عوسمان کوڕی عەفان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عوسمان کوڕی عەفان
سێیەم خەلیفەی ڕاشدین
Mohammad adil-Rashidun-empire-at-its-peak-close.PNG
خەلافەتی عوسمانی کوڕی عەفان لە فراوانترین ئاستیدا، ساڵی ٦٥٥ک
ماوەی حوکم(٢٣–٣٥)ک بەرامبەر (٦٤٤–٦٥٦)ز
لە دایکبوون٥٧٩ز
شوێنی لە دایکبوونمەککە
وەفاتساڵی ٣٥ ک بەرامبەر ٦٥٦ز
شوێنی وەفاتمەدینە
شوێنی نێژرانبەقیع
جێگرعەلی کوڕی ئەبوتالیب
باوکئەبوعاس کوڕی ئومەیە
دایکئەروا کچی کریز
ئایینئیسلام


عوسمان کوڕی عەفان، سێیەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی موژدەی بەھەشتیان پێدراوە، و ئەوانەی لە سەرەتاوە چوونە ئیسلامەوە، و نازناوی زو لنورەینە (واتە خاوەنی دوو ڕووناکی) ئەمەش لەبەر ئەوەی ھاوسەری دووان لە کچەکانی پێغەمبەر محەممەد بووە، ڕوقییە ھاوسەری یەکەمی بوو پاشان لەدوای مردنی ئەو ئوم کەلسوم بووەتە ھاوسەری.[١][٢][٣]

لەدایکبوون[دەستکاری]

عوسمان کوڕی عەفان کوڕی ئەبوعاس کوڕی ئومەیە کوڕی عەبد شەمس کوڕی عەبد مەنافە، لە نەوەی بەنی ئومەیە و لە پێشەوا و بەڕیزەکانیان بووە و ھەروەک زۆر دارا بووە، و کوڕی مامی ئەبوسوفیانی کوڕی حەرب بووە کە جەنگا لەگەڵ پێغەمبەر پێش ئیسلام بوونی لە فەتحی مەککەدا، لە دایک بووە لە مەککە شەش ساڵ پێش ساڵی فیل، لە سەردەمی نەفامیدا لە بەڕێز و دەوڵەمەندەکان بووە، بەڕێزترین کەسی تیرەکەی خۆی بووە، ناوبانگێکی بەرزی ھەبووە، و ھۆزەکەی ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و خۆشیان ویستووە.[٤][٥]

موسڵمانبووون[دەستکاری]

ناوی عوسمانی کوڕی عەففان بە عەرەبی

عوسمانی کوڕی عەفان ئیسلام بوو لە سەرەتای ئیسلامدا، کاتێک تەمەنی سی وچوار ساڵ بوو کاتێک ئەبوبەکری سدیق بانگی کرد بۆ ئیسلام بێ ھیچ سستی و دوودڵییەک وەڵامی داواکەی ئەبووبەکری دایەوە، و ئەبوئیسحاق لەمبارەیەوە ئەڵێت؛ بە عوسمانەوە ژمارەی پیاوە موسڵمانەکان بووە چوار کەس. عوسمان یەکەم کۆچکردوو بوو بۆ حەبەشە بۆ پاراستنی ئیسلام پاشان کۆچکردووەکانی تر ڕۆیشتن لە دوای ئەو بۆ حەبەشە، پاشان کۆچی دووەمی کرد بۆ مەدینە، عوسمان ڕوقییەی کچی پێغەمبەری ھێناوە و لەگەڵیا کۆچی کردووە بۆ حەبەشە و مەدینە، و دەڵێن باشترین ھاوسەر کە مرۆڤ بینیونی ڕوقییە و عوسمان بوون، پاشان ڕوقییە نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد ساڵی ٢ی کۆچی لە کاتی شەڕی بەدردا، عوسمان زۆر خەفەتبار بوو بۆی و پێغەمبەر کچەکەی تری (ئوم کەلسوم)ی کردە ھاوسەری عوسمان، لەبەر ئەوە عوسمان ناونرا بە (زو لنورەین) لەبەر ئەوەی دوو کچی پێغەمبەری ھێناوە، و پیغەمبەری ئیسلام متمانەی پێی بووە و خۆشی ویستووە و ڕێزی لێگرتووە بۆ جوانی ڕەوشت و ھەڵس وکەوتی و بۆ خەرجکردنی ماڵەکەی لە سەرخستنی ئیسلامدا، و مژدەی بەھەشتی پێداو وەک ئەبوبەکر و عومەر و عەلی و ئەوانی تر لە دە کەسە مژدە پێدراوەکە؛ و ھەواڵی پێداوە کە بە شەھیدی دەمرێت، زۆر کەسێکی خۆشەویست بووە لە قوڕەیش و لەسەر خۆ و ھەست ناسک بووە و زۆر چاکەکار بووە، و پەیوەندی لەگەڵ ئەبوبەکر و عومەر و عەلی زۆر باش بووە، و قورئانی لەبەربووە.[٦]

عوسمان لە سەردەمی ئەبوبەکر و عومەردا[دەستکاری]

جێگەی عوسمان وەک جێگەی زۆربەی ئەو ھاوەڵانە بوو کە مژدەی بەھەشتیان پێدرابوو، کە ھەردوو خەلیفەکە نەیانناردنە سوپاوە بۆ پێویستیان بە ڕاوێژیان لە مەدینە؛ و ڕۆڵی ھەبوو لە ھەڵبژاردنی عومەری کوڕی خەتاب بە جێنشینی ئەبوبەکر، کاتێک ئەبوبەکر ڕاوێژی پێکرد لە ھەڵبژاردنی عومەر، عوسمان وتی؛ (ئەو پیاوێکە نھێنییەکەی بەرزترە لە ئاشکراکانی)، و وەسیەتەکەی ئەبوبەکری نوسیوە.[٧]

خەلافەتی[دەستکاری]

گرتنە دەستی خەلافەت[دەستکاری]

عوسمان خەلافەتی گرتە دەست کاتێک لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا، و خەلافەتی گرتە دەست لە دوای شەھید بوونی عومەری کوڕی خەتاب، لە ھەڵبژاردنی بۆ خەلافەت بەسەرھاتێک ھەیە کە ناسراوە بە بەسەرھاتی شورا (ڕاوێژ)، ئەمەش کاتێک کە عومەری کوڕی خەتاب بریندار بوو شەشە لە ھاوەڵەکانی بانگ کرد کە ئەوانیش، عەلی کوڕی ئەبوتالیب و عوسمانی کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و زوبێری کوڕی عەوام و تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا بوون، تا لە نێوانیاندا خەلیفە ھەڵببژێررێت، ھەموو بانگکردووەکان ھاتن بۆ دیداری عومەر بێجگە لە تەڵحە کە لە سەفەردا بوو، و عومەر داوای لێکردن کە خەلیفەیەک ھەڵبژێرن لە نێوانیاندا لە ماوە سێ ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە کۆچی دوایی عومەر بۆ پاراستنی یەک ڕیزی موسڵمانان، وبە چەند ھۆکارێکی جیاواز دوو کەس پاڵێوران بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمیان عەلی کوڕی ئەبوتالیب بوو کە نزیکایەتی ھەبوو لەگەڵ پێغەمبەر، و دووەمیان عوسمانی کوڕی عەفان بوو کە شوێنێکی بەڕێزی ھەبوو لای کۆچکردووەکان و لە نێو قوڕەیشدا، لە کۆتاییدا عوسمان ھەڵبژێردرا و موسڵمانان موبایەعەیان پێدا لە مزگەوتی بەیعە لە ساڵی ٢٣ی کۆچی، وبووە سێیەم خەلیفەی ڕاشدین.[٨]

دوو کێشە لە سەردەمی عوسماندا[دەستکاری]

  • یەکەمیان، ئەو ئەنجومەنی ڕاوێژەی کە عومەر وەسیەتی پێکرد، نەبووە دەزگایەکی ڕاوێژ، تەنھا یەک ئەرکیان بە جێ ھێنا، کە باشتر وابوو ئەو پێنجەی تر ڕۆڵی ڕاوێژکاریان ببینیایە بۆ یارمەتی عوسمان لە جێبەجێکردن کاروبارەکانیدا، بە تایبەت لەبەر گەورەیی تەمەنی عوسمان و گەورەبوونی قەبارەی دەوڵەتەکە.
  • دووەمیان، ھەندێک لەو ئاکارە باشانەی لە عوسماندا ھەیبوون، وەک بەخشندەی و چاکەکاری و بەڕێزی، کە سیفەتی باوەڕدارێکی نموونەیی بوون کە شایەنی بەھەشت بێت، بەڵام خەلافەت پێویستی بە سیفاتی ترە وەک سەرکردایەتی.. کەسوکارە ئەمەوییەکانی عوسمان، ئەم سیفەتانەی عوسمانیان قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، لە بەرامبەردا نەوەی ھاوەڵەکان و ئەوانی تر ڕۆڵیان نەما، لە کاتێکا پێویستیان بە ڕۆڵی ئەوان ھەبوو، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی جۆرێک لە ناڕەزایی لە جێگەی دەزگایەکی ڕاوێژ کە ئەبووایە بنیات بنرایە.[٩]

خەلیفە عوسمان زۆربەی نزیکەکانی خۆی کردە والی شوێنەکان و گرنگی نەدا بەو ھاوەڵانەی کە شیاو بوون، کە ئەمەش گرنگترین ھۆکار بوو بۆ شەھیدبوونی عوسمان، ئەو والیانەی کە عوسمان دای نان لە نزیکەکانی خۆی بوون، ئەمانەن؛

والییەکانی عوسمان کە لە نزیکەکانی بوون[دەستکاری]

  • معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان
  • عەبدولڵای کوڕی عامر
  • وەلیدی کوڕی عەقەبە
  • سەعیدی کوڕی عاس
  • عەبدولڵای کوڕی سەعد کوڕی ئەبوسەرح
  • مەڕوانی کوڕی حەکەم.[١٠]

فەتح لە سەردەمی عوسماندا[دەستکاری]

لە گرنگترین ئەو ئیشانەی لە سەردەمی عوسماندا کران فەتحی مەرو و تورکیا و فروان بوونی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، و لە ڕۆژانی خەلافەتی عوسماندا فەتحی ئەسکەندەرییە و ئەرمینیا و قەوقاز و خۆراسان و کرمان و سجستان و قوبرس کرا، ھەروەھا لە سەردەمی ئەودا مزگەوتی پێغەمبەر فراوان کرا، و یەکەم کەشتی دەریایی ئیسلامی دروست کرا بۆ پارێزگاری کەنارە ئیسلامییەکان لە ھێرشی بیزەنتییەکان، و لە گرنگترین ئیشەکانی کۆکردنەوەی قورئان بوو لە یەک کتێبدا دوای ئەوەی کە لە سەردەمی ئەبوبەکردا دەستکرا بە کۆکردنەوەی.[١١]

کۆکردنەوەی قورئان لە یەک بەرگدا[دەستکاری]

لە سەردەمی فراوانبوونی ئیسلام و بڵاو بوونەوەی لە زۆر وڵاتدا، ھاوەڵەکان جیابوونەوە، ئەمەش بووە ھۆی دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز بۆ قورئان و لە ترسی جیاوازی لە نووسینەوەی قورئان، و گۆڕینی زمانەکەی، عوسمان ھەموو موسڵمانانی کۆکردەوە لەسەر زمانی قوڕەیش یان دیالێکتی قوڕەیش کە ئەویش دیالێکتی عەرەبە، و قورئانی نوسیوە بە زمانی عەرەبی، و ناونرا (قورئانی عوسمان)یان قورئانی ئیمام.[١٢]

کۆچی دوایی[دەستکاری]

عوسمانی کوڕی عەفان شەھیدکرا لە ساڵی ٣٥ی کۆچی و بە شێوەیەکی ناشیرینانە، لە کاتێکا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بوو و شەھیدبوونی لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە ناڕازییەکان بوو لە دەسەڵاتی، ئەوانی کە دواتر لە ئایین لایان دا و دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕێککەوتن، و لە بەقیع نێژرا؛ و شەھیدبوونی عوسمان پێشەکییەک بوو بۆ ڕووداوە دیارەکانی مێژووی موسڵمانان وەک شەڕی جەمەل و شەری سەفین.[١٣]

لە وتەکانی پێغەمبەر لەسەر شەھیدبوونی عوسمان[دەستکاری]

لە ئیبن عومەرەوە، ئەڵیت، پێغەمبەر فەرموویەتی ئاژاوەیەک ڕوو دەدات، پیاوێک ڕۆیشت لەبەردەماندا، وتی؛ ئەم پیاوەی تیا دەکوژرێت بە زوڵم لێکراوی، کە سەیرم کرد پیاوەکە عوسمانی کوڕی عەفان بوو.[١٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "عوسمانی کوڕی عەففان". عوسمانی کوڕی عەففان. 2022-08-03. Retrieved 2022-08-03.[بەستەری مردوو]
  2. ^ "http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=46057&Jor=24". speemedia.com. Retrieved 2022-08-03. External link in |title= (help)
  3. ^ "سێیەم عوسمانی کوڕی عەفان بە شی یەکەم زنجیرە باسی ژیانی ھاوەڵان وتاری کامل". أھل مصر (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  4. ^ عمر, کەیفی. "خوڵاصەیەک لە ژیانی عوسمانی کوری عەففان ((ڕەزای خوای لەسەر بێت))". History Of Kurdistan. Retrieved 2022-08-03.
  5. ^ "ص578 - کتاب أسد الغابة ط العلمیة - عثمان بن عفان - المکتبة الشاملة الحدیثة". al-maktaba.org. Retrieved 2022-08-03.
  6. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/world/290720132. Retrieved 2022-08-03. Missing or empty |title= (help)
  7. ^ "عوسمان کوڕی عەفان | ماڵپە ڕی فە ڕموودە ی شیرین". Retrieved 2022-08-03.
  8. ^ "إسلام ویب - سیر أعلام النبلاء - سیرة الخلفاء الراشدین - سیرة ذی النورین عثمان رضی اللە عنە - ترجمة ذی النورین عثمان ومناقبھ- الجزء رقم28". www.islamweb.net (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  9. ^ "إسلام ویب - البدایة والنھایة - ثم دخلت سنة خمس وثلاثین - أسباب مقتل عثمان بن عفان رضی اللە عنھ- الجزء رقم11". www.islamweb.net (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  10. ^ "وقفات مع قتل عثمان بن عفان، وھل بین القتلة أحد من الصحابة؟ - الإسلام سؤال وجواب". islamqa.info (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  11. ^ "عثمان بن عفان - القصة الکاملة | د. طارق السویدان". suwaidan.com (بە عەرەبی). 2021-08-24. Retrieved 2022-08-03.
  12. ^ الصلابی, د علی. "کیف وصل عثمان بن عفان لحکم الدولة الإسلامیة؟". www.aljazeera.net (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  13. ^ قلالة, نورالدین (2021-12-30). "عثمان بن عفان.. ذو النورین". إسلام أون لاین (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.[بەستەری مردوو]
  14. ^ "ملخص عن عثمان بن عفان". موضوع (بە عەرەبی). Retrieved 2022-08-03.
  • عوسمانی کوڕی عەفان، کەسایەتی وسەردەمەکەی، نوسینی/د. محەممەد عەلی سەڵابی، و/ حەمید محەممەد عەبدولڵا.
  • وێکپیدیای عەرەبی.