ڕووناکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ڕووناکی (بە ئینگلیزی: Light)یا ڕووناکی بینراو (بە ئینگلیزی: visible light) ئەو بەشەی شەبەنگی کارۆموگناتیسییە کە بە چاوی مرۆڤ ھەستی پێ دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەگەر درێژی شەپۆلی ئەلکترۆمەگناتیسی لەنێوان ٤٠٠–٧٠٠ نانۆمەتر بێت چاوی مرۆڤ ھەستی پێ دەکات، کە بەو مەودایە دەکوترێت ڕووناکی یا ڕووناکی بینراو. خێرایی ڕووناکی لە چۆڵاییدا ٢٩٩٬٧٩٢٬٤٥٨(مەتر\چرکە)، یەکێکە لە نەگۆڕە بنەڕەتییەکانی سروشت. لە فیزیادا، وشەی 'ڕووناکی' ھەندێک جار ئاماژە بە ھەمووی شەبەنگی کارۆموگناتیسی دەکات، چ بینراو بێت یان نا. بەم واتایە، تیشکی گاما، تیشکی ئیکس، مایکرۆڤیڤ و شەپۆلی ڕادیۆش ڕووناکین. ھەروەک ھەموو جۆرەکانی تری شەپۆلی کارۆموگناتیسی، ڕووناکی جۆرێکە لە وزە کە بە شێوەی شەپۆل دەگوێزرێتەوە. بەڵام ڕووناکی جیاوازە لە جۆرەکانی تری شەپۆل، وەکو شەپۆلەکانی دەنگ و شەپۆلەکانی ئاو. شەپۆلی دەنگ و شەپۆلی ئاو ناگوێزرێنەوە ھەتاوەکو بە ناوەندێکدا تیپەڕ نەبن کە ئەمانەش پێیان دەوترێت شەپۆلە میکانیکییەکان، بەڵام ڕووناکی پێویستی بە ناوەند نییە بۆ ئەوەی تێیدا بگوێزرێتەوە.[١]

تایبەتمەندییە سەرەتایییەکانی ڕووناکی بریتین لە توندی، ئاراستەی بڵاوکردنەوە، فریکوەنسی یان درێژی شەپۆل و جەمسەرگیری. وەک ھەموو جۆرەکانی تیشکی ئەلکترۆمەگناتیسی، ڕووناکی بینراو بە تەنۆلکەیەکی سەرەتایی بێ بارستە بە ناوی فۆتۆن کە نوێنەرایەتی کوانتای کادی ئەلکترۆمەگناتیس دەکات دەگوێزرێتەوە و دەکرێت وەک ھەردوو شەپۆل و تەنۆلکەچاوی لێ بکرێت. خوێندنی ڕووناکی، ناسراو بە ئۆپتیک، بابەتێکی لێکۆڵینەوەی گرنگە لە فیزیای ھاوچەرخدا.

سەرچاوەی سەرەکی ڕووناکی لەسەر زەوی خۆرە. ھەروەھا لەڕووی مێژوویییەوە سەرچاوەیەکی تری ڕووناکی بۆ مرۆڤ ئاگر بووە. لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووناکییەکانی کارەبا و سیستەمەکانی وزە، ڕووناکی کارەبایی بەشێوەیەکی کاریگەر شوێنی ڕووناکی ئاگری گرتووەتەوە.

شەبەنگی کارۆموگناتیسی و ڕووناکی بینراو

بەشێوەیەکی گشتی، تیشکی ئەلکترۆمەگناتیسی لەسەر بنەمای درێژی شەپۆل پۆلێن دەکرێت بە شەپۆلی ڕادیۆ، مایکرۆ، تیشکی خواروو-سوور، ڕووناکی بینراو، تیشکی سەرووبنەوش، تیشکی X و تیشکی گاما. ڕەفتاری شەپۆلی ئەلکترۆمەگناتیسی پەیوەستە بە درێژی شەپۆلەکەی. درێژی شەپۆلی کورتتر واتا فریکوەنسی بەرزترو و وزەی بەرزتر، درێژی شەپۆلی بەرزتر واتا فریکوەنسی کەمتر و وزەی کەمتر. کارلێکی تیشکی ئەلکترۆمەگناتیسی لەگەڵ تاکە ئەتۆمەکان و مولکولەکان پەیوەستە بە بڕی وزەی ھەر کوانتومێک لە تیشکتە.

شەپۆلەکانی شەبەنگی کارۆموگناتیسی لە ناوچەی ڕووناکی بینراو، دواھەمین فۆتۆنن کە توانایان ھەیە ببنە ھۆی ورووژاندنی ئەلکترۆنی لەناو گەردیلەکان. ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە پەیوەند یان کیمیای گەردیلە. لە کۆتایی خوارەوەی گی ڕووناکی بینراو (خوارووسوور)، تیشکی ئەلکترۆمەگناتیسی بۆ مرۆڤ نادیار دەبێت چونکە فۆتۆنەکانی چیتر وزەیان نییە ببنە ھۆی گۆڕانی گەردیلەی تۆڕی چاوی مرۆڤ، کە گۆڕان دەبێتە ھۆی ھەستپێکردنی ئەو تیشکە.

ئاژەڵانێک ھەن کە ھەستیارن بە جۆرەکانی خوارووسوور، بەڵام نەک بە بەکارھێنانی ڕاکێشی کوانتۆمی. ھەستکردن بە خوارووسوور لە مارەکان پەیوەستە بە بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی پاکەتانێکی بچووک لە ئاوی خانە لەلایەن تیشکی خوارووسوور. ئی ئێم ئاڕ لەم مەودایە دەبێتە ھۆی ورووژاندنی گەردیلەکان و گەرمکردنیان، کە دەبێتە ھۆی ھەستپێکردنی ئەم ئاژەڵانە بە تیشکی خوارووسوور.

لە سەرووی مەودای ڕووناکی بینراوەوە، ڕووناکی سەرووی بنەوش ھەیە کە بۆ مرۆڤ نادیار دەبێت. ھۆکاری ئەم دیاردەیە بەزۆری لەبەر ئەوەیە کە کۆرنیا تیشکی خوار ٣٦٠ نانۆمەتر ھەڵدەمژێت و نیسکە) لێنزە (ناوەکییەکەی چاو خوارەوەی ٤٠٠ نانۆمەتر ھەڵدەمژێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو تووڵ و قووچەکانەی کە لە پشتەوەی چاوی مرۆڤدان ناتوانن ھەست بە شەپۆلی زۆر کورت (خوارەوەی ٣٦٠ نانۆمەتر) بکەن و لە ڕاستیدا سەرووی بنەوش زیانیان پێ دەگەیێنێت. زۆرێک لەو گیانلەبەرانەی کە چاویان پێویستی بە نیسکە نییە (وەک گەناوەر و میگو) دەتوانن بە میکانیزمی ھەڵمژینی فۆتۆن ھەست بە سەرووبنەوش بکەن، بە ھەمان شێوە کە مرۆڤ ڕووناکی بینراو ھەست پێدەکات.

مەودای ڕووناکی بینراو لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان جیاوازە، ھەندێک ٤٢٠–٦٨٠ نانۆمەتر و ھەندێکیتریش ٣٨٠–٨٠٠ نانۆمەتریان بۆ ئەو مەودایە دیاری کردوە. لەژێر ھەلومەرجی تاقیگەیەکی ئایدیال، مرۆڤ دەتوانێت خوارووسوور تا ١٠٥٠ نانۆمەتر ببینێت، منداڵەکان و گەنجەکان لەوانەیە ھەست بە شەپۆلی سەرووی ٣١٠–٣١٣ نانۆمەتر بکەن.

ھەروەھا، گی ڕەنگەکانی ڕووناکی کاریگەری ھەیە لەسەر گەشەی ڕووەک (گیا)، پرۆسەیەک کە ناسراوە بە فۆتۆمۆرفۆجێنیسس.

خێرایی ڕووناکی لە بۆشاییدا بە تەواوی ٢٩٩٧٩٢٤٥٨ مەتر/چرکە پێناسە دەکرێت (١٨٦٢٨٢میل/چرکە). لەڕاستیدا، مەتر ئێستا لە ڕووی خێرایی ڕووناکییەوە دیاری دەکرێت. ھەموو شەبەنگی کارۆموگناتیسی بە ھەمان خێرایی لە بۆشاییدا دەجوڵێن. فیزیکزانان ھەوڵیانداوە بە درێژایی مێژوو خێرایی ڕووناکی بپێون. گالیلۆ ھەوڵیدا خێرایی ڕووناکی لە سەدەی حەڤدەھەم بپێوێت. یەکێک لەو تاقیکردنەوانە بۆ پێوانەکردنی خێرایی ڕووناکی لەلایەن ئۆلی ڕۆمێر فیزیکزانێکی دانمارکی لە ساڵی ١٦٧٦ ئەنجام درا. بە بەکارھێنانی تەلسکۆب، ڕۆمێر چاودێری جوپیتەر و یەکێک لە مانگەکانی جوپیتەر کرد) بە ناوی ئایۆ(لە ماوەیەکی ئاشکرادا لە خولگەی ئایۆدا، ئەو ژمێریاری کرد کە ڕووناکی نزیکەی ٢٢ خولەک دەخایەنێت بۆ ئەوەی لە ئەندازەی تیرەی خولگەی زەوی بپەڕێتەوە. بەڵام، قەبارەی خولگەی زەوی لەو کاتە نەپێورابوو. ئەگەر ڕۆمەر ئەندازەی خولگەی زەوی زانیبا، ئەوا خێرایی ڕووناکی ٢٧٧٬٠٠٠٬٠٠٠ مەتر/چرکە دیاری دەکرد.[٢][٣]

  1. ^ "Light", Wikipedia, 2022-03-09, retrieved 2022-03-27
  2. ^ "Light", Wikipedia, 2022-03-09, retrieved 2022-03-27
  3. ^ Shea, James H. (1998-07). "Ole Ro/mer, the speed of light, the apparent period of Io, the Doppler effect, and the dynamics of Earth and Jupiter". American Journal of Physics. 66 (7): 561–569. doi:10.1119/1.19020. ISSN 0002-9505. Check date values in: |date= (help)