێیدا بگۆڕدرێت ئەگەر بێت و خانەکەی بگۆڕدرێت (لە خانەی یەکانەوە بۆ خانەی دەیان یان سەدان یان هەزاران یان ملیۆنان) ، بەڵام دەبینین کە نرخی ژمارە لە سیستمی ڕۆمانیدا ناگۆڕدرێت بە گۆڕانی خانەکەی ، بۆ نموونە ژمارە (٥) کە بە پیتی (V) تەعبیری لێدەکرێت هەرگیز ناتوانیت تەعبیر لە (٥٠ یان ٥٠٠ یان ٥٠٠٠) بکات و نرخەکەی جێگیرە ، هەربۆیە ئەگەر بمانەوێت بنووسین (٢٨) بە ژمارە لاتینییەکان بەم شێوەیەیە : (XXVIII) ، کە ئەوروپا تەنها ئەمەی دەناسی لە سەدەکانی ناوەڕاست ، جا لەبەر ئەوە هاوکێشە بیرکارییەکان تەواو ئاڵۆز بوون لە (کۆکردنەوە و لێدەرکردن و لێکدان و دابەشکردن) جگە لە ژمارە گەورەکانی وەکو (هەزاران و ملیۆنان) کە تەواو ئاڵۆز دەبوون.

European (descended from the West Arabic) 0 1 2 3 4 5 6 7 8 9
Arabic-Indic ٠ ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩
Eastern Arabic-Indic (Persian and Urdu) ۰ ۱ ۲ ۳ ۴ ۵ ۶ ۷ ۸ ۹
Devanagari (Hindi)
Tamil

لەم وێنەیەی سەرەوەدا مەبەست لە وشەی (European) لە وشەی (West Arabic numerals)ە و بە مانای (سیستەمی ژمارەیی عەرەبی ڕۆژئاوا) دێت ، کە لە ئەندەلوس و مەغریب گرنگی پێدراوە و موسوڵمانەکان لەوێ بەکاریان هێناوە.[٧] واتە ئەو ژمارە ئینگلیزییانەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بەکاردێن یەکێکە لە داهێنانەکانی زانا موسوڵمانەکانی لە ئەوروپا و ئەندەلوس. ٠

وێنەی پەڕەیەک لە کتێبی (الجبر المقابلة) لە نووسینی خەواریزمی

پێشدەستی موسوڵمانەکان لە بیرکاریدا تەنها لە بواری ژمارەکاندا نەبوو ، بەڵکو وەسفی زانستی (جەبر)یان کرد و تێیدا داهێنەر بوون و کردیانە زانستێکی سەربەخۆ ، تا ئەمڕۆش ئەم زانستە پارێزگاری لە ناوە عەرەبییەکەی کردووە لە هەموو زمانە ئەوروپییەکاندا وەک (Algebre , Algebra) پاش ئەوەی ڕۆژئاوا لە موسوڵمانانەوە وەریانگرت ، گرنگیدانی موسوڵمانان بە زانستی جەبر گەیشتە ڕادەیەک کە خەلیفەی عەباسی (مەئمون) داوای لە (خەواریزمی) کرد کە کتێبێک دانێت لەم زانستەدا ، ئەویش کتێبی (الجبر و المقابلة)ی دانا (لە نێوان ساڵەکانی: ٨١٣-٨٣٠ز دا نووسراوە) کە یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکان لە مێژووی بیرکاریدا.

ئەم کتێبە لەلایەن ڕۆبێرتی شێستەر (Robert Of Chester) وەرگێڕدرایە سەر زمانی لاتینی لە ساڵی (١١٤٥ز)دا ، بەم شێوەیە موسوڵمانان زانستێکی نوێیان پێشکەشی ئەوروپا کرد ، کە تا سەدەی شانزەیەمی زایینی ئەم کتێبە دەخوێنرا لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئەوروپادا.[٨]


لە زانا ناسراوەکانی تر (عومەری کوڕی ئیبراهیم خەیام) بووە (١٠٤٥-١١٣٢ز) و یەکێک بووە لە ناسراوترین زانایانی ئەم بوارە و لەناو هاوشانانی خۆیدا بە زانای بیرکاری و فەیلەسوف و گەردوونزان و ناسراوە و نازناوی دانا (الحکیم)ی پێدراوە ، لە نەوەی فارسەکانی (نەیسابوور)ە ، کتێبێکی هەندەسی هەیە بە ناوی (رسالة فی شرح ما أشکل من مصادرات کتاب إقلیدس) کە تا ئێستا ماوە و هەموو ئەو مەسەلانەی کە ئیقلیدس[٩] هێنابوونی بەبێ شیکار ئەم دانە بە دانە هێناونی و هەموویانی شیکار کردووە و سەلماندوونی بە شێوەیەکی هەندەسییانە ، کتێبەکەشی لە بواری جەبردا ناوی (مقالة فی الجبر و المقابلة) بووە ، و هەر ویبکە (Woepcke) لە ساڵی (١٨٥١ز)دا وەریگێڕاوە و لە پاریس بڵاوبوەتەوە ، هەروەها کتێبی (میزان الحکمة)شی داناوە ، لە پێشدەستییەکانی لە زانستی جەبردا ئەوەیە کە لە یەکەمین ئەو کەسانە بووە هاوکێشەکانی پلە یەک و پلە دوو پلە سێی یان بە سادە یان بە ئاڵۆز داناوە ، و لە کارە گرنگەکانی تری لە جەبردا ئەوەبوو کە هاوکێشە سێ دوورییەکانی بە شێوەیەکی هەندەسییانە شیکار کردووە.

لە ڕۆژئاوای ئیسلامیش چەندین کەسی تر هەڵکەوتوون وەک (سەموالی کوڕی یەحیای مەغریبی) کە (١١٧٤ز) کۆچی دوایی کردووە و خاوەنی کتێبی (الباهر فی الجبر)ە ، هەروەها (ئیبن بەناء مەراکیشی) زۆر بە خوڕ بووە و لە دانان لە بواری بیرکاریدا و زیاتر لە (٧٠) کتێب و نامەی نووسیوە لە بوارەکانی جەبر و هەندەسە و حیساب و فەلەک و غەیری ئەمانەشدا ، کارە سەرەکییەکانی ئەم کتێبانە بوون: (تلخیص أعمال الحساب) و (الأصول و المقدمات فی الجبر و المقابلة) و (رسالة فی الجذور الصم)[١٠]

گەردوونزانی[دەستکاری]

ڕوونکردنەوەیەکی گەردوونی زانا ئەلبیرونی سەبارەت بە مانگ گیران

لەم زانستەدا کە (علم الهیئة)یان پێدەووت ، چەندین نووسینیان هەبوو و چەندین ڕوانگە یان بینگە (الزیج)یش بەشێکە لەم زانستەدا ، (زیج)ەکان بریتین لەو خشتە حیسابییانەی کە لەسەر چەند یاسایەک دانراون دەربارەی هەسارەکان ، ئەوەش بۆ ئەوەی کە شوێنی ئەستێرەکان و هەسارەکان یەک بە یەک دیاری بکرێن لەگەڵ پێوانی جووڵەکەیاندا. دەستپێکی لێکۆڵینەوەی فەلەک لەلای زانایانی موسوڵمان بە وەرگێڕانی کتێبێکی هیندی کە بە ناوی (السند هند) بوو دەستی پێکرد.

لە مێژووی ئیسلامدا چەندین زانای بەناوبانگ لە بواری فەلەکدا پەیدابوون کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئەوا ناوی نزیکەی (٢٠٠) زانای گەردوونزانی موسوڵمانمان دەست دەکەوێت ، لە هەرە بەناوبانگەکانیان : (یەحیای کوڕی ماسویە ، ئیبراهیم ئەلفەزاری ، ئەلمەجسەتی ، بەیرونی ، فەرغانی ، المروروذی ، ئەبو عیسا ئیسترلابی ، سیندی کوڕی عەلی ، ئەلخەواریزمی ، بەتتانی ، سابتی کوڕی قورە ، ئەلسۆفی ، ئەبی حامد سەفانی ، حامدی کوڕی خزر ، خەجنەدی) بوون. هەروەها (حبش الحاسب) کە یەكێک بووە لە زانا فەلەکییەکانی سەردەمی (مەئمون) لە ساڵی (٨٥٩ز)دا حیسابێکی بەناوبانگی داناوە ، و دانراوێکی گەورەتری هەیە کە بریتیە لە (الزیج الدمشقی).

لە سەردەمی دەوڵەتی ئیسلامیدا چەندین بینگە (مراصد) دروستکران بۆ تێڕوانینی ئەستێرەکان و کەسانی پسپۆڕیان بۆ دیاری کرا ، لەوانە (ئیبن یونس) بۆمان دەگێڕێتەوە کە زانا (نەهاوەندی) کە ساڵی (٧١٨ک-٧٩٠ز) مردووە هەستاوە بە ئەنجامدانی چەندین تێڕوانین و تێبینی کردنی ووردی ئەستێرەکان بەڵام بەداخەوە کارەکانی نەگەشتوونەتە دەستمان ، هەروەها لە سەردەمی خەلیفە مەئمون دا لە (بیت الحکمة) لە بەغدا بینگەیەک دروستکرا و بەڕێوەبردنی درایە دەست (سند بن عەلی) ، و پاشان (یەحیای کوڕی ئەبی مەنسوور) و دوایی (عەبباس کوڕی سەعید جەوهەری) کە شارەزا بووە لە دروستکردنی ئامێرەکاندا ، هەروەها بینگەیەکی تر لەسەر کێوی (قاسیون) لە شاری دیمەشق دروستکرا و چەندین ئامێری بینین و پێوانەی بۆ دانرا لەوانە : پێوەری بەرزی و ئیسترلاب و (المزولة)و چەندینی تر.

لە چەندین شوێنی تری جیهانی ئیسلامی بینگەی تر دروستکران ، لەوانە شارەکانی : سامەڕا و نەیسابور ، هەروەها بینگەیەکی تر لە شاری بەغدا کە زانا بوزجانی کاری تێدادەکرد ، و زانا (سۆفی)یش لە شاری ئەسفەهان لە ئێران بینگەیەکی دانابوو و توانی بەهۆیەوە خشتە بەناوبانگەکەی دەربارەی هەسارەکان دابنێت ، هەروەها زانا (ئیبن یونس) لە قاهیرە بینگەیەکی بەناوبانگی هەبووە لەسەر کێوی (المقطم).

سرووشتزانی (فیزیا)[دەستکاری]

یەکەم کەس کە زانستی سرووشت (کە پێکهاتەی فیزیای ئەمڕۆیە) داهێناوە (ئیبن هەیسەم) بووە ،و یەکەم کەس بووە کە باسی تیشکدانەوەی کردووە.[١١] زانایانی موسوڵمان لە سروشتزانیدا (یان بە زاراوەی نوێ زانستی فیزیادا) هێزی کێش کردنی زەوییان دۆزییەوە ، یەکەم کەس کە باسی هێزی کێش کردنی کردووە پێشەوا (خازین)ە کە دەڵێت : (تەنەکان دەکەونە سەر زەوی بەهۆی هێزێکی کێش کردنەوە ، و پەیوەندی هەیە لە نێوان خێرایی و دووریی و کێشدا) ئەم ووتەیەی چەندەها سەدە پێش لە دایکبوونی نیوتن[١٢] ووتووە ، هەروەها پەیوەندی ڕاستی دۆزیوەتەوە لە نێوان ئەو خێراییەی کە تەنێک هەیەتی کاتێک دەکەوێتە سەر زەوی لەگەڵ ئەو ماوەیەی کە لەو کاتەدا دەیبڕێت ، ئەمە هەمان ئەو پەیوەندییە کە دۆزینەوەیان دراوەتە پاڵ زانایانی وەک (نیوتن و گالیلێو گالیلەی) ، زانا (محەمەد بن عمر الرازی) لە کۆتایی سەدەی شەشەمی کۆچیدا دەڵێت : (ئەگەر ئێمە بەردێک هەڵدەین بۆ سەرەوە دەیبین دەکەوێتە خوارەوە ، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەبێت هێزێک هەبێت لە خوارەوە ، کە هەر کاتێک ئێمە هەڵیدەینە سەرەوە ئەو هێزە دێنێتەوە خوارەوە) ، هەروەکو چۆن دەربارەی یاسای کێش کردنی گشتی زانایانی ئیسلام قسەیان کردووە ، و بەستنەوەی گەردوون بەیەکەوە بەهۆی ئەو هێزی کێش کردنەوە لێک دەدەنەوە.[١٣]

زانا بەیروونی گرنگی داوە بە زانستی شلەکان و لەم بوارەدا کتێبی نووسیوە ، کە تێیدا زۆر دیاردەی تایبەت بە پەستانی شلەکانی ڕوون کردۆتەوە ، وەک چۆنێتی هەڵدرانی ئاوی فوارە و سەرچاوەکان بۆ سەرەوە ، و ئاوی بیرەکان بەوەی کە لەملاولاوە دەپاڵێورێتە ناوی لەو ئاوانەی کە نزیکین و ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئاستی ئاوەکانی دەورووبەریدایە ، هەروەها لەسەر هێزی کێش کردنی زەویش قسەی هەبووە و تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.

موسوڵمانان کێشی جۆری (الوزن النوعي) زۆرێک لە تەنەکانیان دیاری کرد ، و چەندین ڕێگایان دۆزییەوە بۆ ئەم دیاری کردنە ، و خشتەی تایبەتییان لەم بوارەدا دانا ، بۆ نموونە چڕیی قورقوشمیان پێوا و بینی یان (١١،٣٢)ە ، کە خۆی لە ڕاستیدا بریتییە لە (١١،٣٥)[١٤]، هەروەها زانای گەورە (بەیروونی) خشتەیەکی ووردی داناوە بۆ بەهاکانی کێشی جۆری.[١٥]

موسوڵمانان یەکەم بوون کە پاڵەپەستۆی هەوایان دۆزییەوە ، پێش ڕێنیسانسی ئەوروپا بە چەندەها سەدە ، و لە نێو خۆیاندا ئەم یاسایانەیان نەقڵ کردووە کە دەڵێت : (کێشی تەن لە هەوادا کەمترە لە کێشی ڕاستەقینەی خۆی) و (هەوا هێزێکی هەڵکێشەری هەیە وەکو شلەکان) بەپێی یاسای ئەرخەمیدس ، یاسای (کێشی تەن لە نزیک ڕووی زەوی جیاوازە لەو کێشەی لە بەرزاییدا هەیەتی ، ئەویش بەپێی بەرزیی ستوونی هەوا لە سەرەوەی) ، لە بەناوبانگترین زانایانی موسوڵمان لەم بوارەدا (خازین) بووە و لە کتێبەکەیدا (میزان الحکمة) لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی تێدایە لەسەر پەستانی هەوا کە تێیدا ئەو بنەمایەی ڕوونکردووەتەوە کە هەوا هەروەک ئاو پەستان لەسەر تەنەکان دروست دەکات کە تێیدا نوقم کراون لە ژێرەوە بۆ سەرەوە ، لێرەوە دەڵێت کە (کێشی هەر تەنێک لە هەوادا کەمترە لە کێشی ڕاستەقینەی خۆی)[١٣]

دەربارەی دەنگیش (هێزی و سەرچاوەی) موسوڵمانان لێکۆڵینەوەیان کردووە ، و ئەمە بووە هۆی لێکۆڵینەوەیان لەسەر مۆسیقا و ئامێرە مۆسیقاییەکان و چۆنێتی ژەنینیان و ئەوەندە بە ووردی باسی دەنگ و چۆنێتی جووڵانەوەی و بەرکەوتنی لەگەڵ تەنەکان و گەڕانەوەی قسەیان کردووە کە زۆر نزیکە لە لێکدانەوەی ئەمڕۆ [١٦] ، لەوانەی لەم بوارەدا قسەیان کردووە فەیلەسووفەکانی برایانی سەفا (إخوان الصفا) لە نامەکانیاندا ، و (قەزوینی) هۆکاری بینینی هەورە بروسکەی پێش بیستنی هەورە گرمەی ڕوونکردۆتەوە و دەڵێت : (لەبەر ئەوەی کە بینین بەهۆی چاوەوە دەبێت یەکسەری ، بەڵام دەنگ بەهۆی گوێوە دەبێت کە دەبێت دەنگەکە بگاتە گوێی دەرەوە و پاشان بۆ ناوەوە ، و ئەمەش پشت دەبەستێت بە جووڵەی هەوا ، کەواتە ڕووناکی و بینین خێراترە لە گەیشتنی دەنگ) ، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونی تێدایە کە گەیشتنی ڕووناکی خێراترە لە گەیشتنی دەنگ.

جووڵەزانی (زانستی میکانیک)[دەستکاری]

لەم زانستەدا کە (علم الحیل)یان پێ دەووت پێشکەوتوو بوون ، زانا ئەلخەواریزمی لە کتێبی (مفاتیح العلوم)دا دابەشی دەکات بە دوو بەش: یەکەمیان چۆنیەتی ڕاکێشان و بەرزکردنەوەی قورساییەکان بە بەکارهێنانی هێزێکی کەم ،و بەشی دووەم دەربارەی ئامێرەکانی جووڵە و درووستکردنی دەفرە سەرسوڕهێنەرەکانە ، هەروەها موسوڵمانان لوولە مووییەکان (موولوولەکان) و جەگ و سڵنگیان ناسیوە و بەکاریان هێناوە.[١٧]

لە بواری کاتژمێرەکاندا ناسراو بوون لە بەکارهێنانی کاتژمێری سێبەری (المزولة)دا بۆ دیاری کردنی کات بەهۆی سێبەری خۆرەوە ، کاتژمێری ئاویشیان درووستکردووە وەک ئەو دانەیەی کە خەلیفەی عەبباسی (هاروون ڕەشید) پێشکەشی کرد بە پاشا (شارلەمان)ی فەڕەنسا ، هەروەها زانا (الزرقالي) دوو کاتژمێری ئاوی گەورەی درووستکرد لە شاری (طلیطلة) لەسەر ڕۆخی ڕووباری (تاجە) کە هەردووکیان کاریان دەکرد کاتێک کە گاورەکان چوونە ناو ئەم شارەوە لە ساڵی (١٠٨٥ز)دا.[١٨]

جوگرافیا[دەستکاری]

نەخشەی جیهان دانراوی زانا ئەلئیدریسی (سەدەی ١٢)

یەکێکی دیکە لەو زانستانەی کە بە کاریگەری شارستانیەتی یۆنانی ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی ، زانستی جوگرافیا بوو لە شارستانیەتی ئیسلامیدا ، جوگرافیا بۆ خۆی لە بنەچەدا زاراوەیەکی یۆنانییە و بە واتای وێنەی زەوی (صورة الأرض) کە مەبەستیان پێی زانینی بارودۆخی هەرێمەکانی نیشتەجێبوو لەسەر ڕووی زەوی و پانی و درێژی وڵاتان و شوێنی شارەکان و چیاکان و دەریاکان و ڕووبارەکان و جگە لەمانەش ، هەروەها چۆنیەتی جیاوازی دانیشتوان بەپێی جیاوازی شوێن و ناوچەکان ، بەم مانایەش ئەم زاراوەیە گواسترایەوە بۆ زانایانی موسوڵمان لە ڕێگای کتێبەکانی (بطلیموس ، مارینوس و الصوري)یەوە کە ناسرابوون لە بواری جوگرافیادا.[١٩][٢٠]

لە سەردەمی یەکەمی عەباسییەکاندا ئەو کتێبانەی کە لە شارستانیەتی یۆنانییەوە وەرگێڕان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە کاریگەربوون و ڕەنگدانەوەی ئەم لایەنە لە ناو شارستانیەتی ئیسلامیدا ، کە بە تەواوەتی بەو بابەتەوە کاریگەربوون و سوودیان لە بۆچوونەکانیان وەرگرت ، دیارترین ئەو کتێبانەشی کە زۆرترین ڕەنگدانەوەی هەبوو لەم بوارەدا ، دوو کتێبی (بطلیموس) بوون ، یەکەمیان (المجسطي) ، دووەمیشیان بە ناونیشانی (کتاب الجغرافي معمور وصفة الأرض)ە کە سەرەتا لەلایەن (ئەلکیندی) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی ، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە چەند خشتەیەکی تیادایە سەبارەت بە ناوی شوێن و جێگا و هەروەها هێڵەکانی درێژی و پانی و پاشان نەخشەی جیهانی زانراوی ئەو کاتەی لە خۆگرتووە.[٢١]

گالەری[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ [کتێبی : ڕۆڵی پرشنگداری زانا موسوڵمانەکان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا ، نووسینی : د.کاوە فەرەج سەعدون.]
  2. ^ [ Howard R. Turner (1997), Science in Medieval Islam, p. 270 (book cover, last page), University of Texas Press, ISBN 0-292-78149-0].
  3. ^ کتێبی : إسهام علماء المسلمین فی الریاضیات/دانراوی (د.علی عبداللە الدفاع)/لاپەڕە (٤٢)
  4. ^ کتێبی: (قصة الحضارة) بەرگی حەوتەم (بەشی ١٣) لاپەڕە (١٨٠)
  5. ^ بابەتی (أوائل المسلمین فی العلوم التجریبیە/د.أحمد هجوان)
  6. ^ The Hindu-Arabic numerals and the positional number system were introduced around 500 AD, and in 825 AD, it was introduced by a Persian scientist, al-Khwārizmī,[21] in his book on arithmetic.
  7. ^ ژمارە هیندو-عەرەبییەکان لە ویکیپێدیای ئینگلیزی "European", descended from the "West Arabic numerals" which were developed in al-Andalus and the Maghreb
  8. ^ [کتێبی: المرجع فی الحضارة العربیة الإسلامیة/لاپەڕە ٣٢٩]
  9. ^ زانای بیرکاریزانی یۆنانی ئیقلیدس لە Encyclopedia Britannica
  10. ^ [موسوعة تأریخ العلوم العربیة/لاپەڕە ٤٧٢ ، هەروەها (المرجع فی الحضارة العربیة الإسلامیة)/لاپەڕە ٣٥٧]
  11. ^ بڕوانە کتێبی (أوائل المسلمین في العلوم التجریبیة)
  12. ^ أوائل المسلمین في العلوم التجریبیة
  13. ^ ئ ا المرجع في الحضارة العربیة الإسلامیة
  14. ^ المرجع في الحضارة العربیة الإسلامیة لاپەڕە ٣٠٦
  15. ^ العلوم و الهندسة في الحضارة الإسلامیة/لاپەڕە ٩٠
  16. ^ العلوم و الهندسة في الحضارة الإسلامیة
  17. ^ کتێبی (المرجع في الحضارة العربیة الإسلامیة)/لاپەڕە ٣٠٥ ، هەروەها (العلوم و الهندسة في الحضارة الإسلامیة)/لاپەڕە ٩٠ ،هەروەها (العلم و الإیمان في الفضاء و الطیران)/لاپەڕە ١٧٩
  18. ^ کتێبی (موسوعة تأریخ العلوم العربیة)/لاپەڕە ١٠١٥
  19. ^ حاجی خلیفة: کشف الضنون ، ج١/ص ٥٩٠
  20. ^ کتێبی ڕەنگدانەوەی شارستانی یۆنانی لە ناو شارستانیەتی ئیسلامیدا لا/٢١٨-٢١٩
  21. ^ إبن الندیم :م.س ، ص٣٨٩ ، القفطي: م.س ، ص٩٨ ، طە باقر: م.س ، ص١٧٣.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی : ڕۆڵی پرشنگداری زانا موسوڵمانەکان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا ، نووسینی : د.کاوە فەرەج سەعدون.
  • ویکیپێدیای ئینگلیزی
  • کتێبی : ڕەنگدانەوەی شارستانیەتی یۆنانی لە ناو شارستانیەتی ئیسلامیدا ، نووسینی : زریان حاجی.